لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنییدا لە كەناڵی ئاسمانیی سپێدە، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 28-12-2025، پەخش کرا؛ ڕزگار ساڵح، فێرخوازی قۆناغی سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، باسی لە بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن فێرخوازانی زانكۆ کرد.

بەرنامەی (ئەمڕۆی سپێدە) كە لە كەناڵی ئاسمانیی سپێدە پەخش دەكرێت، یەكێك لە تەوەرەكانی ئەمجارەی بەرنامەكەی تەرخان كردبوو بۆ باسكردن لە (بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن قوتابیانی زانكۆ)، بۆ ئەو مەبەستەش، كەناڵەكە بانگهێشتی (ڕزگار ساڵح)ـی فێرخوازی بەشی ڕاگەیاندنى كرد بۆ قسەكردن و گفتوگۆ دەربارەی تەوەری بەرنامەكە. لە سەرەتای قسەكانیدا، ڕزگار ساڵح ڕایگەیاند: ژیریی دەستكرد بابەتێكی زۆر نوێ نییە، بەڵام ئێستا زۆر بەربڵاو بووە و خەڵك زۆر بەكاری دەهێنێت، بەتایبەتی لەلایەن فێرخوازانەوە، چونكە ئامڕازێكی زۆر یارمەتیدەرە و دەتوانێت سوودی زۆر گەورە بە بواری خوێندن بگەیەنێت. وتیشی: ژیریی دەستكرد تەواوكەری كاری مرۆڤە و كۆمەڵگە بەرەو پێشەوە دەبات، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت كە ژیریی دەستكرد ناتوانێت بە تەواوی جێگەی كار و پیشەی مرۆڤ بگرێتەوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی لە بەرنامەكەدا، ڕزگار ساڵح وتی: پێویستە فێرخوازانی زانكۆ سوودی زیاتر لە تایبەتمەندییەكانی ژیریی دەستكرد وەربگرن، بەڵام نابێت بیكەنە جێگرەوەی بیركردنەوەی خۆیان. ئێمە لە زانكۆ كۆمەڵێك ئەرك و بەرپرسیارێتییمان هەیە، ئاساییە ژیریی دەستكرد وەك هاوكارێك بۆ دەستخستنی زانیاریی زیاتر و، بەمەبەستی ڕێكخستنی كات بەكاری بهێنین، بەڵام نابێت بەتەواوی سەرجەم ئەركەكە لەڕێگەی ئەوەوە جێبەجێ بكەین، چونكە سەرەنجام بە زیان بۆ سەر ئاستی زانستیی و ئەكادیمییمان ئەشكێتەوە.

لە باسی شێوازی مامەڵەی مامۆستا لە بەركاهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن فێرخوازەوە، ئەو فێرخوازەی بەشی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوەدا كە، بەشێكی زۆری مامۆستاكان ڕێگە دەدەن بە فێرخواز ژیریی دەستكرد بەكاربهێنن، بەڵام بەشێوەیەكی درووست و بە سنوورێكی دیاریكراو، ئەوەش بەو ئامانجەی كە فێرخوازەكە سوود ببینێت، نەك بەپێچەوانەوە زیانی پێ بگەیەنێت. باسی لەوەش كرد، بەشێكی زۆری مامۆستاكانمان لە زانكۆ توانیویانە ژیریی دەستكرد بە فێرخوازان ئاشنا بكەن و ڕێنماییان بكەن كە چۆن ژیریی دەستكرد بەشێوازە درووستەكەی بەكاربهێنن.

لە كۆتایی قسەكانییدا، ڕزگار ساڵح تیشكی خستە سەر ئەوەی كە پێوستە فێرخوازان خۆیان نوێ بكەنەوە و ئاگاداری گۆڕانكارییە تەكنەلۆژییەكانی سەردەم بن، بەتایبەتی كە ئێستا بە سەردەمی ژیریی دەستكرد ناسراوە و نابێت لێی بێئاگا بین.

بەبۆنەی ڕۆژی “ئاڵا”وە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 17-12-2025 سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر چالاكییەكی مەیدانیی بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) لەنێو بازاڕی میللیی گەڕەكی نەورۆز ئەنجام دا.

لە چالاكییەكەدا كە فێرخوازانی هەردوو قۆناغی یەكەم و دووەمی بەشی ڕاگەیاندن بەشداربوون لە دابەشكردنی ئاڵای كوردستان و بڵاوكراوەیەك بەسەر هاوڵاتییانی بازاڕی میللیی گەڕەكی نەورۆز لە شاری هەولێر. ناوەڕۆكی بڵاوكراوەكە پێكهاتبوو لە زانیاریی دەربارەی ئاڵای كوردستان و پێكهاتەكانی ناو ئاڵاكە، هەروەها باس لە مێژووی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان كراوە بۆ یەكەمجار لەلایەن پێشەوا قازی موحەممەدەوە. هەر لەو بڵاوكراوەیەدا كە فێرخوازان دابەشیان كرد، ئاماژە بە بڕیاری ساڵی 2009ـی پەرلەمانی كوردستان دراوە كە تیایدا 17ـی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی ئاڵا دیارییكردووە.

لە چالاكییەكەدا، فێرخوازان ڕۆژی ئاڵایان بەرز ڕاگرت، هەروەها هاوڵاتیانیان ئاشناى مێژووی درووستبوونی ئاڵای كوردستان و ڕۆژى ئاڵا کرد.

سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان – هەولێر ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٧-١٢-٢٠٢٥،پێشوازیی كرد لە مەناف موبارەک بەرپرسی پرۆژەکانی تۆڕی DWـی ئەڵمانی و، وۆركشۆپێكی بەئامانجی بەهێزکردنی توانا پیشەییەکانی فێرخوازان و گرێدانی لایەنی تیۆری بە ئەزموونە نێودەوڵەتییە مەیدانییەکان ئەنجام دا.

لەو وۆركشۆپەدا، كە لە هۆڵی ئەكادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەشێوەیەكی چڕ دەستی پێکرد، ژمارەیەك لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە هەموو قۆناغە جیاوازەكان ئامادەیبوون و، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، لە وۆركشۆپەكەدا بەشێوەیەکی سەرەکیی گرنگیی درا بە پێشبینیکردنی داهاتووی پیشەیی بۆ فێرخوازان و گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگە و میکانیزمە نوێیەکان کە توانای ئەوەیان پێدەدات بە متمانە و شارەزاییەوە بچنە ناو بازاڕی کاری میدیاییەوە.

