پۆلێن نەکراو

پەڕەی سەرەكی

پۆلێن نەکراو

ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٠/٢/٢٠٢٥)، فێرخوازانى  قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی کۆمەڵگەی شاری بازاڕگانیان لە هەولێر کرد بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بێبەرامبەر بۆ کرێکارانی کۆمەڵگە.

سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر زوبەیدا هیشام شوکر بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا لەلایەن محەممەد فارس پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا،  لە وتەیەکدا دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان ئینجا باسى لە سروشتی کاری کرێکاران و ئەو ئاڵنگاریانە کرد، کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، پاشان فێرخوازان توانا زانستییەکانیان پشکنینی خوێن و پشکنینی ئاستی شەکری خوێن و پێوانی پەستانی خوێن و پێوانەکردنی ئاستی ئۆکسجینیان بۆ کرێکارانى کۆمەڵگە بەبێ بەرانبەر ئەنجامدا.

بۆ ئەوەش کرێکاران سوپاسى فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد، کە ئەم پشکنینانەیان بێ بەرامبەر بۆ ئەنجامدان.

ڕۆژی سێشەممە  ڕێکەوتى 11ی شوباتی 2025، فێرخوازانى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی قوتابخانەی هاواری هاوڕێی بنەڕەتییان کرد بۆ ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەی بنەڕەتی بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە.

سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەر عەبدوڵڵا جەودەت بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لە مامۆستا خالید بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان لە چالاکیەکى خۆبەخشیدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک پشکنینی بنەڕەتی تەندروستییان بۆ قوتابیان ئەنجامدا، لەوانە: پێوانەکردنی پەستانی خوێن، پشکنینی شەکری خوێن، پۆلێنکردنی گروپی خوێن و،  هەڵسەنگاندنی ئاستی ئۆکسجین، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە سوپاسی هەوڵەکانی فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ پێشخستنی ئاستى هۆشیاری تەندروستی لەنێو قوتابیان و، دەستپێشخەرییەکەی بەرز نرخاند، بەتایبەت لە هاندانی قوتابیان بۆ چاودێریکردنی تەندروستی پێشوەختە.

ئەم چالاکییە هۆشیارییە جگە لەوەى بووە هۆى ئاشناکردنى قوتابیان بە گرنگى پشکنینى پزیشکى، لەهەمان کاتدا بووە ئەزموونی بەنرخی کردەیی بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان بەشێوەیەکى پراکتیکى.

لە پێنچ شەممە ڕێکەوتی (٢٠/١١/٢٠٢٥)، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی شیکارییە کیمیایی پزیشکی (Medical Biochemical Analysis) لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی مەیدانییان بۆ خانەی چاودێریی بەساڵاچووان ئەنجام دا.

لە میانەی سەردانەکەدا، چەندین پشکنینی پزیشکیی سەرەتاییان ئەنجام دا و ڕاستەوخۆ ڕێنمایی تەندروستی و هۆشیارییان پێشکەش بە دانیشتوانی خانەکە کرد. سەردانەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (هەوڕێ سامی)، سەرۆکی بەش بەڕێوەچوو، بە گەیشتنیان لەلایەن (سەنگەر جەمال)، بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووان، پێشوازییان لێکرا و، دەستخۆشی لەم دەستپێشخەرییە مرۆیی و زانستییەى فێرخوازان کرد.

پاشان فێرخوازان چالاکیەکانیان دەستپێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەرەتادا پێوانی ڕێژەی شەکری خوێنیان بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکانی بەرزبوونەوە یان دابەزینی ئاستی شەکر کرد، هاوکات ئەو بەساڵاچووانەی کە خوێندنەوەی پشکنینەکانیان ئاسایی نەبوو، ڕێنمایی کران کە پێویستە بەدواداچوون بۆ دۆخی تەندروستییان بکەن لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ. هەروەها پێوانی پەستانی خوێن ئەنجام درا بۆ دیاریکردنی حاڵەتەکانی بەرزبوونەوە یان دابەزینی پەستان، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ئەو مەترسییە تەندروستییانەی کە لە ئەنجامی کۆنترۆڵنەکردنی پەستانی خوێنەوە دروست دەبن، وەک تووشبوون بە جەڵتەی دڵ یان مێشک. سەرەڕای ئەمانەش، فێرخوازان پشکنینی ڕێژەی ئۆکسجینی خوێن (SpO₂)ـیان ئەنجام دا بۆ هەڵسەنگاندنی کارایی سییەکان و دڵ.

