بەڕێز (پ.د. کریم شەریف قەرەجەتانی) سیمینارێکی پەروەردەیی ـ دەروونی بە ناونیشانی «ڕۆڵی خێزان لە فێرکردن و ئاگادارکردنەوەی منداڵ بە خوێندنەوە» لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب پێشکەشکرد، کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بەشداربوون، و سەرنجی سەرەکی خستە سەر هۆکارە یارمەتیدەرەکان بۆ بەردەوامبوون لە خوێندنەوە، بە تایبەتی ڕۆڵی دایک و باوک لەم بوارەدا.
بەشداری دکتۆر مؤمن محەمەد یاسین، سەرۆکی بەشی وەرگێڕان و بەڕێوەبەری ناوەندی زمانەکان لە زانکۆی جیهان – سلێمانی، لە کۆرسێکی راهێنانی سەربە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا کرد؛ ئەم کۆرسەش راهێنانێک بوو لەسەر ڕۆڵی کامپەینە میدیاییەکان لە گۆڕانکاری کۆمەڵگەدا، هەروەها کاریگەری زمان و ڕۆڵی زمان لە چۆنیەتی ئاڕاستەکردن و گۆڕانکاری کۆمەڵگە جیاوازەکاندا.
بەبۆنەی هەڵمەتی شانزە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 26-11-2025 بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود) فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سیمینارێكیان دەربارەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە قوتابخانەی (شارستانی كچان) ئەنجام دا.
مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان، لەلایەن مامۆستا (ڕووناك یەعقووب) بەڕێوەبەری قوتابخانەكە پێشوازییان لێكرا و، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەو دەستپێشخەرییەی بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی جیهان-هەولێر بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاكییە كە مەبەست لێی هۆشیاركردنەوەی قوتابیانە سەبارەت بەو پرسە گرنگە.
لە سەرەتای سیمینارەكەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار (دڵان ئیسماعیل) تیشكی خستە سەر چالاكییەكانی هەڵمەتی شانزە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و چەند زانیارییەكی گرنگی لەوبارەیەوە خستەڕوو. پاشان فێرخوازی قۆناغی سێهەم (لەیار ئازاد) باسی لە توندوتیژیی ئەلیكترۆنی كرد كە بەرامبەر بە ئافرەتان ئەنجام دەدرێت. دواتر فێرخواز (ژیلیا حاتەم) لە قۆناغی سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن، تیشكی خستە سەر ڕێگەكانی خۆپاراستن لە هێرشە ئەلیكترۆنییەكان كە سەرەنجام توندوتیژیی لێ دەكەوێتەوە. لە كۆتایی سیمینارەكەشدا، فێرخوازی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن (نەجوا ڕەشید) باسی لە هێڵە گەرمەكانی پەیوەندیی كرد كە ئافرەتان دەتوانن لەكاتی ڕووبەڕوونەوەی توندوتیژیی ئەلیكترۆنی هانایان بۆ ببەن.
لەكۆتایی چالاكییەكەدا، مامۆستا ڕووناك یەعقوب بەڕێوەبەری قوتابخانەی شارستانی كچان سوپاسی ئاڕاستەی مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان كرد لە بەرامبەر هەوڵ و بەشداریكردنیان لە هەڵمەتەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
لە درێژەی چالاكییەكانیدا بەبۆنەی هەڵمەتی شانزە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 26-11-2025 بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود) فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن هەستان بە ئەنجامدانی چالاكییەكی هۆشیاری لەنێو بازاڕی میللی گەڕەكی نەورۆز.
چالاكییەكە بە بەشداریی بەشێك لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر بەبۆنەی هەڵمەتی شانزە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمەڵێك بڵاوكراوەی هۆشیارییان لەنێو بازاڕی میللی گەڕەكی نەورۆز لە شاری هەولێر دابەشكرد، ناوەڕۆكی بڵاوكراوەكان تەرخان كرابوون بۆ تیشك خستنەسەر ناسینەوەی توندوتیژیی ئەلیكترۆنی و شێوازەكانی، هاوكات ڕێگەكانی خۆپاراستن و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی ئەلیكترۆنی تێدا خراوەتەڕوو.
بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر وەك ناوەندێكی ئەكادیمی و زانستی، چالاكانە بەشداریی دەكات لە هەڵمەتەكانی هۆشیارییدا و، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێگای جۆراوجۆری گەیاندنی پەیامی هۆشیاریی لەڕێگەی ئامڕازە جیاوازەكانی ڕاگەیاندنەوە دەگرێتە بەر.
زانکۆی جیهان-سلێمانی بەهاوبەشی لەگەڵ پەروەردەی شارباژێڕ خولێێکی پێداگۆجی بۆ گروپێك لە مامۆستایانی پەرروەردەکە کردەوە، خولەکە لەلایەن پسپۆرانی بواری (پێداگۆجی) دەوترێنەوە، ئەمانجەکەشی ڕاهێنانی مامۆستایانە لەسەر نوێترین شێوازەكانی وانەووتنەوە(پێداگۆجی) وە ئامادەكردنیانە بۆ گواستنەوەی تواناكانیان بۆ خوێندنگە جیاوازەكان.
زانكۆی جیهان – سلێمانی وەكوو ئەركێكی پەروەردەیی هەمیشە گرنگیداوە بەدروستكردنی پەیوەندی لە نێوان زانكۆ و كەرتە جیاوازەكاندا و بەتایبەتی كەرتی پەروەردەی، ئەم چالاکیش هەر لەو چوارچێوەیەکدا ڕێکخراوە.

پ.د. کریم شەریف قەرەچەتانی بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاوێژکاریی دەروونی وکۆمەڵایەتی زانکۆی جیهان- سلێمانی، سمینارێکی دەربارەی گرنگیی پەیوەندی نێوان خێزان و خوێندنگە لە (ئامادەیی ڕێژین) ی کچان بۆ دایک وباوکانی پۆلی دوازدە پێشکەشکرد. سیمینارەکە ژمارەیەکی زۆر لە دایکان و باوکان تیایدا ئامادەبوون، تیایدا دەرفەت درا بە ئامادەبووان بۆ پرسیار و ئاڵوگۆڕی زانیاری.
ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی كاری خۆبەخشی مامۆستایانی زانکۆی (جیهان –سلێمانی)ە بە هەماهەنگیی و هاوکاریی دەزگای زەکاتی زانست و دامەزراوە پەروەردەییە جیاوازەکان.
بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان-سلێمانی ڕۆژی جیهانی وەرگێڕانی بە زنجیرەیەک چالاکی جۆراوجۆر کردەوە، کە ڕۆڵە ئەکادیمی و کلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی وەرگێڕان ڕوون دەکاتەوە.
چالاکیەکان بە بەشداریی مامۆستای یاریدەدەر نەورۆز محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی بەشی وەرگێران، لە پڕۆگرامێکی ڕاستەوخۆ لە دەزگایی میدیایی کوردسات، دەستی پێکرد. مامۆستا نەورۆز باسی ڕۆڵی گرنگی وەرگێڕان کرد لە ئاڵوگۆڕی کلتوری و دروستکردنی پەیوەندی، هەروەها دیدگای بەشەکەی بۆ ئامادەکردنی خوێندکارانی بەتوانا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی جیهانی پیشەیی هاوچەرخ ڕوونکردەوە.
وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بەش بۆ پاراستنی ژینگە، بەشەکە کەمپەینێکی ژینگەیی لە پارکی ئازادی لە سلێمانی ڕێکخست. خوێندکاران و ستافی بەشەکە بەشدارییان لە پاککردنەوەی پارکەکە کرد و پەیامێکی گەورەیان دەربارەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و گرنگی پاراستنی شوێنە گشتییەکان کۆمەڵگە، گەیاند.
دواتر لە هەمان ڕۆژدا، بەشەکە گەشتێکی کلتووریی بۆ سینەما سالم ڕێکخست، کە خوێندکاران دەرفەتیان پێدرا بە تەماشاکردنی یەکێک لە تازەترین فیلمە کوردییەکان بە ناونیشانی (زەوی سەخت و ئاسمان دوور). کە ئامانج لێی ئاشناکردن و بەستەنوەی کلتور و هونەری هاوچەرخی شارەکەیە.
بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان-سلێمانی کە لە ساڵی ٢٠١٨ دامەزراوە، کە تیایدا لە ڕێگایی مامۆستایانی پسپۆڕەوە خوێندکاران بە شێواز و تەکنیکەکانی وەرگێڕان لە ئینگلیزی و کوردی و عەرەبی ئاشنادەکرێن. جگە لە لێهاتوویی زمان، پڕۆگرامەکە دەرچووان ئامادە دەکات بۆ هەمەچشنی کارو پیشەی وەک مامۆستای ئینگلیزی، وەرگێڕی یاسایی، ڕۆژنامەنووس، وەرگێڕی ڕاستەوخۆ، شارەزای زمانەوانی، و ڕێکخەر و بەڕێوبەر لە کۆمپانیا و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان.
بە تێکەڵکردنی ڕاهێنانی ئەکادیمی لەگەڵ چالاکییە پراکتیکی و کلتووری و کۆمەڵایەتییەکان، بەشی وەرگێڕان بەردەوامە لە بەهێزکردنی ڕۆڵی خۆی وەک ناوەندێک بۆ فێربوونی زمان و بەشداریکردنی کۆمەڵگا لە هەرێمی کوردستان.
بە ئامادەبوونی پ. د. ئومێد رفیق فتاح سەرۆکی زانکۆی جیهان سلێمانی، و سەرۆکایەتی بەش و مامۆستایان و خوێندکارانی بەشی وەرگێڕانی زانکۆی جیهان سلێمانی بۆنەیەکی تایبەتی ساز کرد.
لە بۆنەکەدا سەرۆکایەتی بەشی وەرگێڕانی زانکۆی جیهان سلێمانی بە هاوکاری مامۆستایانی زانکۆی جیهان سلێمانی، ١٦ کۆمپیوتەری لاپتۆپی بەخشی بە خوێندکارانى قۆناغی دووەمی بەشی وەرگێڕان تا بتوانن وەک پێداویستییەکی هەنوکەیی بۆ ئامادەکردنی سیمینار و ئەرکەکانی وانەخوێندنی رۆژانە سودی لێ وەربگرن. لە بەرامبەردا پ. د. ئومێد رفیق فتاح سەرۆکی زانکۆی جیهان سلێمانی سوپاس و پێزانینی پێشکەش بەو مامۆستا بەڕێزانە کرد کە هاوکار و دەستبارگری پڕۆژەکەیان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
بەشی وەرگێڕانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان سلێمانی، ساڵی ٢٠١٨ دامەزراوە و لە م بەشەدا خوێندکاران جگەلە فێربوونی زمانی ئینگلیزی، راهێنان لەسەر شێواز و تەکنیکەکانی وەرگێڕانی ئینگلیزی بۆ کوردی/عەرەبی ئەنجام دەدەن، هاوکات پاش بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی چوار ساڵە، دەرچووانی بەشی وەرگێڕانی زانکۆی جیهان سلێمانی دەتوانن وەک (مامۆستای ئینگلیزی، وەرگێڕی یاسایی، رۆژنامەوان و وەرگێڕی راستەوخۆ، شارەزای زمانەوانی، رێکخەر لە کۆمپانیا و رێکخراوەکان، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان) خزمەت بکەن.

لە چوارچێوەی چالاکیە زانستی و خێرخوازییەکانی دامەزراوی زەکاتی زانست، (پ.ی.د. نوری حەمە سعید) خولیەکی فێرکاری بە ناونیشانی «فێرکردنی زمانی عەرەبی و خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز» ڕێکخست بۆ کۆمەڵێک فێرخواز لە ناوچەی «جەوار جەرای نوێ». ژمارەی بەشداربووان گەیشتە ٧٥ کەس. خولەکە لەلایەن ژمارەیەک مامۆستای خۆبەخشەری پسپۆڕ لە زمانی عەرەبیدا وانەوترا و ماوەی دوو مانگ بەردەوام بوو. دوای کۆتاییهاتنی خولەکە، خەڵات بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرا و بڕوانامەی بەشداریکردن پێیان درا.
