فێرخوازانى بەشی شیکاری تاقیگەیی پزیشکی لە قوتابخانەی هەڵمەت تایبەتى کوڕان چالاکیەکى هۆشیارى بەڕێوەدەبەن

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی 2025/10/12، بەشی شیکاری تاقیگەیی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (سالی خەلیل باقر)، گەشتێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی چوارەم بۆ قوتابخانەی هەڵمەتى تایبەت بە کوڕان لە شارى هەولێر ڕێکخست.

فێرخوازان سەرەتا لەلایەن مامۆستا (گەردۆ مەجید)، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکدا سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ دەستپێشخەریەکەى فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیاری لەناو توێژی فێرخوازان و هەرزەکاران.

 دواتر، لە میانی سەردانەکەدا، فێرخوازانى بەشی شیکاری تاقیگەیی پزیشکی چالاکیەکەیان دەستپێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش سیمینارێکیان بە ناونیشانی “زیانەکانی جگەرەکێشان و مەترسییەکانی خواردنەوەکان لەسەر تەندروستی مرۆڤ” پێشکەش کرد، بۆ ئەوەش بە شێوەیەکی زانستی و وورد، باسیان لە زیانە تەندروستییەکانی جگەرەکێشان کرد، بەتایبەت ئاماژەیان بە کاریگەرییەکانی نیکۆتین و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنیان لەسەر کۆئەندامی هەناسە و سوڕی خوێن کرد، هەروەها ڕۆڵی ئەم ماددانە لە تەسکبوونەوەی بۆرییەکانی خوێن و لاوازکردنی کارایی دڵ و سییەکان بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە ڕوون کردەوە و، ئاماژەیان بە پەیوەندی نێوان جگەرەکێشان و تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان، قوڕگ و میزڵدان کرد.

سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکانیش، فێرخوازانى بەشی شیکاری تاقیگەیی پزیشکى باسیان لە کاریگەرییە ژەهراوییەکانی لەسەر جگەر و کۆئەندامی دەمار کرد، هەروەک جەختیان لەسەر ڕۆڵی ماددە هۆشبەرەکان لە تێکدانی کارەکانی جەستە و لاوازکردنی تێگەیشتن و سەرنجدان کرد، لە کۆتایشدا ئاماژەیان بەو فاکتەرە کۆمەڵایەتییانە کرد، کە یارمەتیدەرن لە بڵاوبوونەوەی ئەو خووە نا تەندروستانە لە نێوان هەرزەکاران بەتایبەت، بۆ ئەوەش کۆمەڵێک ئامۆژگارى جیایان پێشکە بە قوتابیان کرد بۆ خۆبەدورگرتن لە جگەڕەکێشان و ماددە هۆشبەرەکان.

خۆبەخشەکان

# وێنە ناو ماوە كرێدیت
1 زانکۆی جیهان-هەولێر زانکۆی جیهان-هەولێر 2 80

لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنییدا لە كەناڵی ئاسمانیی سپێدە، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 28-12-2025، پەخش کرا؛ ڕزگار ساڵح، فێرخوازی قۆناغی سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، باسی لە بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن فێرخوازانی زانكۆ کرد.

بەرنامەی (ئەمڕۆی سپێدە) كە لە كەناڵی ئاسمانیی سپێدە پەخش دەكرێت، یەكێك لە تەوەرەكانی ئەمجارەی بەرنامەكەی تەرخان كردبوو بۆ باسكردن لە (بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن قوتابیانی زانكۆ)، بۆ ئەو مەبەستەش، كەناڵەكە بانگهێشتی (ڕزگار ساڵح)ـی فێرخوازی بەشی ڕاگەیاندنى كرد بۆ قسەكردن و گفتوگۆ دەربارەی تەوەری بەرنامەكە. لە سەرەتای قسەكانیدا، ڕزگار ساڵح ڕایگەیاند: ژیریی دەستكرد بابەتێكی زۆر نوێ نییە، بەڵام ئێستا زۆر بەربڵاو بووە و خەڵك زۆر بەكاری دەهێنێت، بەتایبەتی لەلایەن فێرخوازانەوە، چونكە ئامڕازێكی زۆر یارمەتیدەرە و دەتوانێت سوودی زۆر گەورە بە بواری خوێندن بگەیەنێت. وتیشی: ژیریی دەستكرد تەواوكەری كاری مرۆڤە و كۆمەڵگە بەرەو پێشەوە دەبات، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت كە ژیریی دەستكرد ناتوانێت بە تەواوی جێگەی كار و پیشەی مرۆڤ بگرێتەوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی لە بەرنامەكەدا، ڕزگار ساڵح وتی: پێویستە فێرخوازانی زانكۆ سوودی زیاتر لە تایبەتمەندییەكانی ژیریی دەستكرد وەربگرن، بەڵام نابێت بیكەنە جێگرەوەی بیركردنەوەی خۆیان. ئێمە لە زانكۆ كۆمەڵێك ئەرك و بەرپرسیارێتییمان هەیە، ئاساییە ژیریی دەستكرد وەك هاوكارێك بۆ دەستخستنی زانیاریی زیاتر و، بەمەبەستی ڕێكخستنی كات بەكاری بهێنین، بەڵام نابێت بەتەواوی سەرجەم ئەركەكە لەڕێگەی ئەوەوە جێبەجێ بكەین، چونكە سەرەنجام بە زیان بۆ سەر ئاستی زانستیی و ئەكادیمییمان ئەشكێتەوە.

