رۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٠/١٢/٢٠٢٥) فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر لە کارێکى هونەرى خۆبەخشیدا دیوارەکانی قوتابخانەی ژیانی هاوچەرخ لە شارى هەولێر دەنەخشێنن.
هەڵەمەتەکەى فێرخوازان، بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم بیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار بەرێوەچوو، لەسەرەتادا فێرخوازان دەستیانکرد بە ئامادەکردنی کەرستەی بۆیەکردن وەک سبوخ وفلچە. پاشان فێرخوازان دەستیان بە بۆیە کردن ورازاندنەوەی دیوارەکان بە رەنگی جیاواز ونەخشاندنی ئاڵای کوردستان لەسەر دیوارەکان، ئەم هەڵمەتەش بووە هۆکارێک بۆ جوانکردن ودڵخۆشبوونی فێرخوازانی قوتابخانەی ژایانی هاوچەرخ.
لە کۆتایی هەڵمەتەکەدا، ستافى بەڕێوەبەرایەتى قوتابخانەکە سوپاس و دەستخۆشیان ئاراستەی فێرخوازانی بەشی کارگێری کار کرد.
بە دروشمی “لە هەڵسەنگاندنەوە بۆ جێبەجێکردن”، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣/١٢/٢٠٢٥، فێرخوازانی بەشی کارگێڕیی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی “ئامادەیی هەولێری کچانی نمونەییان” كرد، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلانی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدان قوتابخانەكە.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر قوسەی حەمید سەلامی و بە یاوەری گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشەکە بەڕێوەچوو. وەفدەکە لەلایەن مامۆستا ڕوقییە سەلاحەدین شاکر بەڕێوەبەری قوتابخانەكە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان بەدواداچونیان بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلانی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدان قوتابخانەكە كرد، كە بریتیە لە چاککردنەوەی زەویی (ئەرز)ی پۆلە کەرەڤانەکان، لەگەڵ گرتن و چاککردنەوەی کون و کەلێنەکانی سەربانی کەرەڤانەکان و، دانانی پەنجەرەی نوێ لە شوێنی پەنجەرە تێکچووەکان لەگەڵ دانانی داپۆشەری پارێزەر بۆ سەربانەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دزەکردنی ئاوی باران و، بۆ باشترکردنی ژینگەی خوێندن و دابینکردنی کەشێکی ئارام و لەبار بۆ فێربوون و داهێنان.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ستایشی ڕۆڵی پێشەنگانەی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد لە بواری خزمەتکردنی کۆمەڵگە، هەروەها ئەو پەرۆشییەی بەرز نرخاند کە فێرخواز و مامۆستایانی بەشی کارگێڕیی کار نیشانی دەدەن بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی پڕۆژەگەلێک، کە کاریگەریی ئەرێنی و ڕاستەوخۆیان لەسەر واقیعی قوتابخانەکەیان هەیە.
لە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٢٧/١٠/٢٠٢٥)، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەى ئامادەیی بانی ناحکومی ئەنجامدا و، چالاکیەکى زمانەوانیان ئەنجامدا، ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ڕۆژین حوسێنی) بوو.
لە سەرەتای سەردانەکەدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن هەریەک لە مامۆستا گۆران ڕەزا حسێن بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە و سلوان تاها مەحمود لێپرسراوی کوالێتی قوتابخانەکە پێشوزییان لێکرا، پاشان فێرخوازان لە هۆڵى قوتابخانەکە ناوڕۆکى چالاکیەکەیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد و، تیایدا کۆمەڵێک یاریی کارلێککارانەی زمانەوانیان پێشکەش کرد، کە تایبەت بوون بە یارمەتیدانی قوتابیان بۆ باشترکردنی تواناکانی خوێندنەوەی وشەکان (pronunciation)، کە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش دیزاین کرابوون.