بۆ ئەو مەبەستە مەناف موبارەک بەشێکی گەورەی وۆرکشۆپەکەی تەرخان کرد بۆ لایەنی تەکنیکی و پراکتیکی، کە تیایدا ڕوونکردنەوەیەکی وردی پێشکەش بە فێرخوازان کرد دەربارەی ئەپڵیکەیشنی DPA، هاوكات باسی چۆنیەتی سوودوەرگرتنی كرد لەم ئەپڵیکەیشنە و، بەکارهێنانی وەک ئامڕازێکی کاریگەر لە کاری ڕۆژنامەوانییدا كرد.

لە ڕۆژی پێنجشەممە رێکەوتی (5/3/2026)، فێرخوازانی قۆناغی دووەم و سێیەمی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکیەکی کۆمەڵایەتیان ئەنجامدا لە بازاری قەیسەری، کە تێیدا بژمێری ویردەکانیان بەسەر سەردانکەران و خاوەن دوکانەکاندا دابەش کرد.

ئەم چالاکییە وەک ئەرکێکی ئایینی و چالاکیەکی خۆبەخشانه ئەنجامدرا بۆ پشتگیری کردن لە بەها ڕۆحییەکان و هان دان بە کۆمەڵگة بۆ ئەنجامدانی زیکر. چالاکییەكە بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر ئەنجامدرا، کە لە کاتی چالاکییەکەدا فێرخوازان لەگەڵ هاولآتيان پەیوەندیان کرد و ڕوونکردنەوەیان دا سەبارەت بە گرنگی بەکارهێنانی بژمێری ویردەکان بۆ یارمەتیدان لە ژماردنی زیکر.

ئەم چالاکییە نیشاندەری گرنگی پێدانی زانکۆیە بەرامبەر بە بەرپرسیارێتیەکانی کۆمەڵگە وهاندانی فێرخوازانە بە بەشدارییان لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانە. هەروەها بۆ فێرخوازان دەرفەتێک بوو بۆ پەرەپێدانی تواناكانی پەیوەندیکردن و کارکردنی هاوبەش لە ڕێگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢٦/٢/٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی دووەم و چوارەمی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییان بۆ دابەشکردنی ژەمی بەربانگ ئەنجامدا.

ئەم هەڵمەتە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر) بەڕێوەچوو، لە دەسپێکی چالاکییەکەدا، فێرخوازان بە هاوکاری مامۆستاکانیان زیاتر لە (١٠٠) ژەمە خواردنی بەربانگیان بە شێوەیەکی تەندروست و ڕێکوپێک ئامادەکرد. دواتر شاندی زانکۆ ڕوویان کردە بازگەی (زورگە زراو) لە دەروازەی شاری هەولێر و دەستیان بە دابەشکردنی ژەمەکان کرد بەسەر ئەو ڕێبوار و گەشتیارانەی کە لە کاتی بەربانگدا لە ڕێگادابوون، ئەمەش کەشێکی پڕ لە هاوسۆزی و مرۆیی لە ناوچەکەدا دروست کرد.

ڕێبواران و هاوڵاتیان خۆشحاڵی و پێزانینی خۆیان بۆ ستاف و فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر دەربڕی و ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانەیان بە هەنگاوێکی گرنگ هەژمار کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆ و کۆمەڵگە.

بۆ پاراستنی سیمای سروشتی و پاکوخاوێنی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (١٦/٢/٢٠٢٦)، هەڵمەتێکی مەیدانیی بۆ پاککردنەوەی پاشماوە زیانبەخشەکان لە دەوروبەری ناوچەی بێخمە ئەنجامدا.

 ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر) و بە بەشداریی کارای گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی کارگێڕی کار بەڕێوەچوو، لە دەسپێکی هەڵمەتەکەدا، کەرەستەی پێویست وەک دەستکێش و کیسی زبڵ و کەلوپەلی پاراستن بەسەر فێرخوازاندا دابەش کرا، دواتر فێرخوازان بە گڕوتینێکی زۆرەوە دەستیان بە پاککردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکە کرد، کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێ دەکەن، بەڵام بەهۆی پاشماوەی گەشتیارییەوە تووشی پیسبوونی ژینگەیی ببوو، هەربۆیە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر توانییان لە ماوەیەکی کورتدا ڕووبەرێکی فراوان لە دەوروبەری ناوچەکە لە پاشماوە پلاستیکی و زیانبەخشەکان پاک بکەنەوە.

مامۆستا و فێرخوازانی بەشداربوو لە کۆتایی هەڵمەتەکەدا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە کردەوە، چونکە نەک هەر دەبێتە هۆی پاراستنی ژینگەی کوردستان، بەڵکو گیانی کارکردنی بەکۆمەڵ و بەرپرسیارێتی مەدەنی لای نەوەی نوێ بەهێز دەکات.

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (١٦/٢/٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار و سەنتەری ڕۆشنبیری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، گەشتێکی زانستی و مەیدانییان بۆ ناوچەی بێخمە ڕێکخست.

ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر) بەڕێوەچوو، لە دەسپێکی گەشتەکەدا، مامۆستا (سارە حەسەن حوسێن) لە سەنتەری ڕۆشنبیری ڕوونکردنەوەیەکی زانستیی دەربارەی مێژوو و جۆرەکانی بەرد پێشکەش بە فێرخوازان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە تا ئێستا لە جیهاندا ناوی ٤ هەزار جۆر بەرد تۆمار کراوە، وەک (یاقووت، یەشم، زمڕوت) و چەندینی دیکە. هاوکات تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئەم بەردانە لە پیشەسازیی گەوهەروالا و کاریگەرییە گەورەکانیان لەسەر ژیانی مرۆڤ لە سەرەتای مێژووەوە تا ئەمڕۆ، کە وەک کەرەستەیەکی بەنرخ لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوانکاریدا بەکارهاتوون.

