پێنجەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى لە بوارى زانستى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەکۆمەڵێک دەرئەنجامى گرنگ کۆتایی بەکارەکانى هێنا

لە ڕۆژانى چوارشەممە و پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٦-٢٧/٢/٢٠٢٥)، زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى پۆترا لە مالیزیا و، بەئامادبوونى  ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ، (پێنجەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى لە بوارى زانستەکانى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى)ى بەڕێوەبرد و، بەخستنەڕووى کۆمەڵێک دەرئەنجام کارەکانى کۆنفرانس کۆتای هات.

لە میانەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا، (٥٤) توێژینەوە لە ڕێگەى (٨) هەشت دانیشتنى جیاواز، لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى ناوخۆیی و عێراق و نێودەوڵەتى لە بوارەکانى (دروستکردنى باڵەخانە و دۆستی ژینگە و پەرەپێدانى بەردەوام، پلاندانانی شار بۆ شارەکان، کەرەستەی بیناسازی، ئەندازیاری ڕێگاوبان، ئەندازیاری پێکهاتەیی و سیستمی ڕووپێوی و زانیاری جوگرافی (GIS) و سودوەرگرتن لە زیرەکى دەستکرد و…هتد) لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى ناوخۆیی و عێراق و نێودەوڵەتى پێشکەشکران، هەروەک دوابەدواى پێشکەشکردنى سەرجەم توێژینەوەکانى ئەو دانیشتنانە، لەلایەن ئامادەبووان و بەشداربووانى کۆنفرانسەکە، چەندین پرسیار ئاراستەى توێژەران کرا، هاوکات بەشێک لە بەشداربووان بەسەرەنج و بۆچون و ڕەخنە زانستیەکانیان توێژینەوەکانیان دەوڵەمەنتر کرد، بەوەش کۆنفرانسەکە گڕوتینێکى زانستى زۆرى لە نێوان ئەندامانى کۆنفرانس دروستکرد، لەهەمانکاتدا توێژەران وەڵامى پرسیار و سەرەنج و بۆچوونى بەشداربوانیان دایەوە.

لە دواى نێوەڕۆى ڕۆژى پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (٢٧/٢/٢٠٢٥)، لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە مەراسیمێک کۆتایى بەکارنامەى کۆنفرانسەکە هات، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا  کورتە فیلمێک لەبارەى ڕووداوە و چالاکیەکانی پێنجەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى ئەندازیارى و شارستانى نمایشکرا.

پاشان  ئەنجام و دەرئەنجام و ڕاسپاردەکانى پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەندازیارى تەلارسازی و ئەندازیاری شارستانی لەلایەن دکتۆر ڕێبوار ئیبراهیم خوێندرایەوە، کە دواى باسکردن لە چۆنیەتى بەڕێوەچووونى ڕۆژانى کۆنفرانس ڕایگەیاند: بە پشتبەستن بە پێشکەشکردنی سەرەنج و گفتوگۆ و دەرئەنجامەکانی توێژینەوە، کۆنفرانس گەیشتە ئەم پێشنیاز و ئەنجامە سەرەکیانەی خوارەوە:

  1. لە بوارى دیزاینی پەرەپێدانى بەردەوام کۆنفرانس جەخت لەسەر پێشخستن و بەکارهێنانى کەرەستە و شێوازی بیناسازی لە چوارچێوەى پەرەپێدانى بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری لەسەر ژینگە دەکات و، هانی یەکخستنی بنەماکانی دروستکردنى باڵەخانەى دۆستى سەوز و ژینگە لە پلاندانانی شار و پڕۆژەکانی ژێرخان دەکاتەوە، هاوکات پەرەپێدانی سیاسەتەکان بۆ پشتگیری لە پێکهاتەکانی بەرگرى لە کەشوهەوادا بە خاڵێکى گرنگ دەزانێ بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کارەساتە سروشتییەکان.
  2. بۆ یەکگرتن و داهێنانی تەکنەلۆژی؛ کۆنفرانسەکە بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا دەرکەوتنى زانیاری بیناسازی (BIM)، AI، و IoT دەخوازێ کارى گرنگ بکرێ بۆ بەرزکردنەوەی کارایی دیزاین و بەڕێوەبردنی پڕۆژە. هاوکات وەبەرهێنان لە شارە زیرەکەکان و ژێرخانی دیجیتاڵی بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی شارەکان یەکێکى دیکەى ئەو خاڵانەیە کە کۆنفرانس جەختى لەسەر دەکاتەوە، ئەوە جگە لە هاندانی بەکارهێنانی چاپی سێ ڕەهەندی و بیناسازی مۆدیۆلار بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان.
  3. لەلایەکى دیکەوە و، بەرزکردنەوەی ئاستى فێربوون و توێژینەوە کۆنفرانسەکە بەهێزکردنی هاوکاری نێوان زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوە و پیشەسازی بۆ پەرەپێدانی داهێنان بەخاڵێکى گرنگ هەڵوەستەى لەسەر کردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پەرەپێدانی پرۆگرامى نێوان زانستەکان و، گۆڕینی ئاراستەى دیجیتاڵی و ئاوێتەکردنى زانستە ئەندازیار بەهەنگاوێکى پێویستە بۆ داهاتووى دەزانێ. لەگەڵ ئەوەشدا زیادکردنی بودجە و پشتگیری بۆ توێژینەوەى زانستى لە بوارەکانى کەرەستەی بیناسازی و کەمى کاربۆن و گەشەپێدانی بەردەوامی شارەکان کۆنفرانسەکە هەڵوەستەى لەسەر کرد.
  4. پەرەپێدانی پیشەیی و بونیادنانی تواناکان یەکێکى دیکەیە لە ڕاسپاردەکانى کۆنفرانس، ئەوەش لە پێناو دابینکردنی بەرنامەی پەرەپێدانی پیشەیی بەردەوام بۆ ئەوەی ئەندازیاران و تەلارسازان لە ڕەوتە نوێیەکانى بوارە ئاگادار بن، لەو بوارشەدا کۆنفرانس هانى بەدەستهێنانى بڕوانامەى نێودەوڵەتى پراکتیزەکردنى ستاندار و پێوەرە نێودەوڵەتیەکان دەکاتەوە، بۆ ئەوەش ئاسانکاری بۆ دەرفەتی هاوبەشیکردن و پڕۆژەی هاوبەش لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە گرنگ دەزانێ.

   لە کۆتایشدا کۆنفرانسەکە ڕۆڵی گرنگی ئەندازیارى تەلارسازی و ئەندازیاری شارستانی لە داڕشتنی ژینگە و بیناسازییە لە چوارچێوەى پەرەپێدانى بەردەوام و بەرگرى و ژینگەى داهێنەرەانە دوپات دەکاتەوە، ئەوەش لە پێناو  چارەسەرکردنی ئاستەنگ و سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکانی داهاتوو لە بوارەکەدا، بۆ ئەوە مەبەستەش گرنگى جێبەجێکردنى ئەو خاڵانە دەکەوتە ئەستۆى لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بوارى ئەکادیمی، پیشەسازی و دامەزراوە حکومیە پەیوەندیدارەکان، کە پێویست دەکات هاوکار و هەماهەنگى یەکتر بن.

لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى کۆتایی کۆنفرانسەکەدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتەیەکى پێشکەش کرد و ڕایگەیاند:  پاش دوو ڕۆژى کارى زانستى و پڕ لە گفتوگۆکردن لە بوارەکانى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى و دیزاینیى ناوخۆ، هیوادارم خزمەتى مرۆڤایەتى و هەرێمى کوردستان و عێراق بکات، لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە دەسکەوتەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و وتى: زانکۆى جیهان-هەولێر لە ماوەى تەمەنیدا کارى زۆرى کردوە لە پێشەوەیان کۆنفرانسى زانستیە، کە ساڵانە کۆنفرانس لە بوارە جیاکان ئەنجام دەدات، ئەم کۆنفرانسەش کە لە بوارى ئەندازیارییە وەزارەتەکانى سەرچاوەکانى ئاو، ئاوەدانکردنەوە دەستەى وەبەرهێنان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەتوانن سود لە ئەنجامەکانى ئەو کۆنفرانسە وەربگرن، وتیشى هەرچەندە پێشتر زۆر سود لە توێژینەوەى زانستى بۆ لایەنى کەسى و بەرزکردنەوەى نازناوى زانستى بەکاردەهات، بەڵام ئێستا جیهان بچوک بۆتەوە و لە زۆر بواردا دەتوانرێ سود لە توێژینەوەى زانستى بۆ بوارە جیاکان وەربگیرێت، ڕاستە ژینگەى توێژینەوە لە عێراق هاندەر نیە، بەڵام لە شوێنى دیکە و بوارى دیکە هەیە توێژەران دەتوانن سوود بگەێنن و پاڵپشتى توێژینەوەى زانستى بەدەست بهێنن، بەڵام ئەوانە پێویستى بەهەوڵ و ماندوبوونى توێژەران هەیە.

لە کۆتایی وتەکەشیدا؛ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سوپاس و پێزانینى تایبەت ئاراستەى هەموو ئەو کەسانە کرد، کە لەماوەى ڕابردودا بۆ سەرخستن و بەستنى ئەم کۆنفرانسەدا کاریان کردوە، لەوانە زانکۆى پۆترا لە مالیزیا ، کە هاوبەش و هاوکارى کۆنفرانسەکە بوون، هاوکات سوپاسى لێژنەکانى (زانستى و ئامادەکارى کۆنفرانس، کارگێڕى و دارایى، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، تەکنەلۆژیاى زانیارى، پێشوازى و ڕێکخستنى هۆڵەکانى کۆنفرانس)، هەروەها سوپاسى توێژەران و مامۆستایانى کرد، کە بە توێژینەوە بەنرخەکانیان بەشداری کاریگەریان لە کۆنفرانسەکەدا کردوە و، تەوەرەکانى کۆنفرانسەکەیان دەوڵەمەندتر کردوە.

لە بڕگەی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بڕوانامەى بەشداریکردنى بەسەر قسەکەرانى سەرەکى کۆنفرانسەکە و توێژەران و ئامادەکارانى کۆنفرانسەکە دابەشکرد و، کۆتایی بەکارەکانى کۆنفرانس هات، بەو جۆرە زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى پۆتراى مالیزى کۆتایی بەکارەکانى (پێنجەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە کانى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى) هێنا، واش بڕیارە ئەنجام و دەرئەنجام و پێشنیازەکانى کۆنفرانس بەمەبەستى جێبەجێکردنى بەرز بکرێتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

خۆبەخشەکان

# وێنە ناو ماوە كرێدیت
1 صبيح هاشم مهودر صبيح هاشم مهودر 65 90
2 زانکۆی جیهان-هەولێر زانکۆی جیهان-هەولێر 75 90
3 د. ئەمجەد صابر دیلوی د. ئەمجەد صابر دیلوی 32 90

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی نەخۆشیی زەهایمەر ، کە ساڵانە لە (٢١ی ئەیلوول)دا بەڕێوەدەچێت، گروپێک لە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی بەرفراوانیان لە سەنتەرى شاری هەولێر بەڕێوەبرد.

