پەروەردەیی

پەڕەی سەرەكی

پەروەردەیی

ڕۆژى دوو شەممە ڕێکەوتى (١٠/٢/٢٠٢٥) بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل، گروپێک لە لە فێرخوازانى ‌قوناغی دووه‌می به‌شی ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانی قوتابخانەی شێخ محمودی نەمریان لەشاری هەولێر کرد و، لەلایەن مامۆستا  زاهیر مەلا محمد بەرێوەبەری قوتابخانە و شوان سلیم اسماعیل یاریدەدەر و هێرش شاکر حمدامین ڕێنمایکار داستان بەرزان و مامۆستا ئيمان عبدالقادر و ماموستا پێشوازیان لێکرا.

سەرەتا لە دانیشتنێک مامۆستاى سەرپەرشتیار دڵان ئیسماعیل باسی ئامانجی سەردانەکەیان کرد بەتایبەت پێشکەشکردنی بابەتێکى تایبەت بە هۆشیاری و رۆشنبیری کۆمەڵایەتی و پەروەردەی لە ناوەندەکانی خوێندن، بۆ ئەوەش مامۆستا زاهیر مەلا محمد وێرای بەخێرهێنانی مامۆستا و فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر ئاماژەی بە هەوڵ و ماندوبونی تیمی قوتابخانەکەیان کرد بۆ بەرەو پێشبردنی ئاستی زانستی و پەروەردەی و هەنگاونانی جدی بۆ گۆرانکاری لە قوتابخانە لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابیان.

دواتر بەئامادەبونی ژمارەیەک لە قوتابیانی ئەو قوتابخانەیە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن ، کە پێکهاتبوون لە ( قارەمان جەوهەر، سەرکار حسێن، رزگار سالح، عومەر غالب، ژیار ئیسماعیل، ژیلیا حاتم و، لەیار ئازاد ) سمینارێکی تایبەتیان سەبارەت بە ئاڵودەبون بە سۆشیال میدیا و دەرئەنجامە خراپەکانی پێشکەش کرد ، لەگەڵ خستنەرووی چەندین نمونە و بابەتی ژیانی رۆژانەی قوتابیان و چۆنیەتی سەرکەوتوبونیان لە قۆناغەکانی خوێندن. هەر لە میانەى سمینارەکەیاندا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەوردى تیشکیان خستەر سەر کاریگەرییەکانی سۆشیال میدیا بەتایبەتی لەسەر قوتابیان، بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەیان بە باشترین شێوازەکانى چۆنیەتی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا کرد بۆ سوودی پەروەردەیی، هاوکات هۆشدارییان دا لە مەترسییەکانی ئاڵوودەبوون بە سوشیال میدیا و هەواڵی ساختە و قسەی ناشرین و نەشیاو.

سیمینارەکە نموونەی ژیانی ڕاستەقینەی لەخۆگرتبوو، کە کاریگەری ئەم میدیایانە لەسەر دەستکەوتی ئەکادیمی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدا، لە هەمان کاتدا ئامۆژگاری پراکتیکیان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کات و کارلێکی هۆشیارانە لەگەڵ ناوەڕۆکی دیجیتاڵیدا پێشکەش بە قوتابیان کرد، هەر ئەوەش وایکرد قوتابیانى قوتابخانەکە کارلێکێکی زۆر لەگەڵ ناوەڕۆکى سمینارەکە بکەن بە پرسیارکردن و سەرەنجەکانیان بەشداری لە گفتوگۆکەدا بکەن.

ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتى (١١/٢/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشى ڕاگەیاندن لە  زانکۆی جیهان –هه‌ولێر، کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە (ژیار ئیسماعیل، ژیلیا حاتەم، لەیار ئازا، زەهرا هۆشەنگ، ڕزگار ساڵح، ویداد وەسام و، سەفین ئەکرەم) سەردانی قوتابخانەیەکی سەربەستى ئەهلییان کرد و، لە لایەن مامۆستا زانا ئەحمەد بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستایان هالە دلێر و ڕۆژان وریا و نێرگز عوسمان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

لە سەرەتای سەردانەکەدا بەڕێوەبەری قوتابخانە تێڕوانینێکی گشتی لە سیستەمی پەروەردەیی قوتابخانەکە و ستانداردە ئەکادیمییەکان و لێهاتوویی قوتابیان خستەڕوو، بەتایبەتی تیشکی خستە سەر شێوازی وانەوتنەوە و شارەزایی مامۆستایان لە پێشخستنی بواری پەروەردەدا، پاشان مامۆستاى یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل جەختی لە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و پێشخستنی گەشەپێدانی فیکری لە دامەزراوە پەروەردەییەکان کردەوە و، تیشکی خستە سەر پێویستی ئاشناکردنی فێرخوازان بە ڕێگا کاریگەرەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگە ئەکادیمییەکان و ئامادەکاری بۆ خوێندنی زانکۆی داهاتوویان.