لە میانی گەڕانە مەیدانییەکەدا، فێرخوازان بە ڕێبەری ستافی سەرپەرشتیار دەستیان بە دۆزینەوە و کۆکردنەوەی نموونەی بەردەکانى کوردستان لە ناوچەکە کرد. لە ئەنجامی ئەم هەوڵەدا، فێرخوازان توانییان چەندین جۆری جیاوازی بەرد بدۆزنەوە، کە لە نێوانیاندا 10 جۆری بەردی بەنرخ و دەگمەن هەبوون.

ئەم ئەزموونە یارمەتیدەر بوو بۆ فێرخوازان تا لە نزیکەوە ئاشنای پێکهاتەی جیۆلۆجی کوردستان بن و زانیاریی پراکتیکی دەربارەی بەکارهێنانی ئەم بەردانە لە بوارە جیاوازەکاندا وەربگرن، کە لە داهاتوودا دەتوانن لە پڕۆژە بازرگانی و هونەرییەکاندا سوودی لێ ببینن.

لە نێوان ڕۆژانی (١٠ تا ١٢ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار و بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ لقی هەولێری سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان، خولێکی ڕاهێنانی چڕوپڕیان بە ناونیشانی “کاریگەری میدیا و سۆشیال میدیا لەسەر بازاڕ و وەبەرهێنان” بۆ فێرخوازان و مامۆستایان بەڕێوەبرد.

 لە ڕۆژی دووەمی خولەکەدا، کە ڕێکەوتی (١١/٢/٢٠٢٦) بەڕێوەچوو، هەریەک لە (ئاسۆ عەبدولڕەحمان)، ئەندامی سەندیکای ئابووریناسان و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (مەحمود حەمەدئەمین)، دوو بابەتى زانستی جیاوازیان پێشکەش کرد. لەو چوارچێوەیەدا ئاسۆ عەبدولڕەحمان تیشکی خستە سەر بنەماکانی بەبازاڕکردن لە سۆشیال میدیا و پەرەپێدانی ناوەڕۆکی کاریگەر بۆ ناساندنی براندەکان، هاوکات دکتۆر مەحمود حەمەدئەمین شیکردنەوەی بۆ کاریگەری کەناڵەکانی میدیا لەسەر ڕەفتار و پرۆسەی بڕیاردانی وەبەرهێنەران لە بازاڕە داراییەکاندا کرد.

لە ڕۆژی سێیەم و کۆتایی خولەکەدا، کە ڕێکەوتی (١٢/٢/٢٠٢٦) لە هۆڵى ئەکادیمیاى زانکۆ بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (هاوکار قاسم پیرداود)، سەرۆک بەشی کارگێڕی کار، بابەتێکی گرنگی دەربارەی “زانیارییە گەورەکان (Big Data)” و شیکردنەوەی بازاڕ لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە پێشکەش کرد. بۆ ئەوەش ڕوونی کردەوە کە چۆن دەتوانرێت قەبارەیەکی زۆر لە داتاکانی سۆشیال میدیا بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتاری بەکاربەران و ئاراستەکانی بازاڕ شیبکرێنەوە، هەروەها چەندین چالاکیی پراکتیکی و نموونەی ڕاستەقینەی بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان بۆ بەشداربووان نمایش کرد. لە تەوەرێکی دیکەدا، مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل) باسی لە چەمکە نوێیەکانی گەڕانەوە لە بازاڕە دیجیتاڵییەکان کرد و، جەختی لەسەر ستراتیژییەکانی پێوانەکردنی گەڕانەوەی سەرمایەگوزاری (ROI) و باشترکردنی ئەدای بازاڕی دیجیتاڵی کردەوە.

بابەتەکانی ئەم خولە بە شێوەیەکی زانستی و کردارەکی و لە ڕێگەی گفتوگۆی کراوە و نموونەی مەیدانییەوە باسیان لێوە کرا، بۆ ئامادەکردنی فێرخوازان و تێگەیشتن لە واقیعی بازاڕی کار لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا.  لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود، بڕوانامەی بەشداریکردنی بەسەر فێرخوازان و مامۆستایانی بەشداربوودا دابەش کرد.

بۆ چاندنی کەلتووری ڕێزگرتن و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرپرسیارێتی مەدەنی، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١١/٢/٢٠٢٦)، هەڵمەتێکی هۆشیاریی بەرفراوانی بۆ پاراستنی موڵکی گشتی ڕێکخست.

لە کەمپینەکەدا، فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر)، سەردانی گەڕەکە جیاوازەکانی شاری هەولێریان کرد. فێرخوازان پێشتر برۆشوورێکی تایبەتیان بە ناونیشانی “موڵکی گشتی، موڵکی هەمووانە” ئامادە و چاپ کردبوو، کە زانیاری بەنرخی تێدابوو لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە شوێنە گشتییەکان وەک نیشانەیەک بۆ ڕێزگرتن لە کەسانی دیکە. برۆشوورەکان بەسەر ماڵان، دوکانداران و ڕێبواراندا دابەش کران و هانی هاوڵاتیانیان دەدا بۆ پاک ڕاگرتنی شەقام و پارکەکان و پاراستنی دامەزراوە حکومییەکان.

هاوڵاتیان و کاسبکارانی ناوچەکە دەستخۆشییان لەم دەستپێشخەرییەی فێرخوازان کرد و جەختیان لە گرنگی ئەم جۆرە چالاکییانە کردەوە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی شارستانی و پاکتر. ئەم چالاکییە نەک هەر کاریگەری لەسەر هۆشیاری گشتی هەبوو، بەڵکو هەستی هاوکاری کۆمەڵایەتی و کارلێکی ڕێزدارانەشی لە نێوان زانکۆ و کۆمەڵگەدا بەهێزتر کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١٠ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی مەیپڵ تری، وۆرکشۆپێکی تایبەتی لە هۆڵی VIPی زانکۆ ئەنجامدا.