لەکۆتاییدا و دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان، فێرخوازان کۆمەڵێک ڕێنمایی تەندروستی و هۆشیاریی تایبەتیان پێشکەش بە بەساڵاچووان کرد، کە بریتی بوون لە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکیی هاوسەنگ (کەم خوێ، کەم شەکر و کەم چەوری)، خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو، ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی و وەرزشی سووک و گونجاو لەگەڵ تەمەنیان، پابەندبوون بە خواردنی دەرمان لە کاتی خۆیدا و، چاودێریکردنی بەردەوامی نیشانە ژیانییەکان لە ڕێگەی ئامێرە پزیشکییە ناوخۆییەکانەوە. هەروەها ئامۆژگاری کران بە دوورکەوتنەوە لە زۆر خواردنەوەی ماددە وریاکەرەوەکان (وەک چا و قاوە) و کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێی دەروونی.

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٤/١١/٢٠٢٥، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکیی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانی قوتابخانەی (نیوى)ی بنەڕەتیی عەرەبییان کرد.

سەردانەکە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی بەش و بە یاوەریی یاریدەدەری تاقیگە، خاتوو (مەنار فارس) بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان فێرخوازان لە لایەن (نیوى وەهبی)، بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێشوازییان لێکرا و، دەستخۆشی لەم دەستپێشخەرییە زانستییەی فێرخوازان کرد، پاشان فێرخوازان سیمینارێکی زانستیی کارلێککارییان بە ناونیشانی “دیاریکردنی گرووپەکانی خوێن و گرنگییان” پێشکەش کرد. تێیدا باسیان لە جۆرەکانی گرووپی خوێن (A, B, AB, O) و فاکتەری ڕیسۆس (Rh) کرد، هەروەها گرنگیی زانینی گرووپی خوێن لە کاتی فریاگوزاری و گواستنەوەی خوێندا، سەرەڕای ڕوونکردنەوەی چەمکی گونجانی خوێن (Blood Compatibility).  ، هەروەها فێرخوازان بە شێوەیەکی کردەیی پشکنینی گرووپی خوێنیان بۆ ژمارەیەک لە قوتابییان ئەنجام دا بە بەکارهێنانی کەرەستەی دەستنیشانکردنی گونجاو، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی هەنگاوەکانی پشکنین و شرۆڤەکردنی ئەنجامەکان بە شێوازێکی سادە.

لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان کێشی لەش (BMI)یا بۆ ژمارەیەک قوتابیان قوتابخانەکە ئەنجامدا، بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستیی گشتییان. دواتر ڕێنمایی سادەیان پێشکەش کردن دەربارەی سیستمی خۆراکیی تەندروست، گرنگیی چالاکیی جەستەیی، و پارێزگاریکردن لە کێشی نموونەیی.

لە کۆتایی سەردانەکەدا، کارگێڕیی قوتابخانە نووسراوی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی فێرخوازان کرد وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵە دیارەکانیان و شێوازە زانستییە سادەکەیان و کارلێکی ئەرێنییان لەگەڵ قوتابییان.

لە چوارچێوەی چالاکییە هۆشیارییە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (٢٥/١١/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانی قوتابخانەی ئامادەیی (بانەیی) کچانیان کرد.

سەردانەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (هەوڕێ فاتیح سامی) ئەنجام درا و، لەلایەن مامۆستا بانە ڕەحمان بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا، پاشان فێرخوازان سیمینارێکیان بە ناونیشانی “تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییان لەسەر ژیانی قوتابى” پێشکەش کرد، لەو چوارچێوەیەدا فێرخوازان باسیان لە پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان کرد، هاوکات تیشکیان خستە سەر کاریگەرییان لەسەر ڕەفتاری فێرخوازان، تەندروستیی دەروونی، تەرکیزی خوێندن و کارلێکی کۆمەڵایەتی. لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەیاندا فێرخوازان تیشکیان خستە سەر لایەنە ئەرێنییەکانی وەک پەرەپێدانی لێهاتووییە تەکنەلۆژییەکان، لە بەرامبەر لایەنە نەرێنییەکانی وەک (Cyberbullying)، ئالوودەبوون، پەرتەوازەبوونی سەرنج و بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست، لە کۆتایشدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر قوتابیانى قوتابخانەکەیان هاندا بەشێوەیەکى ژیرانە و بەرپرسانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن.

