پۆلێن نەکراو

پەڕەی سەرەكی

پۆلێن نەکراو

لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنییدا لە كەناڵی ئاسمانیی سپێدە، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 28-12-2025، پەخش کرا؛ ڕزگار ساڵح، فێرخوازی قۆناغی سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، باسی لە بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن فێرخوازانی زانكۆ کرد.

بەرنامەی (ئەمڕۆی سپێدە) كە لە كەناڵی ئاسمانیی سپێدە پەخش دەكرێت، یەكێك لە تەوەرەكانی ئەمجارەی بەرنامەكەی تەرخان كردبوو بۆ باسكردن لە (بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن قوتابیانی زانكۆ)، بۆ ئەو مەبەستەش، كەناڵەكە بانگهێشتی (ڕزگار ساڵح)ـی فێرخوازی بەشی ڕاگەیاندنى كرد بۆ قسەكردن و گفتوگۆ دەربارەی تەوەری بەرنامەكە. لە سەرەتای قسەكانیدا، ڕزگار ساڵح ڕایگەیاند: ژیریی دەستكرد بابەتێكی زۆر نوێ نییە، بەڵام ئێستا زۆر بەربڵاو بووە و خەڵك زۆر بەكاری دەهێنێت، بەتایبەتی لەلایەن فێرخوازانەوە، چونكە ئامڕازێكی زۆر یارمەتیدەرە و دەتوانێت سوودی زۆر گەورە بە بواری خوێندن بگەیەنێت. وتیشی: ژیریی دەستكرد تەواوكەری كاری مرۆڤە و كۆمەڵگە بەرەو پێشەوە دەبات، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت كە ژیریی دەستكرد ناتوانێت بە تەواوی جێگەی كار و پیشەی مرۆڤ بگرێتەوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی لە بەرنامەكەدا، ڕزگار ساڵح وتی: پێویستە فێرخوازانی زانكۆ سوودی زیاتر لە تایبەتمەندییەكانی ژیریی دەستكرد وەربگرن، بەڵام نابێت بیكەنە جێگرەوەی بیركردنەوەی خۆیان. ئێمە لە زانكۆ كۆمەڵێك ئەرك و بەرپرسیارێتییمان هەیە، ئاساییە ژیریی دەستكرد وەك هاوكارێك بۆ دەستخستنی زانیاریی زیاتر و، بەمەبەستی ڕێكخستنی كات بەكاری بهێنین، بەڵام نابێت بەتەواوی سەرجەم ئەركەكە لەڕێگەی ئەوەوە جێبەجێ بكەین، چونكە سەرەنجام بە زیان بۆ سەر ئاستی زانستیی و ئەكادیمییمان ئەشكێتەوە.

لە باسی شێوازی مامەڵەی مامۆستا لە بەركاهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن فێرخوازەوە، ئەو فێرخوازەی بەشی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوەدا كە، بەشێكی زۆری مامۆستاكان ڕێگە دەدەن بە فێرخواز ژیریی دەستكرد بەكاربهێنن، بەڵام بەشێوەیەكی درووست و بە سنوورێكی دیاریكراو، ئەوەش بەو ئامانجەی كە فێرخوازەكە سوود ببینێت، نەك بەپێچەوانەوە زیانی پێ بگەیەنێت. باسی لەوەش كرد، بەشێكی زۆری مامۆستاكانمان لە زانكۆ توانیویانە ژیریی دەستكرد بە فێرخوازان ئاشنا بكەن و ڕێنماییان بكەن كە چۆن ژیریی دەستكرد بەشێوازە درووستەكەی بەكاربهێنن.

لە كۆتایی قسەكانییدا، ڕزگار ساڵح تیشكی خستە سەر ئەوەی كە پێوستە فێرخوازان خۆیان نوێ بكەنەوە و ئاگاداری گۆڕانكارییە تەكنەلۆژییەكانی سەردەم بن، بەتایبەتی كە ئێستا بە سەردەمی ژیریی دەستكرد ناسراوە و نابێت لێی بێئاگا بین.

سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان – هەولێر ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٧-١٢-٢٠٢٥،پێشوازیی كرد لە مەناف موبارەک بەرپرسی پرۆژەکانی تۆڕی DWـی ئەڵمانی و، وۆركشۆپێكی بەئامانجی بەهێزکردنی توانا پیشەییەکانی فێرخوازان و گرێدانی لایەنی تیۆری بە ئەزموونە نێودەوڵەتییە مەیدانییەکان ئەنجام دا.

لەو وۆركشۆپەدا، كە لە هۆڵی ئەكادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەشێوەیەكی چڕ دەستی پێکرد، ژمارەیەك لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە هەموو قۆناغە جیاوازەكان ئامادەیبوون و، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، لە وۆركشۆپەكەدا بەشێوەیەکی سەرەکیی گرنگیی درا بە پێشبینیکردنی داهاتووی پیشەیی بۆ فێرخوازان و گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگە و میکانیزمە نوێیەکان کە توانای ئەوەیان پێدەدات بە متمانە و شارەزاییەوە بچنە ناو بازاڕی کاری میدیاییەوە.

بۆ ئەو مەبەستە مەناف موبارەک بەشێکی گەورەی وۆرکشۆپەکەی تەرخان کرد بۆ لایەنی تەکنیکی و پراکتیکی، کە تیایدا ڕوونکردنەوەیەکی وردی پێشکەش بە فێرخوازان کرد دەربارەی ئەپڵیکەیشنی DPA، هاوكات باسی چۆنیەتی سوودوەرگرتنی كرد لەم ئەپڵیکەیشنە و، بەکارهێنانی وەک ئامڕازێکی کاریگەر لە کاری ڕۆژنامەوانییدا كرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١٠ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی مەیپڵ تری، وۆرکشۆپێکی تایبەتی لە هۆڵی VIPی زانکۆ ئەنجامدا.

 ئەم وۆرکشۆپە کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچوو و تیایدا تیشکی خستە سەر “هۆشیاری ژینگەیی و تێگەیشتن لە ئازارەکانی ژینگەپارێزان” بە ئامانجی بەئاگاهێنانەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر بە بەرپرسیارێتییە مەدەنییەکانیان، بۆ ئەوەش لەسەرەتاى  وۆرکشۆپەکەدا  (پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود) سەرۆک بەشی کارگێڕی کار لە وتەیەکیدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەر تاکێکی کۆمەڵگە ڕێز لە ماندووبوونی ژینگەپارێزان بگرێت. هاوکات شێوازە تەندروستەکانی فڕێدانی پاشماوەکانی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە و بەتایبەت جەختی لەسەر پاشماوەی شووشە کردەوە، کە دەبێت پێش فڕێدانی لە ناو کارتۆن بپێچرێتەوە بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی بریندارکردنی ژینگەپارێزان لە کاتی کارکردندا.

پاشان،  (هەکار عەبدولەتیف) بەڕێوەبەرى ڕێکخراوی مەیپڵ تری، کورتەیەکی لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ زبڵ و خاشاک پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە هەبوونی سەلەی زبڵی ڕێکخراو لە هەموو ماڵێکدا، نەک تەنها یارمەتی ژینگەپارێزان دەدات، بەڵکو سیمایەکی شارستانیش بە شار دەبەخشێت.

 لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا ڤیدیۆیەکی کاریگەر لەسەر ئاستەنگییەکانی ژینگەپارێزان نیشان درا. لە کۆتاییدا، ڕێکخەرانى وۆرکشۆپەکە “چاڵێنج”ێکیان ڕاگەیاند بۆ ئەوەی هەر کەسێک ئارەزووی هەیە بۆ ماوەی ڕۆژێک وەک ژینگەپارێز کار بکات تا لە نزیکەوە هەست بەو ئەرکە قورس و ماندووبوونە بکات.

