ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (٥/٥/٢٠٢٥) بە ئامادەبوونى عەبدوڵلا مەحمود، وەزیری کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمیندارێتىی زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان و، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆ و دامەزراوە زانستى و ئەکادیمییەکان و پەیمانگەی جیهان و بەرپرسانى حکومى و ئەکادیمى لە هۆڵی کۆنفڕانسەکانی زانکۆى جیهان لە هەولێر، یەکەمین کۆڕبەندى دەزگاى زەکاتى زانستى بەڕێوەچوو.
لە بەشێکی کۆڕبەندەکەدا، د. نەوزاد باجگر، خاوەنی بیرۆکەی دەزگای زەکاتی زانستیی ئاماژەی بە ئامانج و ڕوئیای دامەزراوەکە کرد کە بریتییە لە خۆبەخشیی زانستی و ئاماژەی بەوە کرد لە ئێستادا نزیکەی شەش سەد کەسی ئەکادیمی خۆبەخشیی ئەو دەزگایەن و ئامانج ئەوەیە لە ماوەی ساڵێکدا بگاتە یەک ملیۆن خۆبەخش.
لە کۆڕبەندەکەدا مامۆستایان هەڤاڵ نژاد و شوان مظفر، یاریدەدەرانی بەڕێوەبەر بە نوێنەرایەتی پەیمانگەی جیهان بەشدار بوون.
پەیمانگەی جیهان، لەسەرەتای دەستبەکاربوونی دەزگای زەکاتی زانستی، وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی کاری کردووە و زۆرترین چالاکی لەو پێناوەدا ئەنجام داوە. بۆیە لە پای هەوڵەکانی پەیمانگە لەو پێناوەدا، لە لایەن بەڕێز د.نەوزاد باجگر، قەڵغانی ڕێزلێنانی دەزگای زەکاتی زانستی بەخشرایە پەیمانگەی جیهان.