لە چوارچێوەى هەوڵە بەردەوامەکانى بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆی جیهان – هەولێر بۆ کۆمەک و هاوکاریکردنى ئەو چین و توێژە جیایانەى کۆمەڵگە کە پێویستیان بە پاڵپشتیکردنە، ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (19ی 1ی 2025)، بەسەرپەرشتی دکتۆر احمد عەبدلعون سەرۆکى بەشى پەروەردەى گشتى و، ئەندامێتی مامۆستاى یاریدەدەر بۆتان عثمان ئەمین و ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەم سەردانى ماڵى بەساڵاچوانیان لە شارى هەولێر کرد.
مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان دواى ئەوەى بەگەرمى لەلایەن سەنگەر جەمال عەبدولکەریم بەڕێوەبەرى ماڵى بەساڵاچوان و کۆمەڵێک فەرمانبەر پێشوازییان لێکرا، ئینجا کۆمەڵێک دیارییان بەسەر (٦٥) ژن و پیاوى بەساڵاچوى ماڵەکەدا دابەش کرد، کە بریتیبوون لە جانتا و جل و بەرگ و پێداویستییە کەسییەکانیان. لە بەرانبەردا بەڕێوەبەری ماڵەکە دڵخۆشی و پێزانینی خۆی بۆ ئەم هەڵوێستە مرۆییەی فێرخوازان و ستافى مامۆستایانى پەروەردەى گشتى دەربڕی، هیواشى خواست بەردەوامى بە کارە مرۆییەکانیان بدەن، چونکە بەساڵاچوان پێویستیان بەوەیە لە هەموو ڕویەکەوە چاودێرى بکرێن.
دکتۆر ئەحمەد عەبدولعەون سەرۆکى بەشی پەروەردەی گشتی، ڕایگەیاند: یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانمان بریتیە لە دروستکردنى پەیوەندى لە نێوان فێرخوازان و کۆمەڵگە، بۆ ئەو مەبەستەش دەخوازین لە ڕێگەى ئەو جۆرە چالاکیانەوە ڕۆحی هاوکاری و پاڵپشتى کۆمەڵایەتی لە نێوان فێرخوازان بەهێز بکەین و، بەها مرۆییەکان لەنێوانیاندا بڵاو بکەینەوە، چۆنکە دەرچوانمان دەبنە سەرکردەی داهاتوو و ڕۆڵیان لە پێگەیاندنى نەوەکان دەبێ بەتایبەت لە بوارى پەروەردەى لە ناوەندەکانى خوێندن.
بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە بەردەوامى پڕۆژە خێرخوازییەکانیدا لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزاندا بڕە پارەیەکی بۆ جلوبەرگی جەژن بەسەر خێزانی منداڵانی بێ باوک دابەش کرد.
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٨/٤/٢٠٢٤) دکتۆر ئەحمەد عەبد عون سەرۆکى بەشى پەروەردەى گشتى بە هاوکاری دەزگای زێرین بۆ سەرپەرشتى منداڵە بێ باوک، لە مزگەوتى جودەت ئەسعەدى هاوکارییەکەى بەسەر خێزانەکاندا دابەش کرد. لەو چالاکیەدا، کە بەئامادەبونى کەنعان سیساوەیی سەرۆکى دەزگای زێرین بۆ سەرپەرشتى منداڵە بێ باوک بەڕێوەچوو بڕى پێنچ سەد هەزار دینارى بەسەر پێنج خێزانی منداڵی هەتیودا دابەش کرد
ئەم بڕە پارەیە پێشتر جاسم فاخر فێرخوازى قۆناغى سێیەمى بەشى پەروەردەى گشتى لە فێرخوازان و مامۆستایان و هەندێک هاوکاری دەرەوەی زانکۆ کۆکرایەوە، لە پێناو چەسپاندنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و کاری خێرخوازی و پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی ناوخۆییدایە.
