پۆلێن نەکراو

پەڕەی سەرەكی

پۆلێن نەکراو

رۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٨/١١/٢٠٢٥)  گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، وەک بەشێک لە چالاکییەکانی «مانگی هۆشیاریی تەندروستیی پیاوان»، چالاکییەکی هۆشیارییان لە (دریم ستی) ئەنجامدا.

چالاکییەکە بەسەرپەرشتى مامۆستا (پۆلا تەحسین محەممەد)ـ بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان چەندین بڵاوکراوەی هۆشیارییان دابەش کرد کە زانیاریی گرنگیان لەخۆگرتبوو دەربارەی تەندروستیی پیاوان، لەوانە: تەندروستیی پڕۆستات، تەندروستیی دەروونی، مەترسییەکانی نەخۆشیی دڵ و خوێنبەرەکان، هەروەها گرنگیی ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییە خولییەکان. چالاکییەکە جەختی کردەوە سەر گرنگیی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکان، گرتنەبەری شێوازی ژیانی تەندروست و زیادکردنی هۆشیاری دەربارەی ئەو نەخۆشییانەی کە دەکرێت پیاوان لێی پارێزراو بن.

لە میانەی چالاکییەکەدا، فێرخوازان گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاوڵاتیان کرد و، جەختیان لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی پشکنینی بەردەوام و هاندانی گفتوگۆی کراوە دەربارەی پرسەکانی تەندروستیی پیاوان کردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٨/٥/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغى یەکەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکى نەمام چاندنیان بەڕێوەبرد.

لەو هەڵمەتەدا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر زوبەیدە هیشام شوکر  بەڕێوەچوو، فێرخوازان (٢٥) نەمامیان لە دەورەبەرى شارى هەولێر چاند بە ئامانجى پاکڕاگرتنى ژینگەى هەولێر و، فراوانکردنى ڕێژەى سەوزایی لە شارەکە، لە میانەى چالاکیەکەیاندا فێرخوازانى بەشى شیکارى کیمایی پزیشکى بەشێوەیەکى چالاکانە بەشدارییان کرد و، نەمامەکانیان بەپێى خواستى بەڕێوەبەرایەتى ئەندازەى پارەکەکان لە شارى هەولێر و، پێویستى ناوچەکە چاند.

زانکۆى جهیان-هەولێر وەک ناوەندێکى ئەکادیمى لە هەموو ئاستەکان هەوڵەکانى خۆى خستۆتە کار بۆ جێبەجێکردن و بەدیهێنانى  ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی بەردەوام، ئەم هەڵمتەى فێرخوازانى بەشى شیکارى کیمیایی پزیشکى لە چوارچێوەى پاراستن و بەرەوپێشبردنی هۆشیاری ژینگەیی و زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی و پاراستنى تەندروستی گشتی دێ.

فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری کیمیای پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٢٧/٤/٢٠٢٥) و، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی زانکۆکە، سەردانی قوتابخانەی غەشای ئەهلی-هەولێریان کرد، کە سەر بە ناوەندە پەروەردەییەکانى کامبریجە.

سەرەتا فێرخوازان لەلایەن عەتا لەتیف محمد  جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە سەردانەکەیاندا سەردانەکەدا، بابەتێکى هۆشیارییان سەبارەت بە مەترسیەکانى بەکارهێنانى جگەرەکێشان و ڤاپینگ پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، بۆ ئەو مەبەستەش بەوردى باسیان لە مەترسییەکانی جگەرەکێشان و کاریگەرییە زیانبەخشەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەسەر تەندروستى مرۆڤ کرد، دواتریش کۆمەڵێک ئامۆژگارییان سەبارەت هەنگاوە پراکتیکییەکان بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان و ڤەیپ پێشکەش بە قوتابیان کرد، هەروەک هانى قوتابیانیاندا خۆیان بەدور بگرن لەو کەسانەى کە جگەر و ڤەیب دەکێشن.

