لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام و پڕۆژەی “زەکاتی زانست” کە زانکۆی جیهان-هەولێر پەیڕەوی دەکات، بەشی کارگێڕی کار دەستپێشخەرییەکی ڕۆشنبیری بۆ پاڵپشتیکردنی کتێبخانەی قوتابخانەکان ئەنجامدا.
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی (١٤/١/٢٠٢٦)، ، بە سەرپەرشتی (پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر قوسەی حەمید سەلامی)، شاندێکی فێرخوازان سەردانی “قوتابخانەی نەسری کچانی نایاب”یان لە هەولێر کرد. شاندەکە لەلایەن (لینا سەعدی لفتە) بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستایانەوە پێشوازییان لێکرا.
ئەم سەردانە بە مەبەستی بەخشینی زیاتر لە (٧٠) ناونیشانی جیاوازی کتێب بوو، کە لە بڵاوکراوەکانی زانکۆی جیهانن. کتێبەکان بوارە جیاوازەکانی وەک (ئەدەب، یاسا، کارگێڕی، ژمێریاری و سیاسەت)یان لەخۆگرتبوو، کە بە هەر سێ زمانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) نووسراون.
بەو بۆنەیەوە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەستخۆشی لە زانکۆی جیهان-هەولێر کرد و ڕایگەیاند: “ئەم دەستپێشخەرییە نەک تەنها کتێبخانەکەمان دەوڵەمەند دەکات، بەڵکو هاندەرێکی گەورەیە بۆ فێرخوازانمان تا زیاتر ڕوو لە خوێندنەوە و توێژینەوە بکەن.”






