بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە قوتابخانەکانى شاری هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتى ٢٧/٣/٢٠٢٥، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەردەوامیان بە هەڵمەتی دارچاندن دا.
لەم هەڵمەتەدا، کە لە قوتابخانەی (ثانویة المتفوقات للبنات) بەڕێوەچوو، ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی بەشی کارگێڕی کار بەشدارییان کرد و، لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر قصی السلامی و مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادرەوە سەرپەرشتی چالاکیەکە کرا، لەسەرەتادا لە لایەن مامۆستا هدی حمید محمد بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە گەرمی پێشوازیان لێکرا. دواتر؛ فێرخوازان و مامۆستایانی سەرپەرشتیار لە باخچەى قوتابخانەکە بە بە کەرستەی تایبەت زەویەکانیان قوڵ کرد و، پاشان نەمامەکانیان چاند و دواتریش ئاویان دان.
لە ماوەى ڕابردودا سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر و فێرخوازان لە قۆناغە جیاکانى بەشەکەدا چەندین چالاکیی ژینگەییان ئەنجامداوە، لەوانە پاککردنەوە وجوانکردنی ژینگەی کوردستان وە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی وەک (پاراستنی ئاو، پاراستنی هەسارەیە، خواردن بەفیرۆنەدان و، چۆنیەتى بەکارهێنانى کارەبا بەپێى پێویستى).
بە ئامانجی زیادکردنی ڕوبەرى سەوزایی لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی دارچاندنی لە شەقامی (١٢٠) مەتری شاری هەولێر بەڕێوەبرد.
لە میانەى ئەو هەڵمەتەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٩/٣/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر هێڤي محمد قادر و، بە بەشداریکردنی سەفین رشید على بەرپرسی شەقامی (١٢٠) مەتری لە بەرێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغە جیاوازەکانی بەشەکە بەرێوەچوو، لە سەرەتاى هەڵمەتەکەدا کەرەستەی پێویست وتایبەت بە چاندنی دار بەسەر فێرخوازاندا دابەشکرا، پاشان فێرخوازان بە گڕوتینەوە بەشدارییان لە چاندنی زیاتر لە (٥٠) دار لە شەقامی (١٢٠) مەتری کرد، لە ئەنجامى هەڵمەتەکەدا، فێرخوازان و بەشداربووان توانیان ڕووبەرێکی دیاریکراو لە شەقامەکە سەوز بکەن، مامۆستای سەرپەرشتیارو و فێرخوازان و بەشداربوان جەختیان لە گرنگی بەردەوامیدان بەم جۆرە دەستپێشخەرییانە کردەوە، چونکە هۆکارێکە بۆ جوانکردن و پاککردنەوەی ئاو وهەوای ژینگە .
وە لە کۆتای هەڵمەتەکە، فێرخوازان نەمامەکانیان ئاودا، بۆ ئەوەش مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسى هاوکاری بەرێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان کرد بۆ هەماهەگیان لە دەستنیشانکردنى شوێنەکە و بەرێوەچوونی هەڵمەتەکە بەشێوەیەکی رێکخراو، لە بەرانبەردا بەرپرسی شەقامی (١٢٠) مەتری لە بەرێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان دەستخۆشی لە زانکۆى جیهان-هەولێر و مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازانى بەشداربووى هەڵمەتەکەدا کرد و، هیوایان خواست بەردەوامى بەو جۆرە چالاکیە بدەن.
ڕۆژى پێنجشەممە ڕێکەوتى (٢٠/٣/٢٠٢٥) فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان بەردەوامیان بە هەڵمەتى دابەشکردنى سەبەتەى خۆراک بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکان دا.
لەو چوارچێوەیەدا، ژمارەیەک لە فێرخوازان لە قۆناغە جیاوازەکانى بەشەکەدا، بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەردکتۆر قوسەی حمید ئەلسەلامی لە چەند گەڕەکێکى هەولێر (٢٥) سەبەتەی خۆراکیان بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکانی شاری هەولێر و، کرێکارانی ژینگەپارێز و فرۆشیارانی سەر شەقام دابەش کرد، ئەوەش بووە مایەى خۆشحاڵى و سوپاسکردنى خێزانە کەمدەرامەت و ماڵەهەژارەکان و کرێکاران و کاسبکارانى شارى هەولێر.