دواتر فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندنلە هۆڵى قوتابیخانەکە سمینارێکیان بەناونیشانی “کاریگەری سۆشیال میدیا: لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، لە میانەى پێشکەشکردنى سمینارەکەیدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى کردارى و بە گروپ باسیان لە لایەنە جۆراوجۆرەکانى سۆشیال میدیا و کاریگەرى لەسەر لایەنى پەروەردەیی و خوێندنى قوتابخانە کرد، هەروەک باسیان لە کاریگەری سۆشیال میدیا لەسەر ژیانیان لە بوارى تەندروستى جەستەیی و بینین و تواناى بیرکردنەوەى قوتابیان کرد، بۆ ئەوەش کۆمەلێک ئامۆژگارییان لە بارەى چۆنیەتی بەکارهێنانى مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پێشکەش بە قوتابیان کرد.

لە بەردەوامیی چالاكییە زانستی و ڕۆشنبیرییەكانیاندا، ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 27-10-2025 فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (عەلی جەلال جەعفەر) سیمینارێكیان دەربارەی (چۆنییەتی سوودوەرگرتن لە ژیریی دەستكرد) لە ئامادەیی (ناوداران)ـی ناحكومی پێشكەش كرد.

مامۆستا (پێشواز شەفیق) بەرێوەبەری قوتابخانە و بەشێك لە ستافی مامۆستایانی قوتابخانە پێشوازییان لە مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان كرد، خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاكییە ڕۆشنبیری و زانستییە.

لە بەشی یەکەمدا، فێرخواز سەرکار حسێن تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ژیریی دەستکرد (AI) لە ژیانی قوتابخانەدا،  ئاماژەی بەوەدا کە AI وەک “یاریدەدەرێکی خێرا” وایە، چۆن دەتوانێت یارمەتی قوتابیان بدات لە چارەسەرکردنی پرسیارە قورسەکان، کورتکردنەوەی بابەتە درێژەکان و ئامادەکردنی پڕۆژەکانی قوتابخانە، هاوكات جەختی لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی تەندرووستی AI کردەوە بۆ فێربوونی زیاتر و سەربەخۆیی لە خوێندندا، نەک تەنها بۆ کۆپیکردن. لە بەشی دووەمیشدا، فێرخواز ژیلیا حاتەم باسی لە سوود و مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد كرد و تیشکی خستە سەر ئەو کێشانەی کە ڕەنگە تووشی قوتابیان ببن، وەک: پشتبەستنی زۆر بە AI کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای مێشكی خۆیان، یان کۆپیکردنی تەواوی کارەکان دەبێتە هۆی بەهەڵەدابردنی قوتابی، بەهۆی درووستنەبوونی زانیارییەكانی لە هەمووكاتێكدا. هاوكات، بە وردی باسی لە چۆنیەتی پاراستنی ژیانی تایبەت کرد لە بەركاهێنانی ئامڕازە جیاوازەكانی ژیریی دەستكرد. لە بەشی کۆتایی سیمینارەکەشدا، فێرخوازانی قوتابخانەکە لەڕێگەی چەند پرسیارێكەوە گفتوگۆیان لەگەڵ هەردوو فێرخوازی پێشكەشكار كرد و زیاتر سوودمەندبوون لە ناوەڕۆكی سیمینارەكە.

لەكۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی بەرێوەبەری قوتابخانە و ستافی قوتابخانەکەی کرد بۆ ئەم دەرفەتەی كە بۆ فێرخوازانیان ڕەخساند، لای خۆشییەوە بەڕێوەبەری قوتابخانەكە وێڕای دەستخۆشی هیوای خواست زانكۆی جیهان-هەولێر بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاكییانە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١٥/٤/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر (دلان ئیسماعیل)، بەهاوکارى ڕاهێنەر (شەماڵ تۆفیق) ڕاهێنەرى بوارى فۆتۆ خولێکى فۆتۆجۆرناڵى بۆ فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن بەڕێوەبرد.

