ڕێوڕەسمی کۆتاییهێنانی سێیەمین خولی پیشەیی پارێزەران

ڕێوڕەسمی کۆتاییهێنانی(خولی پیشەیی پارێزەران): ڕۆژی شەممە (٢٣/٨/٢٠٢٥) لە زانکۆی جیهان سلێمانی ڕێوڕەسمی کۆتاییهێنانی خولی سێیەمی پیشەیی پارێزەران بەڕێوەچوو، کە دەزگای زەکاتی زانست بە هاوبەشی لە گەڵ بەشی یاسادا ڕێکیان خستبوو، بە ئامادەبوونی مامۆستایانی خولەکە، هەر یەک لە بەڕێزان: دادوەر عبدالکریم حیدر علي (ئەندامی پێشوی دادگای پێداچونەوەی هەرێم)، وبەڕێز: جاسم جزا جافر( ئەندامی جێگرەوەی دادگای باڵای فیدرالی عێراق)، وبەڕێز: دادوەر سۆران إبراهيم دادوەری دادگای باری کەسێتی ١ لە سلێمانی، وبەڕێز: دادوەر سیروان ڕەووف علي، دادوەری دادگای بەرایی چوارتا، هەروەها بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان: بەڕێز: پ.ی.د. سادات عبداللە عزیز یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ، و بەڕێز: پ.ی.د. نوری حمە سعید بەڕێوەبەری دەزگای زەکاتی زانست، وبەڕێز: د. ئاسۆ حمەشین عبدالکریم سەرۆکی بەشی یاسا، وبەڕێز: د. دژوار أنور بەڕێوەبەری کارگێڕی زانکۆ، لە ڕێوڕەسمەکەدا قەڵغانی ڕێزلێنانی سەرۆکایەتی زانکۆ بە دادوەرە بەڕێزەکان بەخشرا لە پای ئەرک وماندووبونیان، دواتر سوپاس وپێزانینی سەرۆکایەتی بەخشرا بە چاودێرانی خولەکە هەر یەک لە دەرچووانی بەشی یاسا، بەڕێزان: یارا سەروەر جلیل، ئاریا عمر احمد، نما صالح احمد، هێلین سالار عبداللە، سرود جلال حمە غریب، ولە کۆتایی خولەکەدا بڕوانامەی بەشداربوون بەخشرا بە بەشداربووانی خولەکە،  شایانی باسە ئەم خولە لە (٢٨/٦) دەستی پێکرد ولە (٢٣/٨) کۆتایی پێهێنرا، کە سەرجەم کاتژمێرەکانی وانەوتنەوە تیایدا زیاتر لە (٢٤)کاتژمێر بوو.

خۆبەخشەکان

# وێنە ناو ماوە كرێدیت
1 سادات عبداللە عەزیز سادات عبداللە عەزیز 2 85
2 ئاسۆ حمەشین عبدالکریم ئاسۆ حمەشین عبدالکریم 2 85
3 دژوار ئەنور ئەحمد دژوار ئەنور ئەحمد 2 85

فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ بەشدارییان لە کۆنفرانسی ڕۆژی جیهانیی نەخۆشیی شەکرەدا کرد، کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی ئاشتی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر ڕێکخرابوو.

چالاکییەکە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٤/١١/٢٠٢٥، لە هۆتێل ڕادیسۆن لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو و، بە وتەی (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر دەستی پێ کرد و، تێیدا جەختی لە گرنگیی بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی نەخۆشیی شەکرە و ڕۆڵی ڕۆشنبیری تەندروستی لە سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی لە کۆمەڵگەدا کردەوە.

هاوکات لە چوارچێوەى بەرنامەى کۆنفرانسەکە ژمارەیەک قسەکەری دیار وتەیان پێشکەش کرد؛ لەوانە دکتۆر (عومەر سۆرچی) بابەتێکی دەربارەی گۆڕانکارییە فیسیۆلۆژییەکان لە جەستەی نەخۆشدا بەهۆی شەکرەوە پێشکەش کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو ئاڵنگارییانەی نەخۆش ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هەروەها هەریەک لە دکتۆرە (ئیسرا عومەر)، دکتۆرە (شنە بەگزادە) و دکتۆر (نەوشاد نەوزاد) باسیان لە نوێترین پێشهاتەکان لە ئامێرەکانی دەستنیشانکردن، ستراتیژییەکانی خۆپاراستن و چارەسەرە مۆدێرنەکان کرد، کە یارمەتیدەرن بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و ڕێگریکردن لە لێکەوتەکانی.

لە کۆنفرانسەکەدا، فێرخوازانی بایۆمیدیکاڵ بە شێوەیەکی کارا بەشدارییان لە دانیشتنەکاندا کرد لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی پرسیاری زانستی، هەروەها بەشدارییان لە ڕێکخستنی چالاکییەکەدا کرد. ئەمەش دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆیان تا ئاگاداری دوایین پێشهاتە پزیشکییەکان بن و، ئەزموونی کردەیی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پسپۆڕانی کەرتی تەندروستی پەیدا بکەن.

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی نەخۆشیی زەهایمەر ، کە ساڵانە لە (٢١ی ئەیلوول)دا بەڕێوەدەچێت، گروپێک لە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی بەرفراوانیان لە سەنتەرى شاری هەولێر بەڕێوەبرد.