بەڕێوەچوونى ئەم هەڵمەتەى فێرخوازان؛ لە چوارچێوەى کار و پرۆژە مرۆیی و خێرخوازییەکانى بەشی کارگێڕی کار دێ، کە لە بوارە جیاکان بۆ پاڵپشتیکردن لە توێژە جیاوازەکانى کۆمەڵگە بەڕێوەى دەبات، بە ئامانجى پتەوکردنى گیانى هاوکارى و یەکانگیرى کۆمەڵایەتى لە کۆمەڵگە.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١٨/٣/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاری گشتی بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک بەڕێوەبرد
هەڵمەتەکە کە بە ناونیشانى (خواردن بە فیڕۆ مەدەن) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر هێڤى محەمەد قادر بەڕێوەچوو، فێرخوازان سەردانى بازاڕى شارى هەولێریان کرد و، کۆمەڵێک پرۆشەر و نامەیلکەیان بەسەر دوکانداران و ڕێبواران و هاوڵاتیان بەگشتى دابەش کرد و، جەختیان لە گرنگی پاراستنی خۆراک و ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی خۆراک لە ماڵەوە و لە چێشتخانەکاندا کردەوە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، خۆراک سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ ژیان و، پاراستنی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی و ئابووری هەیە. جگە لەوەش فێرخوازان لە میانەى دابەشکردنى نامیلکە و پرۆشەرەکاندا ڕوونیان کردەوە کە بە فیڕۆدانی خۆراک کاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگەش دەبێت.
هەڵمەتەکەى فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار بازاڕى قەیسەرى هەولێرى کردەوە و، بەهۆیەوە هاوڵاتیان و دوکانداران و ڕێبواران دەستخۆشیان لە فێرخوازان کرد بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى هەڵمەتەکەیان.
لەچوارچێوەی ئەو چالاکییە خێرخوازییە بەردەوامانەی کە لەلایەن فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆی جیهان ـ هەولێر بۆ پاڵپشتیکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکان پێشکەش دەکرێت، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (18/3/2025) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى سێیەم بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆر دکتۆر قوسەی حەمید ئەلسەلامی و مامۆستاى یاریدەدەر دلۆڤان وریا حەمەد ئەمین کۆمەڵێک سەبەتەى خۆراکیان گەیاندە قوتابخانەی ئەلسەعدەی بنەڕەتی کچان.
سەرەتا مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن مامۆستا بوشرە یونس بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازییان ڵیکرا، لە وتەیەکدا دەستخۆشى لە مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى ئەو هەڵمەتە، کە بە هۆیەوە پاڵپشتى لە خێزان و کەس وکارى ئەو قوتابیانە دەکەن، کە پێویستیان بە کۆمەک و هاوکارییە، پاشان (٢٥) سەبەتەى خۆراکیان بەسەر ئەو قوتابیانى قوتابخانەکە دابەش کرد بەتایبەت ئەو قوتابیانەى کە لە خێزانى هەژار و کەمدەرامەتن.
بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر ساڵانە چەندین دەستپێشخەری خێرخوازیی و مرۆیی جێبەجێ دەکات، بەتایبەت دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی ڕەمەزان، دابینکردنی هاوکاری دارایی بۆ چاککردنەوەی هۆڵی قوتابخانەکان و، چەندین هەوڵى دیکەى جۆراوجۆر بۆ ئەو توێژانەى پێویستیان بە کۆمەک و هاوکارییە.
بەئامانجى پاکڕاگرتنى ژینگەى هەرێمى کوردستان و، پاککردنەوەى لە پاشماوە زیانبەخشەکان، سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار هەڵمەتێکى پاککردنەوەى لە دەوروبەرى شارى هەولێر بەڕێوەبرد.
لە میانەى ئەو هەڵمەتەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٥/١/٢٠٢٥) بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار و مامۆستاى یاریدەدەر هێڤي محمد قادر ڕێکخەرى هەڵمەتەکە و ژمارەیەک لە مامۆستایان و، ئەندازیار عەلى ڕەشید مستەفا سەرۆکى شارەوانى کەسنەزان و، هونەر کەمال ئەنوەر لێپرسراوى فەرمانگەى دارستانى کەسنەزان و فەرمانبەران بەڕێوەچوو، زیاتر لە (١٠٠) فێرخوازى لە قۆناغە جیاوازەکانى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریان لە هەڵمەتەکەدا کرد.
