بەژداریکردن و هاوکاری کۆمەڵگا

پەڕەی سەرەكی

بەژداریکردن و هاوکاری کۆمەڵگا

بە مەبەستی یادکردنەوە و بەرز ڕاگرتنی رۆژی لە دایک بوونی پەیامبەرى موسڵمانان پێغەمبەر محمد (د.خ.) و، پێشوازیکردن لە ساڵی نوێی خوێندن، سەرۆکایەتى بەشی (بایۆمێدیکاڵ) لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەکى خێرخوازى بەڕێوەبرد.

لەو چالاکیەدا، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (١٦/٩/٢٠٢٤) بەسەرپەرشتى مامۆستایان، (دکتۆر علی محمد حسین) و (مامۆستاى یاریدەدەر هێرۆ اسماعیل محمد) بەڕێوەچوو، فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ سەردانى خانەی نەوجەوانانی (کوران و کچان)یان لە شارى هەولێر کرد و، کۆمەڵێک پێداویستی و کەل و پەلی قوتابخانەیان پێشکەش بە منداڵانی نیشتەجێی خانەکە کرد، هیواشیان خواست ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٤-٢٠٢٥) بەسەرکەوتویی تەواو بکەن.

ساڵانە لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکى جۆراوجۆر بۆ خزمەتکردن بە چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە بەڕێوەدەبن، ڕێکخستنى ئەم چالاکى خێرخوازیەش جگە لە کۆمەکردنى منداڵانى بێ سەرپەرشت، هاوکات دەبێتە بەشێک لە بەرزکردنەوەی هەستی بەرپرسیاریەتی فێرخوازانى زانکۆ بەرانبەر بە کۆمەڵگە و هاندانیان بۆ کاری خۆبەخشی و خێرخوازی.

سەرۆکایەتى بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە هاوکاری تاقیگەی ئەلفارەبی بۆ دەستنیشانکردنى نەخۆشیەکان، چالاکییەکی هۆشیاری تەندروستی بە ناونیشانی (تەندروستی لە ڕەمەزاندا) لە گراند مەجیدی مۆڵ لە هەولێر بەڕێوەبرد.

لەو چالاکییەدا، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١٠/٣/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستایانى یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محمد، بەختەوەر زیاد عومەر و، زەهرا خان معروف تاهر) و، بە بەشداری چالاکانەی خوێندکارانی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە قۆناغە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، فێرخوازان کۆمەڵێک پشکنینی پزیشکی بێبەرامبەریان بۆ سەردانکەرانى مۆڵەکە ئەنجامدا، پشکنینەکان بریتی بوون لە: ژمارەی تەواوەتی خوێن (CBC)، هیمۆگلۆبین A1C (HbA1C)، پێوانی خوێن، جۆری خوێن، شەکر و، شیکاری پێکهاتەی جەستەی، دواتریش پشکنینەکان لەلایەن دکتۆر چرا نوری عەبدوڵڵا ئەنجامی پشکنینە دەستبەجێیەکانی شیکردنەوەیان بۆ کرا و پێشکەشى سەردانیکەران کرایەوە.

چالاکیەکە بووە مایەى خۆشحاڵى و دەستخۆشى هاوڵاتیان، هەروەک بە گرنیگەوە لە چالاکیەکەیان ڕوانى بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیاری تەندروستی لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و، گرنگی چاودێریکردنی تەندروستی لە کاتی ڕۆژووگرتندا.

ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى ٦/٢/٢٠٢٥ گروپێک لە فێرخوازی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە شێوەیەکی چالاکانە وەک خۆبەخش بەشدارییان لە ڕێکخستنى چالاکیەکانى “مێدیکۆ” کرد، کە لە گەورەترین پیشانگەی تەندروستی نێودەوڵەتییە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت و،  تا ڕێکەوتى ٨/٢/٢٠٢٥ لە شاری هەولێر بەردەوام دەبێت.

ئەم چالاکییە پێشەنگە بووە  دەرفەتێکە بۆ سەرکردەکانی چاودێری تەندروستی و داهێنەران و پیشەگەرەکان و پسپۆڕان لە سەرانسەری وڵاتانى جیهان بەشدارى بکەن و نوێترین پێشکەوتنەکانی بواری پزیشکی نمایش بکەن. فێرخوازانى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى وەک ئەندامانی ڕێکخراوی تەندروستی ئاشتی، کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە و خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی و بەرنامەی هۆشیاری پێشکەش دەکات، بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کردووە. بەشداریکردنیان بریتی بوو لە یارمەتیدان لە پشکنینی پزیشکی، ڕێنماییکردنی سەردانکەران و، چەندین چالاکى دیکەى جیا.