چالاکییەکان سەرنجی قوتابیانى لەسەر ڕاهێنان لەسەر دەنگە ئینگلیزییەکان بوو، کە تیایدا جەخت لەسەر وشە (stress)، و ئاواز (intonation) بوو، لە کاتێکدا کەشێکی یارییانە پارێزرا بوو کە هانی بەشداریکردن و متمانەبەخۆبوونی قوتابیانى قوتابخانەکەی دەدا. ئەم شێوازە نیشانیدا کە چۆن بەکارهێنانی یارییەکان لە پۆلدا دەتوانێت ڕاهێنانی خوێندنەوەی وشەکان (pronunciation) کاریگەر و هاندەر بێت.
لە کۆتایی چالاکیەکەدا، ستافى قوتابخانەکە دەستخۆشیان لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد بۆ ئەنجامدانى چالاکیەوە و هاندانى قوتابیان بە ڕێگەى جیاواز تر بۆ فێربوونى زمانى ئینگلیزى.
گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر لە ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٩/١٠/٢٠٢٥)، چالاکییەکی هۆشیارکردنەوەیان بە ناونیشانی “خوێندنی دیجیتاڵی و ڕۆشنبیریی دیجیتاڵی بۆ زیرەکیی دەستکرد”، بە سەرپەرشتیی مامۆستا (پۆڵا تەحسین محەمەد)، ئەنجامدا.
چالاکییەکە لە بازاڕى سوڵتان موزەفەر بەڕێوەچوو، کە تێیدا فێرخوازان پرۆشۆر و نامیلکەى هۆشیارکردنەوەیان لەبارەى خوێندەوارى دیجیتاڵی و ڕۆشنبیریی زیرەکیی دەستکرد بەسەر هاوڵاتیان و دوکانداران و ڕێبواران دابەشکرد، کە کۆمەڵێک زانیاری بنەڕەتییان لەسەر چۆنیەتیی یەکخستنی کاریگەر و بەرپرسیارانەی ئامرازە دیجیتاڵییەکان و تەکنەلۆژیاکانی زیرەکیی دەستکرد لە ژیانی ڕۆژانە و خوێندندا لەخۆگرتبوو.
فێرخوازان لە میانەى دابەشکردنى پۆستەرەکاندا لە گفتوگۆیان لەگەڵ دوکانداران و ڕێبواران و هاوڵاتیان سەبارەت بە ڕۆڵی پەرەپێدانى زیرەکیی دەستکرد لە خوێندن و کۆمەڵگە کرد و، جەختیان لەوە کردەوە کە ڕۆشنبیریی دیجیتاڵی بۆ زیرەکیی دەستکرد واتە تێگەیشتن لە چۆنیەتیی کارکردنی، ناسینەوەی سوود و سنوورەکانی و، بەکارهێنانی ئامرازەکانی بە شێوەیەکی ژیرانە و ئەخلاقی. هەروەها ڕوونیان کردەوە کە بەهێزکردنی ئەم کەلتوورە بەشدارە لە توانادارکردنی تاکەکان بۆ وەرگرتنی بڕیاری هۆشیارانە، پاراستنی تایبەتمەندێتییان و گونجاندن لەگەڵ گەشەسەندنە تەکنەلۆژییە خێراکاندا.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، فێرخوازان جەختیان لەوە کردەوە کە زیرەکیی دەستکرد بنەمایەکی سەرەکییە لە داهاتووی خوێندندا، کە ئەمەش داهێنان و نوێگەری و فێربوونی بەردەوام لە سەردەمی دیجیتاڵیدا بەهێزتر دەکات.
رۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٨/١١/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، وەک بەشێک لە چالاکییەکانی «مانگی هۆشیاریی تەندروستیی پیاوان»، چالاکییەکی هۆشیارییان لە (دریم ستی) ئەنجامدا.
