لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنییدا لە كەناڵی ئاسمانیی سپێدە، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 28-12-2025، پەخش کرا؛ ڕزگار ساڵح، فێرخوازی قۆناغی سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، باسی لە بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن فێرخوازانی زانكۆ کرد.
بەرنامەی (ئەمڕۆی سپێدە) كە لە كەناڵی ئاسمانیی سپێدە پەخش دەكرێت، یەكێك لە تەوەرەكانی ئەمجارەی بەرنامەكەی تەرخان كردبوو بۆ باسكردن لە (بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن قوتابیانی زانكۆ)، بۆ ئەو مەبەستەش، كەناڵەكە بانگهێشتی (ڕزگار ساڵح)ـی فێرخوازی بەشی ڕاگەیاندنى كرد بۆ قسەكردن و گفتوگۆ دەربارەی تەوەری بەرنامەكە. لە سەرەتای قسەكانیدا، ڕزگار ساڵح ڕایگەیاند: ژیریی دەستكرد بابەتێكی زۆر نوێ نییە، بەڵام ئێستا زۆر بەربڵاو بووە و خەڵك زۆر بەكاری دەهێنێت، بەتایبەتی لەلایەن فێرخوازانەوە، چونكە ئامڕازێكی زۆر یارمەتیدەرە و دەتوانێت سوودی زۆر گەورە بە بواری خوێندن بگەیەنێت. وتیشی: ژیریی دەستكرد تەواوكەری كاری مرۆڤە و كۆمەڵگە بەرەو پێشەوە دەبات، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت كە ژیریی دەستكرد ناتوانێت بە تەواوی جێگەی كار و پیشەی مرۆڤ بگرێتەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی لە بەرنامەكەدا، ڕزگار ساڵح وتی: پێویستە فێرخوازانی زانكۆ سوودی زیاتر لە تایبەتمەندییەكانی ژیریی دەستكرد وەربگرن، بەڵام نابێت بیكەنە جێگرەوەی بیركردنەوەی خۆیان. ئێمە لە زانكۆ كۆمەڵێك ئەرك و بەرپرسیارێتییمان هەیە، ئاساییە ژیریی دەستكرد وەك هاوكارێك بۆ دەستخستنی زانیاریی زیاتر و، بەمەبەستی ڕێكخستنی كات بەكاری بهێنین، بەڵام نابێت بەتەواوی سەرجەم ئەركەكە لەڕێگەی ئەوەوە جێبەجێ بكەین، چونكە سەرەنجام بە زیان بۆ سەر ئاستی زانستیی و ئەكادیمییمان ئەشكێتەوە.
لە باسی شێوازی مامەڵەی مامۆستا لە بەركاهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن فێرخوازەوە، ئەو فێرخوازەی بەشی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوەدا كە، بەشێكی زۆری مامۆستاكان ڕێگە دەدەن بە فێرخواز ژیریی دەستكرد بەكاربهێنن، بەڵام بەشێوەیەكی درووست و بە سنوورێكی دیاریكراو، ئەوەش بەو ئامانجەی كە فێرخوازەكە سوود ببینێت، نەك بەپێچەوانەوە زیانی پێ بگەیەنێت. باسی لەوەش كرد، بەشێكی زۆری مامۆستاكانمان لە زانكۆ توانیویانە ژیریی دەستكرد بە فێرخوازان ئاشنا بكەن و ڕێنماییان بكەن كە چۆن ژیریی دەستكرد بەشێوازە درووستەكەی بەكاربهێنن.
لە كۆتایی قسەكانییدا، ڕزگار ساڵح تیشكی خستە سەر ئەوەی كە پێوستە فێرخوازان خۆیان نوێ بكەنەوە و ئاگاداری گۆڕانكارییە تەكنەلۆژییەكانی سەردەم بن، بەتایبەتی كە ئێستا بە سەردەمی ژیریی دەستكرد ناسراوە و نابێت لێی بێئاگا بین.