 ئەم وۆرکشۆپە کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچوو و تیایدا تیشکی خستە سەر “هۆشیاری ژینگەیی و تێگەیشتن لە ئازارەکانی ژینگەپارێزان” بە ئامانجی بەئاگاهێنانەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر بە بەرپرسیارێتییە مەدەنییەکانیان، بۆ ئەوەش لەسەرەتاى  وۆرکشۆپەکەدا  (پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود) سەرۆک بەشی کارگێڕی کار لە وتەیەکیدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەر تاکێکی کۆمەڵگە ڕێز لە ماندووبوونی ژینگەپارێزان بگرێت. هاوکات شێوازە تەندروستەکانی فڕێدانی پاشماوەکانی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە و بەتایبەت جەختی لەسەر پاشماوەی شووشە کردەوە، کە دەبێت پێش فڕێدانی لە ناو کارتۆن بپێچرێتەوە بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی بریندارکردنی ژینگەپارێزان لە کاتی کارکردندا.

پاشان،  (هەکار عەبدولەتیف) بەڕێوەبەرى ڕێکخراوی مەیپڵ تری، کورتەیەکی لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ زبڵ و خاشاک پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە هەبوونی سەلەی زبڵی ڕێکخراو لە هەموو ماڵێکدا، نەک تەنها یارمەتی ژینگەپارێزان دەدات، بەڵکو سیمایەکی شارستانیش بە شار دەبەخشێت.

 لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا ڤیدیۆیەکی کاریگەر لەسەر ئاستەنگییەکانی ژینگەپارێزان نیشان درا. لە کۆتاییدا، ڕێکخەرانى وۆرکشۆپەکە “چاڵێنج”ێکیان ڕاگەیاند بۆ ئەوەی هەر کەسێک ئارەزووی هەیە بۆ ماوەی ڕۆژێک وەک ژینگەپارێز کار بکات تا لە نزیکەوە هەست بەو ئەرکە قورس و ماندووبوونە بکات.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٠ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار و بەشی میدیا لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ لقی هەولێری سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان، خولێکی ڕاهێنانی چڕوپڕیان بۆ فێرخوازان و مامۆستایان دەستی پێکرد.

ئەم خولە کە بە ناونیشانی “کاریگەری میدیا و سۆشیاڵ میدیا لەسەر بازاڕ و وەبەرهێنان” لە هۆڵی ئەکادیمیای جیهان بەڕێوەدەچێت، بڕیارە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت و تێیدا باس لە پەیوەندی نێوان ڕاگەیاندن و گەشەی ئابووری دەکرێت.

لە ڕۆژی یەکەمی خولەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر (ئەیوب ئەنوەر سماقەیی) مامۆستای زانکۆ و سەرۆکى لقى هەولێرى سەندیکای ئابووریناسان، باسێکی زانستی لەسەر کاریگەری میدیای کلاسیکی لەسەر هەڵسوکەوتی بەکارهێنەران پێشکەش کرد و، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی تەلەڤزیۆن، ڕادیۆ و ڕۆژنامەکان لە دیاریکردنی ئارەزووەکانی بەکاربەر و هێزی ڕیکلام لە گۆڕینی بیرکردنەوەی تاکەکان لە ناو کۆمەڵگەدا، ڕوونیشیکردەوە کە چۆن میدیای تەقلیدی هێشتا وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی بازاڕکردن ماوەتەوە.

لە بەشێکى دیکەى یەکەم ڕۆژى خولەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر (ئەزوەر مەهدی ساڵح) سەرۆک بەشی میدیا، گۆڕانکارییەکانی میدیای مۆدێرن و کاریگەرییەکانی لەسەر پەرەسەندنی بەرهەمی بۆ ئامادەبووان شیکردەوە. ئاماژەی بەوە کرد کە تەکنەلۆژیا و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان شێوازی دیزاینکردن و بەبازاڕکردنی کاڵاکانیان گۆڕیوە. دواتر دەرفەت درایە ئامادەبووان بۆ گفتوگۆ و پرسیارکردن، کە تێیدا پێشکەشکاران وەڵامی وردی مامۆستایان و فێرخوازانیان دایەوە دەربارەی چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە میدیا بۆ باشترکردنی کێبڕکێ لە بازاڕدا.

لە هەنگاوێکی مرۆیی و ئەخلاقیدا، سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٤/٢/٢٠٢٦)، چالاکییەکی خێرخوازیی بۆ خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر ئەنجامدا.

ئەم دەستپێشخەرییە کە لەلایەن فێرخوازانی قۆناغی چوارەم و بە سەرپەرشتی (پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود) سەرۆک بەشی کارگێڕی کار و (مامۆستاى یاریدەدەر هێڤی محەمەد قادر) ڕێکخرابوو. شاندەکەی زانکۆ سەرەتا لەلایەن خاتوو (کوێستان نافع محمد) بەرپرسی خانەکە پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان جلوبەرگی زستانە و پێداویستییان بەسەر منداڵانی خانەکەدا دابەشکرد، ئەمەش بووە مایەی دڵخۆشییەکی زۆر بۆ منداڵەکان. سەرپەرشتیارانی چالاکییەکە جەختیان لەوە کردەوە کە زانکۆ تەنیا ناوەندێکی زانستی نییە، بەڵکو دەبێت ڕۆڵێکی کارای هەبێت لە خزمەتکردنی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.

لە کۆتاییدا؛ ستافی خانەی بێسەرپەرشتان سوپاسی فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێریان کرد بۆ ئەم ئاوڕدانەوەیە و هیوای بەردەوامییان بۆ خواستن.

لە پێناوی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی بنکەی «زەکاتی زانستی»، بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان–هەولێر، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتى (3/2/2026) کۆمەڵێک کتێبی کەلتووری پێشکەش بە کتێبخانەی قوتابخانەی ئامادەیی کچانی ئەنالیند کرد.

ئەم دەسپێشخەرییە زانستییە، پێشکەشکردنی زیاتر لە (130) ناونیشانی جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو، کە لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی زانکۆوە دابینکرابوون. سەرچاوەکان بابەتە جیاوازەکانی وەک (ئەدەبیات، یاسا، بەڕێوەبردن، ژمێریاری و سیاسەت)یان بە هەر سێ زمانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) لەخۆگرتبوو. هاوکات، فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار وەک هاندانێک بۆ پڕۆسەی خوێندنەوە، چەندین کتێبی ئەدەبیی تریان وەک دیاریی تایبەت پێشکەش بە کتێبخانەی قوتابخانەکە کرد.

