وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و دەربڕینی هاوسۆزییەکی قووڵ بۆ خەڵکی خۆڕاگری ڕۆژئاوای کوردستان، و لە دژی ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە لە لایەن حکومەتی سوریاوە بۆ سەر کوردانی ئەو ناوچەیە ئەنجام دەدرێن، فێرخوازانی قۆناغی دووەم و چوارەمی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان–هەولێر، چالاکییەکی نیشتمانی و مەدەنی ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە لە ڕۆژی چوارشەممە، رێکەوتی (21/1/2026)، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر، لە شەقامی سوڵتان مظفر شاری هەولێر ئەنجامدرا، کە تیایدا فێرخوازان وەک هەنگاوێکی نیشتمانی و هاوسۆزانە، بۆ پاڵپشتیکردن و پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە پۆشینی جل و بەرگی کوردی دەستیانکرد بە دابەشکردنی زیاتر لە ١٠٠ ئاڵای کوردستان بەسەر هاووڵاتیاندا. ئەم هەنگاوە نیشانەیەک بوو لە هۆشیاری نەتەوەیی و تێگەیشتنی قووڵی فێرخوازان بۆ قەبارە و مەترسییەکانی ئەو کارە نامرۆڤانەی کە لە دژی کوردانی ڕۆژئاوا ئەنجام دەدرێن لە وڵاتی سوریا.
لە کۆتاییدا، فێرخوازان بە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە پەیامێکی ڕوون و هاوخەیان بە هەموو لایەنەکان گەیاند، کە گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا لەیەک دابڕاو نین و لە کاتی قەیران و هەڕەشەدا یەکگرتوو و هاودەنگ دەوەستن. هەروەها ئەم چالاکییە وەک بانگەوازێک بوو بۆ جەختکردنەوە لە مافە ڕەواکان و ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورد، و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە ستەم و تاوانێک کە لە دژیان ئەنجام بدرێت.