 سیمینارەکە بە شێوازێکی کارلێککاری بەڕێوەچوو و فێرخوازان بە پرسیار و سەرنجەکانیان بابەتەکەیان دەوڵەمەند کرد، لە کۆتاییدا، کارگێڕیی قوتابخانە ڕۆڵ و هەوڵی فێرخوازانی بەرز نرخاند لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و جەختی لە گرنگیی ئەم چالاکییە پەروەردەییانە کردەوە بۆ بنیاتنانی نەوەیەکی هۆشیار و بەرپرس.

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٦/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانی قوتابخانەی ئامادەیی بارزی ئەهلییان کرد چالاکیەکى  هۆشیاری تەندروستیان بە ناونیشانی “جگەرەکێشان: جۆرەکانی و لێکەوتەکانی” ئەنجامدا.

فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر (هەوری فاتیح) سەرۆکى بەشى شیکارى کیمیایی پزیشکى سەردانى قوتابخانەکەیان کرد، سەرەتا فێرخوازان بەگەرمى لەلایەن مامۆستا ڕاستى غەفور بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیدا دەستخۆشى لە فێرخوازان کرد بۆ پەرەپێدانی هاریکاری نێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و قوتابخانەکان. پاشان ساڵح شوان فێرخوازانى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە هۆڵى قوتابخانەکە ناوەڕۆکى بابەتەکەى پێشکەش بە قوتابیان کرد و، تیایدا بە وردى تیشکى خستە سەر جۆرە جیاوازەکانی جگەرەکێشان لەوانە (جگەرە، سیگار، نێرگەلە، تووتنی گەرمکراو (IQOS) و جگەرەی ئەلیکترۆنی (Vape) )، وتیشى هەموو ئەمانە زیاتر لە ٧,٠٠٠ ماددەی کیمیایی ژەهراوییان تێدایە، لەوانە نیکۆتین، قەتران، فۆرمالدەهاید، قورقوشم و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، بۆ ئەوەش بە وردى و زانستى باسى لە زیانەکانی ئەو ماددانە لەسەر  تەندروستی و کۆئەندامی هەناسە و دڵ و خوێنبەرەکان کرد وتى: ئەم ماددانە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئۆکسجین لە خوێندا، لەناوچوونی خانەکانی سییەکان و دڵ، گۆڕینی کیمیای مێشک، جگە لە دروستکردنی گۆڕانی بۆماوەیی (genetic mutations) کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن.

لە بەشێکى دیکەى باسەکەیدا ڕوو لە قوتابیانى قوتابخانەکە، ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕونیکردەوە جگەرەی ئەلیکترۆنی جێگرەوەیەکی سەلامەت نییە، چونکە دەبێتە هۆی فشاری ئۆکسێنەر (oxidative stress)  و زیانگەیاندن بە (DNA) و لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری، لە کۆتاییشدا ئامۆژگاریی کرداریی بۆ وازهێنان لە جۆرە جیاوازەکانى جگەرە پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، گرنگیی گرتنەبەری شێوازێکی ژیانی بێ جگەرەکێشان بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و بایۆکیمیایی خستەڕوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (١٢/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتی یاریدەدەری مامۆستا عەبدوڵڵا جودەت، سەردانێکی زانستی و هۆشیارکردنەوەیان بۆ کۆمەڵگەی پەروەردەیی دایاکۆ  لە شارى هەولێر ئەنجامدا.

فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن مامۆستا نزهەت حەسەن ئەبوبەکر بەڕێوەبەری کۆمەڵگە، پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکى کورتدا ستایشی ڕۆڵی زانکۆی جیهان-هەولێرى کرد لە پشتگیریکردنی چالاکییە تەندروستی و پەروەردەییەکان کە لەلایەن فێرخوازانەوە بەڕێوەدەبرێن. پاشان فێرخوازان لە هۆڵى کۆمەڵگەکە ناوەڕۆکى چالاکیەکەیان دەستپێکرد، بۆ ئەوەش دالیا دلێر بە ناونیشانی “مەترسییە شاراوەکانی خواردنەوە گازییەکان و خواردنەوە وزەبەخشەکان لەسەر تەندروستی مرۆڤ” ناوەڕۆکى بابەتەکەى پێشکەش کرد و، تیایدا بە وردی باسی کاریگەرییە بایۆکیمیایی و فسیۆلۆژییەکانی ئەم خواردنەوانە بڵاوانەی ناو گەنجان کرد.