لە کۆتاییدا قوتابیان هەندێک پرسیاریان سەبارەت بە بابەتەکە لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، ئەوانیش بەشێوەیەکى زانستى وەڵامى پرسیارەکانیان دایەوە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٢/٤/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی قوتابخانەی کاپیتال سیتی تایبەتیان  لە شارى هەولێر کرد و چالاکیەکى هۆشیارى تەندروستیان بەڕێوەبرد.

سەرەتا فێرخوازان لەلایەن شاجوان لاولاو ڕەمزی یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. سمینارێکیان بەناونیشانی “مەترسییە شاراوەکانی جگەرەکێشان” پێشکەشکرد، لەو سمینارەیاندا کە بەئامادەبوونى قوتابیانی ئامادەیی بەڕێوەچوو، باس لە مەترسییە تەندروستییە جدییەکانی پەیوەست بە جگەرەکێشان کرا. هەروەها تیشکیان خستە سەر ڕۆڵی گرنگی پەروەردەی تەندروستی و ئاگاداربوون لە دۆخى تەندروستى. دواتریش بەشێوەیەکى پراکتیکى و وێنەى ڤیدیۆى ئاستى مەترسیەکانیان بۆ قوتابیان زیاتر ڕونکردەوە.

لە کۆتایدا، سەرپەرشتیارانى قوتابخانەکە سوپاسى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد، بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى سمینارەکە و هۆشیارکردنەوەى قوتابیانیان لە بارى تەندروستیان بەشێوەیەکى باشتر.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٥/٢/٢٠٢٥) دوول ە فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی ئامادەیی نۆلیڤەریان کرد بۆ پێشکەشکردنی سیمینارێکی پەروەردەیی سەبارەت بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە بواری پەروەردە و پزیشکیدا.

 سەردانەکە لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر عەبدوڵڵا جەودەت سەرپەرشتی کرا، بە گەیشتنیان بە قوتابخانەکە لەلایەن دالین عەبدولکەریم مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان چالاکیەکەیان دەستپێکرد و کۆمەڵێک زانیارى گرنگیان لەبارەى ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد لە بەکارهێنانی پەروەردەیی و دەستنیشانکردنی پزیشکی و دۆزینەوەی دەرمان پێشکەش کرد. هەروەها نموونەی سەرنجڕاکێشیان بەکارهێناوە، وەک یاریدەدەری زمانی زیرەک، ئەپی چاودێری تەندروستی و ڕۆبۆتی پزیشکی، بۆ ئەوەی بابەتەکە لەلاى قوتابیان سەرنجڕاکێشتر بێت و ئاسانتر تێبگەن، ئەوەش وایکرد قوتابیان زۆر بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا بکەن.

بۆ ئەوەش مامۆستاى قوتابخانەکە سوپاسى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى سمینارەکە و ناوەڕۆکەکەى بەبابەتێکى گرنگ بۆ قوتابیان وەسف کرد.

لە چوارچێوەى چالاکیە خۆبەخشى و هۆشیارییەکان و، بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانیارى توێژە جیاوازەکان، سەرۆکایەتى بەشى شیکارى کیمایی پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر زنجیرەیەک چالاکى بۆ فێرخوازان لە قۆناغە جیاکان ڕێکخستووە.

لەو چوارچێوەیەدا، فێرخوازانى  قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە دەستپێشخەرییەکی پەروەردەیی و تەندروستیدا، کە بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر عەبدوڵڵا جەودەت بەڕێوەچوو، سەردانی قوتابخانەی ناوەندی شەهید کۆچەریان کرد و، لەلایەن مامۆستا سەمیر ڕۆستەم بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، لە سەرەتاى چالاکیەکەیاندا فێرخوازان پشکنینی پزیشکییان بۆ قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەکە ئەنجامدا، کە بریتی بوو لە پشکنینی خوێن، پشکنینی شەکری خوێن، پێوانەکردنی پەستانی خوێن، لەگەڵ پێوانەکردنی ئاستی ئۆکسجین، مەبەست لەم پشکنینانە ئاگادارکردنەوەى مامۆستایان و قوتابیانى قوتابخانەکە بوو لە گرنگی پشکنینی تەندروستی پێشوەختە بۆ دیاریکردنی هەر کێشەیەکی تەندروستی.