چالاکییەکە بەسەرپەرشتى مامۆستا (پۆلا تەحسین محەممەد)ـ بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان چەندین بڵاوکراوەی هۆشیارییان دابەش کرد کە زانیاریی گرنگیان لەخۆگرتبوو دەربارەی تەندروستیی پیاوان، لەوانە: تەندروستیی پڕۆستات، تەندروستیی دەروونی، مەترسییەکانی نەخۆشیی دڵ و خوێنبەرەکان، هەروەها گرنگیی ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییە خولییەکان. چالاکییەکە جەختی کردەوە سەر گرنگیی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکان، گرتنەبەری شێوازی ژیانی تەندروست و زیادکردنی هۆشیاری دەربارەی ئەو نەخۆشییانەی کە دەکرێت پیاوان لێی پارێزراو بن.
لە میانەی چالاکییەکەدا، فێرخوازان گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاوڵاتیان کرد و، جەختیان لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی پشکنینی بەردەوام و هاندانی گفتوگۆی کراوە دەربارەی پرسەکانی تەندروستیی پیاوان کردەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٨/٥/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغى یەکەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکى نەمام چاندنیان بەڕێوەبرد.
لەو هەڵمەتەدا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر زوبەیدە هیشام شوکر بەڕێوەچوو، فێرخوازان (٢٥) نەمامیان لە دەورەبەرى شارى هەولێر چاند بە ئامانجى پاکڕاگرتنى ژینگەى هەولێر و، فراوانکردنى ڕێژەى سەوزایی لە شارەکە، لە میانەى چالاکیەکەیاندا فێرخوازانى بەشى شیکارى کیمایی پزیشکى بەشێوەیەکى چالاکانە بەشدارییان کرد و، نەمامەکانیان بەپێى خواستى بەڕێوەبەرایەتى ئەندازەى پارەکەکان لە شارى هەولێر و، پێویستى ناوچەکە چاند.
زانکۆى جهیان-هەولێر وەک ناوەندێکى ئەکادیمى لە هەموو ئاستەکان هەوڵەکانى خۆى خستۆتە کار بۆ جێبەجێکردن و بەدیهێنانى ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی بەردەوام، ئەم هەڵمتەى فێرخوازانى بەشى شیکارى کیمیایی پزیشکى لە چوارچێوەى پاراستن و بەرەوپێشبردنی هۆشیاری ژینگەیی و زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی و پاراستنى تەندروستی گشتی دێ.
فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری کیمیای پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٢٧/٤/٢٠٢٥) و، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی زانکۆکە، سەردانی قوتابخانەی غەشای ئەهلی-هەولێریان کرد، کە سەر بە ناوەندە پەروەردەییەکانى کامبریجە.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن عەتا لەتیف محمد جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە سەردانەکەیاندا سەردانەکەدا، بابەتێکى هۆشیارییان سەبارەت بە مەترسیەکانى بەکارهێنانى جگەرەکێشان و ڤاپینگ پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، بۆ ئەو مەبەستەش بەوردى باسیان لە مەترسییەکانی جگەرەکێشان و کاریگەرییە زیانبەخشەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەسەر تەندروستى مرۆڤ کرد، دواتریش کۆمەڵێک ئامۆژگارییان سەبارەت هەنگاوە پراکتیکییەکان بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان و ڤەیپ پێشکەش بە قوتابیان کرد، هەروەک هانى قوتابیانیاندا خۆیان بەدور بگرن لەو کەسانەى کە جگەر و ڤەیب دەکێشن.
لە کۆتاییدا قوتابیان هەندێک پرسیاریان سەبارەت بە بابەتەکە لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، ئەوانیش بەشێوەیەکى زانستى وەڵامى پرسیارەکانیان دایەوە.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٢/٤/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی قوتابخانەی کاپیتال سیتی تایبەتیان لە شارى هەولێر کرد و چالاکیەکى هۆشیارى تەندروستیان بەڕێوەبرد.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن شاجوان لاولاو ڕەمزی یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. سمینارێکیان بەناونیشانی “مەترسییە شاراوەکانی جگەرەکێشان” پێشکەشکرد، لەو سمینارەیاندا کە بەئامادەبوونى قوتابیانی ئامادەیی بەڕێوەچوو، باس لە مەترسییە تەندروستییە جدییەکانی پەیوەست بە جگەرەکێشان کرا. هەروەها تیشکیان خستە سەر ڕۆڵی گرنگی پەروەردەی تەندروستی و ئاگاداربوون لە دۆخى تەندروستى. دواتریش بەشێوەیەکى پراکتیکى و وێنەى ڤیدیۆى ئاستى مەترسیەکانیان بۆ قوتابیان زیاتر ڕونکردەوە.
