پ.ی.د. ئیسماعیل نەجمالدین نامق توێژینەوەیەکی زانستی بە ناونیشانی (زمانی کوردی وەک زمانی یاسادانان و دادوەری) بڵاوکردەوە، لە ژمارەی هەشتەمی گۆڤاری زمانەوانی کە لەلایەن ناوەندی توێژینەوە زمانییەکان لە زانکۆی جیهان – سلێمانی دەردەچێت.
ئامانجی ئەم توێژینەوەیە بەرزکردنەوەی هۆشیاری زمانییە و پشتگیری کردنە لە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە یاسادانان و لە نووسینی بڕیارە دادگاییەکاندا، کە لەلایەن دادگاکانی جۆراوجۆر دەردەچن.
پ.ی.د. ئیسماعیل نەجمالدین نامق کتێبی خۆی بە ناونیشانی (یاسای کارگێڕی ژینگە) بڵاوکردەوە، کە لە ناوەڕۆکیدا چەمکی یاسایی ژینگە، شێوەکانی پاراستنی ژینگە، ڕێکخستنی یاسایی ژینگە، هەروەها ڕۆڵی چاودێری دادگایی لەسەر بڕیارە کارگێڕییە ژینگەییەکان باس دەکات، وەکە هەروەها چەند بابەتێکی گرنگی تر لە بواری یاسادا.
ئەم کتێبە بە کارێکی زانستی و گرنگ دادەنرێت و تایبەتمەندە بە ناوەڕۆکی زانستی قووڵ و ورد، و کاریگەرییەکی دیاریکراوی هەیە لە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی پاراستن و پارێزگاری ژینگە لە چوارچێوەی یاساییدا.
لە زانكۆی جیهان – سلێمانی لە مەراسیمێکی شایستەدا، بڕوانامە بەخشرایە مامۆستایانی بەشداربوی چوارەم خولی پێداگۆجی، کە تێیدا (٨٥) مامۆستای وەزارەتی پەروەردە تێیدا بەشداربوون.
خولەكە بە هەماهەنگی لە نێوان دەستەی ئەمیندارانی زانكۆكانی جیهان و وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكخرابوو، وەئامانجی ئەم خولە، ڕاهێنانی مامۆستایان بوو لەسەر نوێترین شێوازەكانی وانەووتنەوە (پێداگۆجی) و ئامادەكردنیان بۆ گواستنەوەی تواناكانیان بۆ خوێندنگە جیاوازەكان.
لەمەراسیمەکدا بەڕێزان پ. د. ئومید روفیق فتاح، سەرۆکی زانکۆ و پ. ی. د.سادات عەبدللە عزیز، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، بەڕێوەبەر گشتی پەروەردەی سلێمانی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی مەشق وڕاهێان، وە بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات ئامادەبوون، لە کۆتاییدا سوپاس وڕێزلێنان بە مامۆستایانی خولەکە و بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر مامۆستایانی بەشداربوو دابەشکرا.
قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی میوانداریی زانکۆی جیهان-سلێمانی کرد. لە دانیشتنەکەدا کە هەریەك لە بەڕێز سەرۆکی زانکۆی جیهان-سلێمانی پ.د ئومێد رفیق فتاح و بەڕێز قائیمقامی سلێمانی ئاوات محمد غفور و ئەندامانی لیژنەی باڵای قائیمقامیەتی تێیدا ئامادەبوون، باسی هەنگاوە ئایندەییەکان کرا بۆ بە سیستەمیکردنی کار و چالاکییەکانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی.
پێشتر و لەبەر ڕۆشنایی یادداشتێکی لێکتێگەیشتی نێوان زانکۆکە و قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، زانکۆی جیهان-سلێمانی پۆرتاڵی تایبەت و چەندین ئامێر و سێرڤەری بۆ قایمقامیەت دابین کرد. دابینکارییەکانی زانکۆی جیهان- سلێمانی، کاری لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت کە ٤٧ لیژنەن تەواو ئاسان دەکات وهەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بە دیجیتاڵکردنی داتاکان.
