رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی (6/11/2025) فێرخوازانی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی گرنگیان بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە و سەلامەتی تەندروستی رێکخست. ئەم چالاکییە بە مەبەستی پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەى هزرى ژینگە پارێزى و سەلامەتى تەندروستی رێکخرا.
هەڵمەتەکە بە چاودێری پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود و، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر بەرێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا مامۆستای سەرپەرشتیار وفێرخوازان زیاتر لە (100) کیسی کاغەزیان ئامادەکرد، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان هۆشیار بکەنەوە لە بری کیسە لایلۆنەکان بەکارى بهێنن.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان کیسەکانیان بەسەر (8) سەمونخانە و نانەواخانە جیاوازەکانی شاری هەولێر دابەشکرد، فێرخوازان لە کاتی سەردانکردن و دابەشکردنى کیسە کاغەزەکان ڕوونیان کردەوە کە بەکارهێنانی کیسی کاغەز لە شوێنی کیسی لایلۆن دەتوانێت کاریگەری باشی هەبێت بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پیسبوونی ژینگە. دواتر فێرخوازان داوایان لە خاوەندارانی سەمونخانە و نانەواخانەکان کرد هەوڵ بدەن بەکارهێنانى کیسی نایلۆن بنەبڕ بکەن و، لە برى ئەوەى کیسی کاغەز بەکاربهێنن، هەروەها ڕوونیان کردەوە کە چۆن گۆڕانکارییە سادەکان لە خووەکانی ڕۆژانەدا دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی بەرچاوی لە داهاتوودا هەبێت.
لە کۆتاییدا؛ هەڵمەتەکە بووە مایەی خۆشحاڵی ودەستخۆشی خاوەن سەمونخانە و نانەواخانەکان، هاوکات داوایان کرد ئەو جۆرە هەڵمەتە بەردەوامى پێ بدرێ.
بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا لە نێو کۆمەڵگە، ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی (3/11/2025) فێرخوازانی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاری گشتی بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا ڕێکخست.
هەڵمەتەکە بە چاودێری پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود و، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر بەرێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا ستافی بەش کۆمەڵێک نامیلکەیان ئامادەکرد، پاشان فێرخوازان سەردانی گەرەکی کوردستان (حی عەسکەری) یان لە شاری هەولێر کرد و دەیان نامیلکەی هۆشیارییان بە ناونیشانی “بەکارهێنانت کەم بکەرەوە، داهاتوو ڕووناک بکەرەوە” بەسەر ماڵان و کاسباران و دۆکانداران و هاوڵاتیان و ڕێبواراندا دابەش کرد، فێرخوازان لە ڕێگەى نامیلکە و پرۆشەرەکانیان باسیان لە کوژاندنەوەی ئەو گڵۆپ و ئامێرە کارەباییانەى ناو ماڵ و دوکانەکان کردەوە کە پێویست نین. هەروەها ڕوونیان کردەوە کە چۆن گۆڕانکارییە سادەکان لە خووەکانی ڕۆژانەدا دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی بەرچاوی لە داهاتوودا هەبێت.
هەر لە میانەى هەڵمەتەکەیاندا فێرخوازان داوای کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا کرد، وەک ئەوەى فێرخوازان باسیان لێوەکرد، کەمتر بەکارهێنانى کارەبا نەک تەنها لە ڕووى داراییەوە سوود بە بەکارهێنەران دەگەێنێ، بەڵکو زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی وزە کاریگەرى نەرێنى لەسەر ژینگەش دەبێ و بەهەدەردانى سامانە سروشتییەکانیش دەبێ. هەڵمەتەکە بووە مایەى خۆشحاڵى و دەستخۆشى هاوڵاتیان و کاسبکاران و دوکاندارەکانى گەرەکەکە.
