بەئامانجى پاکڕاگرتنى ژینگەى هەرێمى کوردستان و، پاککردنەوەى لە پاشماوە زیانبەخشەکان، سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار هەڵمەتێکى پاککردنەوەى لە دەوروبەرى شارى هەولێر بەڕێوەبرد.
لە میانەى ئەو هەڵمەتەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٥/١/٢٠٢٥) بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار و مامۆستاى یاریدەدەر هێڤي محمد قادر ڕێکخەرى هەڵمەتەکە و ژمارەیەک لە مامۆستایان و، ئەندازیار عەلى ڕەشید مستەفا سەرۆکى شارەوانى کەسنەزان و، هونەر کەمال ئەنوەر لێپرسراوى فەرمانگەى دارستانى کەسنەزان و فەرمانبەران بەڕێوەچوو، زیاتر لە (١٠٠) فێرخوازى لە قۆناغە جیاوازەکانى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریان لە هەڵمەتەکەدا کرد.
لە سەرەتاى هەڵمەتەکەدا کەرەستەی پێویست بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە، لەوانەش کیسی زبڵ و دەستکێش و کەرەستەی پاککردنەوە بەسەر بەشداربواندا دابەش کرا، پاشان لە میانەى ئەم هەڵمەتەدا فێرخوازان بە گڕوتینەوە بەشداریان لە پاککردنەوەى چواردەورى مۆنۆمێنتى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لە ناحیەى کەسنەزان کرد، کە ساڵانە ژمارەیەکى زۆرى گەشتیار بەمەبەستى بەسەرکردنى گەشتکردن ڕوى تێ دەکەن، لە ئەنجامى هەڵمەتەکە فێرخوازان و بەشداربوان توانیان ڕووبەرێکی زۆری دەوروبەرى مۆنۆمێنتەکە پاک بکەنەوە و، بڕێکی زۆر پاشماوەیان کۆکردەوە، مامۆستایان و فێرخوازان و بەشداربوان جەختیان لە گرنگی بەردەوامیدان بەم جۆرە دەستپێشخەرییانە کردەوە بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی ژینگە و بەردەوامیی پاکوخاوێنی ناوچە گەشتیارییەکان و شوێنە گشتیەکان.
هەر بەو بۆنەیەوە، سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار بە گرنگی باسى لە هاوکاری نێوان دامەزراوە پەروەردەییەکان و کۆمەڵگەی ناوخۆیی بۆ بەرەوپێشبردنی بەها ژینگەییەکان کردەوە، بۆ ئەوەش سوپاسى لێپرسراوانى یەک جیاکانى بەڕێوەبردنى لە شارۆچکەى کەسنەزان کرد، کە لەو هەڵمەتەدا هاوکار و هەماهەنگیان بوون. لە بەرانبەردا لێپرسراوانى یەکە کارگێڕییەکانى کەسنەزان دەستخۆشیان لە ڕێکخەر و سەرپەرشتیار و فێرخوازانى بەشداروى هەڵمەتەکەدا کردو، هیوایان خواست بەردەوامى بەو جۆرە چالاکیە بدەن.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (5/2/2025)، سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاری گشتی بۆ پاراستن و بەفیڕۆنەدانى ئاو بەڕێوەبرد. ئامانجی چالاکیەکە بڵاوکردنەوەى هۆشیاری لە نێو کۆمەڵگە بوو سەبارەت بە شێوازەکان و چۆنیەتى بەکارهێنانی ئاو لە کاتى پێویستدا.
بۆ ئەو مەبەستەش ستافى زانستى بەشەکە و فێرخوازان سەرەتا کۆمەڵێک پرۆشەریان بە ناونیشانى (پاراستنى ئاو، پاراستنى هەسارەیە، هەر دڵۆپێک ئاو ئەژمار دەکرێت) ئامادە و چاپکرد، کە کۆمەڵێک زانیارى گرنگى لەبارەى ئاو، پاراستنی ئاو، داتای پاراستنى ئاو و چەندین زانیارى دیکەى لە خۆگرتبوو، وەک بەفێرۆدانى دڵۆپێک ئاو یەکسانە بە ٢٠ گاڵۆن ئاو لە ڕۆژێکدا. جگە لەوەش، کۆمەڵێک زانیارى دیکەى گرنگى لەبارەى چۆنیەتى بەکارهێنان و مامەڵەکردنى لەگەڵ ئاو لە ماڵەکاندا لەخۆگرتبوو، لەوانە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو لە کاتی خاوێنەکردنەوەى (ددان، قاپشۆردن و خاوێنکردنەوەى کەلوپەل و پێداویستیەکانى ڕۆژانە)…هتد.
