فێرخوازانی بەشی تەکنیکی سڕکردن سەردانێکی زانستی و مرۆییان بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی ئەنجامدا

لە چوارچێوەی چالاکییە مەیدانییەکاندا، فێرخوازانى بەشی تەکنیکی سڕکردن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى  ٢/٢/ ٢٠٢٦، سەردانێکی زانستی و مرۆیی بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی ڕێکخست.

ئەم چالاکییە بە بەشداریفێرخوازی قۆناغی یەکەم و بە سەرپەرشتی (دکتۆر سارە لەیس عەبدولجەلیل) بەڕێوەچوو. سەردانەکە گەشتێکی مەیدانی لەناو بەشە جیاجیاکانی نەخۆشخانەکەدا لەخۆگرت، کە تێیدا فێرخوازان ئاشناى ژینگەی کارکردنی تەندروستی و میکانیزمەکانی پێشکەشکردنی چاودێریی پزیشکی بە نەخۆشان بوون.

لە لایەکی دیکەوە و وەک لایەنە مرۆییەکەی سەردانەکە، فێرخوازان چالاکییەکی تریان ئەنجامدا کە دابەشکردنی دیاری بوو بەسەر منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە؛ تێیدا دیارییە شینەکان بۆ منداڵانی ڕەگەزی نێر و دیارییە پەمەییەکان بۆ منداڵانی ڕەگەزی مێ تەرخانکرابوون. جگە لەوەش، چەپکە گوڵ و بڕێک هاوکاریی دارایی ڕەمزی وەک پاڵپشتییەکی دەروونی پێشکەش بە منداڵەکان کرا.

فێرخوازانی بەشداربوو بە پەرۆشییەکی زۆرەوە کارلێکیان لەگەڵ چالاکییەکەدا کرد و ئاماژەیان بە گرنگیی ئەم جۆرە سەردانانە کرد لە بونیادنانی کەسایەتی پیشەیی و مرۆیی فێرخوازدا. هاوکات، ستافی پزیشکی و تەکنیکی لە نەخۆشخانەی نانەکەلی هاوکاریى و کارئاسانیەکى بەرچاویان پێشکەش بە فێرخوازان کرد و ڕێنمایی پێویستیان دانێ لە کاتی بەڕێوەچوونی چالاکییەکەدا.

خۆبەخشەکان

# وێنە ناو ماوە كرێدیت
1 ساره ليث عبد الجليل ساره ليث عبد الجليل 3 85
2 زانکۆی جیهان-هەولێر زانکۆی جیهان-هەولێر 3 85

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی نەخۆشیی زەهایمەر ، کە ساڵانە لە (٢١ی ئەیلوول)دا بەڕێوەدەچێت، گروپێک لە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی بەرفراوانیان لە سەنتەرى شاری هەولێر بەڕێوەبرد.

لە میانەى هەڵمەتەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین بڵاوکراوە و ماتریالی زانیارییان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکرد. ئەم بڵاوکراوانە تیشکیان خستە سەر پێناسەیەکی وردی نەخۆشیی زەهایمەر، دیارترین نیشانەکانی لە قۆناغە جیاوازەکانیدا و هەنگاوە پراکتیکییەکانی خۆپاراستن لە نەخۆشى لە بیرچونەوە (زەهایمەر) لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی تەندروستەوە، وەک چالاکیی جەستەیی و ڕۆحی، جگە لەمانە؛ فێرخوازان ئامۆژگاریی کردارییان پێشکەش بە هاوڵاتیان و ڕێبواران و کاسبکار و دوکانداران کرد سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەندامانی خێزان کە تووشی نەخۆشییەکە بوون، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی دابینکردنی پشتیوانیی دەروونی و سۆزداری بۆیان، بەتایبەتی لەبەر ئەو گۆڕانکارییە دەروونی و هەڵسوکەوتییانەی کە نەخۆشییەکە دروستی دەکات.

هەر لە چوارچێوەى هەڵمەتەکەیاندا فێرخوازان جەختیان لە گرنگیدانى پێویستیی بە دەستنیشانکردنی پێشوەختەى نەخۆشییەکە و سەردانیکردنی پزیشکانی پسپۆڕ لە کاتی گونجاودا کردەوە، چونکە دەستنیشانکردنی پێش وەختە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دواخستنی پێشکەوتنی نیشانەکان و باشترکردنی کوالێتیی ژیانی نەخۆش هەبێت. وەک ئەوەى فێرخوازان باسیان لێوەکرد نیشانەکانی لەبیرچوونەوەی بریتین لە، دروستبوونى کێشە بۆ زمان، تێکچوونی توانای بڕیاردان، گۆڕانکاری لە کەسایەتیدا، هاوکات باسکردنی قۆناغە جیاوازەکانی نەخۆشییەکە (سەرەتا، مامناوەند و کۆتایی) و تایبەتمەندییەکانی هەر قۆناغێک، بۆ ئەوەش جەختیان لەسەر ڕۆڵی ژیانی تەندروست، وەک وەرزشکردنی بەردەوام، خۆراکی هاوسەنگ (بەتایبەتی خۆراکی دەوڵەمەند بە دژە ئۆکسیدەکان)، چالاکیی مێشک (وەک خوێندنەوە و یارییە فیکرییەکان) و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی دیکە (وەک شەکرە و پەستانی خوێن) کردەوە.

