بۆ چاندنی کەلتووری ڕێزگرتن و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرپرسیارێتی مەدەنی، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١١/٢/٢٠٢٦)، هەڵمەتێکی هۆشیاریی بەرفراوانی بۆ پاراستنی موڵکی گشتی ڕێکخست.
لە کەمپینەکەدا، فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر)، سەردانی گەڕەکە جیاوازەکانی شاری هەولێریان کرد. فێرخوازان پێشتر برۆشوورێکی تایبەتیان بە ناونیشانی “موڵکی گشتی، موڵکی هەمووانە” ئامادە و چاپ کردبوو، کە زانیاری بەنرخی تێدابوو لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە شوێنە گشتییەکان وەک نیشانەیەک بۆ ڕێزگرتن لە کەسانی دیکە. برۆشوورەکان بەسەر ماڵان، دوکانداران و ڕێبواراندا دابەش کران و هانی هاوڵاتیانیان دەدا بۆ پاک ڕاگرتنی شەقام و پارکەکان و پاراستنی دامەزراوە حکومییەکان.
هاوڵاتیان و کاسبکارانی ناوچەکە دەستخۆشییان لەم دەستپێشخەرییەی فێرخوازان کرد و جەختیان لە گرنگی ئەم جۆرە چالاکییانە کردەوە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی شارستانی و پاکتر. ئەم چالاکییە نەک هەر کاریگەری لەسەر هۆشیاری گشتی هەبوو، بەڵکو هەستی هاوکاری کۆمەڵایەتی و کارلێکی ڕێزدارانەشی لە نێوان زانکۆ و کۆمەڵگەدا بەهێزتر کرد.