لە چوارچێوەی کاری خۆبەخشی دەزگای زەکاتی زانست لە زانکۆی جیهان سلێمانی، لە چوارچێوەی چالاکییە زانستی و ئەکادیمییە بەردەوامەکانی، و بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، بەشی یاسای زانکۆی جیهان-سلێمانی وۆرکشۆپێکی مەیدانی و تایبەتمەندی لەژێر ناونیشانی (زمانی کوردی؛ وەک زمانی نوسینی کارگێڕی) ساز کرد. وۆرکشۆپەکە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٢/٢١ لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی لە هۆڵی سیمینارەکانی زانکۆی جیهان-سلێمانی بەئامادەبوونی بەڕێز پ.د.ئومێد رفیق فتاح سەرۆکی زانکۆ وپ.ی.د سادات عبدالله یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ ، ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان، خوێندکاران بەڕێوەچوو.
ناوەڕۆکی پانێڵەکە، گفتوگۆیەکی چڕ و وردی لە خۆگرتبوو لەسەر گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم بەکارهێنانی زمانی کوردی لە دامودەزگا فەرمییەکان بە گشتی و سنوری پارێزگای سلێمانى بەتایبەت. و تەوەرەکان بەم جۆرە بوون:
تەوەری یەکەم: بەڕێز شاهۆ عوسمان کەریم جێگری پارێزگاری سلێمانى، هەڵسەنگاندنێکی مەیدانی پێشکەش کرد و بە تەواوی باسی لە “هەڵسەنگاندنی ئاستی پشت بەستن بە زمانی کوردی وەک زمانی نوسینی کارگێڕی لە دامودەزگاکانی پارێزگای سلێمانیدا” کرد، کە تێیدا دەرکەوتە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بەکارهێنانی زمانەکەی لە نوسراوەکاندا خستە بەرباس.
تەوەری دووەم: بەڕێز لیلی عمر علی سەرۆکی شارەوانی سلێمانى، لە ڕوانگەی ئەزموونی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانەوە، باسی لە “ڕۆڵی شارەوانی لە برەودان و پێشخستنی زمانی فەرمی کوردی” کرد و نموونەی زیندووی لەو بارەوە خستە ڕوو.
تەوەری سێ یەم: بەڕێز .د. ئاسۆ حەمەشین عەبدالکریم سەرۆکی بەشی یاسا، تیشکی خستە سەر لایەنی یاسایی و کارگێڕی بابەتەکە و بە وردی باسی لە “ڕۆڵی دەسەڵاتی کارگێڕی لە گرنگیپێدان بە زمانی کوردی؛ وەک زمانی فەرمی و زمانی دایك” کرد و بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی لەم ڕووەوە ڕوون کردەوە.
پانێڵەکە لەلایەن (پ.ی.د. عیباد ئیبراهیم ئەحمەد مامۆستا لەبەشی یاسا) بەڕێوە برا.
وۆرکشۆپەکە بە گفتوگۆی ئامادەبووان و خستنەڕووی چەندین ڕاسپاردە بۆ باشترکردنی زمانی نوسین لە فەرمانگەکاندا کۆتایی پێ هات.

بە سەرپەرشتى پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (قوسەی حەمید سەلامی)، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٤/١٢/٢٠٢٥، بەشدارییان لە فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری “النصر” بۆ کتێب کرد.

لەو فیستیڤاڵەدا، کە لە ئامادەیی (النصر) بۆ کچان و بە دروشمی “کتێب پەنجەرەی زانستە، بە خوێندنەوە بەرز دەبینەوە و پێش دەکەوین” بەڕێوەچوو، سەرەتا شاندەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەن مامۆستا (لینا سەعدی لەفتە) بەڕێوەبەری قوتابخانە و ستافی مامۆستایانەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، کە تێیدا جەخت لە گرنگیی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە کرایەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دامەزراوە پەروەردەیی و فێرکارییەکان.

