لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە (١١ی ٧ی ٢٠٢٦)، کاتژمێر (٩:٠٠)ی سەرلەبەیانی، چوارەمین خولی ڕاهێنانی پیشەیی بۆ پارێزەران لە زانکۆی جیهان-سلێمانی دەستی پێکرد. ئەم خولە بە هاوبەشی لە نێوان زانکۆی جیهان-سلێمانی و دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، و بە سەرپەرشتی دەزگای زەکاتی زانست و بەشی یاسای زانکۆ ڕێکخراوە، بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان: دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەد سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، پ.د. ئاوات عومەر حاجی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی گەرمیان، و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. سادات عەبدوڵا، پ.ی.د. نووری حەمە سەعید بەڕێوەبەری دەزگای زەکاتی زانست، و دادوەرە بەڕێزەکان مامۆستایانی خولەکە، و ژمارەیەکی بەرچاو لە دەرچووان و پارێزەران.
پانێڵی دەستپێک: (پیشەییبوون لە پارێزەرایەتیدا)
سەرەتای خولەکە بە بەڕێوەچوونی پانێڵێک لەژێر ناونیشانی (پیشەییبوون لە پارێزەرایەتیدا: لە نێوان پابەندبوونی ئەخلاقی و کارامەیی یاساییدا) دەستی پێکرد. پانێڵەکە لەلایەن پ.ی.د. نووری حەمە سەعیدەوە بەڕێوەبرا و دوو تەوەرەی سەرەکی لەخۆگرت:
تەوەرەی یەکەم: (ئەرکە ئەخلاقییەکانی پارێزەر)
لەلایەن بەڕێز دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەد پێشکەش کرا، تێیدا تیشک خرایە سەر گرنگیی لایەنی ئەخلاقی لە پیشەی پارێزەرایەتیدا، لەوانە: (ئەمانەت، ڕاستگۆیی، نهێنیپارێزی، و بایەخدان بە خۆپێگەیاندن و خوێندنەوەی بەردەوام).
تەوەرەی دووەم: (سەرنجێکی گشتگیر لە بنەماکانی داوا مەدەنی و سزایەکان)
لەلایەن بەڕێز دادوەر پ.د. ئاوات عومەر حاجی پێشکەش کرا، کە تێیدا بەشێوازێکی زانستی تیشکی خستە سەر گرنگترین بنەما یاساییەکانی تایبەت بە داوا مەدەنی و سزایەکان.
بەردەوامیی خولەکە:
ئەم خولە ڕاهێنانە پڕبایەخە، هەموو ڕۆژانی شەممەیەک لە کاتژمێر (٩:٠٠)ی سەرلەبەیانی لە کەمپەسی زانکۆی جیهان-سلێمانی بەردەوام دەبێت و تا کۆتایی مانگی (٨)ی ئەمساڵ دەخایەنێت.