ئەم چالاکییە بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (دکتۆر قوسی حەمید ئەلسەلامی) و بە بەشداریی گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بەڕێوەچوو. لە بەرامبەردا، خاتوو (نەجاح سەڵاح ئیسماعیل) بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و ستافی مامۆستایان بە گەرمی پێشوازییان لە شاندی زانکۆ کرد.

خاتوو نەجاح سەڵاح، لە وتەیەکدا وێڕای دەستخۆشی لەم هەنگاوە، ڕایگەیاند: “ئەم دەسپێشخەرییەی زانکۆی جیهان-هەولێر نموونەیەکی باڵای هاوکاریی نێوان ناوەندە ئەکادیمی و پەروەردەییەکانە، کە ڕۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە دەوڵەمەندکردنی هزر و پەرەپێدانی توانا زانستی و کەلتوورییەکانی کچانی قوتابی.”

بە مەبەستی چەسپاندنی بەهاکانی هاوکاری و تەبایی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (٢٧/١/٢٠٢٦)، سەردانێکی مەیدانی مرۆییان بۆ ئامادەیی “شارستان”ی کچان لە شاری هەولێر ڕێکخست.

لە سەرەتای سەردانەکەدا، شاندی فێرخوازان لە لایەن خاتوو “ڕووناک یاقووب” بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و ستافی مامۆستایانەوە پێشوازییان لێکرا. لە کۆبوونەوەیەکی کورتدا، میکانیزمی دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر ئەو فێرخوازانەی کە لە خێزانە کەمدەرامەتەکانن دیاری کرا، بە جۆرێک کە هاوکارییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و پارێزراو بگەنە دەستی شایستەکان.

ئەم چالاکییە کە بە سەرپەرشتی مامۆستا “ڕێبین بیلال محەمەد” بەڕێوەچوو، تێیدا فێرخوازانی زانکۆ دەستیان کرد بە دابەشکردنی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی کە پێشتر کۆکرابوونەوە. هاوکارییەکان پێداویستی جۆراوجۆریان لەخۆ گرتبوو بۆ باشترکردنی باری گوزەران و ڕەخساندنی کەشێکی گونجاوتر بۆ خوێندنی قوتابیانى قوتابخانەکە. جگە لە هاوکارییەکان، فێرخوازانی زانکۆ پاڵپشتییەکی مەعنویی گەورەیان پێشکەش بە خوشکە قوتابییەکانیان کرد و هانیان دان بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکان.

لە کۆتایی چالاکییەکەدا، کارگێڕی قوتابخانەی “شارستان” ى کچان سوپاسی بێپایانی خۆیان ئاراستەی فێرخوازانی بەشی ژمێریاری و سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ ئەم هەڵوێستە نیشتمانی و مرۆییە. هەروەها ستایشی ئاستی بەرزی ڕێکخستن و دیسپلینی فێرخوازانی زانکۆیان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی (٢٥ی شوباتی ٢٠٢٦)، فێرخوازانى هەریەک لە بەشی کارگێڕی گشتی و بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی مرۆیی و خۆبەخشییان بۆ دابەشکردنی ژەمی پاشێو لە ناوچە جیاوازەکانی شاری هەولێر ئەنجامدا.

ئەم دەستپێشخەرییە کە لەلایەن فێرخوازانی قۆناغی دووەمی هەردوو بەش و بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (راز ئازاد جەلال) ڕێکخرابوو، لە میانی چالاکییەکەدا، فێرخوازان سەرەتا ژمارەیەکی بەرچاو لە ژەمە خۆراکییەکانیان ئامادەکردن و ڕێکخست و دواتر بەسەر چەند گرووپێکی ڕێکخراودا دابەش بوون بۆ ئەوەی ڕووماڵی زۆرترین شوێنی ناو شاری هەولێر بکەن. پڕۆسەی دابەشکردنەکە بە وردی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کردبووە ئامانج کە لە کاتژمێرەکانی درەنگانی شەودا لە شەقام و شوێنە گشتییەکان خەریکی کارکردنن و داهاتیان سنووردارە، یان بەهۆی سروشتی کارەکەیانەوە دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ ناو خێزانەکانیان نییە. مامۆستای یاریدەدەر راز ئازاد جەلال سەرپەرشتی گرووپەکانی فێرخوازانی کرد و لە نزیکەوە چاودێری پڕۆسەی جێبەجێکردنی چالاکییەکەی کرد بۆ دڵنیابوونەوە لە گەیاندنی ژەمەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و پاراستنی شکۆی سوودمەندبووان.

ئەم چالاکیە مرۆییە خێرخوازییە بووە مایەی خۆشحاڵی و دەستخۆشیی هاوڵاتیان و سوودمەندبووان. چالاکییەکە بە سەرکەوتوویی و دوای ڕووماڵکردنی هەموو ئەو ناوچانەی کە پێشوەختە لە پلانەکەدا دیاری کرابوون، کۆتایی هات.

لە چوارچێوەی دەسپێشخەرییە کۆمەڵایەتی و مەعریفییەکان و بە دروشمی “زەکاتی زانست”، فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٧/١/٢٠٢٦، دیارییەکی کەلتوری و زانستیان پێشکەش بە کتێبخانەی ئامادەیی هەولێری کچان بۆ بەهرەمەندان (المتفوقات) کرد.

ئەم پڕۆژەیە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (قوسەی حەمید سەلامی) ئەنجامدرا، کە تێیدا شاندێکی فێرخوازان زیاتر لە ١٢٠ کتێبی جۆراوجۆریان پێشکەش بە کتێبخانەی قوتابخانەکە کرد. کتێبەکان پێکهاتبوون لە چاپکراوەکانی زانکۆی جیهان و کتێبی تری بەخشراو لە لایەن فێرخوازانی بەشەکە، کە بوارەکانی (ئەدەب، یاسا، کارگێڕی، ژمێریاری و سیاسەت) بە سێ زمانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) لەخۆگرتبوو. ئامانجی ئەم کارە هاندانی فێرخوازانی ئامادەیی بوو بۆ خوێندنەوە و فراوانکردنی ئاسۆی مەعریفییان.

