لە چوارچێوەی کار و چاڵاکییە خۆبەخشییەکانی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان ـ سلێمانی، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١٠/٩/٢٠٢٦، پ.د. کەریم شەریف قەرەچەتانی، بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە زانکۆی جیهان ـ سلێمانی، سەردانی زانکۆی جیهان ـ هەولێری کرد و سیمینارێکی پەروەردەیی و دەروونی بە ناونیشانی «پەیوەندیی دروستی نێوان مامۆستا و قوتابی و چۆنیەتی گەشەپێدانی بە شێوەی خۆبەخش» پێشکەش بە مامۆستایان و قوتابیانی پەیمانگای جیهان کرد.
لە ماوەی سیمینارەکەدا، باس لە گرنگی دروستکردنی پەیوەندییەکی تەندروست و ئەرێنی لەنێوان مامۆستا و قوتابی و کاریگەریی ئەم پەیوەندییە لەسەر ژینگەی پەروەردەیی و پرۆسەی فێربوون کرا. هەروەها، گرنگی گەشەپێدانی تواناکانی قوتابی بە شێوەی خۆبەخش، بەهێزکردنی متمانە بەخۆ و پەرەپێدانی هەستی بەرپرسیارێتی، یەکێک بوو لە بابەتە سەرەکییەکانی سیمینارەکە.
ئەم سیمینارە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی پەروەردەیی و دەروونی و بەهێزکردنی پەیوەندییە دروست و تەندروستەکان لەنێوان مامۆستا و قوتابی بەڕێوەچوو. هیوادارین ناوەڕۆک و بابەتەکانی سیمینارەکە بتوانن سوودێکی بەرچاو بۆ مامۆستایان و قوتابیانی بەشداربوو هەبێت.
لە کۆتاییدا، سیمینارەکە بە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بۆچوون لەنێوان بەشداربووان کۆتایی هات.