ڕۆژی دووشەممە رێکەوتی (27/10/2025)، فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان -هەولێر سەردانى قوتابخانەی ئاژینی بنەرەتی کچان کرد و بابەتێکیان لەبارەى چۆنیەتی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
لەو چالاکیەدا، کە بە سەرپەرشتیی مامۆستاى یاریدەدەر هێڤی محمد قادر، بەڕێوەچوو،لە سەرەتادا لەلایەن مامۆستا بەناز عباس مجید بەڕێوەبەری قوتابخانە بەگەرمی پێشوازییان لێکرا، دواتر هاوەڵی کران بۆ شوێنی پێشکەشکردنی سیمینارەکە، بۆ ئەو مەبەستەش زینب رەشاد الیاس فێرخوازى قۆناغی سێیەمی بەشى کارگێڕى کار ناوەرۆکى بابەتەکەى پێشکەشکرد، کە تیایدا بەوردى باسى لە چۆنیەتی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد کرد، بەتایبەت کەوا بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد ژیانی رۆژانەمان ئاسان دەکات ویارمەتیمان دەدات بۆ بریاری باشتر، لە درێژەی سیمینارەکە باسی کرد کەوا دەتوانین بەکاریبهێنین لە بواری پەروەردە و وەڕگێرانی زمان، لە درێژەی سیمینارەکە ئاماژەی بە چەند بەرنامەک دا وەک (ChatGPT- Gemini).
پاشان شاناز رەشاد الیاس فێرخوازى قۆناغی چوارەمی بەشى کارگێڕى کار، باسی لە ئالەنگارییەکانی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد کرد کەوا لە داهاتوو دەبێتە هۆکارەک بۆ ئەوەی کەوا مرۆڤەکان کاری خۆیان لە دەست بدەن، وە ئامۆژگاری بە فێرخوازان دا کەوا لە کاتی بەکارهێنانی بەرنامەکانی زیرەکی دەستکرد نابێت زانیاری تایبەتی خۆیان بەکاربهێنن.
لە کۆتایی سیمینارەکە، فێرخوازانی قوتابخانەکە چەند پرسیارێکیان ئاراستەی پێشکەشکەرانی سیمینارەکە کرد، ئەوانیش بە خۆشحاڵیەوە وەڵامی پرسیارەکانی فێرخوازانیان داوە، بۆ ئەم مەبەستەش مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی بەرێوەبەری قوتابخانە و ستافی قوتابخانەکەی کرد بۆ ئەم دەرفەتەی بۆ فێرخوازانیان رەخساند بۆ پێشکەشکردنی سیمینارەکە، بەرێوەبەری قوتابخانەی وێڕای دەستخۆشی هیوای سەرکەوتن و بەردەوام بوونی بۆ فێرخوازان خواست.
ڕێکخراوى مەیپڵ ترى، کە لەلایەن کۆمەڵە گەنجێک دروستکراوە و، ژمارەیەک فێرخواز لە قۆناغ و بەشە جیاوازەکانى (کارگێڕى کار، مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى، ڕاگەیاندن و بایۆمیدیکاڵ) لە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک خۆبەخش ئەندامن تیایدا، ڕێکخراوە لە چەند ڕۆژى ڕابردوو هەڵمەتێکیان بۆ جوانکردنى دیوار و پرد و باڵەخانەکانى شارى هەولێر دەستپێکرد، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆى جیهان-هەولێر دەستخۆشى و ستایشى بەڕێوەبردنى هەڵمەتەکەیان دەکات.
بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژی پێنجشەممە رێکەوتی (23/10/25)، پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆک بەشی کارگێری کار، بە نوێنەرایەتی پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشداری لە کەمپینی رێکخراوی مەیپڵ تری کرد، کە لە ئێستا سەرقاڵى جوانکردنى سیماى یاریگەى یانەى هەولێرن، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین دروشمی ناشیرن لەسەر دیوارەکان هەبون لادران و، لە شوێنیان وێنەی چەند یاریزانی ناوداری یانەی هەولێر و ئالای کوردستان و نزیکەی ٢٥ وێنەی ئۆڵتراس و دروشمی جوان بۆ هاندامی یانەی هەولێر نەخشاندووە.