فێرخوازانى بەشی تەکنیکى سڕکردن لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٩/٢/٢٠٢٥) سەردانێکی مرۆیی بۆ ماڵى بێ سەرپەرشتان لە شارى هەولێر ئەنجامدا و، هاوکاریان بەسەر منداڵانى ماڵەکەدا دابەش کرد.
لەو چالاکیە مرۆییەدا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر شذى ناصح بەڕێوەچوو، سەرەتا مامۆستا و فێرخوازان لەلایەن شێروان عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەرى ماڵەکە پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکدا دواى بەخێرهێنانیان بە گرنگیەوە باسى لەو دەستپێشخەرییە کرد و، بە پاڵپشتیەکى دەروونی و کۆمەڵایەتی گرنگى بۆ منداڵان لەقەڵەمدا، چونکە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر باری دەروونی منداڵان دروست دەکات، لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا کە ژمارەیەک مامۆستاى دیکەى بەشى تەکنیکى سڕکردن هاوەڵى فێرخوازانیان دەکرد، کۆمەڵێک دیاریی کە بە پاڵپشتی سەرۆکی بەش ئامادەیان کردبوو بەسەر منداڵانى ماڵەکەدا دابەشیان کرد و، خەندە و دڵخۆشی خستە دڵی منداڵەکان.
چالاکیە جگە لەوەى ژینگەیەکى خۆشى بۆ منداڵان دروستکرد، لەهەمانکاتدا بووە وێستگەیەکى گرنگ بۆ کارلێککردنی ڕاستەوخۆی فێرخوازان لەگەڵ منداڵە بێ سەرپەرشتەکان، هەر ئەوەش بووە هۆکارێک بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیاری و کۆمەڵایەتیی فێرخوازان و، زیاتر هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (5/2/2025) بەسەرپەرشتی (مامۆستاى یاریدەدەر محمد محمد حسێن)، فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانى قوتابخانەى سەربەستیان لە شارى هەولێر کرد و، سیمینارێکیان بەناونیشانی کاریگەری خواردنی ناتەندروست و خواردنی خێرا لەسەر خوێندن پێشکەش بە قوتابیانى پۆلی هەشتەمی قوتابخانەکە کرد.
لەگەڵ گەیشتنیان، فێرخوازان لەلایەن محەمەد سورگوڵی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سمینارەکەیان پێشکەش بە قوتابیانى پۆلى هەشتەم کرد و، تیایدا ئەوەیان ڕوونکردەوە کە چۆن زیادەڕۆیی لە خواردن بەتایبەت خواردنی خێرا و خۆراکی ناتەندروست دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر تەرکیز و ئاستی وزە و ئەدای خوێندنی گشتی هەبێت، بۆ ئەوەش تیشکیان خستە سەر مەترسییە تەندروستییەکانی پەیوەست بەم خووانە، وەک قەڵەوی و کەمی ماددە خۆراکیەکان و تێکچوونی گۆڕانکاری خۆراک، هاوکات جەختیان لەسەر گرنگی پەیڕەوکردنی خۆراکی هاوسەنگ کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئەرکەکانی مەعریفی و باشترکردنی کارایی فێربوون.
سیمینارەکە هۆشیارییەکی بەنرخی پێشکەش بە قوتابیانى قوتابیخانەکە کرد بەتایبەت لەسەر گرنگی وەرگرتنی هەڵبژاردنی خۆراکی تەندروست بۆ پشتگیریکردن لە ئەدای ئەکادیمی و تەندروستی گشتییان.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٦/٢/٢٠٢٥) بەسەرپەرشتی (مامۆستاى یاریدەدەر محمد محمد حسێن)، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر سیمینارێکیان لە ئامادەیی هەولێرى کچان پێشکەش بە قوتابیانی پۆلی دوانزەی ئامادەییەکە کرد.
فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن مامۆستا تریفە محەمەد سەرپەرشتیاری قوتابخانە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، ئینجا دەرفەتیان بۆ ڕەخساندن و لە هۆڵى قوتابخانەکە سمینارێکیان بەناونیشانی “کاریگەریی جۆرە جیاوازەکانی خۆراک لەسەر فێربوون و پەروەردە” پێشکەش بە قوتابیانى پۆلى دوانزەى قوتابخانەکە کرد، بۆ ئەو مەبەستەش هەریەک لە فێرخوازان فاتیمە ئازاد، زەینەب ئەحسان و ڤیدیاس محەمەد پێکەوە باسیان لە ڕۆڵی خۆراک لە باشترکردنی کارکردنی مێشک و زیادکردنی تەرکیز و بەرزکردنەوەی بیرەوەری و ئەدای خوێندنی گشتی کرد.
لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەیاندا، فێرخوازانی زانکۆ بەوردى باسیان لە کاریگەری خواردنی خۆراکی بەسوود کرد، بۆ ئەو مەبەستەش تیشکیان خستە سەر گرنگی ئەو خۆراکە هاوسەنگانەى، کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین و کانزا و ماددە خۆراکییە پێویستەکان، هەر بۆ ئەو مەبەستەش جەختیان لەسەر ڕۆڵی گرنگی کاتی ژەمەکان و کاریگەری زیادەڕۆیی لە خواردنی شەکر و کافاین لەسەر توانا مەعریفیەکان کردەوە. سمینارەکە بە کارلێککردنى فێرخوازانی قوتابخانەکە و بەخستنەڕوى سەرەنج و پرسیارەکانیان، کە پەیوەندییان بە خووی خواردنی تەندروستەوە هەبوو زیاتر دەوڵەمەند کرا.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٩/٢/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن، کۆمەڵێک لە قوتابیانی قۆناغی چوارەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر سیمینارێکیان لە قوتابخانەی کوردستانی ئایندەی ئەهلی پێشکەش کرد. سیمینارەکە بەناونیشانی “کاریگەری کەمی ڤیتامین D لەسەر تەندروستی” بوو.
فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن مامۆستا زانا احمد به گه ڕم و گوڕى پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان لە هۆڵى قوتابخانەکەدا سمینارەکەیان پێشکەش بە قوتابیانی پۆلی 12 کرد، لە میانی سیمینارەکەدا فێرخواز باسیان لە ڕۆڵی سەرەکی ڤیتامین D کرد لە تەندروستی ئێسک و کارکردنی سیستمی بەرگری لەش و تەندروستی دەروونیدا، هەروەک ئەوەشیان ڕوون کردەوە کە چۆن کەمی ڤیتامین D دەتوانێت ببێتە هۆی حاڵەتەکانی وەکو ڕیکێت لە منداڵان، پووکانەوەی ئێسک لە گەورەکاندا و، زیادبوونی مەترسی تووشبوون و نەخۆشی درێژخایەن. هەر لە میانەى لە پێشکەشکردنەکەدا تیشکیان خستە سەر سەرچاوە سروشتییەکانی ڤیتامین دی، لەوانە بەرکەوتن بە تیشکی خۆر، سەرچاوە خۆراکیەکانی وەک ماسی و بەرهەمە شیرەمەنیەکان، هەروەها بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراک لەکاتی پێویستدا.
دانیشتنەکە کارلێککارانە بوو، چونکە ڕێگە بە قوتابیانى ئامادەیی دا پرسیارەکانیان سەبارەت بە خۆراک و خووەکانییان و شێوازی ژیانیان کە پەیوەندییان بە وەرگرتنی ڤیتامین Dەوە هەیە بکەن و وەڵامى پێویست بەدەست بهێنن.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١١/٢/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر محمد محمد حسێن، هەریەک لە (ناز ئەحمەد و فیدیاس ئەحمەد) فێرخوازانى قۆناغی سێیەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر سیمینارێکی هۆشیارییان لە قوتابخانەی ئیشک بەناونیشانی (کاریگەری خواردنی شەکر لەسەر تەندروستی مرۆڤ) پێشکەش کرد.