شاندی زانکۆ لە لایەن خاتوو (ڕووقیە سەڵاحەدین شاکر) بەڕێوەبەری قوتابخانە و ستافی مامۆستایان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. بەڕێوەبەری قوتابخانە دەستخۆشی لەم کارە کرد و بە نموونەیەکی جوانی هەماهەنگی نێوان زانکۆ و ناوەندە پەروەردەییەکان لە قەڵەم دا، کە دەبێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی سەرچاوەکانی کتێبخانە و برەودان بە کەلتوری خوێندنەوە و توێژینەوەی زانستی لای قوتابیانى قوتابخانەکە.

لە ڕۆژانى (٢٠ تا ٢٢/١/٢٠٢٦) لە زانکۆى جیهان-هەولێر، سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار خولێکی ڕاهێنانى بەناونیشانى (بنیاتنانی ژینگەیەکی زانکۆیی پاڵپشتیکار و پێگەیاندنی سەرکردە لە ڕێگەی تەندروستی دەروونی)یەوە بەڕێوەبرد، لەو چوارچێوەیەدا چەند بابەتێکىى زانستى پراکتیکى لەلایەن پسپۆڕان و شارەزاییانى بوارەکە پێشکەش کرا.

بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (21/1/2026) و، لە دووەم ڕۆژی خولەکەدا هەریەک لە مامۆستا فاطمە علی عیادە  پسپۆڕ لە بواری دەروونناسی لە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی نەینەوا وپرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر قصی حمید السلامی مامۆستا لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چەند بابەتێکیان دەربارەی تەندروستی دەروونی پێشکەشکرد، بۆ ئەم مەبەستەش مامۆستا فاطمە تیشکی خستە سەر گرنگی تەندروستی دەروونی کە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە سەرکەوتنی ئەکادیمی، چونکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر توانای سەرنج، فێربوون و بەڕێوەبردنی فشار لە ناو فێرخوازان هەیە. هەروەها باسی لە تەندروستی دەروونی باشکرد، کە چۆن دەتوانێ یارمەتیدەر بێ لە دروستکردنی کەسایەتییەکی هاوسەنگ و توانادار بۆ پەیوەندی ئەرێنی لەگەڵ کۆمەڵگە، ئەمەش بەشدارە لە جێگیری و ئارامی کۆمەڵایەتی. پاشان دکتۆر قصی حمید السلامی بە گرنگیەوە تیشکی خستە سەر پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵ، ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد بۆ پشتگیری تەندروستی دەروونی فێرخوازانى زانکۆ، وتیشى ئەم ئامرازانە یارمەتیدەرن لە ناسینەوەی فشارە دەروونییەکان و بەرزکردنەوەی ئاگاداری تەندروستی دەروونی.

لە ڕۆژی پێنج شەممە رێکەوتی (22/1/2026) و لە سێیەم ڕۆژی خولەکەدا مامۆستا بتول عباس فاضل  پسپۆر لە بواری دەروونناسی لە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی نەینەوا، باسی لە گرنگی پاراستنی تەندروستی دەروونی فێرخوازانی زانکۆ کرد، کە دەکرێت لە ڕێگەی ڕێکخستنی کات و دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی چارەسەربکرێت. پاشانیش پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر یونس صلاحدین محمد مامۆستا لە زانکۆی جیهان-هەولێر، روونکردنەوەی بە فێرخوازان وبەشداربوان دا دەربارەی ئاکارى بەکارهێنانى زیرەکی دەستکرد لە بوارە جیاوازەکان.

بابەتەکانى خولەکە بە شێوەیەکی زانستی و کردارەیی باسکران، ئەوەش بە بەکارهێنانی گفتوگۆ، نموونە ڕاستەقینەکان و ڕاهێنانی کردارەیی، بۆ ئەوەش پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆک بەشی کارگێری کار لە کۆتایی خولەکەدا، بڕوانامەی بەسەر فێرخوازان و مامۆستایانى بەشداربوو دابەشکرد.

وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و دەربڕینی هاوسۆزییەکی قووڵ بۆ خەڵکی خۆڕاگری ڕۆژئاوای کوردستان، و لە دژی ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە لە لایەن حکومەتی سوریاوە بۆ سەر کوردانی ئەو ناوچەیە ئەنجام دەدرێن، فێرخوازانی قۆناغی دووەم و چوارەمی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان–هەولێر، چالاکییەکی نیشتمانی و مەدەنی ئەنجامدا.

 ئەم چالاکییە لە ڕۆژی چوارشەممە، رێکەوتی (21/1/2026)، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر، لە شەقامی سوڵتان مظفر شاری هەولێر ئەنجامدرا، کە تیایدا فێرخوازان وەک هەنگاوێکی نیشتمانی و هاوسۆزانە، بۆ پاڵپشتیکردن و پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە پۆشینی جل و بەرگی کوردی دەستیانکرد بە دابەشکردنی زیاتر لە ١٠٠ ئاڵای کوردستان بەسەر هاووڵاتیاندا. ئەم هەنگاوە نیشانەیەک بوو لە هۆشیاری نەتەوەیی و تێگەیشتنی قووڵی فێرخوازان بۆ قەبارە و مەترسییەکانی ئەو کارە نامرۆڤانەی کە لە دژی کوردانی ڕۆژئاوا ئەنجام دەدرێن لە وڵاتی سوریا.

لە کۆتاییدا، فێرخوازان بە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە پەیامێکی ڕوون و هاوخەیان بە هەموو لایەنەکان گەیاند، کە گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا لەیەک دابڕاو نین و لە کاتی قەیران و هەڕەشەدا یەکگرتوو و هاودەنگ دەوەستن. هەروەها ئەم چالاکییە وەک بانگەوازێک بوو بۆ جەختکردنەوە لە مافە ڕەواکان و ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورد، و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە ستەم و تاوانێک کە لە دژیان ئەنجام بدرێت.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی (٢٠/١/٢٠٢٦)، بە چاودێری پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (هاوکار قاسم پیرداود)، سەرۆکی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، خولێکی ڕاهێنانی چڕ و پڕ بۆ فێرخوازانی بەشەکە دەستى پێکرد.