لە سەرەتای خولەکەدا، مامۆستاى یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی بەشى ڕاگەیاندن بۆ پەرەپێدانی پێگەی ئەکادیمی فێرخوازان، بۆ ئەوەش وتى: لە پاڵ خوێندنى ئەکادیمى، بەشەکەمان ئەخوازێ لە ڕێگەی خول و  ڕاهێنانى فێرخوازان لە بوارە جیاکانى میدیا پەرەى زیاتر بە بە تواناى پیشەیی فێرخوازان بدات، پاشان ڕاهێنەر شەماڵ تۆفیق باسی لە بنەماکانی کارپێکردنی کامێرا و تەکنیکەکانی فۆتۆى ڕۆژنامەگەری کرد و، ڕوونیکردەوە کە پێشکەوتن لە بواری میدیادا هەم لێهاتوویی پیشەیی و هەم شارەزایی ڕۆژنامەوانیی دەوێت، لەوانەش تێگەیشتنێکی بەهێز لە فۆتۆگرافی و شێوازە جۆراوجۆرەکانی، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئاماژەی بە تەکنیکەکانی کامێرا کرد کە ناوەڕۆکی میدیا دەوڵەمەندتر دەکات .

لە بەشێکى دیکەى خولەکەدا بەشێوەیەکى پراکتیکى ڕاهێنان لە بوارى چۆنیەتى بەکارهێنانى کامیرا و گۆشەکانى کامیرا بەپێى ڕوداو و چالاکیەکان بە فێرخوازان کرا، هەروەک ڕاهێنەرەکە چەمکی “خاڵی زێڕین”ی لە فۆتۆگرافیدا بۆ فێرخوازان ڕوونکردەوە، کە کرۆکی وێنەیەکی باش  پێناسە دەکات، هەروەها باسی لە مۆدێلە جیاوازەکانی کامێرا و گونجانیان بۆ فۆتۆ ڕۆژنامەگەری کرد و،  جەختی لەوە کردەوە کە دامەزراوە میدیاییەکان کە بەدوای باشترین فۆتۆى ڕۆژنامەگەرییدا دەگەڕین بۆ ئەوەى ناوەڕۆکى هەواڵ و پەیامەکانیان بەشێوەیەکى باشتر بگەێنن بە وەرگر.

ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٦/٢/٢٠٢٥) و، لە چوارچێوەى زنجیرە چالاکیە ڕۆشنبیرییەکانى و سەردانەکانی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان – هەولێر بۆ ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانە جیاوازەکانی پارێزگای هەولێر، بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی قوتابیان لەسەر بەکارهێنانی ئینتەرنێت بەگشتی و پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا بەتایبەتی، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر دڵان اسماعیل و بە بەشداری گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەم، سەردانی قوتابخانەی (لانە ستی بنەڕەتی تێکەڵاو)یان کرد .

سەرەتا مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن مامۆستا هاوکار حمدامین بەڕێوەبەری قوتابخانە و ستافی مامۆستایان پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لە  قوتابخانەکەدا چالاکیەکەیان دەستپێکرد، بۆ ئەوەش سەرەتا فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن بە ووردی باسیان لە یاسا و سزای دیاریکراوی خراپ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی کرد، هەروەها تیشکیان خستە سەر زۆر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و مەترسییەکانی ئاڵوودەبوون بە ئینتەرنێت بەتایبەت لە بوارى پەروەردەیی و دەروونى و جەستەیی، هاوکات فێرخوازان کۆمەڵێک ئامۆژگاریی پراکتیکیان پێشکەش بە قوتابیانى قۆتابخانەکە کرد بۆ چۆنیەتى بەکارهێنانى مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، هەروەها باسى کات و ماوەى بەکارهێنان بۆ قوتابیان کرد، هانى قوتابیانیشیان دا زیاتر کاتەکانى خۆیان بۆ خوێندن و فێربوون تەرخان بکەن، تەنانەت لەو کاتەى کە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش بەکاردەهێنن، ئەوەش وایکرد قوتابیانى ئامادەبوو کۆمەڵێک پرسیار ئاراستەى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بکەن و، ئەوانیش وەڵامى پرسیارەکانیان دایەوە.

