وەک بەشێک لە چالاکییە مرۆیی و خێرخوازییەکانى فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە، بەشی کارگێڕی کار ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (١٨/١/٢٠٢٦)، سەردانێکی مەیدانییان بۆ باخچەی ساوایانی “گوڵاڵە” لە کۆمەڵگەی (هانا سیتی – هافڵان) ئەنجامدا.
ئەم سەردانە بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (قوسەی حەمید سەلامی) و کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لە لایەن خاتوو (شەرمین فەقێ عەبدوڵڵا) بەڕێوەبەری باخچەکە پێشوازییان لێکرا. لەم دەسپێشخەرییەدا، فێرخوازان پلانێکی گشتگیرییان بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی باخچەکە جێبەجێکرد، پلانەکە پێکهاتبوو لە کەمپەینێکی پاککردنەوەی حەوشە و ناوەوەی باخچەکە.
جگە لە پاککردنەوە، پڕۆژەکە چەند چالاکیەکى دیکەى لەخۆگرتبوو، لەوانە: ڕاخستنی فەرشی نوێ بۆ سێ پۆلی باخچەکە لەبری فەرشە کۆنەکان، هەروەها دروستکردنی سەقفێکی “فایبەرگلاس” بۆ بەشێکی حەوشەی دەرەوە بە مەبەستی پاراستنی منداڵان لە باران و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ یاری و فێربوون.
لە کۆتاییدا، (شەرمین فەقێ عەبدوڵڵا) بەڕێوەبەری باخچەی ساوایانی “گوڵاڵە” دەستخۆشی لە مامۆستا و فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ ئەم ڕۆڵە مرۆیی و پیشەییەی کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر باشترکردنی کوالێتی ئەو خزمەتگوزارییانە هەیە کە پێشکەش بە منداڵان دەکەن.