لەگەڵ گەیشتنیان فێرخوازان لەلایەن محمد احمد سەرپەرشتیاری قوتابخانە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، پاشان ناوەڕۆکى سمینارەکەیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، بۆ ئەو مەبەستەش ناز ئەحمەد ڕوونیکردەوە زیادەڕۆیی لە خواردنی شەکر هۆکارێکى سەرەکى قەڵەویە، هاوکات دەبێتە هۆى خراپبوونی ددانەکان و کەمبوونەوەی ئاستی وزە، پاشان تیشکی خستە سەر کاریگەری خواردنەوە شەکردارەکان و خۆراکە پرۆسێس کراوەکان لەسەر ئاستى تەرکیز و باری دەروونی و ئەدای خوێندنی گشتی، لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیانە جەخت لەسەر گرنگی کەمکردنەوەی شەکری زیادکراو لە خۆراک و هەڵبژاردنی خواردنێکى جێگرەوەى تەندروستى کردەوە، وەک شیرینی سروشتی و میوەی تەواو، هەروەها ئامۆژگاری پراکتیکی پێشکەش کرد سەبارەت بە چۆنیەتی ناسینەوەی شەکری شاراوە لە خۆراکە پاکەتکراوەکان .
هەروەها لە چوارچێوەی سیمینارەکەدا، فێرخوازان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا کە پێوەرەکانی بارستەی جەستەیان (BMI) بپێون بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی کێشیان بە بەراورد بە باڵایان، بۆ ئەو مەبەستەش ناز ئەحمەد ڕێنمایی قوتابیانى کرد لە ڕێگەی پرۆسەی هەژمارکردنى BMI، باڵا و کێشیان تۆمار کرد، پاشان هاوکێشەی BMI (کێش بە کیلۆ دابەشکراو بەسەر چوارگۆشەی باڵا بە مەتر) بەکارهێنا بۆ ئەوەی بزانن ئایا لە پۆلی ئاساییدان، کەم کێش، کێشی زیادە، یان قەڵەون. هەروەها ڕوونیکردەوە کە چۆن BMI تەنها نیشاندەرێکی گشتی تەندروستییە، بەڵام هۆکارەکانی دیکەی وەک بارستەی ماسولکەکان و ئاستی چالاکییەکان و شێوازی ژیانی گشتی لەبەرچاو ناگرێت، بەو شێوەیەش کۆتایی بە چالاکیەکە هات.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١١/٢/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر محمد محمد حسێن، هەریەک لە (ناز ئەحمەد و فیدیاس ئەحمەد) فێرخوازانى قۆناغی سێیەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر سیمینارێکی هۆشیارییان لە پەیمانگەى (NTI) بەناونیشانی (پەیوەندی نێوان خۆراک و تەندروستی دەروونی ) پێشکەش کرد.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن ئاریان کامەران، سەرپەرشتیاری پەیمانگەکە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، پاشان لە میانەی سیمینارەکەدا ئەوەیان ڕونکردەوە کە چۆن کەمی هەندێک ماددەی خۆراکی پێویست وەک ترشی چەوری ئۆمیگا 3 و ڤیتامینی بی و مەگنیسیۆم و ترشە ئەمینیەکان پەیوەستن بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و دابەزینی توانای زانین. هەروەها تیشکی خستە سەر پەیوەندی نێوان ڕیخۆڵە و مێشک، بۆ ئەوەش ڕوونیکردەوە کە چۆن هاوسەنگی میکرۆبەکانی ڕیخۆڵە ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕێکخستنی ئاستی فشار و تەندروستی سۆزداری دەگێڕن. سەرەڕای ئەوەش، باسى لە کاریگەری خۆراکە پرۆسێس کراوەکان و زیادەڕۆیی لە خواردنی شەکر و کافاین کرد لەسەر ڕوونی بیرکردنەوە و گۆڕانی باری دەروونی و کوالیتی خەو.