لە کۆتایشدا مامۆستاى یاریدەدەر دڵان اسماعیل بەناوی سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێر سوپاسی بێپایانی بەڕێوەبەر و ستافی مامۆستایانی قوتابخانەکەى کرد بۆ هەماهەنگی و هاوکارییان و ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە بۆ فێرخوازان، لە بەرانبەردا بەڕێوەبەر و ستافى قوتابخانەکە دەستخۆشى و سوپاسى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و، هیواى بەردەوامى ئەو جۆرە چالاکیەى لێکردن بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى لە ناو قوتابیان بەتایبەت و کۆمەڵگە بەگشتى.

ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٠/١/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر وۆرک شۆپێکی لەبارەى “بنەماکانی پێشکەشکردنی تەلەڤزیۆن و لێهاتوویی پەیوەندیکردن بۆ ڕۆژنامەنووسان”، لە هۆڵى ئەکادیمیاى زانکۆ بەڕێوەبرد.

لەو وۆرکشۆپەدا، کە بە ئامادەبوونى مامۆستاى یاریدەدەر ئەزوەر قاسم ئاغا سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن و، ژمارەیەک لە فێرخوازانى ڕاگەیاندن لە قۆناغە جیاکان بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا دکتۆر ئەمجەد یونس ئەلجەنابی، ئەکادیمی و میدیاکار لە کەناڵی ئاسمانى سامەڕا  باسى لە “بنەماکانی پێشکەشکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ کامێرا” کرد، بۆ ئەوەش ڕوونکردنەوەیەکی گشتگیری سەبارەت بە چۆنیەتی ئامادەکاری بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کامێرا لە ڕووی دەروونی و جەستەیی و دەروونییەوە پێشکە بە فێرخوازانى ئامادەبوو کرد، هەروەک جەختى لەسەر گرنگی فێربوونى پراکتیکی کردەوە.

لە بەشی دووەمی وۆرکشۆپەکە، کە لەلایەن دکتۆر عەلی مونعیم پێشکەشکرا،  تیایدا تیشکی خستە سەر “کارامەییەکانی پەیوەندیکردن کە پێویستن بۆ ڕۆژنامەنووسانی تازەپێگەیشتوو”، بۆ ئەو مەبەستەش پێداچوونەوەی بە کۆمەڵێک کارامەیی سەرەتایی وەک نووسین و مۆنتاژکردن، کەڵک وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای مۆدێرن ، توانای قسەکردن لەبەردەم خەڵک، گفتوگۆ، خوێندنەوە و پەیوەندی نازارەکی کرد و، جەختى لەسەر گرنگی ڕاهێنان و پراکتیزەکردن بۆ پەرەپێدانی ئەم کارامەییانە کردەوە.

ئەم وۆرک شۆپە لە چوارچێوەی پەرۆشی سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ دابینکردنی باشترین ژینگەى فێربوون و ڕاهێنان بۆ فێرخوازانى دێ، تا بەشێوەیەکى تەواو بۆ بازاڕی کار لە بوارە جیاکانى ڕاگەیاندن ئامادەبن و بەشدارى کارا لە پەرەپێدانى بوارى میدیاى بکەن.

سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان – هەولێر بە هاوکارى کۆمپانیا شاومی، رۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٥/١١/٢٠٢٤) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆ، بە بەشدارى فێرخوازان و مامۆستایان وۆرک شۆپێکی فۆتۆگرافییان بۆ فێرخوازان ئەنجامدا.

لە میانەى بەڕێوەچوونى وۆرکشۆپەکەدا حسێن فالح ڕەحیم فۆتۆگرافەر سەرەتا باسى ئەزموونی کارکردنى خۆی لە بوارى فۆتۆگرافى کرد، پاشان باسى لە تەکنیک و ڕاهێنانە جۆراوجۆرەکان کرد، بۆ ئەوەش تیشکی خستە سەر فۆتۆگرافی مۆبایل، فۆتۆگرافی پۆرترێت و مۆنتاژکردنی وێنە و..هتد. دواتریش دەرفەت بە فێرخوازان درا و توانیان نوێترین کامێرای مۆبایلە زیرەکەکانی شاومی تاقیبکەنەوە و فێری پێکهاتە و تەکنیکەکانی ڕووناکی ببن و، دەستکاری وێنەکان  بەشێوەیەکى پرۆفیشناڵانە بکەن.