دەزگای زمانەوانی زانکۆی جیهان سلێمانی، ژمارە ٩ی گۆڤاری زمانەوانی بڵاوکردەوە، کە ئەم ژمارەیە تایبەت کراوە بە ئاوڕدانەوە لە رێزمان، رێنوس، مێژوو و ئەدەبیاتی شێوەزاری هەورامیی و بە ڕێنوس و رێزمانی شێوەزارەکە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
لە سەروتاری ئەم ژمارەیەدا کە پ.د. ئومێد رفیق فتاح سەرۆکی زانکۆی جیهان سلێمانی دەینوسێت، هاتووە: «گرنگیدان بەشێوەزارەكانی زمانی كوردی تەنها ئاوەڕدانەوە نیە لە زمان وەكو بنەمایەكی مانەوەی شێوەزارەكە، بەڵكو گرنگیدانە بەزیندووكردنەوەی كلتورو بیرەوەری مێژووی ناوچەیەكی كوردستان، كە زۆر خاڵی هاوبەش كۆی كردونەتەوە، ڕەنگە لە ڕوانگەیەكەوە والێك بدرێتەوە كە نووسین و گرنگیپێدان بەشێوەزارێك لەچەند ڕوویەكەوە مانای زیندووكردنەوەی شێوەزارێكە و زیان بە زمانی ستاندارد دەگەیەنێت.»
لەبەشێکیتری سەروتارەکەدا، سەرۆکی زانکۆی جیهان سلێمانی نوسیویەتی، «ئاراستەی زانستی و بێلایەن ئەوەیە كە گرنگیدان بەشێوەزار جگە لەوەی لەڕووی كلتورییەوە زمانە فەرمییەكە لە ڕووی وشە و زارەوە بەهێز دەوڵەمەند دەكات، لە هەمان كاتدا هەستی پاڵپشتی و ئینتیمای نیشتیمانی زیاتر دەكات. بۆیە لەم ڕوانگە زانستییەوە نووسین و ئاخاوتن و گرنگیدان بەشێوەزار دەكرێت وەكو بنەمایەك بێت بە سیاسەتی فەرهەنگی لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی و فەرمیحكومەتدا. گرنگیدان بە سیاسەتی فەرهەنگی لە هەردەوڵەتێك دەتوانێت ڕۆحی نیشتیمانی و تایبەتمەندی جیاوازی قوڵتربكاتەوە. هەروەها لەلایەكی ترەوە، هاندانی زیاتری قەڵەمی ئەو نوسەرانەیە كە دەتوانن بەو شێوەزارانە بنوسن و هەوڵی مانەوە لەسەر پێ وەستانی شێوەزارەكە بدەن. چونكە هەر شێوەزارێك ئەگەر نوسین و كلتورەكە نەنوسرێتەوە. لە یادەوەری دانیشتوانەكەیدا وون دەبێت و نامێنێتەوە.»
لە سەروتاری ئەم ژمارەیەکی گۆڤاری زمانەوانیدا هاتووە؛ لە شێوەزاری هەورامی بەهۆی یەكگرتووی قسەكەرەكان پانتای جوگرافی ناوچەكە ڕەنگە زیاتر لە شێوەزارەكانی تر بەرگری كردبێت و لە سنورە جوگرافییەكەیدا ماوەتەوە، بەڵام ئەم فاكتەرانە بەس نین بۆ زیندوومانەوە و پارێزگاری لەڕەهەندی ئەسترۆپۆلوجی شێوەزارەكە و لایەنی هێمایی شێوەزاری هەورامی، بۆیە لەم ژمارەیەدا گۆڤاری زمانەوانی زانكۆی جیهان-بسلێمانی لەڕێگەی كۆمەڵێك نوسەر، لێكۆڵینەوە و نووسینمان لەبارەی گرنگی و كلتوری شێوەزاری هەورامی كرد. بەهیواین لە ڕێگەی ئەم هەوڵەوە، كەلێنێكمان پڕكردبێتەوە لە ئەدەبیات و كلتور و شێوەزاری هەورامی