لەو فێستیڤاڵەدا، کە چەندین کەسایەتی پەروەردەیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای نەینەوا، لەوانە (شەعبان عەتیە ئەللهێبی) بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاری پسپۆڕی، و چەند بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى هەولێر بە سەرۆکایەتی (هادی عەبدولسەتار شبل) بەڕێوەبەری بەشی هەولێر، لەگەڵ ستافی ئامادەیی (النصر) ئامادە بوون، چەندین چالاکیی هونەری و ڕۆشنبیری پێشکەشکران، کە ڕۆڵی بنەڕەتیی کتێبیان لە فراوانکردنی ئاسۆی مەعریفی نیشان دەدا. هاوکات پیشانگەیەکی هاوبەشی کتێب لە نێوان ئامادەیی (النصر) و زانکۆی جیهان-هەولێر کرایەوە، کە تێیدا بڵاوکراوەکانی زانکۆ سەرنجی ئامادەبووانیان ڕاکێشا. لە پەراوێزی پیشانگەکەدا، چەندین پرسیار سەبارەت بە دانپێدانانی فەرمی زانکۆی جیهان و دەرفەتی کارکردنی دەرچووانی لە فەرمانگەکانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد ئاراستە کران. لەم چوارچێوەیەدا، دکتۆر قوسەى سەلامی لە ڕێگەی وەڵامە وردەکانیەوە ڕوونی کردەوە کە زانکۆی جیهان-هەولێر لەسەر سەرجەم ئاستەکان بە فەرمی ناسێنراوە و، جەختی کردەوە دەرچووانی زانکۆکە خاوەنی دەرفەتی یەکسان و گونجاون لە بازاڕی کاری ناوخۆیی و نیشتمانیدا.

وەک دەربڕینی ڕۆحی هاوبەشی، دکتۆر قوسەی سەلامی کۆمەڵێک لە بڵاوکراوەکانی زانکۆی پێشکەش بە کەسایەتییە ئەکادیمییە ئامادەبووەکان کرد، ئەوانیش لای خۆیانەوە سوپاسی زانکۆی جیهان-هەولێریان کرد بۆ بەشدارییە کاراکەی لەو چالاکیە زانستییەدا. هەروەها لە لایەن ئامادەیی (النصر)ەوە چەندین تابلۆی سوپاس و پێزانین پێشکەش بە بەشداربووان کرا، کە دکتۆر سەلامی یەکێک لەو تابلۆیانەی بە نوێنەرایەتی زانکۆی جیهان وەرگرت.

لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا، بەڕێوەبەری قوتابخانە و دەستەی مامۆستایان سوپاس و پێزانینی زۆریان ئاراستەی شاندی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ ئەم دەستپێشخەرییە جوانە، کە بووە هۆی ڕوونکردنەوەی دیدگەی زانکۆ بۆ میوانەکان و، کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ داهاتوویەکی ئەکادیمی و پیشەیی گەشاوە.

لە چوارچێوەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و بەدەمەوەچوونی بانگەوازە مرۆییەکان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (١٥/١٢/٢٠٢٥)، گروپێک لە فێرخوازانی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییەکی کارا و بەرچاویان لە هەڵمەتێکی فراوانی دابینکردنی کۆمەک و هاوکاری بۆ لێقەوماوان و زیانلێکەوتوانی قەزای چەمچەماڵ کرد.

لە میانەی سەردانەکەیاندا و بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود)، فێرخوازان بە گیانێکی بەرزی مرۆڤدۆستییەوە بەشدارییان لە چالاکیەکەدا کرد، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان جگە لە دابینکردنی بەشە خۆراکی پێویست و جلوبەرگی گونجاو بۆ وەرزەکە، گرنگییەکی تایبەتیان بە لایەنی تەندروستی و پەروەردەیی دا لە ڕێگەی دابەشکردنی پێداویستییە بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان، بەمەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شان و ماڵی لێقەوماوان. فێرخوازانی بەشی کارگێری کار دووپاتیان کردەوە کە ئەوان وەک بەشێک لە ئەرکی ئەخلاقی و نیشتمانی خۆیان، بەردەوام پێشەنگ دەبن لە کاری خۆبەخشی و خێرخوازی.