لە لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆکی زانکۆی جیهان-سلێمانی ئامادەیی تەواوی زانکۆی بۆ پاڵپشتیکردنی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لە ئێستا و داهاتوودا، بە شێوازێك کە ئەرکی سەرشانی لیژنەکان سووکتر بکات و بتوانن خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتیان بگەیەنن.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، بەڕێز قائیمقامی سلێمانی سوپاسی بێ پایانی زانکۆی جیهان-سلێمانی کرد و خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە بەڕێز سەرۆکی زانکۆ و بەڕێز پ.ی.د. نزار عبدالقادر علی لە پای ماندووبوونیان لە دروستکردنی پۆرتاڵی قائیمقامیەت و بە دواداچوون وهەماهەنگیی لەگەڵ تیمە پسپۆڕەکانی قائیمقامیەت، کارێك کە دەچێتە خزمەتی شاری سلێمانی و سەرجەم دانیشتوانی شارەکە.
بەڕێز سەرۆکی زانکۆی جیهان سلێمانی پ. د. ئومێد رفیق فتاح و بەڕێز سەرۆکی زانکۆی جیهان – دهۆک پ. د. زێڤان عبدالمحسن أسعد بەشدارییان لە دانیشتنەکانی ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسی (Digital Universities Arab World 2025) کرد، کە لە شانشینی عومان لە ١٦ تا ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ بەڕێوەدەچێت. ئەم کۆنفرانسە لەلایەن دامەزراوەی تایمزی بەریتانی (Times Higher Education) بە هاوکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە و داهێنان لە شانشینی عومان و لە زانکۆی (الجامعة العربية المفتوحة )سازدرابوو.
چالاکییەکانی ڕۆژی یەکەم بە ئامادەبوونی زیاتر لە (٣٠٠) سەرکردەی خوێندنی باڵای لە جیهاندا بەڕێوەچوو، لەوانە سەرۆکی زانکۆکان، ڕاگری کۆلێژەکان، بەڕێوەبەری سەنتەرەکانی توێژینەوە، و شارەزایانی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی، جگە لە زیاتر لە (٧٠) وتاربێژی پسپۆڕ کە باس لە بابەتەکانی زیرەکی دەستکرد، فێربوونی تێکەڵاو، و حوکمڕانی دیجیتاڵی زانکۆیی دەکەن. بەشداریکردنی سەرۆکی زانکۆ لەم بۆنەیەدا بەڵگەیە لەسەر گرنگیپێدانی زانکۆ بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە جیهانییەکان لە بواری خوێندنی باڵادا، و دووپاتکردنەوەی ئامادەیی ئەکادیمی زانکۆیە لەسەر ئاستی عەرەبی و نێودەوڵەتی، هەروەها بنیاتنانی پردی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە پێشەنگەکان لە بواری فێربوونی دیجیتاڵیدا.
بەڕێز پ.د. کریم شەریف قەرەجەتانی سیمینارێک بە خوێندکارانی قۆناغی یەکەم لە پةیمانگای تەکنیکی و پیشەیی زانکۆی جیهان پێشکەش کرد بە ناونیشانی «چۆنیەتی خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەی زانکۆ و پێداویستیەکانی ئەم قۆناغەی نوێ». لەو سیمینارەدا، ووتی سەبارەت بە هۆکارە یارمەتیدەرەکان بۆ خۆگونجاندن لە ناو ژینگەی ئەکادیمیایەوە دوای گواستنەوە لە ژینگەی جیاواز و تەواوەتی، و ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران و مامۆستایان بەشداربوون.
بەڕێز (پ.د. کریم شەریف قەرەجەتانی) سیمینارێکی پەروەردەیی ـ دەروونی بە ناونیشانی «ڕۆڵی خێزان لە فێرکردن و ئاگادارکردنەوەی منداڵ بە خوێندنەوە» لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب پێشکەشکرد، کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بەشداربوون، و سەرنجی سەرەکی خستە سەر هۆکارە یارمەتیدەرەکان بۆ بەردەوامبوون لە خوێندنەوە، بە تایبەتی ڕۆڵی دایک و باوک لەم بوارەدا.