لە بەرانبەر مامۆستاى یاریدەدەر ئەزوەر قاسم سەرۆکى بەشی ڕاگەیاندن لە وتەیەکیدا ڕایگەیاند: ئەم وۆرکشۆپە هاوبەشەمان لەگەڵ کۆمپانیاى شاومی، ئەزموونێکی ناوازەی پەروەردەیی و ڕاهێنانە، کە بەهۆیەوە نوێترین تەکنەلۆژیای بۆ فێرخوازان دابینکراوە، بۆ ئەوەش سوپاسى کۆمپانیایەکەى کرد، لەلاى خۆیانەوە فێرخوازان بە گرنگیەوە لە وۆرکشۆپەکەیان ڕوانى بەتایبەت لە کاتى ڕاهێنان و کارکردن لەسەر کامیرا و ئامێرەکانى کۆمپانیاى شاومى.

بۆ هۆشیاركردنەوەی قوتابیان، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (عەلی جەلال جەعفەر) لە ڕێكەوتی پێنجشەممە 23-10-2025 سیمینارێكی زانستییان بەناونیشانی (ئالوودەبوونی ئەلیكترۆنی) بۆ قوتابیانی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی جیهان-هەولێر ئەنجام دا.

مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن مامۆستا (محمود عماد محمد) بەڕێوەبەری قوتابخانەكە پێشوازییان لێ كرا و تیشكی خستە سەر گرنگیی ئەنجامدانی ئەو جۆرە چالاكییانە بەمەبەستی هۆشیاركردنەوەی قوتابیان لە مەترسییەكانی ئالوودەبوون بە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان.

سیمینارەكە لەلایەن هەریەكە لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمى بەشی ڕاگەیاندن (ڕزگار صالح، یوسف ئەحمەد، لەیار ئازا، نێرگز ئەمیر) پێشكەشكرا. لە سەرەتای سیمینارەكەدا، ڕزگار صالح بەشێوەیەكی گشتی تیشكی خستە سەر ئالوودەبوون و جۆرەكانی، چەندین نموونەی جیاوازی لەڕووی پزیشكییەوە خستەڕوو بۆ قوتابیانی ئامادەبوو. پاشان یوسف ئەحمەد باسی لە کاریگەری و مەترسییەکانی ئالوودەبوون بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەكان كرد و تیشكی خستە سەر ئەو لێكەوتە نەرێنییانەی كە لەسەر تەندروستیی دەروونی و تەندروستیی جەستەیی هەیەتی.

لە بەشی سێیەمی سیمینارەكەدا، فێرخواز لەیار ئازا  ئاماژەی بەو ڕێگایانە كرد کە چۆن كەسێك دەستنیشانی بكات و بزانیت ئالوودەی ئامێری ئەلیكترۆنی بووە، ئەوەش بەمەبەستی زوو چارەسەركردنی. لە بەشی كۆتاییشدا، فێرخواز نێرگز ئەمیر  باسی لەو ڕێگا و میكانیزمانە کرد کە قوتابیان دەتوانن بەهۆیانەوە خۆیان بپارێزن و چارەسەری ئالوودەبوون بە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بكەن.

لەكۆتاییدا، مامۆستا محمود عماد بەڕێوەبەری قوتابخانەی نێوەدەوڵەتیی جیهان-هەولێر سوپاسی بەشی ڕاگەیاندن و فێرخوازانی كرد بۆ ئەنجامدانی سیمینارەكە، هیوای خواست كە چالاكییە هاوشێوەكانیان بەردەوام بن بۆ هۆشیاركردنەوەی قوتابیان و پاراستنیان لە مەترسی و زیانەكانی ئالوودەبوون بە ئامێری ئەلیكترۆنی.

لە چوارچێوەی هەوڵە زانستییەكانییدا، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (١٩/١٠/٢٠٢٥)، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولود، سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەی (فێنک)ـی ناحکومی لە شاری هەولێر ڕێکخست.