لە کۆتایدا، سەرپەرشتیارانى قوتابخانەکە سوپاسى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد، بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى سمینارەکە و هۆشیارکردنەوەى قوتابیانیان لە بارى تەندروستیان بەشێوەیەکى باشتر.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٥/٢/٢٠٢٥) دوول ە فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی ئامادەیی نۆلیڤەریان کرد بۆ پێشکەشکردنی سیمینارێکی پەروەردەیی سەبارەت بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە بواری پەروەردە و پزیشکیدا.
سەردانەکە لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر عەبدوڵڵا جەودەت سەرپەرشتی کرا، بە گەیشتنیان بە قوتابخانەکە لەلایەن دالین عەبدولکەریم مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان چالاکیەکەیان دەستپێکرد و کۆمەڵێک زانیارى گرنگیان لەبارەى ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد لە بەکارهێنانی پەروەردەیی و دەستنیشانکردنی پزیشکی و دۆزینەوەی دەرمان پێشکەش کرد. هەروەها نموونەی سەرنجڕاکێشیان بەکارهێناوە، وەک یاریدەدەری زمانی زیرەک، ئەپی چاودێری تەندروستی و ڕۆبۆتی پزیشکی، بۆ ئەوەی بابەتەکە لەلاى قوتابیان سەرنجڕاکێشتر بێت و ئاسانتر تێبگەن، ئەوەش وایکرد قوتابیان زۆر بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا بکەن.
بۆ ئەوەش مامۆستاى قوتابخانەکە سوپاسى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى سمینارەکە و ناوەڕۆکەکەى بەبابەتێکى گرنگ بۆ قوتابیان وەسف کرد.
لە چوارچێوەى چالاکیە خۆبەخشى و هۆشیارییەکان و، بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانیارى توێژە جیاوازەکان، سەرۆکایەتى بەشى شیکارى کیمایی پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر زنجیرەیەک چالاکى بۆ فێرخوازان لە قۆناغە جیاکان ڕێکخستووە.
لەو چوارچێوەیەدا، فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە دەستپێشخەرییەکی پەروەردەیی و تەندروستیدا، کە بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر عەبدوڵڵا جەودەت بەڕێوەچوو، سەردانی قوتابخانەی ناوەندی شەهید کۆچەریان کرد و، لەلایەن مامۆستا سەمیر ڕۆستەم بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، لە سەرەتاى چالاکیەکەیاندا فێرخوازان پشکنینی پزیشکییان بۆ قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەکە ئەنجامدا، کە بریتی بوو لە پشکنینی خوێن، پشکنینی شەکری خوێن، پێوانەکردنی پەستانی خوێن، لەگەڵ پێوانەکردنی ئاستی ئۆکسجین، مەبەست لەم پشکنینانە ئاگادارکردنەوەى مامۆستایان و قوتابیانى قوتابخانەکە بوو لە گرنگی پشکنینی تەندروستی پێشوەختە بۆ دیاریکردنی هەر کێشەیەکی تەندروستی.
لە وێستگەیەکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان سیمینارێکیان پێشکەش بە قوتابیانى پۆلی (١٢) لە قوتابخانەکە کرد، لە سمینارەکەدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد (AI) لە بواری پزیشکیدا کرد، بەتایبەت لە چۆنیەتى دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکان و لایەنى پزیشکی و نەشتەرگەری ڕۆبۆتی و دۆزینەوەی دەرمان، بەو هۆیەشەوە سەردانەکە بوو بۆنەیەک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری قوتابیان لە گرنگی پشکنینی پزیشکی و دیدێکی داهاتووی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی زیرەکی دەستکرد لە بواری پزیشکی.