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود، لە میانەى بەسەرکردنەوەى هەڵمەتەکەدا بەگرنگییەوە باسی لە کارەکانی رێکخراوەکە کرد، پاشان جەختی لە گرنگی رۆڵی بەشداریکردنی زانکۆکان بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆگرامە ژینگەییەکان کردەوە، کە سوود بە کۆمەڵگەدا دەگەینن. ڕاشیگەیاند بەشداریکردن لەم جۆرە دەستپێشخەرییانە لەگەڵ دیدگا و ئەرکی زانکۆی جیهان-هەولێر هاوتەریبە. پاشان نوێنەرى سەرۆکى زانکۆ ستایشى و دەستخۆشى لە ڕێکخەرانی رێکخراوی مەیپڵ تری کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم کارو چالاکییە ژینگەییانە کە خۆبەخشانە ئەنجامی دەدەن و بۆ سوود گەیاندن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە، ئاماژەی بەوەشدا کە بەشداری فێرخوازان لەم جۆرە چالاکییانە هۆکارێکە بۆ ئەوەی فێرخوازان هەستێکی بەهێزتریان هەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری.
ڕێکخەرانی کەمپەینەکە ستایشی بەشداری نوێنەرى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد، دووپاتیان کردەوە بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی ژینگەی شاری هەلێر.
بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیاری سەبارەت بە رێگریگرتن بەفیرۆدانی خواردن لە نێو کۆمەڵگە، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتى (21/10/2025)، فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاری گشتی بۆ بەفیڕۆنەدانى خواردن بەڕێوەبرد.
هەڵمەتەکە بەچاودێرى پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود و، بەسەرپەرشتى مامۆستا یاریدەدەر هێڤى محمد قادر بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش ستافى زانستى بەشەکە و فێرخوازان سەرەتا کۆمەڵێک پرۆشەریان بە ناونیشانى (خواردن بەفیرۆ مەدە) ئامادە و چاپکرد، کە کۆمەڵێک زانیارى گرنگى لەبارەى بەفیرنەدانی خۆراک و چەندین زانیارى دیکەى لە خۆگرتبوو، وەک خۆراک پاشەکەوت بکە، هەسارەکەت رزگاربکە – هەر گازگرتنێک ئەژماردەکرێت – تەنها هێندە لە قاپەکەت بکە کە دەتوانیت تەواوی بکەیت، ماوەکەش گرنگە – بەفیرۆدانی خواردن بەفیرۆدانی سەرچاوەکانە، بۆیە پێش ئەوەی فرێی بدەیت بیربکەرەوە – خۆراک بەفیرۆ مەدە، رەنگە کەسێکی تر پێویستی پێ بێت.
لە وێستگەیەکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازانى بەشەکە و مامۆستای سەرپەرشتیار سەردانى بازاری قەیسەریان کرد لە سەنتەرى شاری هەولێر، پرۆشۆرەکانی تایبەت بە هۆشیارییان بەسەر دوکانداران و رێبواران و هاوڵاتیان دابەش کرد و، هانى هاوڵاتیانیاندا هەوڵبدەن خواردن بەفیرۆنەدەن، بۆ ئەوەش دوکاندار و رێبواران و هاوڵاتیان دەست خۆشیان لە فێرخوازان کرد بۆ رێکخستن و بەرێوەبردنی ئەم جۆر هەڵمەتە بۆ هۆشیارکردنەوەى تاکەکانى کۆمەڵگە.
ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی (15/10/2025)، فێرخوازێکی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان -هەولێر سەردانى قوتابخانەی ئاهەنگی بنەرەتی تێکەڵاو کرد و بابەتێکى لەبارەى زیانەکانی بەکارهێنانی مۆبایل پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
لەو چالاکیەدا، کە بە سەرپەرشتیی مامۆستاى یاریدەدەر هێڤی محمد قادر، بەڕێوەچوو، سەرەتادا لەلایەن مامۆستا سۆزان سعدي بەڕێوەبەری قوتابخانە بەگەرمی پێشوازییان لێکرا، دواتر لە لایەن مامۆستا چنار صمد صديق هاوەڵی کران بۆ شوێنی پێشکەشکردنی سیمینارەکە، بۆ ئەو مەبەستەشگەردوون فتاح حمە فێرخوازى قۆناغی چوارەمى بەشى کارگێڕى کار ناوەرۆکى بابەتەکەى پێشکەشکرد، کە تیایدا بەوردى باسى لە زیانەکانی مۆبایل کرد، بەتایبەت کاریگەری تەندرووستی کە زۆر بە کارهێنانى دەبێتە هۆى وشکی و ڵێڵی چاو، کەمی چالاکی جەستەی و کێشەی خەوتن و نەبوونی کات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ خێزان و هاورێکانیان و دوورکەوتنەوە لە خوێندن، وتیشى لە کاتی بەکارهێنانی مۆبایل پشوو بەخۆیان بدەن ولەکاتی خەوتن مۆبایل بەکارنەهێنن.
لە کۆتایی مامۆستا پێشەوا مەولود بەرێوەبەری کاروچالاکییەکانی قوتابخانە تیشکی خستە سەر چەند خاڵێکی گرنگ و بەقوتابیانى قوتابخانەکەى راگەیاند خاڵە گرنگەکانى ئەم سمینارە لەبەرچاو بگرن و لە ژیانى ڕۆژانەتاندا پراکتیزە بکەن و لە مۆبایل دوربکەنەوە و، کاتەکانتان بە خوێندن و فێربوون و وەرزشکردن بەسەر بەرن.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (13/10/2025)، سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاری گشتی بۆ پاراستن و بەفیڕۆنەدانى ئاو بەڕێوەبرد.
لە میانەى ئەو هەڵمەتەدا، کە بە چاودێرى پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار و، بە سەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر هێڤى محمد قادر بەڕێوەچوو، فێرخوازان سەردانى گەڕەکى کوردستان (حى عەسکەرى)یان لە شارى هەولێر کرد و، پرۆشۆرەکانی هۆشیارییان بەسەر دانیشتوانی گەڕەکەکە دابەش کرد، هاوکات هەڵمەتەکەیان بازاڕ و دوکاندارانى گەڕەکەکەشى گرتەوە و پرۆشەرەکانیان بەسەر ماڵ و دوکاندار و ڕێبوارانى گەڕەکەکەشدا دابەشکرد و، هانى هاوڵاتیانیاندا بەشێوەیەکى هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئاو بکەن، چونکە ئاو سەرچاوەى ژیانە.
فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار پێشتر بەهاوکارى ستافى زانستى بەشەکە ناونیشان و ناوەڕۆکى پرۆشەرەکەیان بە ناونیشانى (پاراستنى ئاو، پاراستنى هەسارەیە، هەر دڵۆپێک ئاو ئەژمار دەکرێت) ئامادە و چاپکرد، کە کۆمەڵێک زانیارى گرنگى لەبارەى ئاو، پاراستنی ئاو، داتای پاراستنى ئاو و چەندین زانیارى دیکەى لە خۆگرتبوو، وەک بەفێرۆدانى دڵۆپێک ئاو یەکسانە بە (٢٠) گاڵۆن ئاو لە ڕۆژێکدا. جگە لەوەش، کۆمەڵێک زانیارى دیکەى گرنگى لەبارەى چۆنیەتى بەکارهێنان و مامەڵەکردنى لەگەڵ ئاو لە ماڵەکاندا لەخۆگرتبوو، لەوانە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو لە کاتی خاوێنەکردنەوەى (ددان، قاپشۆردن و خاوێنکردنەوەى کەلوپەل و پێداویستیەکانى ڕۆژانە)…هتد.
هەڵمەتەکەش بووە مایەى خۆشحاڵى و دەستخۆشى دانیشتوان و هاوڵاتیان و دوکانداران و ڕێبوارانى بازاڕەکە و بەهەنگاوێکى ئەرێنى وەسفیان کرد.
بۆ ڕەخساندنى ژینگەیەکى گونجاو و لەبار بۆ خوێندن و پاککردنەوەى قوتابخانەکان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٥-٢٠٢٦)، بە چاودێری سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشەکە بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لە هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوەی قوتابخانەکانی سەنتەرى شاری هەولێردا کرد.