بەشداری دکتۆر مؤمن محەمەد یاسین، سەرۆکی بەشی وەرگێڕان و بەڕێوەبەری ناوەندی زمانەکان لە زانکۆی جیهان – سلێمانی، لە کۆرسێکی راهێنانی سەربە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا کرد؛ ئەم کۆرسەش راهێنانێک بوو لەسەر ڕۆڵی کامپەینە میدیاییەکان لە گۆڕانکاری کۆمەڵگەدا، هەروەها کاریگەری زمان و ڕۆڵی زمان لە چۆنیەتی ئاڕاستەکردن و گۆڕانکاری کۆمەڵگە جیاوازەکاندا.
بەبۆنەی هەڵمەتی شانزە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 26-11-2025 بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود) فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سیمینارێكیان دەربارەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە قوتابخانەی (شارستانی كچان) ئەنجام دا.
مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان، لەلایەن مامۆستا (ڕووناك یەعقووب) بەڕێوەبەری قوتابخانەكە پێشوازییان لێكرا و، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەو دەستپێشخەرییەی بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی جیهان-هەولێر بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاكییە كە مەبەست لێی هۆشیاركردنەوەی قوتابیانە سەبارەت بەو پرسە گرنگە.
لە سەرەتای سیمینارەكەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار (دڵان ئیسماعیل) تیشكی خستە سەر چالاكییەكانی هەڵمەتی شانزە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و چەند زانیارییەكی گرنگی لەوبارەیەوە خستەڕوو. پاشان فێرخوازی قۆناغی سێهەم (لەیار ئازاد) باسی لە توندوتیژیی ئەلیكترۆنی كرد كە بەرامبەر بە ئافرەتان ئەنجام دەدرێت. دواتر فێرخواز (ژیلیا حاتەم) لە قۆناغی سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن، تیشكی خستە سەر ڕێگەكانی خۆپاراستن لە هێرشە ئەلیكترۆنییەكان كە سەرەنجام توندوتیژیی لێ دەكەوێتەوە. لە كۆتایی سیمینارەكەشدا، فێرخوازی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن (نەجوا ڕەشید) باسی لە هێڵە گەرمەكانی پەیوەندیی كرد كە ئافرەتان دەتوانن لەكاتی ڕووبەڕوونەوەی توندوتیژیی ئەلیكترۆنی هانایان بۆ ببەن.
لەكۆتایی چالاكییەكەدا، مامۆستا ڕووناك یەعقوب بەڕێوەبەری قوتابخانەی شارستانی كچان سوپاسی ئاڕاستەی مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان كرد لە بەرامبەر هەوڵ و بەشداریكردنیان لە هەڵمەتەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
لە درێژەی چالاكییەكانیدا بەبۆنەی هەڵمەتی شانزە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 26-11-2025 بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود) فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن هەستان بە ئەنجامدانی چالاكییەكی هۆشیاری لەنێو بازاڕی میللی گەڕەكی نەورۆز.
چالاكییەكە بە بەشداریی بەشێك لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر بەبۆنەی هەڵمەتی شانزە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمەڵێك بڵاوكراوەی هۆشیارییان لەنێو بازاڕی میللی گەڕەكی نەورۆز لە شاری هەولێر دابەشكرد، ناوەڕۆكی بڵاوكراوەكان تەرخان كرابوون بۆ تیشك خستنەسەر ناسینەوەی توندوتیژیی ئەلیكترۆنی و شێوازەكانی، هاوكات ڕێگەكانی خۆپاراستن و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی ئەلیكترۆنی تێدا خراوەتەڕوو.
بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر وەك ناوەندێكی ئەكادیمی و زانستی، چالاكانە بەشداریی دەكات لە هەڵمەتەكانی هۆشیارییدا و، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێگای جۆراوجۆری گەیاندنی پەیامی هۆشیاریی لەڕێگەی ئامڕازە جیاوازەكانی ڕاگەیاندنەوە دەگرێتە بەر.