ستافێکی تایبەت لە زانکۆی جیهان – سلێمانی کە پێکهاتبوو لە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر سادات عەبدوڵڵا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ، دکتۆر موئمین زەڵمی و مامۆستا هێمن ڕەشید ئاغا، سەردانی دیوانی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شارەزووریان کرد.
لەلایەن بەڕێوەبەری پەروەردە و سەرپەرشتیاری یەکەمەوە بەخێرهاتنی ستافەکە کرا. لە کۆبوونەوەیەکی کوورتدا گفتوگۆ لەسەر گرنگی خولی شیاندن (پێداگۆجی) بۆ مامۆستایان و چۆنیەتی وتنەوەی وانەکان کرا.
بەڕێوەبەری پەروەردە سوپاسی ستافی زانکۆی جیهان-سلێمانی کرد بۆ ئەرک و ماندووبوونیان کە لەسەر داوای بەڕێوەبەرێتی پەروەردە، ئامادەییان دەربڕیوە بۆ کردنەوەی ئەو خولە.
وەک گروپی یەکەم، خولەکە بۆ هەموو مامۆستایانی گرێبەستی قوتابخانەکانی ناوەندی قەزای شارەزوور و زەڕایەن پێشکەش دەکرێت.
خولەکە لە هۆڵی دیوانی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شارەزوور دەستیپێکرد. هەریەک لە دکتۆر سادات و مامۆستا نەبیل لە وتەیەکی کوورتدا باسی گرنگی ئەم خولە و شێوازەکەیان بۆ مامۆستایانی بەشدار کرد.
دواتر لەلایەن دکتۆر موئمین زەڵمیەوە ڕۆژی یەکەمی خولەکە بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات.
زانكۆی جیهان – سلێمانی وەكوو ئەركێكی پەروەردەیی هەمیشە گرنگیداوە بەدروستكردنی پەیوەندی لە نێوان زانكۆ و كەرتە جیاوازەكاندا و بەتایبەتی كەرتی پەروەردەیی، ئەم چالاکەش هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕێکخراوە.