بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی پارێزگای هەولێر سمینارێكی لەژێر ناوی (ڕۆڵی وتاربێژان لە دەروون دروستیدا) بۆ ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی سنووری ئەوقافی ناوەندیی هەولێر و دەورووبەر ڕێكخست.

             سەرەتا، چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز خوێندرایەوە و دواتر ڕاگری كۆلێژی قەڵای زانكۆیی هەولێر پەیڤی بەخێرهێنانی پێشكەش كرد.

پاشان، “پ. د. عومەر پەتی” سمینارەكەی لەژێر ناوی (ڕۆڵی وتاربێژان لە دەروون دروستیدا) پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر دەروونزانی ئایینی و كاریگەرییەكانی لەسەر مامۆستایانی ئایینی پێشنووێژ و وتارخوێن، كە كەسایەتیی ئایینی ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاكار، گوفتار، ڕەفتار، كارامەیی، ژیری، زانیاری و پیشەیی و..هتد دەبێت.

جەختی لەوەش كردەوە، كە مامۆستایانی ئایینی پێشەنگن و هەڵگری پەیامێكی پیرۆزن، پێویستە شارەزاییەكی تەواویان لە دەروونزانی ئایینی و دەروون دروستیدا هەبێت و بتوانن بە ئارامی و هاوسەنگییەوە وتاری هەیینی بدەن.

بەر لە كۆتایی سمینارەكەدا، گفتوگۆیەكی چڕی بەرهەمدار لەنێوان “پ. د. عومەر پەتی” و مامۆستایانی ئایینی هاتەئاراوە.

لە كۆتاییشدا، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف لە پەیڤێكدا، وێڕای دەستخۆشیكردن لە كۆلێژی قەڵای زانكۆیی هەولێر، پاڵپشتیی خۆشی بۆ ڕێكخستنی ئەو جۆرە سمینارانە دووپات كردەوە و گوتی: وەك ئەوقاف سوپاسی كۆلێژی قەڵای زانكۆیی و “د. عومەر پەتی” دەكەین، دەستیخۆشی لە مامۆستایانی ئایینی دەكەین، كە هەمیشە بە پەرۆشەوە بەپیر ئەو جۆرە چالاكییانەوە دێن، ئەوەش جێی سوپاس و پێزانینە.

گوتیشی: ئێمە وەك ئەوقاف هەمیشە هاوكار هەماهەنگ دەبین بۆ هەر چالاكییەك كە خزمەت بە خودی مامۆستایانی ئایینی و موسڵمانان و كۆمەڵگە بكات و ببێتە هۆی بەرەوپێشچوونی بیری میانڕەوی و لێتێگەیشتن و ئارامیی دەروون بهێنتێە ئاراوە.

دواتر، ڕاگری كۆلێژی قەڵای زانكۆیی هەولێر، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی “تەیب زرار شێروانی” بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و “پ. د. عومەر پەتی” كرد.

خۆبەخشەکان

# وێنە ناو ماوە كرێدیت
1 فەرهاد ئبراهيم ئەكبر شوانی فەرهاد ئبراهيم ئەكبر شوانی 1 85
2 عمەر عبدوڵا عمەرئاغا عمەر عبدوڵا عمەرئاغا 1 80
3 محەمەد صابر مصطفی محەمەد صابر مصطفی 1 80
4 عیماد ئسماعیل ئبراهیم عیماد ئسماعیل ئبراهیم 1 85

گروپێک لە فێرخوازانی بەشی تەکنیکی سڕکردن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستی و پراکتیکی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر ئەنجامدا و، چالاکیەکى پراکتیکیان بەڕێوەبرد.

لەمیانەى ئەو سەردانە، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتی 30-10-2026 بە سەرپەرشتی دکتۆر محەمەد ئەمین سەرمەد قاسم بەڕێوەچوو، فێرخوازانی قۆناغی سێیەم کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە یوسف موهەنەد ئەنوەر، پرژە کەیفی، و ئالا حوسێن چەند چالاکیەکى جۆراوجۆریان ئەنجامدا، سەردانەکە بە گەشتێکی مەیدانی بۆ چەندین یەکەی گرنگ و هەستیار لەناو نەخۆشخانەکەدا دەستى پێکرد، کە بریتی بوون لە هۆڵی پێشوازی و پۆلێنکردنی نەخۆشەکان (Triage)، هۆڵی فریاکەوتن و ڕووداوەکان (Red Zone) کە بۆ حاڵەتە زۆر مەترسیدارەکانە، هۆڵی بەدواداچوون و چاودێری (Yellow Zone) بۆ حاڵەتە مامناوەندەکان، هەروەها یەکەی چاودێری چڕی پزیشکی (Medical ICU) کە تێیدا نەخۆشانی تایبەت و مەترسیدار دەخرێنە ژێر چاودێری ورد. لە میانەی گەشتەکەدا، فێرخوازان بە وردی چاودێری پڕۆسەکانی وەرگرتنی نەخۆش، هەڵسەنگاندنی خێرای حاڵەتەکان، و میکانیزمەکانی بڕیاردان لەبارەی چارەسەری سەرەتاییەوە کرد.

