بەشی پەروەردەی گشتی خولێکی ڕاهێنان بۆ خوێندکارانی قۆناغی چوارەم کردەوە

لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان سلێمانی، بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆی جیهان-سلێمانی، لە ڕێکەوتی ٢٩ی ٤ و ٤ی ٥ی ٢٠٢٦، خولێکی ڕاهێنانی بۆ خوێندکارانی قۆناغی چوارەم بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی کردەوە. ئامانجی خولەکە ئامادەکردنی خوێندکارانە بۆ قۆناغی دوای دەرچوون و ئاشناکردنیان بە بازاڕی کار، لەگەڵ فێرکردنی نوێترین شێوازەکانی وانەوتنەوە و چۆنیەتی مامەڵەکردنی تەندروست لەگەڵ خوێندکار و مامۆستایاندا.

خۆبەخشەکان

هیچ خۆبەخشێک بۆ ئەم چاڵاكییە زیاد نەکراوە.

لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان سلێمانی، ڕۆژی ٣ شەممە ٢٨/٠٤/٢٠٢٦, خوێندکارانی قۆناغی سێیەمی بەشی پەروەردەی گشتی چەندین پەرتووکی کورتە چیرۆکی منداڵانیان وەرگێڕایە سەر زمەنەکانەکانی کوردی و عەرەبی. ئەم پەرتووکانە لە کتێبخانەی کوردیدا بەردەست نین و بۆ یەکەمین جار لە ووڵاتی بەریتانیاوە هێندراونەتە کوردستان. لە م چالاکییەدا کە بەسەرپەرشتی م.ی تافان کەمال کەریم ئەنجامدرابوو، خویندکارەکانی بەشی پەروەردەی گشتی ئەرکی دیزاین وچاپی تایبەت بە چیرۆکەکانیان گرتە ئەستۆ و لە دانیشتنێکدا چیرۆکەکانیان بۆ خوێندکارانی قۆناغی دووەم و سێیەمی قوتابخانەی جیهان خوێندەوە و کۆپییەکی ڕەنگاوڕەنگیان کردە دیاری بۆ هەریەکەیان.
ئەم چالاکییە دەستپێشخەرییەکی ناوازەی خوێندکارانی بەشی پەروەردەی گشتییە کە وانەی گرنگ و جۆش و خرۆشی بۆ منداڵان هێناو ئەزموونی پراکتیکی خوێندکارانمانی بەهێزترکرد.

لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان سلێمانی، لە ڕێکەوتی ٢٩ / ٤ / ٢٠٢٦، سەنتەری پەرەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆی جیهان-سلێمانی بە هاوکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، وۆرک شۆپێکی هاوبەشیان لەسەر ژیریی دەستکرد ساز کرد.

لە چالاکییەکی زانستیی هاوبەشدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و خوێندکاران، زانکۆی جیهان-سلێمانی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وۆرک شۆپێکیان لەژێر ناونیشانی “ژیریی دەستکرد لە خوێندنی باڵادا: دەرفەتێکی شۆڕشگێڕانە یان مەترسییەکی زانستی؟” لە هۆڵی سیمینارەکان بەڕێوەبرد. لە سەرەتای وۆرک شۆپەکەدا، م. باسۆز تۆفیق ئەحمەد وەک بەڕێوەبەری پانێڵەکە، تیشکی خستە سەر گرنگیی بابەتەکە و ئامانجی کۆبوونەوەی پسپۆڕانی جیاواز بۆ تاوتوێکردنی کاریگەرییەکانی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە لەسەر ئایندەی خوێندنی باڵا.

لە تەوەری یەکەمی پانێڵەکەدا، م. شێرکۆ حەمەلاو مراد وەک پسپۆڕی بواری ئینفۆرماتیک و ژیریی دەستکرد، تیشکی خستە سەر پەیوەندیی نێوان ژیریی دەستکرد و چۆنیەتیی بەکارهێنانی لە بواری خوێندن لە ناو پۆڵدا، و ڕوونی کردەوە کە چۆن دەکرێت ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ خزمەتی توێژینەوەی زانستی و باشترکردنی ئاستی ئەکادیمی بەکاربهێنرێت. پاشان پ.ی.د. فریاد خالد محەمەد، وەک پسپۆڕی ئەندازیاریی سۆفتوێر، باسەکەی تەرخان کرد بۆ ڕوونکردنەوەی لایەنە تەکنیکییەکانی ژیریی دەستکرد و ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییانەی کە لە سیستەمی فێربووندا دروستی دەکات. لە کۆتایی پانێڵەکەدا، م. ئەحمەد ڕەمەزان ڕەشید، وەک پسپۆڕی بواری Machine Learning (فێربوونی ئامێر)، جەختی لەسەر گرنگیی هۆشیاری لە بەکارهێنانی ئەم ئامرازانە و کاریگەرییان لەسەر گەشەپێدانی تەکنەلۆژیا کردەوە. وۆرک شۆپەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان پانێڵیستەکان و ئامادەبووان کۆتایی هات.

لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان سلێمانی، لە ڕێکەوتی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٦، سەنتەری پەرەپێدانی پیشەیی (CDC) بە هاوکاریی بەشی زانستی کۆمپیوتەر، وۆرکشۆپێکی هاوبەشیان لەژێر ناونیشانی “هۆشیاریی ئاسایشی ئەلیکترۆنی” بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبرد. ئامانجی ئەم چالاکییە، بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی خوێندکاران بوو دەربارەی ئاستەنگەکانی ئاسایشی دیجیتاڵی و پێشخستنی ممارەسە سەلامەتەکان لە جیهانی ئۆنلایندا.
وۆرکشۆپەکە لەلایەن هەر یەک لە بەڕێزان: م. ی. شێرکۆ حەمەلاو لە زانکۆی جیهان-سلێمانی و م. ی. سنوور جەمال لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پێشکەشکرا. ئامادەکاران تیشکیان خستە سەر هەڕەشە باوەکانی جیهانی ئەلیکترۆنی وەک: فیشینگ (Phishing)، بەرنامە زیانبەخشەکان و ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی، هاوکات باسیان لە ستراتیژییە کردارییەکان کرد بۆ پاراستنی زانیارییەکان و بەڕێوەبردنی بەهێزی وشەی نهێنی.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم دانیشتنە، شێوازە کارلێککارانەکەی بوو، کە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، نموونەی واقیعی و چالاکیی بنەمادار بە سیناریۆی جیاوازی لەخۆگرتبوو. بەشداربووان چالاکانە لەگەڵ پێشکەشکاران ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد، ئەمەش وایکرد وۆرکشۆپەکە هەم زانیاریبەخش و هەم کاریگەر بێت.
چالاکییەکە بە پێزانین بۆ پێشکەشکاران و دووپاتکردنەوەی پابەندیی بەردەوامی سەنتەری پەرەپێدانی پیشەیی (CDC) بۆ ڕێکخستنی دەستپێشخەریی زیاتر، کە هۆشیاریی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لەنێو خوێندکاراندا بەهێزتر دەکات، کۆتایی هات.