وەک بەشێک لە سمینارەکە، فێرخوازان بەشێوەیەکى کردارى چالاکیەکیان لەسەر ئاو ئەنجامدا، کە تێیدا یارمەتی هەر بەشداربوویەکیان دا کە پێویستی ئاوی ڕۆژانەی خۆیان بە پشتبەستن بە تەمەن و کێش و ئاستی چالاکیی جەستەیی خۆیان هەژمار بکەن. هەروەها ڕوونیان کردەوە کە چۆن ئاوى جەستە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەرکیزکردن، بیرەوەری و ئەدای دەروونی گشتی هەیە، ئەمەش گرنگی پاراستنی ئاودانی گونجاو بۆ پشتگیریکردنی کارکردنی مێشک بەهێزتر دەکات.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١٠/٢/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەری مامۆستا محەمەد محەمەد حسێن و، لە بەردەوامى چالاکیەکانى فێرخوازان بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى و سەلامەتى جەستە، ناز أحمد فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان -هەولێر سیمینارێکی لە ئامادەیی شینرۆێ پێشکەشى قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
ناز أحمد فێرخوازى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى ئەوەى لەلایەن مامۆستا چیمەن ئەحمەد بەڕێوەبەرى قوتابخانکە پێشوازیی لێکرا، ئینجاسیمینارەکەی بە ناونیشانی (کاریگەری کافاین لەسەر تەندروستی قوتابیان) پێشکەش بە قوتابیان کرد، لە میانی سیمینارەکەدا بەشێوەیەکى زانستى ئەوەى ڕونکردەوە، کە چۆن کافاین، کە لە قاوە و چا و خواردنەوە گازییەکان و خواردنەوە وزەبەخشەکاندا هەیە کاریگەری لەسەر کوالێتی خەو و تەرکیز و تەندروستی گشتی دروست دەکەن، هەر لە سمینارەکەیدا باسى لە مەترسییە ئەگەرییەکانی زیادەڕۆیی لە خواردنی کافاین کرد، لەوانە زیادبوونی لێدانی دڵ، دڵەڕاوکێ، وشکبوونەوەی لەش و ئاڵوودەبوون.
لە کۆتایی سمینارەکەشیدا کۆمەلێک ئامۆژگارى پێشکەش قوتابیان کرد و، هانیدان زیاتر ئاگایان لە تەندروستى خۆیان بێت و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ خواردن و خواردنەوە زیان بەخشەکان بکەن.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٥)، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان -هەولێر سیمینارێکی هۆشیاریان لە ئامادەیی سەروەران بەناونیشانى (پەیوەندی نێوان خۆراک و بەرگری لەش) پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
سەرەتا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەن مامۆستا ئەحمد عەلی بەڕێوەبەرى قوتابخانەکه به گەڕمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى چالاکى قوتابخانەکەدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ناوەڕۆکى سمینارەکەیان پێشکەش کرد و، ڕوونیان کردەوە کە چۆن ماددە خۆراکییە سەرەکییەکانی وەک ڤیتامین C، D، و E، و دژە ئۆکسێنەرەکان بەشدارن لە بەرزکردنەوەی وەڵامی سیستمی بەرگری لەش، هەروەها باسیان لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی خووی ناتەندروستی خواردن کرد، لەوانە زیادەڕۆیی لە خواردنی شەکر و خۆراکە پرۆسێس کراوەکان و کەمی ماددە خۆراکیەکان، کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەرگری لەش، لەهەمان کاتدا وادەکەن جەستە زیاتر تووشی نەخۆشی بێت، پاشنایش تیشکیان خستە سەر گرنگی پەیڕەوکردنی خۆراکی هاوسەنگ، کە میوە و سەوزە و پرۆتینی بێ چەوری و دانەوێڵەی تەواو لەخۆدەگرێت بۆ پشتگیریکردنی سیستمی بەرگری تەندروست.
سیمینارەکە بە گفتوگۆیەکى کراوەی پرسیار و وەڵام کۆتایی هات، کە تیایدا قوتابیان پرسیاریان دەربارەی کاریگەری ڕۆژووگرتن لەسەر بەرگری لەش کرد، بۆ ئەوەش فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر وەڵامى پرسیارەکانیان دایەوە.