لە وێستگەیەکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، کە بەچاودێرى پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود بەڕێوەچوو و، مامۆستا هێڤى محمد قادر سەرپەرشتى دەکرد، لەگەڵ کۆمەڵێک لە فێرخوازانى بەشەکە سەردانى گەڕەکى کوردستان (حى عەسکەرى) لە شارى هەولێریان کرد و، پرۆشۆرەکانی هۆشیارییان بەسەر دانیشتوانی گەڕەکەکە دابەش کرد و، بەسەر ماڵ و دوکاندار و ڕێبوارانى گەڕەکەکەدا دابەشکرد و، هانى هاوڵاتیانیاندا بەشێوەیەکى هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئاو بکەن، چونکە ئاو سەرچاوەى ژیانە.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (18-2-2025)، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی شیکاری تاقیگەی پزیشکی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی فێرخوازى بەتوانا ئوسامە شوکری عەبدوڵڵا، سەردانی قوتابخانەی شۆخیان کرد و لەلایەن مامۆستا، پەری سابر حسێن، بەڕێوەبەری قوتابخانە پێشوازییان لێکرا.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر لە هۆڵى چالاکى قوتابخانەکە، لەگەڵ قوتابیان تاوتوێی کۆمەڵێک بابەتی گرنگیان کرد بۆ هۆشیارکردنەوەی هەرزەکاران سەبارەت بە ڤاپینگ و پەیوەندییەکەی بە شێرپەنجەی سییەکان و جگەر و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی گشتی، هەروەها باسیان لە بابەتی خواردنەوە وزەبەخشەکان و چۆنیەتی گۆڕانی بۆ ژەهر لە ناو جەستە و کاریگەرییەکانیان لەسەر گورچیلە و جگەر و چۆنیەتی پاراستنی تەندروستی جەستەیی کرد. فێرخوازانى بەشى شیکارى تاقیگەى پزیشکى لە ڕێگەى چالاکیەکەیان هەوڵى بڵاوکردنەوەی هۆشیارییان لەنێو هەرزەکاران دا بۆ ئەوەی پارێزگارى لە تەندروستیان بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەری قوتابخانە سوپاسی هەوڵەکانی زانکۆی کرد بۆ پاراستنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و سوپاسێکی تایبەت فێرخوازان و سەرۆکایەتی بەشی شیکاری تاقیگەی پزیشکی کرد.
ئوسامە شوکری عەبدوڵڵا، کە زیاتر لە 40 بڕوانامەی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە بەهۆی بەشداریکردنی لە ژمارەیەکی زۆر لە کۆنفرانسی ئۆنلاین، لەنێویاندا 10 بڕوانامە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تایبەت بە خۆپاراستن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١٨/٢/٢٠٢٥) کۆمەڵێک لە فێرخوازانى بەشی شیکارى تاقیگەى پزیشکى لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانی قوتابخانەی محمد ناسریان کرد و، لەلایەن شیرین عومەر عەرەبۆک بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، پێشوازییان لێکرا.
دواتر فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستیان بە چالاکیەکانیان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش باسیان لە پشکنینى جۆری خوێن بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، لەوانەش ئاماژەیان بە جۆرە جیاوازەکانی گروپی خوێن کرد، کە بریتین لە گروپی خوێنی (A و B و AB وO )، پاشان باسیان لە چۆنیەتی گواستنەوەی خوێن لە کەسێکی بەخشەرەوە بۆ وەرگرێک کرد، بەتایبەت ئەو کەسانەى بە هۆکاری جۆراوجۆر لەوانە ڕووداوی ئۆتۆمبێل یان نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی کەمی خوێن پێویستیان بە خوێن دەبێ بەمەبەستی ڕزگارکردنیان بە زووترین کات.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازانى بەشى شیکارى تاقیگەى پزیشکى، پشکنینى جۆرى خوێنیان بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە ئەنجامدا، بۆ ئەوەش ستافى قوتابخانەی ناوەندی محەمەد ناسر سوپاسى خۆیان دەربڕی بۆ چالاکیەکیەکە، کە ئامانج لێى پەروەردەکردنی نەوەکانی داهاتوو سەبارەت بە سادەترین بابەتی سەلامەتی.
لە یادی ٣٧ ساڵەی قوربانیانى شاڵاوەکانى پرۆسەى ئەنفالدا، فێرخوازانى قۆناغی سێیەم لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى قوتابخانەی دونیای بنەڕەتی تێکەڵاویان کرد و سمینارێکیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى سەردانەکەیاندا، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (١٤/٤/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری زەهرا خان مەعروف تاهر ئەنجامیاندا، سەرەتا فێرخوازان لە لایەن مامۆستا پەروا نورەدین کاکە مستەفا بەڕێوەبەری قوتابخانە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵی قوتابخانە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە مامۆستایان و قوتابیانی پۆلی حەوتەم و هەشتەم ناوەڕۆکى سمینارەکەیان پێشکەش کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری نمایش کرد، فیلمەکە تیشکى خستە سەر ڕووداوەکانی شاڵاوەکانى ئەنفال، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە عێراق بەڕێوەچوو بە ئامانجی سەرکوتکردنی بەرخۆدانی کورد بوو.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا مامۆستا پەروە نورەدین سوپاسى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و، ستایشى چالاکیەکەى کرد بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری نیشتمانی و چاندنی هەستی سەربەخۆیی و شانازی، ئاشناکردنى نەوەیی نوێ بە ناسۆر و مەینەتیەکانى گەلى کورد.