لە کۆتایی چالاکییەکەدا، فێرخوازان جەختیان لەوە کردەوە کە پشتیوانییەکانیان بەردەوام دەبی بۆ خزمەتکردنی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.

رۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٠/١٢/٢٠٢٥) فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر لە کارێکى هونەرى خۆبەخشیدا دیوارەکانی قوتابخانەی ژیانی هاوچەرخ لە شارى هەولێر دەنەخشێنن.

هەڵەمەتەکەى فێرخوازان، بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم بیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار بەرێوەچوو، لەسەرەتادا فێرخوازان دەستیانکرد بە ئامادەکردنی کەرستەی بۆیەکردن وەک سبوخ وفلچە. پاشان فێرخوازان دەستیان بە بۆیە کردن ورازاندنەوەی دیوارەکان بە رەنگی جیاواز ونەخشاندنی ئاڵای کوردستان لەسەر دیوارەکان، ئەم هەڵمەتەش بووە هۆکارێک بۆ جوانکردن ودڵخۆشبوونی فێرخوازانی قوتابخانەی ژایانی هاوچەرخ.

لە کۆتایی هەڵمەتەکەدا، ستافى بەڕێوەبەرایەتى قوتابخانەکە سوپاس و دەستخۆشیان ئاراستەی فێرخوازانی بەشی کارگێری کار کرد.

بە دروشمی “لە هەڵسەنگاندنەوە بۆ جێبەجێکردن”، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣/١٢/٢٠٢٥، فێرخوازانی بەشی کارگێڕیی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی “ئامادەیی هەولێری کچانی نمونەییان” كرد، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلانی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدان قوتابخانەكە.

سەردانەکە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر قوسەی حەمید سەلامی و بە یاوەری گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشەکە بەڕێوەچوو. وەفدەکە لەلایەن مامۆستا ڕوقییە سەلاحەدین شاکر بەڕێوەبەری قوتابخانەكە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان بەدواداچونیان بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلانی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدان قوتابخانەكە كرد، كە بریتیە لە چاککردنەوەی زەویی (ئەرز)ی پۆلە کەرەڤانەکان، لەگەڵ گرتن و چاککردنەوەی کون و کەلێنەکانی سەربانی کەرەڤانەکان و، دانانی پەنجەرەی نوێ لە شوێنی پەنجەرە تێکچووەکان لەگەڵ دانانی داپۆشەری پارێزەر بۆ سەربانەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دزەکردنی ئاوی باران و، بۆ باشترکردنی ژینگەی خوێندن و دابینکردنی کەشێکی ئارام و لەبار بۆ فێربوون و داهێنان.

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ستایشی ڕۆڵی پێشەنگانەی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد لە بواری خزمەتکردنی کۆمەڵگە، هەروەها ئەو پەرۆشییەی بەرز نرخاند کە فێرخواز و مامۆستایانی بەشی کارگێڕیی کار نیشانی دەدەن بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی پڕۆژەگەلێک، کە کاریگەریی ئەرێنی و ڕاستەوخۆیان لەسەر واقیعی قوتابخانەکەیان هەیە.

لە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٢٧/١٠/٢٠٢٥)، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەى ئامادەیی بانی ناحکومی ئەنجامدا و، چالاکیەکى زمانەوانیان ئەنجامدا، ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ڕۆژین حوسێنی) بوو.

لە سەرەتای سەردانەکەدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن  هەریەک لە مامۆستا گۆران ڕەزا حسێن بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە و سلوان تاها مەحمود لێپرسراوی کوالێتی قوتابخانەکە پێشوزییان لێکرا، پاشان فێرخوازان لە هۆڵى قوتابخانەکە ناوڕۆکى چالاکیەکەیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد و، تیایدا  کۆمەڵێک یاریی کارلێککارانەی زمانەوانیان پێشکەش کرد، کە تایبەت بوون بە یارمەتیدانی قوتابیان بۆ باشترکردنی تواناکانی خوێندنەوەی وشەکان (pronunciation)، کە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش دیزاین کرابوون.

