فێرخوازێكی بەشی ڕاگەیاندن لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنییدا باس لە بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد دەكات

لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنییدا لە كەناڵی ئاسمانیی سپێدە، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 28-12-2025، پەخش کرا؛ ڕزگار ساڵح، فێرخوازی قۆناغی سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، باسی لە بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن فێرخوازانی زانكۆ کرد.

بەرنامەی (ئەمڕۆی سپێدە) كە لە كەناڵی ئاسمانیی سپێدە پەخش دەكرێت، یەكێك لە تەوەرەكانی ئەمجارەی بەرنامەكەی تەرخان كردبوو بۆ باسكردن لە (بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن قوتابیانی زانكۆ)، بۆ ئەو مەبەستەش، كەناڵەكە بانگهێشتی (ڕزگار ساڵح)ـی فێرخوازی بەشی ڕاگەیاندنى كرد بۆ قسەكردن و گفتوگۆ دەربارەی تەوەری بەرنامەكە. لە سەرەتای قسەكانیدا، ڕزگار ساڵح ڕایگەیاند: ژیریی دەستكرد بابەتێكی زۆر نوێ نییە، بەڵام ئێستا زۆر بەربڵاو بووە و خەڵك زۆر بەكاری دەهێنێت، بەتایبەتی لەلایەن فێرخوازانەوە، چونكە ئامڕازێكی زۆر یارمەتیدەرە و دەتوانێت سوودی زۆر گەورە بە بواری خوێندن بگەیەنێت. وتیشی: ژیریی دەستكرد تەواوكەری كاری مرۆڤە و كۆمەڵگە بەرەو پێشەوە دەبات، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت كە ژیریی دەستكرد ناتوانێت بە تەواوی جێگەی كار و پیشەی مرۆڤ بگرێتەوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی لە بەرنامەكەدا، ڕزگار ساڵح وتی: پێویستە فێرخوازانی زانكۆ سوودی زیاتر لە تایبەتمەندییەكانی ژیریی دەستكرد وەربگرن، بەڵام نابێت بیكەنە جێگرەوەی بیركردنەوەی خۆیان. ئێمە لە زانكۆ كۆمەڵێك ئەرك و بەرپرسیارێتییمان هەیە، ئاساییە ژیریی دەستكرد وەك هاوكارێك بۆ دەستخستنی زانیاریی زیاتر و، بەمەبەستی ڕێكخستنی كات بەكاری بهێنین، بەڵام نابێت بەتەواوی سەرجەم ئەركەكە لەڕێگەی ئەوەوە جێبەجێ بكەین، چونكە سەرەنجام بە زیان بۆ سەر ئاستی زانستیی و ئەكادیمییمان ئەشكێتەوە.

لە باسی شێوازی مامەڵەی مامۆستا لە بەركاهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن فێرخوازەوە، ئەو فێرخوازەی بەشی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوەدا كە، بەشێكی زۆری مامۆستاكان ڕێگە دەدەن بە فێرخواز ژیریی دەستكرد بەكاربهێنن، بەڵام بەشێوەیەكی درووست و بە سنوورێكی دیاریكراو، ئەوەش بەو ئامانجەی كە فێرخوازەكە سوود ببینێت، نەك بەپێچەوانەوە زیانی پێ بگەیەنێت. باسی لەوەش كرد، بەشێكی زۆری مامۆستاكانمان لە زانكۆ توانیویانە ژیریی دەستكرد بە فێرخوازان ئاشنا بكەن و ڕێنماییان بكەن كە چۆن ژیریی دەستكرد بەشێوازە درووستەكەی بەكاربهێنن.

لە كۆتایی قسەكانییدا، ڕزگار ساڵح تیشكی خستە سەر ئەوەی كە پێوستە فێرخوازان خۆیان نوێ بكەنەوە و ئاگاداری گۆڕانكارییە تەكنەلۆژییەكانی سەردەم بن، بەتایبەتی كە ئێستا بە سەردەمی ژیریی دەستكرد ناسراوە و نابێت لێی بێئاگا بین.

خۆبەخشەکان

# وێنە ناو ماوە كرێدیت
1 رزگار صالح حمدأمين علي رزگار صالح حمدأمين علي 1 90
2 زانکۆی جیهان-هەولێر زانکۆی جیهان-هەولێر 1 90

لە چوارچێوەی چالاکییە خۆبەخشییەکانی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان ـ سلێمانی، لە ڕۆژی چوارشەممە، بەرواری ٢١/١٠/٢٠٢٦، پ.د. کەریم شەریف قەرەچەتانی، بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە زانکۆی جیهان، سیمینارێکی پەروەردەیی بە ناونیشانی «بەها مۆراڵییەکان و ڕەفتاری خوێندکار لە قوتابخانە» بە شێوەی خۆبەخشی پێشکەش بە خوێندکارانی پۆلی هەشتەمی قوتابخانەی دوا ناوەندی ڕزگاری نموونەیی کرد.

ئامانجی ئەم سیمینارە هۆشیارکردنەوەی خوێندکاران بوو بەرامبەر بە گرنگیی بەها مۆراڵییەکان، ڕەفتاری دروست لە ژینگەی قوتابخانە، ڕێزگرتن لە مامۆستایان و هاوپۆلەکان، هەروەها پەرەپێدانی هەستی بەرپرسیارێتی و ڕەفتاری ئەرێنی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا.

ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییە خۆبەخشییەکاندا ئەنجام درا، بە ئامانجی بەشداری‌کردن لە پەرەپێدانی کەسایەتیی خوێندکاران و بەهێزکردنی بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان لە ژینگەی قوتابخانە.

هیوادارین ئەم سیمینارە ببێتە هۆی سوودمەندبوونی خوێندکاران و هەنگاوێکی بەسوود بێت بۆ پەرەپێدانی ڕەفتاری دروست و دروستکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی باشتر.

لە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٨/١٠/٢٠٢٥، لە هۆڵی(VIP)ی زانکۆی جیهان – هەولێر، سەرۆکایەتى بەشى ئه‌ندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك لە میانەى چالاکیەکدا پەرەپێدانى ڕۆبۆتێکى نمایش کرد.

ئەو ڕۆبۆتە، کە لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (عادل حسێن) پەرەپێدراوە، لە میانەى نمایشکردنیدا باسى لە تایبەتمەندییەکانى ڕۆبۆتەکە کرد و وتى: ڕۆبۆتەکە پشت بە تەکنەلۆژیاکانی زیرەکیی دەستکرد دەبەستێت و، توانای کارلێککردنی دەنگی و قسەکردنی بە سێ زمان (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) هەیە. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بەرەو یەکخستنی زیرەکیی دەستکرد لە کارپێکردنە پەروەردەیی و خزمەتگوزارییەکاندا.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەو مامۆستایەى بەشى ئه‌ندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك ڕوونکردنەوەیەکى وردى لەبارەى قۆناغە پرۆگرامسازی و تەکنیکییەکانی پڕۆژەکەی پێشکەشکرد، هەروەها باسى لە میکانیزمی ڕاهێنانی مۆدێلی زمانەوانیی ڕۆبۆتەکە بۆ ناسینەوەی دەنگەکان، تێگەیشتن لە فەرمانەکان و جێبەجێکردنی وەڵامە گونجاوەکان کرد و جەختی لە گرنگیی ئەم داهێنانە کردەوە وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ چەندین کێشە لە کارە کردارییەکاندا.

لەلایەکى دیکەوە هەر لە هەمان ڕۆژدا، (نەجۆ نەهرۆ) فێرخوازى قۆناغی چوارەمی بەشى ئه‌ندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك بابەتێکى بە ناونیشانی “ئاسایشی سایبەری و ئاستەنگە نوێیەکان لە پاراستنی سیستمە دیجیتاڵییەکان” پێشکەشکرد.

لە میانەى ئەو چالاکیەدا، کە بە سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (غەسان عیمانوێل) بەڕێوەچوو، فێرخوازەکە بەوردى باسی لە گرنگیی ئاسایشی سایبەری لە سەردەمی دیجیتاڵیدا کرد و، شێوازە دیارەکانی هێرشە ئەلیکترۆنییە باوەکان،و ڕێگاکانی خۆپاراستن لێیان بە بەکارهێنانی نوێترین ئامرازە سۆفتوێر و تەکنەلۆژیا ئەمنییەکان ڕونکردەوە.

گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە (١٥ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەی جیهانی نێودەوڵەتی ئەنجامدا.

ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دوعا حەیدەر مستەفا) و بە بەشداری فێرخوازان (یاسمین ئەحمەد، دانیا ئوسامە و نوروڵا فەخری) بەڕێوەچوو، لە میانی سیمینارەکەیاندا، فێرخوازانی زانکۆ بابەتێکی تەکنیکی و وردیان دەربارەی پاراستنی ئاسایشی دیجیتاڵی و چۆنییەتی ناسینەوەی هەوڵەکانی هاککردن و دزەپێکردنی زانیارییەکان لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پێشکەش کرد. هەروەها، تیشکیان خستە سەر ئەو مەترسییانەی کە ڕەنگە ڕووبەڕووی بەکارهێنەران ببێتەوە و ڕێگاکانى کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانە و پاراستنی نهێنییە کەسییەکان بۆ قوتابیان ڕوون کرایەوە. هەر لە سیمینارەکەدا جەختی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دیجیتاڵی و نیشاندانی باشترین پەیڕەوەکان کردەوە بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن بە شێوەیەکی ئەرێنی و سوودبەخش ئەم پلاتفۆرمە تەکنەلۆژییانە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەکاربهێنن.

ئەم چالاکییە کاردانەوەیەکی زۆری لای قوتابیانی قوتابخانەکە دروست کرد و بە پەرۆشییەوە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد، کە ئەمەش نیشانەی گرنگیی بابەتەکە بوو بۆ ژیانی ڕۆژانەیان. لە پەراوێزی سەردانەکەدا، شاندی فێرخوازانی زانکۆ لەگەڵ هەریەک لە مامۆستایان (نازار عبد الستار عبدالرحمن و شيا عمر محمد) کۆبوونەوە و بیروڕای زانستی و پەروەردەییان دەربارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی توانای قوتابیان ئاڵوگۆڕ کرد.