بەشداریکردنی فێرخوازانی زانکۆی جیهان -هەولێر لەم جۆرە چالاکیانە، پیشاندانى ڕۆڵی  پیشەیی فێرخوازان لە چاودێری تەندروستیدا بۆ داهاتوو زیاتر بەرز دەکاتەوە.

لە هەوڵێکدا بۆ بەرەوپێشبردنی بەهاکانی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی و خۆبەخشی، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی بەخشینیان بۆ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەستپێکرد بۆ پاڵپشتیکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکان و دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەتاییەکانە.

لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٢/٣/٢٠٢٥) فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕێگەى ئەو هاوکاری داراییانەى کە پێشتر لە ڕێگەى هەڵمەتەکەیاندا کۆیان کردبوەوە، کۆمەلێک خۆراک و پێداویستی پێویستیان کڕی و، چەندین سەبەتەى خۆراکیان دروست کرد، سەبەتە خۆراکیەکان کۆمەڵێک پێداویستى سەرەکى خۆراکى بۆ مانگى ڕەمەزان لە خۆگرتبوو، پاشان سەردانى چەند گەڕەکێکى شارى هەولێریان کرد و، سەبەتە خۆراکیەکانیان بەسەر ئەو خێزانە هەژار و کەمدەرامەتانەدا دابەش کرد، کە پێوستیان بە دەستگیرۆیکردن و پاڵپشتیکردنى جۆراوجۆر هەیە.

فێرخوازانى بەشى زانستى کۆمپیوتەر لە ڕێگەى ئەم هەڵمەتەوە پابەندبوونی زانکۆى جیهان-هەولێریان بە بەرپرسیاریەتى کۆمەڵایەتى و پشتگیریکردنی ئەو خێزان و کەسانە دوپاتکردەوە، کە پێویستیان بە کۆمەک و هاوکارى هەیە، جگە لەوەش چالاکیەکە بووە هۆى بەرزکردنەوەى هەستى کارى خۆبەخشى و خێرخوازى لەلاى فێرخوازانى زانکۆ.

لە هەنگاوێکدا کە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونیان بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییەوەیە، فێرخوازانى بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی شوباتی ٢٠٢٥ سەردانی پەیمانگەی ئاوات بۆ گەشەپێدانى منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتیان کرد.

لە سەردانەکەدا فێرخوازانى قۆناغی دووەم بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری سارا جەمال حسێن، لەلایەن توێژەری کۆمەڵایەتی گەلاوێژ تاهر کەریم پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازانى ئەو هاوکاریانەى کە پێشتر قۆناغی یەکەم و دووەم لە میانەى دەستپێشخەرییەکیان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کڕینی دیاری بۆ منداڵان کۆیان کردبوەوە،  لە میانەی سەردانەکەیاندا پێشکەشى منداڵانى خاوەن پێداویستى تایبەتیان کرد و، کەشێکی خۆشی و پاڵپشتی دەروونی بۆ منداڵەکان دروست کرد.

بەڕێوەبەرایەتی پەیمانگاکە ستایشی ئەم دەستپێشخەرییەی کرد و جەختیان لەسەر گرنگی ئەم جۆرە چالاکییانە کردەوە لە  پێناو بەرزکردنەوەی پەیوەندی مرۆیی و هاندانی کەلتوری بەخشین و کاری خۆبەخشانە. ئەم سەردانە بەشێکە لە زنجیرەیەک بۆنە کە لەلایەن زانکۆی جیهان-هەولێرەوە ڕێکخراوە، لەهەوڵێکدا بۆ بەرەوپێشبردنی بەها مرۆییەکان و چەسپاندنی ڕۆڵی فێرخوازان  لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا.

ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٨/١٢/٢٠٢٤) سەرۆکایەتى بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکى خێرخوازى بۆ گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى یەکەم و دووەم بۆ گەیاندنى کۆمەک و هاوکارى بۆ سەنتەری ئۆتیزمی ئیماراتى لە شارى هەولێر ڕێکخست.