لەو خولەدا، کە بە ناونیشانی “دروستکردنی ژینگەیەکی زانکۆیی پاڵپشتیکار لە ڕووی دەروونییەوە” لە هۆڵی ئەکادیمیای جیهان دەستی پێکرد،  بڕیارە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت، لە یەکەم ڕۆژى خولەکەشدا  پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆرە (ئیبتسام محەمەد سەعید)، پسپۆڕی بواری دەروونناسی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی نەینەوا، وەک یەکێک لە پانێڵیستە سەرەکییەکان خولەکەی دەوڵەمەند کرد. دکتۆرە ئیبتسام محەمەد سەعید بە دیدێکی ئەکادیمییانە تیشکی خستە سەر “ستراتیژییەکانی تەندروستی دەروونی” وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی بۆ کارلێکی کۆمەڵایەتی و سەرکەوتنی ئەکادیمی. هاوکات بە وردی ڕوونی کردەوە کە چۆن پاراستنی هاوسەنگی دەروونی دەبێتە بزوێنەری مرۆیی بۆ ئەنجامدانی کارەکان بە کوالێتییەکی بەرز، هاوکات میکانیزمەکانی “پاڵپشتی دەروونی” لە ڕێگەی گوێگرتنی چالاک و ڕێنماییە زانستییەکانی خستە ڕوو، کە یارمەتیدەر دەبن لەوەی تاکەکان لە ناو ژینگەی زانکۆ و کاردا بەسەر فشارەکاندا زاڵ بن و پەیوەندییە مرۆییەکانیان بەهێزتر بکەن.

لە تەوەرێکی دیکەی خولەکەدا، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (مەحموود محەمەد ئەمین ئەلباشکالی)، مامۆستا لە بەشی کارگێڕی کار، ڕەهەندە کارگێڕییەکانی فشاری دەروونی و کاریگەرییەکانی لەسەر “پرۆسەی بڕیاردان” شیکردەوە. بۆ ئەوەش ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردەکانی داهاتوو لە ناو جەرگەی ئاڵۆزییەکاندا گەورە دەبن، بۆیە  ئەگەر توانای بەڕێوەبردنی فشارە دەروونییەکانیان (Stress Management) نەبێت، کوالێتی بڕیارە لۆژیکییەکانیان دادەبەزێت و تەرکیزیان لاواز دەبێت. جەختی لەوەش کردەوە کە کۆنتڕۆڵکردنی فشار تەنها لایەنێکی دەروونی نییە، بەڵکو کارامەییەکى کارگێڕییە کە ڕێگە بۆ “سەرکردایەتی کاریگەر” خۆش دەکات، بۆیە پێویستە فێرخوازان لە ئێستاوە ڕابهێنرێن کە چۆن لە ژێر فشاردا بڕیاری دروست و لۆژیکی بدەن.

وەک بەشێک لە چالاکییە مرۆیی و خێرخوازییەکانى فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە، بەشی کارگێڕی کار ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (١٨/١/٢٠٢٦)، سەردانێکی مەیدانییان بۆ باخچەی ساوایانی “گوڵاڵە” لە کۆمەڵگەی (هانا سیتی – هافڵان) ئەنجامدا.

ئەم سەردانە بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (قوسەی حەمید سەلامی) و کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لە لایەن خاتوو (شەرمین فەقێ عەبدوڵڵا) بەڕێوەبەری باخچەکە پێشوازییان لێکرا. لەم دەسپێشخەرییەدا، فێرخوازان پلانێکی گشتگیرییان بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی باخچەکە جێبەجێکرد،  پلانەکە پێکهاتبوو لە کەمپەینێکی پاککردنەوەی حەوشە و ناوەوەی باخچەکە.

جگە لە پاککردنەوە، پڕۆژەکە چەند چالاکیەکى دیکەى لەخۆگرتبوو، لەوانە: ڕاخستنی فەرشی نوێ بۆ سێ پۆلی باخچەکە لەبری فەرشە کۆنەکان، هەروەها دروستکردنی سەقفێکی “فایبەرگلاس” بۆ بەشێکی حەوشەی دەرەوە بە مەبەستی پاراستنی منداڵان لە باران و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ یاری و فێربوون.

لە کۆتاییدا، (شەرمین فەقێ عەبدوڵڵا)  بەڕێوەبەری باخچەی ساوایانی “گوڵاڵە”  دەستخۆشی لە مامۆستا و فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ ئەم ڕۆڵە مرۆیی و پیشەییەی کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر باشترکردنی کوالێتی ئەو خزمەتگوزارییانە هەیە کە پێشکەش بە منداڵان دەکەن.

سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١٤/١/٢٠٢٦)، بە بەشدارى ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشەکە؛ هەڵمەتێکی بەرفراوانی هۆشیاریی گشتی بە ناونیشانی (هەنگاوەکانی ژیانێکی تەندروست) بەڕێوەبرد.

ئەم کەمپەینە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاکەکانى کۆمەڵگە سەبارەت بە گرنگیی چالاکیی جەستەیی و پەیڕەوکردنی سیستمێکی خواردنی تەندروست ڕێکخرا بوو، بۆ ئەم مەبەستە، ستافی زانستیی بەشەکە و فێرخوازان لە هەنگاوى یەکەمدا بڕۆشۆرێکی تایبەتیان ئامادە و چاپ کردبوو، کە کۆمەڵێک زانیاریی زانستی و ڕێنمایی پراکتیکیی لەبارەی وەرزشە ڕۆژانەکان (وەک ڕۆیشتن و ڕاکردن)، هەڵبژاردنی خۆراکی گونجاو و گۆڕینی خووە زیانبەخشەکان لەخۆگرتبوو.

لە هەنگاوى دووەمى چالاکیەکەیاندا و بەشێوەیەکى مەیدانیی، تیمێکی فێرخوازان بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محمد قادر)، سەردانی پارکی سامی عەبدولڕەحمانیان لە شاری هەولێر کرد. لەوێدا، لە نزیکەوە لەگەڵ هاووڵاتیان و وەرزشەوانانی ناو پارکەکە گفتوگۆیان ئەنجامدا و بڕۆشۆرە هۆشیارییەکانیان بەسەردا دابەش کردن.