لە سەرەتاى هەڵمەتەکەدا کەرەستەی پێویست بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە، لەوانەش کیسی زبڵ و دەستکێش و کەرەستەی پاککردنەوە بەسەر بەشداربواندا دابەش کرا، پاشان لە میانەى ئەم هەڵمەتەدا فێرخوازان بە گڕوتینەوە بەشداریان لە پاککردنەوەى چواردەورى مۆنۆمێنتى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لە ناحیەى کەسنەزان کرد، کە ساڵانە ژمارەیەکى زۆرى گەشتیار بەمەبەستى بەسەرکردنى گەشتکردن ڕوى تێ دەکەن، لە ئەنجامى هەڵمەتەکە فێرخوازان و بەشداربوان توانیان ڕووبەرێکی زۆری دەوروبەرى مۆنۆمێنتەکە پاک بکەنەوە و، بڕێکی زۆر پاشماوەیان کۆکردەوە، مامۆستایان و فێرخوازان و بەشداربوان جەختیان لە گرنگی بەردەوامیدان بەم جۆرە دەستپێشخەرییانە کردەوە بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی ژینگە و بەردەوامیی پاکوخاوێنی ناوچە گەشتیارییەکان و شوێنە گشتیەکان.
هەر بەو بۆنەیەوە، سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار بە گرنگی باسى لە هاوکاری نێوان دامەزراوە پەروەردەییەکان و کۆمەڵگەی ناوخۆیی بۆ بەرەوپێشبردنی بەها ژینگەییەکان کردەوە، بۆ ئەوەش سوپاسى لێپرسراوانى یەک جیاکانى بەڕێوەبردنى لە شارۆچکەى کەسنەزان کرد، کە لەو هەڵمەتەدا هاوکار و هەماهەنگیان بوون. لە بەرانبەردا لێپرسراوانى یەکە کارگێڕییەکانى کەسنەزان دەستخۆشیان لە ڕێکخەر و سەرپەرشتیار و فێرخوازانى بەشداروى هەڵمەتەکەدا کردو، هیوایان خواست بەردەوامى بەو جۆرە چالاکیە بدەن.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (5/2/2025)، سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاری گشتی بۆ پاراستن و بەفیڕۆنەدانى ئاو بەڕێوەبرد. ئامانجی چالاکیەکە بڵاوکردنەوەى هۆشیاری لە نێو کۆمەڵگە بوو سەبارەت بە شێوازەکان و چۆنیەتى بەکارهێنانی ئاو لە کاتى پێویستدا.
بۆ ئەو مەبەستەش ستافى زانستى بەشەکە و فێرخوازان سەرەتا کۆمەڵێک پرۆشەریان بە ناونیشانى (پاراستنى ئاو، پاراستنى هەسارەیە، هەر دڵۆپێک ئاو ئەژمار دەکرێت) ئامادە و چاپکرد، کە کۆمەڵێک زانیارى گرنگى لەبارەى ئاو، پاراستنی ئاو، داتای پاراستنى ئاو و چەندین زانیارى دیکەى لە خۆگرتبوو، وەک بەفێرۆدانى دڵۆپێک ئاو یەکسانە بە ٢٠ گاڵۆن ئاو لە ڕۆژێکدا. جگە لەوەش، کۆمەڵێک زانیارى دیکەى گرنگى لەبارەى چۆنیەتى بەکارهێنان و مامەڵەکردنى لەگەڵ ئاو لە ماڵەکاندا لەخۆگرتبوو، لەوانە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو لە کاتی خاوێنەکردنەوەى (ددان، قاپشۆردن و خاوێنکردنەوەى کەلوپەل و پێداویستیەکانى ڕۆژانە)…هتد.
لە وێستگەیەکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، کە بەچاودێرى پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود بەڕێوەچوو و، مامۆستا هێڤى محمد قادر سەرپەرشتى دەکرد، لەگەڵ کۆمەڵێک لە فێرخوازانى بەشەکە سەردانى گەڕەکى کوردستان (حى عەسکەرى) لە شارى هەولێریان کرد و، پرۆشۆرەکانی هۆشیارییان بەسەر دانیشتوانی گەڕەکەکە دابەش کرد و، بەسەر ماڵ و دوکاندار و ڕێبوارانى گەڕەکەکەدا دابەشکرد و، هانى هاوڵاتیانیاندا بەشێوەیەکى هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئاو بکەن، چونکە ئاو سەرچاوەى ژیانە.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٢٣/١/٢٠٢٥)، سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی بازرگانی دەستپێشخەرییەکی خۆبەخشانەی بۆ بەخشراوانى نەخۆشخانەی دەروونی لە شارى هەولێر بەڕێوەبرد.