لە دەستپێکی سەردانەکەدا، فێرخوازان و مامۆستای سەرپەرشتیار  لەلایەن  مامۆستا دالیا جاسم محەمەد ئەلحەمدانی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی فێنک، پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا. بەرێوەبەری قوتابخانەكە جەختی لەسەر پێویستیی ئەم جۆرە چالاكییانە كردەوە و ستایشی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد بۆ هەنگاوەکانیان لە پاراستنی قوتابیان لەم سەردەمی پەیوەندییە زۆرەی دیجیتاڵییەدا.

چالاکییەکە بە شێوەی سیمینار بەڕێوەچوو و لەلایەن فێرخوازانی قۆناغی سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن مصطفی تغلب احمد، یوسف احمد خضیر و تەمار عامر یەحیا بە زمانی عەرەبی پێشکەش کرا.

قوتابی یوسف ئەحمەد لە بەشی یەکەمدا، تیشکی خستە سەر پێناسە و فۆرمە جیاوازەکانی توندوتیژیی میدیایی و بە وردی شیی کردەوە کە چۆن ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی نائارامیی دەروونی و گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی لەسەر گەنجان. پاشان، مصطفی تغلب ، لە بەشی دووەمدا، گرنگیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی خستە ڕوو و ڕوونی کردەوە کە چۆن دەتوانرێت بە بەکارهێنانی میکانیزمە ئاسان و سادەکان، فێرخوازان خۆیان لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بپارێزن و ژینگەیەكی پارێزراوتر بۆ خۆیان دروست بکەن، لە كۆتایی سیمینارەكەدا، قوتابی تەمار عامر باسی لە هێڵەگەرمەكانی پەیوەندی كرد بەمەبەستی خۆپاراستن و پەنابردنە بەر لایەنی پەیوەندیدار لەكاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی ئەلیكترۆنیی.

لەکۆتاییدا، بەڕێوەبەری قوتابخانە، مامۆستا دالیا جاسم، دەستخۆشی لە هەوڵ و کۆششی فێرخوازان کرد و داوای بەردەوامی چالاکییەکانی کرد، بەو هیوایەی کە ئەم چالاكییانە ببنە هۆی درووستکردن و ئامادەكردنی نەوەیەکی تەندرووست کە بتوانن بە شێوەیەکی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیادا بکەن.

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (١٩/١٠/٢٠٢٥)، بەشێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولود، سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەی زاگرۆسی بنەڕەتی لە شاری هەولێر ئەنجام دا بەمەبەستی  ئەنجامدانی چالاكییەكی هۆشیاریی لەسەر خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

سەرەتا، فێرخوازان و مامۆستای سەرپەرشتیار لەلایەن مامۆستا ئیحسان عوسمان مەولوود، بەڕێوەبەری قوتابخانەی زاگرۆس، بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا. بەڕێوەبەری قوتابخانە سوپاسی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد بۆ دەستپێشخەرییەکەیان و جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە چالاکییە زانستییانە لەم قۆناغەدا زۆر پێویستن، بەتایبەتی کە پەیوەندیی فێرخوازان بە ئامێرە دیجیتاڵییەکانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.

چالاکییەکە بە شێوەی سیمینارێک بەڕێوەچوو و لەلایەن هەردوو فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن ضُحی ئەرجومەنت جەمال و سۆلین طیب عەبدولڕەحمان  پێشکەش کرا. لە بەشی یەكەمی سیمینارەكەدا، فێرخواز ضُحی ئەرجومەنت، تیشکی خستە سەر پێناسەی توندوتیژیی میدیایی و چۆنییەتی درووستکردنی کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەكان لەسەر گەنجان و هەموو تاکێکی کۆمەڵگە. پاشان، سۆلین طیب، لە بەشی دووەمدا، وردەکارییەکانی خۆپاراستنی دیجیتاڵی شیکردەوە و گرنگیی زانیاری و میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی خستەڕوو، بۆ ئەوەی فێرخوازان بتوانن بە شێوەیەکی پارێزراوتر ئامێرەکانیان بەکار بهێنن.

لە کۆتاییدا، مامۆستا ئیحسان عوسمان مەولوود دەستخۆشی لە فێرخوازان کرد و هیوای خواست ئەم جۆرە چالاکییەکان بەردەوام بن و ڕۆڵی هەبێت لە بنیادنانی نەوەیەکی هۆشیار کە بتوانن بە شێوەیەکی تەندرووست مامەڵە لەگەڵ جیهانی دیجیتاڵییدا بکەن.

No more news to show