فێرخوازان لە میانەى کەمپەینەکەیاندا جەختیان لە باشترکردنی شێوازی ژیانی تاک و خۆشگوزەرانی گشتی کردوە، هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە زانکۆی جیهان-هەولێر هەمیشە هەوڵ دەدات پەیامی زانستی و مرۆیی بگەیەنێتە نێو جەرگەی کۆمەڵگە.

لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام و پڕۆژەی “زەکاتی زانست” کە زانکۆی جیهان-هەولێر پەیڕەوی دەکات، بەشی کارگێڕی کار دەستپێشخەرییەکی ڕۆشنبیری بۆ پاڵپشتیکردنی کتێبخانەی قوتابخانەکان ئەنجامدا.

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی (١٤/١/٢٠٢٦)، ، بە سەرپەرشتی (پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر قوسەی حەمید سەلامی)، شاندێکی فێرخوازان سەردانی “قوتابخانەی نەسری کچانی نایاب”یان لە هەولێر کرد. شاندەکە لەلایەن (لینا سەعدی لفتە) بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستایانەوە پێشوازییان لێکرا.

ئەم سەردانە بە مەبەستی بەخشینی زیاتر لە (٧٠) ناونیشانی جیاوازی کتێب بوو، کە لە بڵاوکراوەکانی زانکۆی جیهانن. کتێبەکان بوارە جیاوازەکانی وەک (ئەدەب، یاسا، کارگێڕی، ژمێریاری و سیاسەت)یان لەخۆگرتبوو، کە بە هەر سێ زمانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) نووسراون.

بەو بۆنەیەوە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەستخۆشی لە زانکۆی جیهان-هەولێر کرد و ڕایگەیاند: “ئەم دەستپێشخەرییە نەک تەنها کتێبخانەکەمان دەوڵەمەند دەکات، بەڵکو هاندەرێکی گەورەیە بۆ فێرخوازانمان تا زیاتر ڕوو لە خوێندنەوە و توێژینەوە بکەن.”

فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر دەستپێشخەرییەکی خۆبەخشانەی دەستپێکرد بۆ نۆژەنکردنەوەی ، “باخچەی مندالانی گوڵاڵە” لە شاری هانا – هەڤاڵان.

لەو چوارچێوەیەدا و، بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر قصي حميد السلامي، ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (١٣/١/٢٠٢٦) گروپێک لە فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار سەردانى باخچەى منداڵانى گوڵاڵەیان کرد و، بە گەرمى لەلایەن شرمین فقی عبداللە  بەڕێوەبەری باخچەکە و ستافی مامۆستایان پێشوازییان لێکرا، دواتر لە وتەیەکدا بەڕێوەبەرى باخچەکە تیشکی خستە سەر ئەو زیانە بەرچاوانەی بەهۆی بارانبارین دوچارى بووە، پاشان فێرخوازان لە میانەى بەسەرکردنەوەى باخچەکەدا کۆمەڵێک تێبنیان تۆمارکرد و لە نزیکەوە ئاگادارى زیانەکانبوون بەتایبەت بۆیان دەرکەوت بەشێک لە سەقفی پۆلەکان داڕماون، ئاوی باران لە ناوەوە دزە دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی زەوی و تێکچوونی پێداویستیە پەروەردەیی و کارگێڕییەکان، ئەمە جگە لەوەی کارەبای بە تەواوەتی پچڕاوە، ئەوەش وایکردوە کە دەوامى باخچەکە لە پێناو سەرمەلاتى گیانى منداڵان ڕابگرن.

لە بەرامبەر ئەو دەستپێشخەرییەدا، بەڕێوەبەری باخچەی ساوایان ڕایگەیاند، “ئەم دەستپێشخەرییە نوێنەرایەتی چرایەکی ڕاستەقینەی هیوا دەکات بۆ منداڵەکانمان. هاوبەشی لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ کردنەوەی دەرگای باخچەی ساوایان و دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی سەلامەت و گونجاو، بۆ ئەوەش سوپاسی دڵسۆزانەیان ئاراستەی شاندی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر کرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (12/1/2026)،  فێرخوازانی بەشی کارگێری کار بە هەماهەنگی لەگەڵ فێرخوازانی بەشی کارگێری گشتی خۆڕاک و پێداویستى ڕۆژانەیان پێشکەش بە خانەی بێسەرپەرشتان لە شارى هەولێر کرد.

چالاکیەکە بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر بەڕێوەچوو، بە گەیشتنی فێرخوازان لە لایەن شێروان عبدالرحمن حسین بەرێوەبەری خانەکە بەگەرمی پێشوازیان لێکرا. پاشان کورتەیەکى زانیاری سەبارەت بە خانەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، ڕونیکردنەوە خانەی بێسەرپەرشتان سەر بە بەرێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتیە لە شارى هەولێر، وتیشى منداڵ لە تەمەنی یەک ڕۆژ تا هەژدە ساڵی ئەوانەى بێ سەرپەرشتن لە خانەکە وەردەگرن، هەر لەو بارەیەوە ڕونکردنەوەى زیاتر بە فێرخوازان دا و وتى: لە خانەکە شوێنی مانەوە وخەو وەک ماڵ بۆ منداڵان دابینکراوە، بەجۆرێک لە هەر ژوورێکدا دوو یان سێ منداڵ دەمێنێتەوە. ڕۆژانە سێ ژەم خۆراک بۆ منداڵەکان دابین دەکرێت.

لە وێستگەیەکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان کۆمەڵێک خۆڕاک و پێداویستى ڕۆژانەیان پێشکەش بە منداڵانى خانەی بێسەرپەرشتان کرد، بۆ ئەوەش شێروان عبدالرحمن حسین دەستخۆشی لە ستاف و فێرخوازانى هەردوو بەشی کارگێری کار و کارگێڕى گشتی کرد بۆ لە بیرنەکردنی ئەم توێژەی کۆمەڵگە، لە بەرامبەردا مامۆستا سەرپەرشتیار سەرەرای دەستخۆشی لە ستافی خانەکە دڵنیایکردنەوە کە لە داهاتوویەکى نزیکدا پێداویستی زیاتر بۆ خانەکە دابین دەکەن.

No more news to show