لەو چالاکیەدا، کە بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ڕیم جەعفەر ئیسماعیل بەڕێوەچوو، فێرخوازان کۆمەڵێک دیارییان لە کەشێکی پڕ لە خۆشەویستی و خۆشیدا پێشکەش بە منداڵانى سودمەندبووى سەنتەرەکە کرد، دیاریەکانیش پێشتر فێرخوازان لە زانکۆ لە مامۆستایان و فێرخوازان کۆیان کردبوەوە، لە بەرانبەردا تیمی بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە ستایشی سەردانەکەى فێرخوازانى  زانکۆی جیهان-هەولێریان کرد لە پاڵپشتیکردنی منداڵانى ئۆتیزم لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، بۆ ئەوەش مامۆستاى سەرپەرشتیار جەختی لەسەر پابەندبوونی زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ پەرەپێدانی ئاست و توانا و لێهاتویی فێرخوازان لە ڕووی ئەکادیمی و مرۆییەوە کردەوە، تا باشتر بتوانن ڕۆڵیان لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا هەبێ.

سەنتەری ئۆتیزمی ئیمارات ژمارەیەک منداڵ لەخۆدەگرێت کە تەمەنیان لە نێوان سێ بۆ شەش ساڵدایە و، بە یەکێک لە گرنگترین دامەزراوەکان دادەنرێت کە پشتگیری و چاودێری بێ بەرامبەر بۆ پێشکەش بە منداڵانى ئۆتیزم دەکات، ئەمەش وایکردووە ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە گرنگییەکی زۆریان هەبێت لە پاڵپشتیکردنی سەنتەرەکە، لە سەنتەرەکەدا ڕۆژانە وردە وردە کار دەکرێت بۆ ڕاهێنانی منداڵان بۆ دانیشتن و کەمکردنەوەی چالاکیی زۆر، ئەوەش بە بەکارهێنانی شێوازێکی پاداشت کە پشت بە هاندان و دیاری دەبەستێت، ئەمەش یارمەتی منداڵان دەدات تا ڕەفتارەکانیان باشتر بکەن و کارامەیی نوێ بەدەستبهێنن.

ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٦/١٠/٢٠٢٤) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمى بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان – هەولێر چالاکیەکى خێرخوازییان بۆ ماڵى بەساڵاچوان لە شارى هەولێر .

لە میانەى ئەو چالاکیەدا، کە بەسەرپەرشى مامۆستاى یاریدەدەر عالیە ئەسعەد مەهدی بەڕێوەچوو، فێرخوازان دواى ئەوەى بەگەرمى لەلایەن سەنگەر جمال عبد الكريم بەڕێوەبەرى ماڵى بەساڵاچوان پێشوازیان لێکرا، ئینجا فێرخوازان لەسەر بنەماى دیاریکردنى پێداویستیەکان و بەدەنگەوەهاتنى مامۆستایانى و فێرخوازانى بەشەکە، توانیان پێداویستیە بنەڕەتیەکان بۆ ماڵى بەساڵاچوان دابین بکەن و، لە میانەى ئەو سەردانەیاندا پێشکەشى بەڕێوەبەرى ماڵى بەساڵاچوانیان کرد، پێداویستیەکانیش بریتین لە ڕایەخ و نۆژەنکردنەوە و چاکردنەوەى هەندێک لە پێداویستیەکانى ماڵەکە.

بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان – هەولێر وەک بەشێک لە هەوڵەکانى بۆ بەرزکردنەوەی گیانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و کاری خێرخوازی لەنێو فێرخوازان دەستى بە جێبەجێکردنى ئەو پرۆژە جۆراوجۆرانە کردوە، تا بەهۆیەوە بەهاکانی هاوکاری و هاوپشتی بۆ پشتیوانیکردنی ئەوانەى پێویستیان بە کۆمەک و دەستگیرۆییە لە کۆمەڵگەدا بەهێزتر بکات.

لە بەردەوامى چالاکى جۆراوجۆرەکانى سەرۆکایەتى بەشى زانستى کۆمپیوتەر لە زانکۆى جیهان-هەولێر، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى دووەم بەرێوبەرایەتی چاودێری کۆمەلایەتی – ماڵی خەندە بۆ چاودێری کچان – خانەی نەوجەوانی کورانیان لە شارى هەولێر کرد و، چالاکیەکان بەڕێوەبرد.

ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٥/١٠/٢٠٢٥) بەسەرپەرشتى دكتور حسن فهمى دەلۆیی و، مامۆستاى یاریدەردەر ساره جمال حسين فێرخوازانى بەشى زانستى کۆمپیوتەر سەردانى خانەکەیان کرد و، بەگەرمى لەلایەن شيروان عبد الرحمن حسين بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى کۆمەڵایەتى پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان کۆمەڵێک پێداویستی پەروەردەیی و دیارییان پێشکەش بە منداڵان کرد، جگە لەوەش ئاهەنگێکیان بۆ سازکردن و کەشێکى پڕ لە خۆشى و خەندە و شادیان بۆ منداڵان دروستکرد.

