ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٠ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار و بەشی میدیا لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ لقی هەولێری سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان، خولێکی ڕاهێنانی چڕوپڕیان بۆ فێرخوازان و مامۆستایان دەستی پێکرد.
ئەم خولە کە بە ناونیشانی “کاریگەری میدیا و سۆشیاڵ میدیا لەسەر بازاڕ و وەبەرهێنان” لە هۆڵی ئەکادیمیای جیهان بەڕێوەدەچێت، بڕیارە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت و تێیدا باس لە پەیوەندی نێوان ڕاگەیاندن و گەشەی ئابووری دەکرێت.
لە ڕۆژی یەکەمی خولەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر (ئەیوب ئەنوەر سماقەیی) مامۆستای زانکۆ و سەرۆکى لقى هەولێرى سەندیکای ئابووریناسان، باسێکی زانستی لەسەر کاریگەری میدیای کلاسیکی لەسەر هەڵسوکەوتی بەکارهێنەران پێشکەش کرد و، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی تەلەڤزیۆن، ڕادیۆ و ڕۆژنامەکان لە دیاریکردنی ئارەزووەکانی بەکاربەر و هێزی ڕیکلام لە گۆڕینی بیرکردنەوەی تاکەکان لە ناو کۆمەڵگەدا، ڕوونیشیکردەوە کە چۆن میدیای تەقلیدی هێشتا وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی بازاڕکردن ماوەتەوە.
لە بەشێکى دیکەى یەکەم ڕۆژى خولەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر (ئەزوەر مەهدی ساڵح) سەرۆک بەشی میدیا، گۆڕانکارییەکانی میدیای مۆدێرن و کاریگەرییەکانی لەسەر پەرەسەندنی بەرهەمی بۆ ئامادەبووان شیکردەوە. ئاماژەی بەوە کرد کە تەکنەلۆژیا و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان شێوازی دیزاینکردن و بەبازاڕکردنی کاڵاکانیان گۆڕیوە. دواتر دەرفەت درایە ئامادەبووان بۆ گفتوگۆ و پرسیارکردن، کە تێیدا پێشکەشکاران وەڵامی وردی مامۆستایان و فێرخوازانیان دایەوە دەربارەی چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە میدیا بۆ باشترکردنی کێبڕکێ لە بازاڕدا.