لە میانەى هەڵمەتەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین بڵاوکراوە و ماتریالی زانیارییان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکرد. ئەم بڵاوکراوانە تیشکیان خستە سەر پێناسەیەکی وردی نەخۆشیی زەهایمەر، دیارترین نیشانەکانی لە قۆناغە جیاوازەکانیدا و هەنگاوە پراکتیکییەکانی خۆپاراستن لە نەخۆشى لە بیرچونەوە (زەهایمەر) لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی تەندروستەوە، وەک چالاکیی جەستەیی و ڕۆحی، جگە لەمانە؛ فێرخوازان ئامۆژگاریی کردارییان پێشکەش بە هاوڵاتیان و ڕێبواران و کاسبکار و دوکانداران کرد سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەندامانی خێزان کە تووشی نەخۆشییەکە بوون، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی دابینکردنی پشتیوانیی دەروونی و سۆزداری بۆیان، بەتایبەتی لەبەر ئەو گۆڕانکارییە دەروونی و هەڵسوکەوتییانەی کە نەخۆشییەکە دروستی دەکات.

هەر لە چوارچێوەى هەڵمەتەکەیاندا فێرخوازان جەختیان لە گرنگیدانى پێویستیی بە دەستنیشانکردنی پێشوەختەى نەخۆشییەکە و سەردانیکردنی پزیشکانی پسپۆڕ لە کاتی گونجاودا کردەوە، چونکە دەستنیشانکردنی پێش وەختە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دواخستنی پێشکەوتنی نیشانەکان و باشترکردنی کوالێتیی ژیانی نەخۆش هەبێت. وەک ئەوەى فێرخوازان باسیان لێوەکرد نیشانەکانی لەبیرچوونەوەی بریتین لە، دروستبوونى کێشە بۆ زمان، تێکچوونی توانای بڕیاردان، گۆڕانکاری لە کەسایەتیدا، هاوکات باسکردنی قۆناغە جیاوازەکانی نەخۆشییەکە (سەرەتا، مامناوەند و کۆتایی) و تایبەتمەندییەکانی هەر قۆناغێک، بۆ ئەوەش جەختیان لەسەر ڕۆڵی ژیانی تەندروست، وەک وەرزشکردنی بەردەوام، خۆراکی هاوسەنگ (بەتایبەتی خۆراکی دەوڵەمەند بە دژە ئۆکسیدەکان)، چالاکیی مێشک (وەک خوێندنەوە و یارییە فیکرییەکان) و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی دیکە (وەک شەکرە و پەستانی خوێن) کردەوە.

لە کۆتاییدا، فێرخوازان بە گرنگیەوە باسیان لە ڕۆڵی بنەڕەتیی کۆمەڵگە لە پێشکەشکردنی هاوکاری و کەمکردنەوەی ئەو گڵۆڵە کۆمەڵایەتییە کردەوە، کە هەندێک جار بە نەخۆشییەکەوە دەبەسترێتەوە. ئەم هەڵمەتە زانستی-کۆمەڵایەتییە ڕۆڵێکى گرنگى لە بەرزکردنەوەی کەلتووری تەندروستی و چەسپاندنی بەهاکانی چاودێری، هاوسۆزی،و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لەناو تاک و خێزان و تەواوی کۆمەڵگەدا دەبێت

نەخۆشیی زەهایمەر (Alzheimer’s Disease) یەکێکە لە دیارترین جۆرەکانی خەڵەفان (Dementia) و نەخۆشییەکی دەماریی تێکچووی درێژخایەنە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر فەرمانی مێشک دادەنێت، بەتایبەتی لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت. بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، نزیکەی 50 ملیۆن کەس لە جیهاندا بە دەست خەڵەفانەوە دەناڵێنن، و زەهایمەر نزیکەی 60-70%ی ئەم حاڵەتانە پێکدەهێنێت.

فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکال لە زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ بەرزڕاگرتنی بۆنە نیشتمانی و ئایینییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە،  ریکەوتى 4ی ئەیلوولی 2025، لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لێ بێت) چالاکیەکى تەندروستى و ئاینیان بەرێوەبردز

لە میانەی ئەم چالاکییەدا، فیرخوازان بە گەرمی پێشوازییان لە میوانان و سەردانکەرانی پارکەکە کرد و، شیرینییان پێشکەش کردن وەک هێمایەک بۆ بەشداریکردن لە خۆشییەکانی ئەم بۆنە پیرۆزە. هەروەها، لە چوارچێوەی پابەندبوونی بەشەکە بە پەرەپێدانی تەندروستی گشتی و باشترکردنی ئاستی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە، چەندین ئامۆژگاری تەندروستی و ڕێنمایی پزیشکیی بەسوودیان پیشکەش بە سەردانیکەران و ڕێبواران و هاوڵاتیان کرد.