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی تەندروستی، فێرخوازانى قۆناغی دووەم لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٧/٤/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد، چالاکییەکی هۆشیارییان لە نەخۆشخانەی فێرکاری منداڵبوون-هەولێر ڕێکخست.
لەو چالاکیەدا، کە بەناونیشانى “دەستپێکردنێکی تەندروست بۆ داهاتوویەکی ئومێدبەخش” بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن ئاهەنگ عەبدوڵڵا شوانی یاریدەدەری بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەى فێرکارى منداڵبوون بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان لە میانەی سەردانەکەدا کارلێکیان لەگەڵ ئافرەتانی دووگیان و دایکانی تازە کرد، زانیاری گرنگیان سەبارەت بە خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشیە جیاکان و، چۆنیەتى بەرەوپێشبردنی تەندروستی دایکان و منداڵەکانیان پێشکەشکردن بەتایبەت لە ڕەچاوکردنى پاکوخاوێنی، خۆراکی دروست و، چاودێری پێش لەدایکبوون، کە هۆکاری سەرەکین بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی و سەلامەتی دایکان و منداڵەکانیان.
ڕۆژی جیهانی تەندروستی، کە ساڵانە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە ڕێکدەخرێت، چەندین چالاکى لە بوارە جیاوازەکان لە وڵاتان بەڕێوەدەچێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەوەری ئەمساڵ جەخت لەسەر “دەستپێکردنێکی تەندروست بۆ داهاتوویەکی ئومێدبەخش” دەکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا بەشەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە چەند چالاکیەک ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.
فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ سەردانی ئامادەیی شۆڕشی کچانیان لە شاری هەولێر کرد و، سمینارێکیان بەناونیشانی (شەکر، خواردنەوە وزەبەخشەکان و، کاریگەرییان لەسەر تەندروستی مرۆڤ) پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
سیمینارەکە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر (بەختەوەر زیاد عومەر) ڕێکخرابوو، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا فێرخوازان لەلایەن سامیا عەبدوڵڵا والی بەڕێوەبەری قوتابخانە پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان ناوەڕۆکى سمینارەکەیان پێشکەش بە قوتابیانى پۆلی یازدەی ئامادەیی قوتابخانەکە کرد، بۆ ئەو مەبەستەش بە شێوەیەکى زانستى ڕونکردنەوەى وردیا نلە بارەى کاریگەرییە تەندروستییەکانی زیادەڕۆیی لە خواردنی شەکر و خواردنەوە وزەبەخشەکان پێشکەش بە قوتابیان کرد، هەروەک جەختیان لەسەر زیادبوون و بڵاوبوونەوەی ئەم بەرهەمانە لە نێو گەنجاندا کرد و، ڕونیان کردەوە ئەو زۆر بەکارهێنانە کاریگەرییە نەرێنی لەسەر جگەر دەبێت، بەتایبەت کاتێک بە ڕێژەیەکی زۆر دەخورێن.
لە کۆتاییدا مامۆستا سامیە عەبدوڵڵا والى سوپاسى فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵى کرد و، بە گرنگیەوە لە هەواڵەکانى فێرخوازانى ڕوانى بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و، بەرزکردنەوەی ئاستی زانیارى گشتی سەبارەت بە پرسە تەندروستییە گرنگەکان و خزمەتکردنی کەرتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی دەستپێشخەرییە پەروەردەییەکانەوە.
فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٩/٢/٢٠٢٥)، لە قوتابخانەی کۆششی ئەهلی، سیمینارێکیان لە بارەى “گەشەکردن، باڵغبوون و گۆڕانی هۆرمۆن لە مێینەکاندا” پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا ڕۆژان لوقمان احمد بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە گەڵ پۆلەکانی حەوت و هەشت لە هۆڵی چالاکیەکانى قوتابخانە کۆبوونەوە و ناوەڕۆکى سمنیارەکەیان پێشکەشکرد. لە میانی سیمینارەکەدا فێرخوازان باسیان لەو گۆڕانکارییە هۆرمۆنانە کرد، کە لە کاتی باڵغبووندا ڕوودەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش تیشکیان خستە سەر ئەو گۆڕانکارییە فیزیۆلۆژیانەی کە لە جەستەی مێینەدا ڕوودەدەن. هەروەها باسیان لە نیشانەکانی پەیوەست بەم گۆڕانکاریانە کرد، لەگەڵ ئاماژەکردن بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی تێکچوونی هۆرمۆنەکان و ئەو هۆکارانەی کە کاریگەرییان لەسەر ئاستی هۆرمۆنەکان هەیە.
