بەژداریکردن و هاوکاری کۆمەڵگا

پەڕەی سەرەكی

بەژداریکردن و هاوکاری کۆمەڵگا

لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان سلێمانی، لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئاستی کارگێڕی و زانستی ستافی زانکۆ و بە فەرمانی سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-سلێمانی، خولێکی تایبەت کە لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٧/٨ دەستیپێکرد بۆ بەڕێوەبەران و فەرمانبەرانی زانکۆ، بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوو و کۆتایی هات.

لە خولەکەدا، سێ سیمیناری سەرەکی لە لایەن مامۆستایانی پسپۆڕەوە پێشکەش کران؛ یەکەم سیمینار لە لایەن بەڕێز (پرۆفیسۆر.د. ئومێد رفیق فتاح)، سەرۆکی زانکۆی جیهان-سلێمانی لەژێر ناونیشانی “پەیوەندییە گشتییەکان لە دامودەزگاکان” پێشکەشکرا. هەروەها سیمیناری دووەم لە لایەن (پرۆفیسۆر.د. کەریم شەریف قەرەچەتانی) دەربارەی “سایکۆلۆژیای چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی تر” بەڕێوەچوو، و سیمیناری سێیەم لە لایەن (مامۆستا هاوکار ڕەفیق ڕەحمان) لەژێر ناونیشانی “ئەتەکێت و زمانی جەستە” پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

ئەنجامدانی ئەم جۆرە خول و ڕاهێنانانه لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی زانکۆی جیهان-سلێمانییە بۆ پەرەپێدانی توانای مرۆیی و بەرەوپێشبردنی ئاستی کارمەندانی لە بوارە جیاوازەکاندا.

ل رێكەفتى ٦/٧/٢٠٢٦، د چارچۆڤێ پرۆژە و چالاكیێن بەردەوام یێن دەزگەهێ (زەکاتا زانستی) یێ زانکۆیا جیهان-دهۆک دا، د. مەحمود مراد ئیبراهیم ماموستایێ به‌شێ یاسا، سمینارەک بۆ بهێزکرنا شیانێن كارمه‌ندێن وەزارەتا ناڤخۆ ل پارێزگەها دهۆکێ پێشکەشکر، ل ژێر ناڤونیشانێ: «سیستەمێ دیسپلینێ یێ هێزێن ئاسایشا ناڤخۆ و کارتێکرنا وى د بهێزکرنا شیانێن ئێمناهیێ دا»…..

لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان سلێمانی، لە چوارچێوەی چالاکییە زانستییە بەردەوامەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان، و لە ژێر ڕۆشنایی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆی جیهان-سلێمانی و سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، خولێکی تایبەت و پێشکەوتوو لە بواری “بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو” دەستیپێکرد. ئەم خولە کە ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت، لەلایەن تیمێکی پسپۆڕی ئەندازیاری لە زانکۆی (Old Dominion) ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەی ئۆنلاین پێشکەش دەکرێت. ئامانجی سەرەکیی خولەکە ئاشناکردنی ئەندازیاران و بەشداربووانە بە نوێترین تەکنەلۆجیا و ڕێگاچارە جیهانییەکان بۆ پاراستنی کوالێتی ئاوی سەر زەوی و کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو لە شارەکەماندا. زانکۆی جیهان-سلێمانی هەمیشە هەوڵدەدات ببێتە پردێک بۆ گواستنەوەی ئەزموونە جیهانییەکان بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای دامەزراوەکان و دۆزینەوەی چارەسەری زانستی بۆ کێشە ژینگەییەکان.

گروپێک لە فێرخوازانی بەشی تەکنیکی سڕکردن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستی و پراکتیکی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر ئەنجامدا و، چالاکیەکى پراکتیکیان بەڕێوەبرد.