چالاکییەکان سەرنجی قوتابیانى لەسەر ڕاهێنان لەسەر دەنگە ئینگلیزییەکان بوو، کە تیایدا جەخت لەسەر وشە (stress)، و ئاواز (intonation) بوو، لە کاتێکدا کەشێکی یارییانە پارێزرا بوو کە هانی بەشداریکردن و متمانەبەخۆبوونی قوتابیانى قوتابخانەکەی دەدا. ئەم شێوازە نیشانیدا کە چۆن بەکارهێنانی یارییەکان لە پۆلدا دەتوانێت ڕاهێنانی خوێندنەوەی وشەکان (pronunciation) کاریگەر و هاندەر بێت.

لە کۆتایی چالاکیەکەدا، ستافى قوتابخانەکە دەستخۆشیان لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد بۆ ئەنجامدانى چالاکیەوە و هاندانى قوتابیان بە ڕێگەى جیاواز تر بۆ فێربوونى زمانى ئینگلیزى.

گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر لە ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٩/١٠/٢٠٢٥)، چالاکییەکی هۆشیارکردنەوەیان بە ناونیشانی “خوێندنی دیجیتاڵی و ڕۆشنبیریی دیجیتاڵی بۆ زیرەکیی دەستکرد”، بە سەرپەرشتیی مامۆستا (پۆڵا تەحسین محەمەد)، ئەنجامدا.

چالاکییەکە لە بازاڕى سوڵتان موزەفەر بەڕێوەچوو، کە تێیدا فێرخوازان پرۆشۆر و نامیلکەى هۆشیارکردنەوەیان لەبارەى خوێندەوارى دیجیتاڵی و ڕۆشنبیریی زیرەکیی دەستکرد بەسەر هاوڵاتیان و دوکانداران و ڕێبواران دابەشکرد، کە کۆمەڵێک زانیاری بنەڕەتییان لەسەر چۆنیەتیی یەکخستنی کاریگەر و بەرپرسیارانەی ئامرازە دیجیتاڵییەکان و تەکنەلۆژیاکانی زیرەکیی دەستکرد لە ژیانی ڕۆژانە و خوێندندا لەخۆگرتبوو.

فێرخوازان لە میانەى دابەشکردنى پۆستەرەکاندا لە گفتوگۆیان لەگەڵ دوکانداران و ڕێبواران و هاوڵاتیان سەبارەت بە ڕۆڵی پەرەپێدانى زیرەکیی دەستکرد لە خوێندن و کۆمەڵگە کرد و، جەختیان لەوە کردەوە کە ڕۆشنبیریی دیجیتاڵی بۆ زیرەکیی دەستکرد واتە تێگەیشتن لە چۆنیەتیی کارکردنی، ناسینەوەی سوود و سنوورەکانی و، بەکارهێنانی ئامرازەکانی بە شێوەیەکی ژیرانە و ئەخلاقی. هەروەها ڕوونیان کردەوە کە بەهێزکردنی ئەم کەلتوورە بەشدارە لە توانادارکردنی تاکەکان بۆ وەرگرتنی بڕیاری هۆشیارانە، پاراستنی تایبەتمەندێتییان و گونجاندن لەگەڵ گەشەسەندنە تەکنەلۆژییە خێراکاندا.

لە کۆتایی چالاکییەکەدا، فێرخوازان جەختیان لەوە کردەوە کە زیرەکیی دەستکرد بنەمایەکی سەرەکییە لە داهاتووی خوێندندا، کە ئەمەش داهێنان و نوێگەری و فێربوونی بەردەوام لە سەردەمی دیجیتاڵیدا بەهێزتر دەکات.

No more news to show