لە میانەى هەڵمەتەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین بڵاوکراوە و ماتریالی زانیارییان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکرد. ئەم بڵاوکراوانە تیشکیان خستە سەر پێناسەیەکی وردی نەخۆشیی زەهایمەر، دیارترین نیشانەکانی لە قۆناغە جیاوازەکانیدا و هەنگاوە پراکتیکییەکانی خۆپاراستن لە نەخۆشى لە بیرچونەوە (زەهایمەر) لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی تەندروستەوە، وەک چالاکیی جەستەیی و ڕۆحی، جگە لەمانە؛ فێرخوازان ئامۆژگاریی کردارییان پێشکەش بە هاوڵاتیان و ڕێبواران و کاسبکار و دوکانداران کرد سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەندامانی خێزان کە تووشی نەخۆشییەکە بوون، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی دابینکردنی پشتیوانیی دەروونی و سۆزداری بۆیان، بەتایبەتی لەبەر ئەو گۆڕانکارییە دەروونی و هەڵسوکەوتییانەی کە نەخۆشییەکە دروستی دەکات.

هەر لە چوارچێوەى هەڵمەتەکەیاندا فێرخوازان جەختیان لە گرنگیدانى پێویستیی بە دەستنیشانکردنی پێشوەختەى نەخۆشییەکە و سەردانیکردنی پزیشکانی پسپۆڕ لە کاتی گونجاودا کردەوە، چونکە دەستنیشانکردنی پێش وەختە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دواخستنی پێشکەوتنی نیشانەکان و باشترکردنی کوالێتیی ژیانی نەخۆش هەبێت. وەک ئەوەى فێرخوازان باسیان لێوەکرد نیشانەکانی لەبیرچوونەوەی بریتین لە، دروستبوونى کێشە بۆ زمان، تێکچوونی توانای بڕیاردان، گۆڕانکاری لە کەسایەتیدا، هاوکات باسکردنی قۆناغە جیاوازەکانی نەخۆشییەکە (سەرەتا، مامناوەند و کۆتایی) و تایبەتمەندییەکانی هەر قۆناغێک، بۆ ئەوەش جەختیان لەسەر ڕۆڵی ژیانی تەندروست، وەک وەرزشکردنی بەردەوام، خۆراکی هاوسەنگ (بەتایبەتی خۆراکی دەوڵەمەند بە دژە ئۆکسیدەکان)، چالاکیی مێشک (وەک خوێندنەوە و یارییە فیکرییەکان) و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی دیکە (وەک شەکرە و پەستانی خوێن) کردەوە.

لە کۆتاییدا، فێرخوازان بە گرنگیەوە باسیان لە ڕۆڵی بنەڕەتیی کۆمەڵگە لە پێشکەشکردنی هاوکاری و کەمکردنەوەی ئەو گڵۆڵە کۆمەڵایەتییە کردەوە، کە هەندێک جار بە نەخۆشییەکەوە دەبەسترێتەوە. ئەم هەڵمەتە زانستی-کۆمەڵایەتییە ڕۆڵێکى گرنگى لە بەرزکردنەوەی کەلتووری تەندروستی و چەسپاندنی بەهاکانی چاودێری، هاوسۆزی،و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لەناو تاک و خێزان و تەواوی کۆمەڵگەدا دەبێت

نەخۆشیی زەهایمەر (Alzheimer’s Disease) یەکێکە لە دیارترین جۆرەکانی خەڵەفان (Dementia) و نەخۆشییەکی دەماریی تێکچووی درێژخایەنە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر فەرمانی مێشک دادەنێت، بەتایبەتی لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت. بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، نزیکەی 50 ملیۆن کەس لە جیهاندا بە دەست خەڵەفانەوە دەناڵێنن، و زەهایمەر نزیکەی 60-70%ی ئەم حاڵەتانە پێکدەهێنێت.

فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکال لە زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ بەرزڕاگرتنی بۆنە نیشتمانی و ئایینییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە،  ریکەوتى 4ی ئەیلوولی 2025، لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لێ بێت) چالاکیەکى تەندروستى و ئاینیان بەرێوەبردز

لە میانەی ئەم چالاکییەدا، فیرخوازان بە گەرمی پێشوازییان لە میوانان و سەردانکەرانی پارکەکە کرد و، شیرینییان پێشکەش کردن وەک هێمایەک بۆ بەشداریکردن لە خۆشییەکانی ئەم بۆنە پیرۆزە. هەروەها، لە چوارچێوەی پابەندبوونی بەشەکە بە پەرەپێدانی تەندروستی گشتی و باشترکردنی ئاستی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە، چەندین ئامۆژگاری تەندروستی و ڕێنمایی پزیشکیی بەسوودیان پیشکەش بە سەردانیکەران و ڕێبواران و هاوڵاتیان کرد.

لە بەرامبەردا هاوڵاتیان وسەرانیکەرانى پارکەکە دەستخۆشیان لە فێرخوازان کرد بۆ ڕیکخستنى ئەو چالاکیە و پێشکەشکردنى ڕێنمایی تەندروستى و خزمەت بە هاوڵاتیان.