لەمیانەى ئەو سەردانە، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتی 30-10-2026 بە سەرپەرشتی دکتۆر محەمەد ئەمین سەرمەد قاسم بەڕێوەچوو، فێرخوازانی قۆناغی سێیەم کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە یوسف موهەنەد ئەنوەر، پرژە کەیفی، و ئالا حوسێن چەند چالاکیەکى جۆراوجۆریان ئەنجامدا، سەردانەکە بە گەشتێکی مەیدانی بۆ چەندین یەکەی گرنگ و هەستیار لەناو نەخۆشخانەکەدا دەستى پێکرد، کە بریتی بوون لە هۆڵی پێشوازی و پۆلێنکردنی نەخۆشەکان (Triage)، هۆڵی فریاکەوتن و ڕووداوەکان (Red Zone) کە بۆ حاڵەتە زۆر مەترسیدارەکانە، هۆڵی بەدواداچوون و چاودێری (Yellow Zone) بۆ حاڵەتە مامناوەندەکان، هەروەها یەکەی چاودێری چڕی پزیشکی (Medical ICU) کە تێیدا نەخۆشانی تایبەت و مەترسیدار دەخرێنە ژێر چاودێری ورد. لە میانەی گەشتەکەدا، فێرخوازان بە وردی چاودێری پڕۆسەکانی وەرگرتنی نەخۆش، هەڵسەنگاندنی خێرای حاڵەتەکان، و میکانیزمەکانی بڕیاردان لەبارەی چارەسەری سەرەتاییەوە کرد.

لە بەشێکى دیکەى ئەو سەردانەدا، فێرخوازان بە شێوەیەکی چڕوپڕ ئاشناى نوێترین ئامێرە پزیشکییەکان و میکانیزمەکانی کارپێکردنیان کران، لەوانە: ئامێری DC Shock بۆ ڕێکخستنەوەی لێدانی دڵ، ئامێری Ultra Sound بۆ بینینی ئەندامەکانی ناوەوەی جەستە، ئامێری Ventilator بۆ یارمەتیدانی هەناسەدان، Blood Pressure Monitor بۆ پێوانەکردنی فشاری خوێن، و Pulse Oximetry بۆ پێوانەکردنی ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێندا. جگە لەمەش، ڕاهێنانی پراکتیکی وردیان پێکرا لەسەر چۆنیەتی ئامادەکردنی دۆزینەوەى دەمارەکان و  شێوازە دروستەکانی دانانی (Cannula) ، هەروەها چۆنیەتی ئامادەکردنی دەرمانە پێویستەکان و پێدانیان بە نەخۆش.

خاڵێکی گرنگی دیکەی ڕاهێنانەکە بریتی بوو لە فێرکردنی چۆنیەتی وەرگرتنی مێژووی نەخۆشی (Take History) لە نەخۆش بە شێوازێکی زانستی و ورد، کە ئەمەش بنەمایەکی سەرەکییە بۆ دیاریکردنی دەستنیشانکردنی دروست و دانانی پلانی چارەسەری گونجاو. ئەم ڕاهێنانە پراکتیکییە یارمەتی فێرخوازانی دا بۆ بەکارهێنانی زانیارییە تیۆرییەکان لەسەر ئامێرەکان و پڕۆسە پزیشکییەکان لە دۆخی ڕاستەقینەی نەخۆشخانەدا.

بۆ پاراستنی سیمای سروشتی و پاکوخاوێنی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (٢/٤/٢٠٢٦)، هەڵمەتێکی مەیدانیی بۆ پاککردنەوەی پاشماوە زیانبەخشەکان لە دەوروبەری ناوچەی شێخ توراب ئەنجامدا.

 ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆک بەشی کارگێری کار و بە بەشداریی کارای مامۆستایان و گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغە جیاوازەکانی بەشی کارگێڕی کار بەڕێوەچوو، لە دەسپێکی هەڵمەتەکەدا، کەرەستەی پێویست وەک دەستکێش و کیسی زبڵ و کەلوپەلی پاراستن بەسەر فێرخوازاندا دابەش کرا، دواتر فێرخوازان بە گڕوتینێکی زۆرەوە دەستیان بە پاککردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکە کرد، کە ساڵانە ژمارەیەکى زۆرى گەشتیار ڕووی تێ دەکەن، بەڵام بەهۆی پاشماوەی گەشتیارییەوە دوچارى پیسبوونی ژینگەیی ببوو، هەربۆیە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر توانییان لە ماوەیەکی کورتدا ڕووبەرێکی فراوان لە دەوروبەری ناوچەکە لە پاشماوە پلاستیکی و زیانبەخشەکان پاک بکەنەوە.

