فێرخوازانى بەشى شیکارى کیمیایی پزیشکى لە قوتابخانەیەک باس لە زیانەکانى جگەرکێشان دەکەن

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٦/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانی قوتابخانەی ئامادەیی بارزی ئەهلییان کرد چالاکیەکى  هۆشیاری تەندروستیان بە ناونیشانی “جگەرەکێشان: جۆرەکانی و لێکەوتەکانی” ئەنجامدا.

فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر (هەوری فاتیح) سەرۆکى بەشى شیکارى کیمیایی پزیشکى سەردانى قوتابخانەکەیان کرد، سەرەتا فێرخوازان بەگەرمى لەلایەن مامۆستا ڕاستى غەفور بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیدا دەستخۆشى لە فێرخوازان کرد بۆ پەرەپێدانی هاریکاری نێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و قوتابخانەکان. پاشان ساڵح شوان فێرخوازانى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە هۆڵى قوتابخانەکە ناوەڕۆکى بابەتەکەى پێشکەش بە قوتابیان کرد و، تیایدا بە وردى تیشکى خستە سەر جۆرە جیاوازەکانی جگەرەکێشان لەوانە (جگەرە، سیگار، نێرگەلە، تووتنی گەرمکراو (IQOS) و جگەرەی ئەلیکترۆنی (Vape) )، وتیشى هەموو ئەمانە زیاتر لە ٧,٠٠٠ ماددەی کیمیایی ژەهراوییان تێدایە، لەوانە نیکۆتین، قەتران، فۆرمالدەهاید، قورقوشم و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، بۆ ئەوەش بە وردى و زانستى باسى لە زیانەکانی ئەو ماددانە لەسەر  تەندروستی و کۆئەندامی هەناسە و دڵ و خوێنبەرەکان کرد وتى: ئەم ماددانە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئۆکسجین لە خوێندا، لەناوچوونی خانەکانی سییەکان و دڵ، گۆڕینی کیمیای مێشک، جگە لە دروستکردنی گۆڕانی بۆماوەیی (genetic mutations) کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن.

لە بەشێکى دیکەى باسەکەیدا ڕوو لە قوتابیانى قوتابخانەکە، ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕونیکردەوە جگەرەی ئەلیکترۆنی جێگرەوەیەکی سەلامەت نییە، چونکە دەبێتە هۆی فشاری ئۆکسێنەر (oxidative stress)  و زیانگەیاندن بە (DNA) و لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری، لە کۆتاییشدا ئامۆژگاریی کرداریی بۆ وازهێنان لە جۆرە جیاوازەکانى جگەرە پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، گرنگیی گرتنەبەری شێوازێکی ژیانی بێ جگەرەکێشان بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و بایۆکیمیایی خستەڕوو.

خۆبەخشەکان

# وێنە ناو ماوە كرێدیت
1 هه‌وری فاتح سامی  الداوودی هه‌وری فاتح سامی الداوودی 2 80

لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان سلێمانی، لە ڕێکەوتی ٢٩ / ٤ / ٢٠٢٦، سەنتەری پەرەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆی جیهان-سلێمانی بە هاوکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، وۆرک شۆپێکی هاوبەشیان لەسەر ژیریی دەستکرد ساز کرد.

لە چالاکییەکی زانستیی هاوبەشدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و خوێندکاران، زانکۆی جیهان-سلێمانی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وۆرک شۆپێکیان لەژێر ناونیشانی “ژیریی دەستکرد لە خوێندنی باڵادا: دەرفەتێکی شۆڕشگێڕانە یان مەترسییەکی زانستی؟” لە هۆڵی سیمینارەکان بەڕێوەبرد. لە سەرەتای وۆرک شۆپەکەدا، م. باسۆز تۆفیق ئەحمەد وەک بەڕێوەبەری پانێڵەکە، تیشکی خستە سەر گرنگیی بابەتەکە و ئامانجی کۆبوونەوەی پسپۆڕانی جیاواز بۆ تاوتوێکردنی کاریگەرییەکانی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە لەسەر ئایندەی خوێندنی باڵا.