لە وێستگەیەکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان سیمینارێکیان پێشکەش بە قوتابیانى  پۆلی (١٢) لە قوتابخانەکە  کرد، لە سمینارەکەدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد (AI) لە بواری پزیشکیدا کرد، بەتایبەت لە چۆنیەتى دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکان و لایەنى پزیشکی و نەشتەرگەری ڕۆبۆتی و دۆزینەوەی دەرمان، بەو هۆیەشەوە سەردانەکە بوو بۆنەیەک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری قوتابیان لە گرنگی پشکنینی پزیشکی و دیدێکی داهاتووی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی زیرەکی دەستکرد لە بواری پزیشکی.

ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٠/٢/٢٠٢٥)، فێرخوازانى  قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی کۆمەڵگەی شاری بازاڕگانیان لە هەولێر کرد بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بێبەرامبەر بۆ کرێکارانی کۆمەڵگە.

سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر زوبەیدا هیشام شوکر بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا لەلایەن محەممەد فارس پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا،  لە وتەیەکدا دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان ئینجا باسى لە سروشتی کاری کرێکاران و ئەو ئاڵنگاریانە کرد، کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، پاشان فێرخوازان توانا زانستییەکانیان پشکنینی خوێن و پشکنینی ئاستی شەکری خوێن و پێوانی پەستانی خوێن و پێوانەکردنی ئاستی ئۆکسجینیان بۆ کرێکارانى کۆمەڵگە بەبێ بەرانبەر ئەنجامدا.

بۆ ئەوەش کرێکاران سوپاسى فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد، کە ئەم پشکنینانەیان بێ بەرامبەر بۆ ئەنجامدان.

ڕۆژی سێشەممە  ڕێکەوتى 11ی شوباتی 2025، فێرخوازانى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی قوتابخانەی هاواری هاوڕێی بنەڕەتییان کرد بۆ ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەی بنەڕەتی بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە.

سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەر عەبدوڵڵا جەودەت بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لە مامۆستا خالید بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان لە چالاکیەکى خۆبەخشیدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک پشکنینی بنەڕەتی تەندروستییان بۆ قوتابیان ئەنجامدا، لەوانە: پێوانەکردنی پەستانی خوێن، پشکنینی شەکری خوێن، پۆلێنکردنی گروپی خوێن و،  هەڵسەنگاندنی ئاستی ئۆکسجین، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە سوپاسی هەوڵەکانی فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ پێشخستنی ئاستى هۆشیاری تەندروستی لەنێو قوتابیان و، دەستپێشخەرییەکەی بەرز نرخاند، بەتایبەت لە هاندانی قوتابیان بۆ چاودێریکردنی تەندروستی پێشوەختە.

ئەم چالاکییە هۆشیارییە جگە لەوەى بووە هۆى ئاشناکردنى قوتابیان بە گرنگى پشکنینى پزیشکى، لەهەمان کاتدا بووە ئەزموونی بەنرخی کردەیی بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان بەشێوەیەکى پراکتیکى.

لە پێنچ شەممە ڕێکەوتی (٢٠/١١/٢٠٢٥)، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی شیکارییە کیمیایی پزیشکی (Medical Biochemical Analysis) لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی مەیدانییان بۆ خانەی چاودێریی بەساڵاچووان ئەنجام دا.

لە میانەی سەردانەکەدا، چەندین پشکنینی پزیشکیی سەرەتاییان ئەنجام دا و ڕاستەوخۆ ڕێنمایی تەندروستی و هۆشیارییان پێشکەش بە دانیشتوانی خانەکە کرد. سەردانەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (هەوڕێ سامی)، سەرۆکی بەش بەڕێوەچوو، بە گەیشتنیان لەلایەن (سەنگەر جەمال)، بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووان، پێشوازییان لێکرا و، دەستخۆشی لەم دەستپێشخەرییە مرۆیی و زانستییەى فێرخوازان کرد.