لە باسی شێوازی مامەڵەی مامۆستا لە بەركاهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن فێرخوازەوە، ئەو فێرخوازەی بەشی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوەدا كە، بەشێكی زۆری مامۆستاكان ڕێگە دەدەن بە فێرخواز ژیریی دەستكرد بەكاربهێنن، بەڵام بەشێوەیەكی درووست و بە سنوورێكی دیاریكراو، ئەوەش بەو ئامانجەی كە فێرخوازەكە سوود ببینێت، نەك بەپێچەوانەوە زیانی پێ بگەیەنێت. باسی لەوەش كرد، بەشێكی زۆری مامۆستاكانمان لە زانكۆ توانیویانە ژیریی دەستكرد بە فێرخوازان ئاشنا بكەن و ڕێنماییان بكەن كە چۆن ژیریی دەستكرد بەشێوازە درووستەكەی بەكاربهێنن.

لە كۆتایی قسەكانییدا، ڕزگار ساڵح تیشكی خستە سەر ئەوەی كە پێوستە فێرخوازان خۆیان نوێ بكەنەوە و ئاگاداری گۆڕانكارییە تەكنەلۆژییەكانی سەردەم بن، بەتایبەتی كە ئێستا بە سەردەمی ژیریی دەستكرد ناسراوە و نابێت لێی بێئاگا بین.

بەبۆنەی ڕۆژی “ئاڵا”وە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 17-12-2025 سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر چالاكییەكی مەیدانیی بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) لەنێو بازاڕی میللیی گەڕەكی نەورۆز ئەنجام دا.

لە چالاكییەكەدا كە فێرخوازانی هەردوو قۆناغی یەكەم و دووەمی بەشی ڕاگەیاندن بەشداربوون لە دابەشكردنی ئاڵای كوردستان و بڵاوكراوەیەك بەسەر هاوڵاتییانی بازاڕی میللیی گەڕەكی نەورۆز لە شاری هەولێر. ناوەڕۆكی بڵاوكراوەكە پێكهاتبوو لە زانیاریی دەربارەی ئاڵای كوردستان و پێكهاتەكانی ناو ئاڵاكە، هەروەها باس لە مێژووی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان كراوە بۆ یەكەمجار لەلایەن پێشەوا قازی موحەممەدەوە. هەر لەو بڵاوكراوەیەدا كە فێرخوازان دابەشیان كرد، ئاماژە بە بڕیاری ساڵی 2009ـی پەرلەمانی كوردستان دراوە كە تیایدا 17ـی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی ئاڵا دیارییكردووە.

لە چالاكییەكەدا، فێرخوازان ڕۆژی ئاڵایان بەرز ڕاگرت، هەروەها هاوڵاتیانیان ئاشناى مێژووی درووستبوونی ئاڵای كوردستان و ڕۆژى ئاڵا کرد.

سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان – هەولێر ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٧-١٢-٢٠٢٥،پێشوازیی كرد لە مەناف موبارەک بەرپرسی پرۆژەکانی تۆڕی DWـی ئەڵمانی و، وۆركشۆپێكی بەئامانجی بەهێزکردنی توانا پیشەییەکانی فێرخوازان و گرێدانی لایەنی تیۆری بە ئەزموونە نێودەوڵەتییە مەیدانییەکان ئەنجام دا.

لەو وۆركشۆپەدا، كە لە هۆڵی ئەكادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەشێوەیەكی چڕ دەستی پێکرد، ژمارەیەك لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە هەموو قۆناغە جیاوازەكان ئامادەیبوون و، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، لە وۆركشۆپەكەدا بەشێوەیەکی سەرەکیی گرنگیی درا بە پێشبینیکردنی داهاتووی پیشەیی بۆ فێرخوازان و گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگە و میکانیزمە نوێیەکان کە توانای ئەوەیان پێدەدات بە متمانە و شارەزاییەوە بچنە ناو بازاڕی کاری میدیاییەوە.

بۆ ئەو مەبەستە مەناف موبارەک بەشێکی گەورەی وۆرکشۆپەکەی تەرخان کرد بۆ لایەنی تەکنیکی و پراکتیکی، کە تیایدا ڕوونکردنەوەیەکی وردی پێشکەش بە فێرخوازان کرد دەربارەی ئەپڵیکەیشنی DPA، هاوكات باسی چۆنیەتی سوودوەرگرتنی كرد لەم ئەپڵیکەیشنە و، بەکارهێنانی وەک ئامڕازێکی کاریگەر لە کاری ڕۆژنامەوانییدا كرد.