لە کۆتاییدا، فێرخوازان بە گرنگیەوە باسیان لە ڕۆڵی بنەڕەتیی کۆمەڵگە لە پێشکەشکردنی هاوکاری و کەمکردنەوەی ئەو گڵۆڵە کۆمەڵایەتییە کردەوە، کە هەندێک جار بە نەخۆشییەکەوە دەبەسترێتەوە. ئەم هەڵمەتە زانستی-کۆمەڵایەتییە ڕۆڵێکى گرنگى لە بەرزکردنەوەی کەلتووری تەندروستی و چەسپاندنی بەهاکانی چاودێری، هاوسۆزی،و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لەناو تاک و خێزان و تەواوی کۆمەڵگەدا دەبێت

نەخۆشیی زەهایمەر (Alzheimer’s Disease) یەکێکە لە دیارترین جۆرەکانی خەڵەفان (Dementia) و نەخۆشییەکی دەماریی تێکچووی درێژخایەنە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر فەرمانی مێشک دادەنێت، بەتایبەتی لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت. بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، نزیکەی 50 ملیۆن کەس لە جیهاندا بە دەست خەڵەفانەوە دەناڵێنن، و زەهایمەر نزیکەی 60-70%ی ئەم حاڵەتانە پێکدەهێنێت.

فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکال لە زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ بەرزڕاگرتنی بۆنە نیشتمانی و ئایینییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە،  ریکەوتى 4ی ئەیلوولی 2025، لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لێ بێت) چالاکیەکى تەندروستى و ئاینیان بەرێوەبردز

لە میانەی ئەم چالاکییەدا، فیرخوازان بە گەرمی پێشوازییان لە میوانان و سەردانکەرانی پارکەکە کرد و، شیرینییان پێشکەش کردن وەک هێمایەک بۆ بەشداریکردن لە خۆشییەکانی ئەم بۆنە پیرۆزە. هەروەها، لە چوارچێوەی پابەندبوونی بەشەکە بە پەرەپێدانی تەندروستی گشتی و باشترکردنی ئاستی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە، چەندین ئامۆژگاری تەندروستی و ڕێنمایی پزیشکیی بەسوودیان پیشکەش بە سەردانیکەران و ڕێبواران و هاوڵاتیان کرد.

لە بەرامبەردا هاوڵاتیان وسەرانیکەرانى پارکەکە دەستخۆشیان لە فێرخوازان کرد بۆ ڕیکخستنى ئەو چالاکیە و پێشکەشکردنى ڕێنمایی تەندروستى و خزمەت بە هاوڵاتیان.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ١٢ی ٢٠٢٥، بەشی تەکنیکەکانی سڕکردن لە کۆلێژی تەکنیکە تەندروستی و پزیشکییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر، وۆرک شۆپێکی زانستیی پسپۆڕیی بە ناونیشانی حاڵەتە باوەکانی ناوسک و ڕێکارە نوێیەکانی بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنیان :(Common Abdominal Conditions and Recent Ways of Management) ڕێکخست.

وۆرک شۆپەکە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر (ئەیاد حازم حەسەن) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و، بە بەشداریی ژمارەیەک لە سەرۆک بەشە زانستییەکان، مامۆستایان و فێرخوازانى بەشەکە بەڕێوەچوو.

لە میانەى وۆرکشۆپەکەدا دوو بابەتى زانستى پەیوەست بە بوارەکە پێشکەش کران، بابەتى یەکەم لەلایەن دکتۆر (فەرمان یاسین شەریف)، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، بە ناونیشانی (Common Abdominal Surgical Conditions and Contemporary Surgical Management)پێشکەش کرا. تێیدا تیشکی خستە سەر دیارترین حاڵەتە نەشتەرگەرییە باوەکانی ناو سک، میکانیزمەکانی دەستنیشانکردنی پزیشکی (Clinical) و تیشکی (Radiological)، وێڕای خستنەڕووی نوێترین ستراتیژییە نەشتەرگەرییە پەسەندکراوەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم حاڵەتانە بەپێی پرۆتۆکۆڵە چارەسەرییە سەردەمییەکان.

هاوکات بابەتى دووەمى وۆرکشۆپەکە لەلایەن دکتۆر (سامان حوسێن عەبدولڕەحمان)، پسپۆڕی نەشتەرگەریی منداڵان، بە ناونیشانی (Recent Advances in Anesthetic Management of Abdominal Conditions) پێشکەش کرا، تیایدا بەشێوەیەکى زانستى باسی لە پێشهاتە نوێیەکان کرد لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی سڕکردن (Anesthesia) بۆ حاڵەتە باوەکانی ناوسک، بەتایبەت جەختکردنەوە لەسەر هەڵسەنگاندنی دۆخی نەخۆش پێش سڕکردن، هەڵبژاردنی تەکنیکی گونجاوی سڕکردن و ڕۆڵی تەکنیکە پێشکەوتووەکان لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و باشترکردنی دەرەنجامە نەشتەرگەرییەکان کرد.

لە کۆتایی وۆرک شۆپەکەدا، ئامادەبووان جەختیان لە گرنگیی سازدانی ئەم جۆرە چالاکییە زانستییە پسپۆڕییانە کردەوە لەپێناو پشتیوانیکردنی ڕەوتی ئەکادیمی، برەودان بە مەعریفەی پزیشکی و بەهێزکردنی تەواوکاریی ئەکادیمی لە نێوان پسپۆڕییە پزیشکییە جیاوازەکاندا، هەروەها ئاشنابوون بە نوێترین پێشهاتەکان لە بواری دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی حاڵەتە باوەکانی ناوسک، بە فۆکەس خستنە سەر لایەنە نەشتەرگەری و سڕکردنە نوێیەکان کە لە پراکتیکی پزیشکیی هاوچەرخدا کاریان پێ دەکرێت.