مامۆستا و فێرخوازانی بەشداربوو لە کۆتایی هەڵمەتەکەدا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە کردەوە، چونکە نەک هەر دەبێتە هۆی پاراستنی ژینگەی کوردستان، بەڵکو گیانی کارکردنی بەکۆمەڵ و بەرپرسیارێتی مەدەنی لای نەوەی نوێ بەهێز دەکات.

لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان سلێمانی، ڕۆژی 2026/2/25، پ.د. کریم شەریف قەرەچەتانی بەڕێوەبەری سەنتەری راوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی زانکۆی جیهان ـسلێمانی، سیمینارێکی پەروەردەیی دەربارەی چۆنێتی سەعیکردن و خۆ ئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەو زاڵبوون بەسەر ترس و دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوەدا پێشکەش بەقوتابخانەی (لەیلا زانای بنەڕەتی)ی کچان کرد.

لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان سلێمانی، ڕۆژی ٣ شەممە ٢٨/٠٤/٢٠٢٦, خوێندکارانی قۆناغی سێیەمی بەشی پەروەردەی گشتی چەندین پەرتووکی کورتە چیرۆکی منداڵانیان وەرگێڕایە سەر زمەنەکانەکانی کوردی و عەرەبی. ئەم پەرتووکانە لە کتێبخانەی کوردیدا بەردەست نین و بۆ یەکەمین جار لە ووڵاتی بەریتانیاوە هێندراونەتە کوردستان. لە م چالاکییەدا کە بەسەرپەرشتی م.ی تافان کەمال کەریم ئەنجامدرابوو، خویندکارەکانی بەشی پەروەردەی گشتی ئەرکی دیزاین وچاپی تایبەت بە چیرۆکەکانیان گرتە ئەستۆ و لە دانیشتنێکدا چیرۆکەکانیان بۆ خوێندکارانی قۆناغی دووەم و سێیەمی قوتابخانەی جیهان خوێندەوە و کۆپییەکی ڕەنگاوڕەنگیان کردە دیاری بۆ هەریەکەیان.
ئەم چالاکییە دەستپێشخەرییەکی ناوازەی خوێندکارانی بەشی پەروەردەی گشتییە کە وانەی گرنگ و جۆش و خرۆشی بۆ منداڵان هێناو ئەزموونی پراکتیکی خوێندکارانمانی بەهێزترکرد.

لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان سلێمانی، لە ڕێکەوتی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٦، سەنتەری پەرەپێدانی پیشەیی (CDC) بە هاوکاریی بەشی زانستی کۆمپیوتەر، وۆرکشۆپێکی هاوبەشیان لەژێر ناونیشانی “هۆشیاریی ئاسایشی ئەلیکترۆنی” بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبرد. ئامانجی ئەم چالاکییە، بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی خوێندکاران بوو دەربارەی ئاستەنگەکانی ئاسایشی دیجیتاڵی و پێشخستنی ممارەسە سەلامەتەکان لە جیهانی ئۆنلایندا.
وۆرکشۆپەکە لەلایەن هەر یەک لە بەڕێزان: م. ی. شێرکۆ حەمەلاو لە زانکۆی جیهان-سلێمانی و م. ی. سنوور جەمال لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پێشکەشکرا. ئامادەکاران تیشکیان خستە سەر هەڕەشە باوەکانی جیهانی ئەلیکترۆنی وەک: فیشینگ (Phishing)، بەرنامە زیانبەخشەکان و ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی، هاوکات باسیان لە ستراتیژییە کردارییەکان کرد بۆ پاراستنی زانیارییەکان و بەڕێوەبردنی بەهێزی وشەی نهێنی.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم دانیشتنە، شێوازە کارلێککارانەکەی بوو، کە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، نموونەی واقیعی و چالاکیی بنەمادار بە سیناریۆی جیاوازی لەخۆگرتبوو. بەشداربووان چالاکانە لەگەڵ پێشکەشکاران ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد، ئەمەش وایکرد وۆرکشۆپەکە هەم زانیاریبەخش و هەم کاریگەر بێت.
چالاکییەکە بە پێزانین بۆ پێشکەشکاران و دووپاتکردنەوەی پابەندیی بەردەوامی سەنتەری پەرەپێدانی پیشەیی (CDC) بۆ ڕێکخستنی دەستپێشخەریی زیاتر، کە هۆشیاریی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لەنێو خوێندکاراندا بەهێزتر دەکات، کۆتایی هات.

