لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان سلێمانی، لە ٣١ی ئابی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی دەزگای زەکاتی زانستیی زانکۆی جیهان – سلێمانی، ڕاهێنانێکی تایبەت بە مارکێتینگ لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر لە بەشی کارگێڕیی کار، بەسۆز تۆفیق، لە ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیریی ژنان (ڕێوان) پێشکەش کرا.
ئامانجی ڕاهێنانەکە پەرەپێدانی توانای ئەو خانمانە بوو کە خاوەنی بزنسی سەربەخۆن یان دەیانەوێت لە داهاتوودا دەستپێبکەن. لە خولەکەدا جەخت لەسەر بنەما سەرەکییەکانی مارکێتینگ، داڕشتنی ستراتیژ و دروستکردنی وێنەی زێهنیی بۆ بەرهەمەکانیان کرایەوە، شانبەشانی ڕوون کردنەوەی گرنگیی دروستکردنی پەیوەندیی درێژخایەن لەگەڵ کڕیاران و ئەنجامدانی توێژینەوەی بازاڕ؛ چونکە کڕیار بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت نەک تەنها تایبەتمەندیی بەرهەم.
لە کۆتایی ڕاهێنانەکەدا، هانا شوان، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیریی ژنان ( ڕێوان)، سوپاسی مامۆستای ناوبراوی کرد و دەستخۆشی لەو هەماهەنگی و گرنگیپێدانە کرد کە لە نێوان زانکۆ و کۆمەڵگەدا هەیە.
–