لەو هەڵمەتەدا، کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (20/9/2025) بەڕێوەچوو، فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار هەموو تواناکانیان خستەکار بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی پاک و تەندروست بۆ قوتابیانى قوتابخانەکان، بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن. بۆ ئەوەى کەشێکی لەبار بۆ فێربوون بۆ قوتابیان بڕخسێنن، چونکە ژینگەیەکی پاک و ڕێک و تەندروست بنەمای سەرەکی سەرکەوتنی پڕۆسەی پەروەردەیە. بەو بۆنەیەوە فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریکردن و ئەنجامدانی ئەم جۆرە کارە خزمەتگوزارییانە و جەختیان لەسەر بەردەوامبوونیان لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا کردەوە کە سوود بە کۆمەڵگە دەگەیەنن.
ئەم هەڵمەتە بەهەماهەنگی تیمەکانی پاراستنی تەندروستی تەندروستی قوتابخانەکان و تیمەکانی کۆنتڕۆڵکردنی هەوکردن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر و، زانکۆى جیهان-هەولێر و یەکێتیی قوتابیان و لاوانى کوردستان بەڕێوەچوو.
لە چوارچێوەی چالاکیە بەردەوامەکانى بڵاوکردنەوەى، کە سەرۆکایەتى بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەرپەرشتى دەکات، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٦/٢/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەم سەردانی قوتابخانەی هەولێرى نمونەییان کرد و، سیمینارێکی هۆشیارییان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لەلایەن مامۆستا نەشمیل حەمەد عەلی بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستا تریفە محەمەد یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە سیمینارێکیان پێشکەش بە قوتابیانى پۆلی 12 قوتابخانەکە کرد، لە میانەى سمینارەکەیاندا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر تیشکیان خستە سەر بەربڵاوترین کێشە تەندروستییەکانی کچان و ژنان بەتایبەت نەخۆشی هێلکەدانی پۆلیسیست (PCOS)، کە زۆرجار پەیوەندی بە زیادبوونی کێشەوە هەیە.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک پشکنینی سەرەتایی پزیشکییان بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە ئەنجامدا، لەوانە دیاریکردنی جۆری خوێن، پێوانەکردنی ئاستی شەکری خوێن و پێوانەکردنی پەستانی خوێن، لەکۆتایی چالاکییەکەدا فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی کارگێڕی قوتابخانەکە کرد کە دەرفەتیان پێبەخشی ئەو چالاکیانە لەبارەى بابەتە گرنگەکانی بوارى تەندروستی بەڕێوەبەرن.
ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی (٢٥/٢/٢٠٢٥) فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی قوتابخانەی (بان)ی ناحکومییان کرد و، چالاکیەکی زانستیان بۆ مامۆستا و قوتابیانی قوتابخانەکە ئەنجامدا.
ئەو فێرخوازانەی زانکۆی جیهان-هەولێر سەرەتا لەلایەن مامۆستا (گۆران رضا) بەڕێوبەری قوتابخانەکە پێشوازیان لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەریەک لە مامۆستایان و قوتابییانی قوتابخانەکە، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر سێمینارەکەیان پێشکەش کرد، کە تایبەت بوو بە فریاگوزاری سەرەتایی وشەکرە و فشاری خوێن. بۆ ئەوەش تیشک خستنە سەر هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە، شێوازەکانی خۆپاراستن و، گرنگی پشکنینی بەردەوام.
لە بەشێکی تری دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ، چەندین پشکنینى جۆراوجۆریان بۆ هەریەک لە مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانەکە ئەنجامدا، پشکنینەکان تایبەت بوون بە پشکنیی چاو و شەکرە و فشاری خوێن.
لەکۆتاییدا، مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانەکە سوپاسی ئەو فێرخوازانەی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد لە بەرامبەر ئەو ئەرک و ماندوبوونەی کە پێشکەشیان کرد .