ئەم دەستپێشخەرییە مرۆییە ڕەنگدانەوەی پەرۆشی زانکۆ و فێرخوازەکانیەتى بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی بەهاکانی بەخشین و چاکەکار، هەروەک جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ پەرەپێدانی بەرپرسیاریەتى فێرخوازان و، دروستکردنى پەیوەندی ئەرێنی لەگەڵ کۆمەڵگە.

لە چوارچێوەی چالاکیە بەردەوامەکانیان و گەیاندنى هاوکارى مرۆیی و بەرزکردنەوەى ڕۆحی بەخشین و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، سەرۆکایەتى بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی مرۆیی بۆ فێرخوازانى قۆناغى دووەم بۆ پەیمانگەی گەشەپێدانی ئاوات بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شارى هەولێر بەڕێوەبرد.

لە میانەى ئەو چالاکیەدا، کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٨/١٢/٢٠٢٤) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری سارا جەمال حسێن بەڕێوەچوو، فێرخوازانى بەشى زانستى کۆمپیوتەر کۆمەڵێک دیاریان بەسەر منداڵانى پەیمانگەکەدا دابەش کرد، بۆ ئەوەش لەسەرەتادا لەلایەن  عەبدولوەهاب جەمیل بەڕێوەبەرى پەیمانگەکە و گوڵەسران جمال سەرپەرشتیارى پەیمانگە پێشوازییان لێکرا، پاشان ئاهەنگێکی تایبەت بۆ منداڵانى پەیمانگە بەڕێوەبرد و، خەندە و خۆشیان خستە سەر لێوى منداڵان، لە بەرانبەردا بەرپرسانی پەیمانگاکە ستایشی هەوڵەکانی فێرخوازان و، ڕۆڵی کاریگەری ئەو چاکیەیان کرد لە بەرزکردنەوەی تواناى منداڵەکان و پشتگیریکردنیان لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، وتیشیان ئەوەش هەنگاوێکى گرنگى خزمەتکردنى کۆمەڵگەیە، بۆ ئەوەش سوپاسى ستافى مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد.

ئەم دەستپێشخەرییە فێرخوازانى بەشى زانستى کۆمپیوتەر لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکییدایە کە لەلایەن زانکۆی جیهان-هەولێرەوە ڕێکخراوە، ئامانج لە ڕێکخستنیان چاندنی بەها مرۆییەکان و بەرزکردنەوەی ڕۆڵی فێرخوازانە لە پشتیوانیکردنی گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی زانکۆکە بە ئەرکە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکەى لە کۆمەڵگەدا.

لە دەستپێشخەرییەکی مرۆیی نوێى فێرخوازانى بەشى یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی بەخشین و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییە، لە میانەى چالاکیەکدا، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٣/٢/٢٠٢٥) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر هێشام هاشم میکائیل بەڕێوەچوو ، گروپێک لە فێرخوازان سەردانی خانەى بێ سەرپەرشتانیان لە شارى هەولێر کرد و، دیارى و هاوکارى بەسەر منداڵان دابەش کرد.

سەرەتا مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان، لە لایەن شێروان عەبدولڕەحمان حسێن بەڕێوەبەری خانەی بێسەرپەرشتان  پێشوازییان کرا، لە وتەیەکدا سوپاس و دەستخۆشى لەو دەستپێشخەرییە کرد، کە دەبێتە مایەى دڵخۆشی منداڵان و گیانی هاودەنگی کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا قووڵتر دەکاتەوە، پاشان فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر هاوکاری و دیارییەکانیان بەسەر منداڵەکانى خانەکەدا دابەشکرد، هاوکات لە ڕێگەى ئەنجامدانى چالاکیەکى وەرزشى ژینگەیەکى شادى ئامێزیان بۆ منداڵانى خانەکە دروستکرد، لە ڕووى دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە بووە پاڵپشتیەکى بەهێز. لەکۆتایی سەردانەکەدا منداڵەکان خۆشحاڵییەکی زۆریان بەم دەستپێشخەرییە دەربڕی، داوایان کرد، ئەو ئەو جۆرە چالاکییانەیان بۆ دوبارە بکەنەو.

لای خۆیەوە مامۆستاى یاریدەدەر هێشام هاشم میکایل جەختی لە پێویستى ئەم چالاکیە کۆمەڵایەتى و خێرخوازیان کرد، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی گیانی مرۆڤایەتی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی لای فێرخوازان و، هاندانیان بۆ بەشداریکردنی کاریگەر لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە.

No more news to show