لە بەشێکى دیکەى باسەکەیدا ڕوونی کردەوە کە خواردنەوە گازییەکان ڕێژەیەکی زۆری شەکر، کافاین، ترشی فۆسفۆریک و ڕەنگەکانی پیشەسازییان تێدایە، کە دەبێتە هۆی کلۆربوونی ددان، کەمی ڤیتامینەکان، لاوازبوونی مژینی کالیسیۆم، بەمەش دەبێتە هۆی پووکانەوەی ئێسک و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا  کافاین دەبێتە هۆی بێخەوی، دڵەڕاوکێ، زیادبوونی لێدانی دڵ و کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاسن لە خوێندا، لە کاتێکدا ترشی فۆسفۆریک مژینی کالیسیۆم لاواز دەکات کە بۆ تەندروستی ئێسک زۆر پێویستە.

لە کۆتایی قسەکەیدا، ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر باسی زیانەکانی خواردنەوە وزەبەخشەکانی کرد کە پێکهاتەی وەک تۆرین، گوارانا و جینسنگیان تێدایە، کە دەبنە هۆی زۆر چالاکبوونی کۆئەندامی دەمار و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ناڕێکی لێدانی دڵ، جگە لە تێکچوونی هۆرمۆنەکان لە کاتی زۆر خواردنەوەیان.

سیمینارەکە بە پێشکەشکردنی کۆمەڵێکئامۆژگارى بۆ قوتابیانى کۆمەڵگەکە کۆتایی هات، کە تیادا هانى قوتابیانیان دا لە برى خواردنەوە گازییەکان ئاو، شەربەتی سروشتی، شیر، ماست و چای گیایی بخۆنەوە.

فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشى گرافیک دیزاین لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٢٤/٤/٢٠٢٥) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر  سەجا عەبدولهادی سەردانى باخچەى منداڵانى فلۆرانتیان لە شارى هەولێر کرد.

دواى گەیشتنیان بە باخچەکە، فێرخوازان لەلایەن وەفا نامیق مەجید بەڕێوەبەرى باخچەى منداڵان بەگەرمى پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان کۆمەڵێک کتێبى چیرۆکى منداڵان، کە خۆیان نوسین و دیزاینى ناوەڕۆک و بەرگەکانیان کردبوو پێشکەشى منداڵانى باخچەکەیان کرد، لە میانەی سەردانەکەیاندا، فێرخوازان سەرەتا چیرۆکەکانیان بۆ منداڵانى باخچەکە خوێندەوە، ئەوەش وایکرد منداڵەکان بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازى بکەن، پاشان منداڵان چالاکانە بەشدارییان لە چالاکییە پەیوەندیدارەکانی وەک ڕەنگکردن و وێنەکێشان کرد.

لە بەرامبەر بەڕێوەبەری باخچەى منداڵانى فلۆرانت، سوپاسى فێرخوازان و مامۆستاى سەرپەرشتیارى کرد، پاشان بە گرنگیەوە ستایشی ئەو  کارە خۆبەخشییەی فێرخوازانى کرد، ڕونیشیکردەوە ئەو چالاکیە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر منداڵان هەیە.

پ.ی.د. ئیسماعیل نەجم‌الدین نامق توێژینەوەیەکی زانستی بە ناونیشانی (زمانی کوردی وەک زمانی یاسادانان و دادوەری) بڵاوکردەوە، لە ژمارەی هەشتەمی گۆڤاری زمانەوانی کە لەلایەن ناوەندی توێژینەوە زمانییەکان لە زانکۆی جیهان – سلێمانی دەردەچێت.
ئامانجی ئەم توێژینەوەیە بەرزکردنەوەی هۆشیاری زمانییە و پشتگیری کردنە لە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە یاسادانان و لە نووسینی بڕیارە دادگاییەکاندا، کە لەلایەن دادگاکانی جۆراوجۆر دەردەچن.

پ.ی.د. ئیسماعیل نەجم‌الدین نامق کتێبی خۆی بە ناونیشانی (یاسای کارگێڕی ژینگە) بڵاوکردەوە، کە لە ناوەڕۆکیدا چەمکی یاسایی ژینگە، شێوەکانی پاراستنی ژینگە، ڕێکخستنی یاسایی ژینگە، هەروەها ڕۆڵی چاودێری دادگایی لەسەر بڕیارە کارگێڕییە ژینگەییەکان باس دەکات، وەکە هەروەها چەند بابەتێکی گرنگی تر لە بواری یاسادا.
ئەم کتێبە بە کارێکی زانستی و گرنگ دادەنرێت و تایبەتمەندە بە ناوەڕۆکی زانستی قووڵ و ورد، و کاریگەرییەکی دیاریکراوی هەیە لە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی پاراستن و پارێزگاری ژینگە لە چوارچێوەی یاساییدا.

No more news to show