لە نێوان ڕۆژانی (١٠ تا ١٢ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار و بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ لقی هەولێری سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان، خولێکی ڕاهێنانی چڕوپڕیان بە ناونیشانی “کاریگەری میدیا و سۆشیال میدیا لەسەر بازاڕ و وەبەرهێنان” بۆ فێرخوازان و مامۆستایان بەڕێوەبرد.
لە ڕۆژی دووەمی خولەکەدا، کە ڕێکەوتی (١١/٢/٢٠٢٦) بەڕێوەچوو، هەریەک لە (ئاسۆ عەبدولڕەحمان)، ئەندامی سەندیکای ئابووریناسان و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (مەحمود حەمەدئەمین)، دوو بابەتى زانستی جیاوازیان پێشکەش کرد. لەو چوارچێوەیەدا ئاسۆ عەبدولڕەحمان تیشکی خستە سەر بنەماکانی بەبازاڕکردن لە سۆشیال میدیا و پەرەپێدانی ناوەڕۆکی کاریگەر بۆ ناساندنی براندەکان، هاوکات دکتۆر مەحمود حەمەدئەمین شیکردنەوەی بۆ کاریگەری کەناڵەکانی میدیا لەسەر ڕەفتار و پرۆسەی بڕیاردانی وەبەرهێنەران لە بازاڕە داراییەکاندا کرد.
لە ڕۆژی سێیەم و کۆتایی خولەکەدا، کە ڕێکەوتی (١٢/٢/٢٠٢٦) لە هۆڵى ئەکادیمیاى زانکۆ بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (هاوکار قاسم پیرداود)، سەرۆک بەشی کارگێڕی کار، بابەتێکی گرنگی دەربارەی “زانیارییە گەورەکان (Big Data)” و شیکردنەوەی بازاڕ لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە پێشکەش کرد. بۆ ئەوەش ڕوونی کردەوە کە چۆن دەتوانرێت قەبارەیەکی زۆر لە داتاکانی سۆشیال میدیا بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتاری بەکاربەران و ئاراستەکانی بازاڕ شیبکرێنەوە، هەروەها چەندین چالاکیی پراکتیکی و نموونەی ڕاستەقینەی بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان بۆ بەشداربووان نمایش کرد. لە تەوەرێکی دیکەدا، مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل) باسی لە چەمکە نوێیەکانی گەڕانەوە لە بازاڕە دیجیتاڵییەکان کرد و، جەختی لەسەر ستراتیژییەکانی پێوانەکردنی گەڕانەوەی سەرمایەگوزاری (ROI) و باشترکردنی ئەدای بازاڕی دیجیتاڵی کردەوە.
بابەتەکانی ئەم خولە بە شێوەیەکی زانستی و کردارەکی و لە ڕێگەی گفتوگۆی کراوە و نموونەی مەیدانییەوە باسیان لێوە کرا، بۆ ئامادەکردنی فێرخوازان و تێگەیشتن لە واقیعی بازاڕی کار لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا. لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود، بڕوانامەی بەشداریکردنی بەسەر فێرخوازان و مامۆستایانی بەشداربوودا دابەش کرد.








