بۆ پاراستنی سیمای سروشتی و پاکوخاوێنی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (١٦/٢/٢٠٢٦)، هەڵمەتێکی مەیدانیی بۆ پاککردنەوەی پاشماوە زیانبەخشەکان لە دەوروبەری ناوچەی بێخمە ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر) و بە بەشداریی کارای گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی کارگێڕی کار بەڕێوەچوو، لە دەسپێکی هەڵمەتەکەدا، کەرەستەی پێویست وەک دەستکێش و کیسی زبڵ و کەلوپەلی پاراستن بەسەر فێرخوازاندا دابەش کرا، دواتر فێرخوازان بە گڕوتینێکی زۆرەوە دەستیان بە پاککردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکە کرد، کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێ دەکەن، بەڵام بەهۆی پاشماوەی گەشتیارییەوە تووشی پیسبوونی ژینگەیی ببوو، هەربۆیە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر توانییان لە ماوەیەکی کورتدا ڕووبەرێکی فراوان لە دەوروبەری ناوچەکە لە پاشماوە پلاستیکی و زیانبەخشەکان پاک بکەنەوە.
مامۆستا و فێرخوازانی بەشداربوو لە کۆتایی هەڵمەتەکەدا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە کردەوە، چونکە نەک هەر دەبێتە هۆی پاراستنی ژینگەی کوردستان، بەڵکو گیانی کارکردنی بەکۆمەڵ و بەرپرسیارێتی مەدەنی لای نەوەی نوێ بەهێز دەکات.