لە بەرامبەردا هاوڵاتیان وسەرانیکەرانى پارکەکە دەستخۆشیان لە فێرخوازان کرد بۆ ڕیکخستنى ئەو چالاکیە و پێشکەشکردنى ڕێنمایی تەندروستى و خزمەت بە هاوڵاتیان.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ١٢ی ٢٠٢٥، بەشی تەکنیکەکانی سڕکردن لە کۆلێژی تەکنیکە تەندروستی و پزیشکییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر، وۆرک شۆپێکی زانستیی پسپۆڕیی بە ناونیشانی حاڵەتە باوەکانی ناوسک و ڕێکارە نوێیەکانی بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنیان :(Common Abdominal Conditions and Recent Ways of Management) ڕێکخست.

وۆرک شۆپەکە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر (ئەیاد حازم حەسەن) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و، بە بەشداریی ژمارەیەک لە سەرۆک بەشە زانستییەکان، مامۆستایان و فێرخوازانى بەشەکە بەڕێوەچوو.

لە میانەى وۆرکشۆپەکەدا دوو بابەتى زانستى پەیوەست بە بوارەکە پێشکەش کران، بابەتى یەکەم لەلایەن دکتۆر (فەرمان یاسین شەریف)، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، بە ناونیشانی (Common Abdominal Surgical Conditions and Contemporary Surgical Management)پێشکەش کرا. تێیدا تیشکی خستە سەر دیارترین حاڵەتە نەشتەرگەرییە باوەکانی ناو سک، میکانیزمەکانی دەستنیشانکردنی پزیشکی (Clinical) و تیشکی (Radiological)، وێڕای خستنەڕووی نوێترین ستراتیژییە نەشتەرگەرییە پەسەندکراوەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم حاڵەتانە بەپێی پرۆتۆکۆڵە چارەسەرییە سەردەمییەکان.

هاوکات بابەتى دووەمى وۆرکشۆپەکە لەلایەن دکتۆر (سامان حوسێن عەبدولڕەحمان)، پسپۆڕی نەشتەرگەریی منداڵان، بە ناونیشانی (Recent Advances in Anesthetic Management of Abdominal Conditions) پێشکەش کرا، تیایدا بەشێوەیەکى زانستى باسی لە پێشهاتە نوێیەکان کرد لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی سڕکردن (Anesthesia) بۆ حاڵەتە باوەکانی ناوسک، بەتایبەت جەختکردنەوە لەسەر هەڵسەنگاندنی دۆخی نەخۆش پێش سڕکردن، هەڵبژاردنی تەکنیکی گونجاوی سڕکردن و ڕۆڵی تەکنیکە پێشکەوتووەکان لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و باشترکردنی دەرەنجامە نەشتەرگەرییەکان کرد.

لە کۆتایی وۆرک شۆپەکەدا، ئامادەبووان جەختیان لە گرنگیی سازدانی ئەم جۆرە چالاکییە زانستییە پسپۆڕییانە کردەوە لەپێناو پشتیوانیکردنی ڕەوتی ئەکادیمی، برەودان بە مەعریفەی پزیشکی و بەهێزکردنی تەواوکاریی ئەکادیمی لە نێوان پسپۆڕییە پزیشکییە جیاوازەکاندا، هەروەها ئاشنابوون بە نوێترین پێشهاتەکان لە بواری دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی حاڵەتە باوەکانی ناوسک، بە فۆکەس خستنە سەر لایەنە نەشتەرگەری و سڕکردنە نوێیەکان کە لە پراکتیکی پزیشکیی هاوچەرخدا کاریان پێ دەکرێت.