لە درێژەی زنجیرە کار و چالاکییەکانی هەفتەی ڕۆشنبیریی یاسایی بەش، و لە تەوەری دووەمی چالاکییەکان، بەشی یاسای زانکۆی جیهان – سلێمانی سیمینارێکی یاسایی تایبەتی لەژێر ناونیشانی “دەسەڵاتەکانی جێبەجێکاری دادیی لە یاسای جێبەجێکردنی عێراقی ژمارە ٤٥ی ساڵی ١٩٨٠” ڕێکخست.
سیمینارەکە ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٥ی ١١، کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی، لە هۆڵی سیمیناری زانکۆی جیهان – سلێمانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە مامۆستایان و پسپۆڕانی بەش بەڕێوەچوو.
لە میانەی سیمینارەکەدا، بەڕێز (هێشوو عبدالقادر حمه أمین)، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی سلێمانی، تیشکی خستە سەر ڕەهەندە یاسایی و کردارییەکانی یاسای جێبەجێکردنی عێراقی ژمارە ٤٥ی ساڵی ١٩٨٠، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە سنوور و دەسەڵاتەکانی جێبەجێکاری دادی لە ڕاپەڕاندنی بڕیار و حوکمە دادوەرییەکاندا. هەروەها پانێڵەکە لەلایەن بەڕێز (د. محمد ناصح)ـەوە بەڕێوەبرا.
لە کۆتایی چالاکییەکەش دا، دەرگای گفتوگۆ و پرسیار بۆ ئامادەبووان کرایەوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە ئاستەنگە پراکتیکییەکانی بواری جێبەجێکردن ئەنجام درا، ئەمەش بە ئامانجی بەستنەوەی لایەنی تیۆریی خوێندنی یاسا بە لایەنی کرداری و کارگێڕییەوە.


