چالاکیە خۆبەخشیەکە بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکى بەشی کارگێڕی کار و، مامۆستاى یاریدەدەر هێڤی محمد قادر ڕێکخەرى کارەکان؛ چالاکیکە بەڕێوەچوو، لەو چوارچێوەیەدا مامۆستا و فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن ستافی نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان بە هاوکاری فەرمان ناسح ئەحمەد کارمەندى نەخۆشخانەکە، ژەمى خواردنى نیوەڕۆیان بەسەر بەخشراوان و نەخۆشانى دەرونى نەخۆشانەکەدا دابەشکرد.
لە وێستگەیەکى چالاکیە خۆبەخشیەکەیاندا، مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەگەڵ ستافى کارگێڕی نەخۆشخانە و تیمی چاودێری تەندروستی گفتوگۆیان لە بارەی بارودۆخی نەخۆشەکان و، چۆنیەتى چاودێریکردن و مامەڵەکردن لەگەڵیان کرد، بۆ ئەوەش ستافى نەخۆشخانەکە زانیارى پێویستیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هەروەک سوپاسى بەشى کارگێڕى کاریان لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد بۆ ئەو دەستپێشخەرییە خۆبەخشى و خێرخوازییە بەتایبەت بۆ توێژێکى فەرامۆشکراوى کۆمەڵگە ئەنجامیانداوە.
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی تەندروستی، فێرخوازانى قۆناغی دووەم لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٧/٤/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد، چالاکییەکی هۆشیارییان لە نەخۆشخانەی فێرکاری منداڵبوون-هەولێر ڕێکخست.
لەو چالاکیەدا، کە بەناونیشانى “دەستپێکردنێکی تەندروست بۆ داهاتوویەکی ئومێدبەخش” بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن ئاهەنگ عەبدوڵڵا شوانی یاریدەدەری بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەى فێرکارى منداڵبوون بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان لە میانەی سەردانەکەدا کارلێکیان لەگەڵ ئافرەتانی دووگیان و دایکانی تازە کرد، زانیاری گرنگیان سەبارەت بە خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشیە جیاکان و، چۆنیەتى بەرەوپێشبردنی تەندروستی دایکان و منداڵەکانیان پێشکەشکردن بەتایبەت لە ڕەچاوکردنى پاکوخاوێنی، خۆراکی دروست و، چاودێری پێش لەدایکبوون، کە هۆکاری سەرەکین بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی و سەلامەتی دایکان و منداڵەکانیان.
ڕۆژی جیهانی تەندروستی، کە ساڵانە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە ڕێکدەخرێت، چەندین چالاکى لە بوارە جیاوازەکان لە وڵاتان بەڕێوەدەچێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەوەری ئەمساڵ جەخت لەسەر “دەستپێکردنێکی تەندروست بۆ داهاتوویەکی ئومێدبەخش” دەکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا بەشەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە چەند چالاکیەک ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.
فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر (بەختەوەر زیاد عومەر)، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی خێرخوازی مرۆیی و بۆ بەرزکردنەوەی ورەی منداڵانی دوچاربوو بە نەخۆشى شێرپەنجە، سەردانی نەخۆشخانەی نانەکەلیان کرد.
لە میانەى ئەو سەردانەدا، کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥) ئەنجامیاندا، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن دکتۆر کۆچەر صالح قادر بەگ، بەڕێوەبەری یەکەی کۆنتڕۆڵکردنی تووشبوون لە نەخۆشخانەکە بەگەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان لە ماوەی مانەوەیان لە نەخۆشخانە، فێرخوازان لەگەڵ منداڵەکان و خێزانەکانیان کۆبونەوە و، جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی مانەوە و ورە بەرزى و بەرگرى بەهێزی منداڵان و خێزانەکانیان وەک قۆناغێک لە چارەسەرکردنیان، بەوەش مۆڕاڵی نەخۆشەکانیان بەرزکردەوە، لە هەمان کاتدا پەیامی کۆڵنەدانیان ئاراستەى منداڵان کرد وەک پاڵەوانێک کە ئازایانە شەڕی شێرپەنجە دەکەن.
لە کۆتایشدا و، بۆ دڵخۆشکردنی نەخۆشە گەنجەکان و منداڵان بەتایبەت، فێرخوازان یارییان بەسەریاندا دابەشکرد، ئەوەش بووە مایەى خۆشحاڵى منداڵان و کەسوکاریان.