لە تەوەری یەکەمی پانێڵەکەدا، م. شێرکۆ حەمەلاو مراد وەک پسپۆڕی بواری ئینفۆرماتیک و ژیریی دەستکرد، تیشکی خستە سەر پەیوەندیی نێوان ژیریی دەستکرد و چۆنیەتیی بەکارهێنانی لە بواری خوێندن لە ناو پۆڵدا، و ڕوونی کردەوە کە چۆن دەکرێت ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ خزمەتی توێژینەوەی زانستی و باشترکردنی ئاستی ئەکادیمی بەکاربهێنرێت. پاشان پ.ی.د. فریاد خالد محەمەد، وەک پسپۆڕی ئەندازیاریی سۆفتوێر، باسەکەی تەرخان کرد بۆ ڕوونکردنەوەی لایەنە تەکنیکییەکانی ژیریی دەستکرد و ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییانەی کە لە سیستەمی فێربووندا دروستی دەکات. لە کۆتایی پانێڵەکەدا، م. ئەحمەد ڕەمەزان ڕەشید، وەک پسپۆڕی بواری Machine Learning (فێربوونی ئامێر)، جەختی لەسەر گرنگیی هۆشیاری لە بەکارهێنانی ئەم ئامرازانە و کاریگەرییان لەسەر گەشەپێدانی تەکنەلۆژیا کردەوە. وۆرک شۆپەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان پانێڵیستەکان و ئامادەبووان کۆتایی هات.

لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان سلێمانی، لە ڕێکەوتی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٦، سەنتەری پەرەپێدانی پیشەیی (CDC) بە هاوکاریی بەشی زانستی کۆمپیوتەر، وۆرکشۆپێکی هاوبەشیان لەژێر ناونیشانی “هۆشیاریی ئاسایشی ئەلیکترۆنی” بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبرد. ئامانجی ئەم چالاکییە، بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی خوێندکاران بوو دەربارەی ئاستەنگەکانی ئاسایشی دیجیتاڵی و پێشخستنی ممارەسە سەلامەتەکان لە جیهانی ئۆنلایندا.
وۆرکشۆپەکە لەلایەن هەر یەک لە بەڕێزان: م. ی. شێرکۆ حەمەلاو لە زانکۆی جیهان-سلێمانی و م. ی. سنوور جەمال لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پێشکەشکرا. ئامادەکاران تیشکیان خستە سەر هەڕەشە باوەکانی جیهانی ئەلیکترۆنی وەک: فیشینگ (Phishing)، بەرنامە زیانبەخشەکان و ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی، هاوکات باسیان لە ستراتیژییە کردارییەکان کرد بۆ پاراستنی زانیارییەکان و بەڕێوەبردنی بەهێزی وشەی نهێنی.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم دانیشتنە، شێوازە کارلێککارانەکەی بوو، کە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، نموونەی واقیعی و چالاکیی بنەمادار بە سیناریۆی جیاوازی لەخۆگرتبوو. بەشداربووان چالاکانە لەگەڵ پێشکەشکاران ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد، ئەمەش وایکرد وۆرکشۆپەکە هەم زانیاریبەخش و هەم کاریگەر بێت.
چالاکییەکە بە پێزانین بۆ پێشکەشکاران و دووپاتکردنەوەی پابەندیی بەردەوامی سەنتەری پەرەپێدانی پیشەیی (CDC) بۆ ڕێکخستنی دەستپێشخەریی زیاتر، کە هۆشیاریی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لەنێو خوێندکاراندا بەهێزتر دەکات، کۆتایی هات.

لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان- سلێمانی، سەنتەری پەرەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆی جیهان-سلێمانی، لە ڕێکەوتی ٢٣/٠٢/٢٠٢٦ بە هەماهەنگی ڕێکخراوی (Step Iraq)، خولێکی ڕاهێنانی دوو ڕۆژەی بۆ خوێندکارانی قۆناغی دووەمی بەشی زانستی کۆمپیوتەر کردەوە. خولەکە بە مەبەستی فێرکردنی خوێندکاران بوو لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی (CV) بە شێوازێکی ئەکادیمی و پڕۆفیشناڵ، هەروەها ڕاهێنانیان پێ کرا لەسەر چۆنیەتی خۆ ئامادەکردن بۆ چاوپێکەوتنی کار و زیادکردنی هەلی بەدەستهێنانی پیشە لە داهاتوودا.