بەبۆنەی ڕۆژی “ئاڵا”وە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 17-12-2025 سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر چالاكییەكی مەیدانیی بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) لەنێو بازاڕی میللیی گەڕەكی نەورۆز ئەنجام دا.

لە چالاكییەكەدا كە فێرخوازانی هەردوو قۆناغی یەكەم و دووەمی بەشی ڕاگەیاندن بەشداربوون لە دابەشكردنی ئاڵای كوردستان و بڵاوكراوەیەك بەسەر هاوڵاتییانی بازاڕی میللیی گەڕەكی نەورۆز لە شاری هەولێر. ناوەڕۆكی بڵاوكراوەكە پێكهاتبوو لە زانیاریی دەربارەی ئاڵای كوردستان و پێكهاتەكانی ناو ئاڵاكە، هەروەها باس لە مێژووی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان كراوە بۆ یەكەمجار لەلایەن پێشەوا قازی موحەممەدەوە. هەر لەو بڵاوكراوەیەدا كە فێرخوازان دابەشیان كرد، ئاماژە بە بڕیاری ساڵی 2009ـی پەرلەمانی كوردستان دراوە كە تیایدا 17ـی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی ئاڵا دیارییكردووە.

لە چالاكییەكەدا، فێرخوازان ڕۆژی ئاڵایان بەرز ڕاگرت، هەروەها هاوڵاتیانیان ئاشناى مێژووی درووستبوونی ئاڵای كوردستان و ڕۆژى ئاڵا کرد.

لە ڕۆژی پێنجشەممە رێکەوتی (5/3/2026)، فێرخوازانی قۆناغی دووەم و سێیەمی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکیەکی کۆمەڵایەتیان ئەنجامدا لە بازاری قەیسەری، کە تێیدا بژمێری ویردەکانیان بەسەر سەردانکەران و خاوەن دوکانەکاندا دابەش کرد.

ئەم چالاکییە وەک ئەرکێکی ئایینی و چالاکیەکی خۆبەخشانه ئەنجامدرا بۆ پشتگیری کردن لە بەها ڕۆحییەکان و هان دان بە کۆمەڵگة بۆ ئەنجامدانی زیکر. چالاکییەكە بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر ئەنجامدرا، کە لە کاتی چالاکییەکەدا فێرخوازان لەگەڵ هاولآتيان پەیوەندیان کرد و ڕوونکردنەوەیان دا سەبارەت بە گرنگی بەکارهێنانی بژمێری ویردەکان بۆ یارمەتیدان لە ژماردنی زیکر.

ئەم چالاکییە نیشاندەری گرنگی پێدانی زانکۆیە بەرامبەر بە بەرپرسیارێتیەکانی کۆمەڵگە وهاندانی فێرخوازانە بە بەشدارییان لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانە. هەروەها بۆ فێرخوازان دەرفەتێک بوو بۆ پەرەپێدانی تواناكانی پەیوەندیکردن و کارکردنی هاوبەش لە ڕێگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگە.

No more news to show