لە کۆتاییدا فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی مامۆستا ڕۆژان لوقمان احمد کرد بۆ ئەو دەرفەتەی کە پێیان درا بۆ ئەنجامدانی سیمینارەکە و هۆشیارکردنەوەی منداڵان بەتایبەت ئەو منداڵانەى بەرەو قۆناغى هەرزەکارى و باڵغبوون دەڕۆن، بۆ ئەوەش مامۆستا ڕۆژان لوقمان احمد سوپاسی فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵی فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ دەربڕی.
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (١٧/٢/٢٠٢٥) فێرخوازانى بەشى بایۆمیدکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى کۆمەڵگەی پەروەردەیی ناحکومی (هەولێر)یان کرد و، باسیان لە هۆکارەکانی هەستیاری وەرزی و ڕێگەکانی خۆپاراستن پێشکەش بە قوتابیانى کۆمەڵگەکە کرد.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا شاخەوان عومەر ڕەسووڵ بەڕێوەبەری قوتابخانە و یاریدەدەرەکەى بە گەرمی پێشوازییان لێکرا ، پاشان لە هۆڵى چالاکیەکانى قوتابخانەکەدا سمینارەکەیان پێشکەش بە کۆمەڵێک لە قوتابیان و مامۆستایانى کۆمەڵگەکە کرد، بۆ ئەوەش فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر زانیاری بەنرخیان سەبارەت بە جۆرە جیاوازەکانی هەستیاری وەرزی پێشکەشکرد و، جەختیان لەسەر ڕێوشوێنی خۆپارێزی، بەتایبەتی لە سەرەتای زستان و بەهار کردەوە، هەر لە میانەى سمینارەکەیاندا فێرخوازان باسیان لە ستراتیژییەتی پاراستنی کاریگەر کرد، هاوکات کۆمەڵێک ڕاسپاردەشیان ئاراستەى قوتابیان کرد بۆ ڕێکارەکانی خۆپارێزی وەک بەستنی دەمامک و پاراستنی پاک و خاوێنی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هەستیاری و هەوکردنی وەرزی، لەوانەش ئەنفلۆنزا.
لە بەرانبەردا مامۆستا شاخەوان عومەر ڕەسووڵ بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەشى فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ کرد، بەو پێیەى زانیاری سەرەتاییان سەبارەت بە خۆپاراستن لە هەستیاری پێشکەش بە قوتابیان کرد و توانیان جیاوازی بکەن لە نێوان کاردانەوەی حەساسیەت و هەوکردنی وەرزی، ئەمەش تەندروستی و هۆشیاری کەسییان بەرزکردەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (١٣/٢/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانی قوتابخانەی سەردەمی ئەهلییان لە شارى هەولێر کرد و، سیمینارێکی هۆشیاریییان بەناونیشانی “پەرەپێدانی کەسی” پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى ئەوەى لە لایەن مامۆستا عەلی جبار صابر بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەردەمی ئەهلی بە فەرمی پێشوازی لێکرا، ئینجا لە هۆڵى قوتابخانەکە ناوەڕۆکى سیمینارەکەیان پێشکە بە قوتابیانی پۆلی (١١) لە قوتابخانەکە کرد، لە میانەى سمینارەکەیاندا فێرخوازان لە چوارچێوەى پەرەپێدانى کەسیدا باسیان لە گرنگی دانانی ئامانجی کەسی، پەرەپێدانی تواناکانی ژیان و، بەرەوپێشبردنی بیرکردنەوەی ئەرێنی کرد، ئەمە جگە لە ستراتیژییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگە ئەکادیمییەکان و پیشەییەکان، لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەیاندا فێرخوازان باسیان لە گرنگی پەرەپێدانى تواناى کەسى و لایەنى سۆزداری و بەڕێوەبردنی کات و دروستکردنی متمانە بەخۆبوون کرد، هەروەک جەختیان لەسەر پێویستی ئیرادە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا کردەوە.
لە کۆتاییدا فێرخوازان بەناوی سەرۆکایەتى بەشی بایۆمیدیکاڵ سوپاسى مامۆستا عەلی جبار صابریان کرد بۆ ئاسانکاری بۆ دەرفەتی ئەنجامدانی سیمینارەکە لە قوتابخانەی سەردەمی ئەهلی.