لە بەشێکى دیکەى ئەو سەردانەدا، فێرخوازان بە شێوەیەکی چڕوپڕ ئاشناى نوێترین ئامێرە پزیشکییەکان و میکانیزمەکانی کارپێکردنیان کران، لەوانە: ئامێری DC Shock بۆ ڕێکخستنەوەی لێدانی دڵ، ئامێری Ultra Sound بۆ بینینی ئەندامەکانی ناوەوەی جەستە، ئامێری Ventilator بۆ یارمەتیدانی هەناسەدان، Blood Pressure Monitor بۆ پێوانەکردنی فشاری خوێن، و Pulse Oximetry بۆ پێوانەکردنی ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێندا. جگە لەمەش، ڕاهێنانی پراکتیکی وردیان پێکرا لەسەر چۆنیەتی ئامادەکردنی دۆزینەوەى دەمارەکان و  شێوازە دروستەکانی دانانی (Cannula) ، هەروەها چۆنیەتی ئامادەکردنی دەرمانە پێویستەکان و پێدانیان بە نەخۆش.

خاڵێکی گرنگی دیکەی ڕاهێنانەکە بریتی بوو لە فێرکردنی چۆنیەتی وەرگرتنی مێژووی نەخۆشی (Take History) لە نەخۆش بە شێوازێکی زانستی و ورد، کە ئەمەش بنەمایەکی سەرەکییە بۆ دیاریکردنی دەستنیشانکردنی دروست و دانانی پلانی چارەسەری گونجاو. ئەم ڕاهێنانە پراکتیکییە یارمەتی فێرخوازانی دا بۆ بەکارهێنانی زانیارییە تیۆرییەکان لەسەر ئامێرەکان و پڕۆسە پزیشکییەکان لە دۆخی ڕاستەقینەی نەخۆشخانەدا.

بۆ پاراستنی سیمای سروشتی و پاکوخاوێنی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (٢/٤/٢٠٢٦)، هەڵمەتێکی مەیدانیی بۆ پاککردنەوەی پاشماوە زیانبەخشەکان لە دەوروبەری ناوچەی شێخ توراب ئەنجامدا.

 ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆک بەشی کارگێری کار و بە بەشداریی کارای مامۆستایان و گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغە جیاوازەکانی بەشی کارگێڕی کار بەڕێوەچوو، لە دەسپێکی هەڵمەتەکەدا، کەرەستەی پێویست وەک دەستکێش و کیسی زبڵ و کەلوپەلی پاراستن بەسەر فێرخوازاندا دابەش کرا، دواتر فێرخوازان بە گڕوتینێکی زۆرەوە دەستیان بە پاککردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکە کرد، کە ساڵانە ژمارەیەکى زۆرى گەشتیار ڕووی تێ دەکەن، بەڵام بەهۆی پاشماوەی گەشتیارییەوە دوچارى پیسبوونی ژینگەیی ببوو، هەربۆیە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر توانییان لە ماوەیەکی کورتدا ڕووبەرێکی فراوان لە دەوروبەری ناوچەکە لە پاشماوە پلاستیکی و زیانبەخشەکان پاک بکەنەوە.

مامۆستا و فێرخوازانی بەشداربوو لە کۆتایی هەڵمەتەکەدا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە کردەوە، چونکە نەک هەر دەبێتە هۆی پاراستنی ژینگەی کوردستان، بەڵکو گیانی کارکردنی بەکۆمەڵ و بەرپرسیارێتی مەدەنی لای نەوەی نوێ بەهێز دەکات.

لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان سلێمانی، ١ی ئایاری ٢٠٢٦، بە بەشداری زیاتر لە ٢٠٠٠ خوێندکار، پەیمانگای ڕۆژ بە هاوکاری و سپۆنسەری سەرەکی زانکۆی جیهان-سلێمانی، ئیڤێنتی (بەرەو باڵابوون)ی بۆ خوێندکارانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی ڕێکخست. لە بەشێکی ئیڤێنتەکەدا، م.ی. لێهات یوسف، بەڕێوەبەری فەرمانگەی وەرگرتن و تۆمار لە زانکۆی جیهان-سلێمانی، زانیاری وردی لەسەر زانکۆ و مەرجەکانی وەرگرتن پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. پاشان لەلایەن ستافی فەرمانگەی وەرگرتن و تۆمارەوە دیاری و بڕۆشەری ناساندنی زانکۆ بەسەر خوێندکاراندا دابەش کرا.