پاشان فێرخوازان چالاکیەکانیان دەستپێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەرەتادا پێوانی ڕێژەی شەکری خوێنیان بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکانی بەرزبوونەوە یان دابەزینی ئاستی شەکر کرد، هاوکات ئەو بەساڵاچووانەی کە خوێندنەوەی پشکنینەکانیان ئاسایی نەبوو، ڕێنمایی کران کە پێویستە بەدواداچوون بۆ دۆخی تەندروستییان بکەن لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ. هەروەها پێوانی پەستانی خوێن ئەنجام درا بۆ دیاریکردنی حاڵەتەکانی بەرزبوونەوە یان دابەزینی پەستان، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ئەو مەترسییە تەندروستییانەی کە لە ئەنجامی کۆنترۆڵنەکردنی پەستانی خوێنەوە دروست دەبن، وەک تووشبوون بە جەڵتەی دڵ یان مێشک. سەرەڕای ئەمانەش، فێرخوازان پشکنینی ڕێژەی ئۆکسجینی خوێن (SpO₂)ـیان ئەنجام دا بۆ هەڵسەنگاندنی کارایی سییەکان و دڵ.

لەکۆتاییدا و دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان، فێرخوازان کۆمەڵێک ڕێنمایی تەندروستی و هۆشیاریی تایبەتیان پێشکەش بە بەساڵاچووان کرد، کە بریتی بوون لە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکیی هاوسەنگ (کەم خوێ، کەم شەکر و کەم چەوری)، خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو، ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی و وەرزشی سووک و گونجاو لەگەڵ تەمەنیان، پابەندبوون بە خواردنی دەرمان لە کاتی خۆیدا و، چاودێریکردنی بەردەوامی نیشانە ژیانییەکان لە ڕێگەی ئامێرە پزیشکییە ناوخۆییەکانەوە. هەروەها ئامۆژگاری کران بە دوورکەوتنەوە لە زۆر خواردنەوەی ماددە وریاکەرەوەکان (وەک چا و قاوە) و کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێی دەروونی.

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٤/١١/٢٠٢٥، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکیی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانی قوتابخانەی (نیوى)ی بنەڕەتیی عەرەبییان کرد.

سەردانەکە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی بەش و بە یاوەریی یاریدەدەری تاقیگە، خاتوو (مەنار فارس) بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان فێرخوازان لە لایەن (نیوى وەهبی)، بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێشوازییان لێکرا و، دەستخۆشی لەم دەستپێشخەرییە زانستییەی فێرخوازان کرد، پاشان فێرخوازان سیمینارێکی زانستیی کارلێککارییان بە ناونیشانی “دیاریکردنی گرووپەکانی خوێن و گرنگییان” پێشکەش کرد. تێیدا باسیان لە جۆرەکانی گرووپی خوێن (A, B, AB, O) و فاکتەری ڕیسۆس (Rh) کرد، هەروەها گرنگیی زانینی گرووپی خوێن لە کاتی فریاگوزاری و گواستنەوەی خوێندا، سەرەڕای ڕوونکردنەوەی چەمکی گونجانی خوێن (Blood Compatibility).  ، هەروەها فێرخوازان بە شێوەیەکی کردەیی پشکنینی گرووپی خوێنیان بۆ ژمارەیەک لە قوتابییان ئەنجام دا بە بەکارهێنانی کەرەستەی دەستنیشانکردنی گونجاو، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی هەنگاوەکانی پشکنین و شرۆڤەکردنی ئەنجامەکان بە شێوازێکی سادە.

لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان کێشی لەش (BMI)یا بۆ ژمارەیەک قوتابیان قوتابخانەکە ئەنجامدا، بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستیی گشتییان. دواتر ڕێنمایی سادەیان پێشکەش کردن دەربارەی سیستمی خۆراکیی تەندروست، گرنگیی چالاکیی جەستەیی، و پارێزگاریکردن لە کێشی نموونەیی.

لە کۆتایی سەردانەکەدا، کارگێڕیی قوتابخانە نووسراوی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی فێرخوازان کرد وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵە دیارەکانیان و شێوازە زانستییە سادەکەیان و کارلێکی ئەرێنییان لەگەڵ قوتابییان.

No more news to show