لە چوارچێوەى پەرەپێدانی گیانی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و پڕاکتیزەکردنی بەها مرۆییەکان لەناو فێرخوازان، ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکاڵ چالاکییەکی خێرخوازیی مرۆییان بەڕێوەبرد.
ئەم چالاکییە، کە لە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 22ی ئەیلولی 2025 بەڕێوەچوو، فێرخوازان سەردانى ماڵی بەساڵاچووان “دار الرجاء”یان لە شارى هەولێر کرد و، بە گەرمی لەلایەن خالیدە پۆلص تۆما، سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری ماڵی بەساڵاچووان “دار الرجاء” پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیدا دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان؛ ئینجا ستایشی ڕۆڵی چالاکانەی فێرخوازانى کرد و پێزانینی خۆی بۆ دەستپێشخەرییە خێرخوازییەکانیان دەربڕی. لە میانی چالاکییەکەدا، خوێندکاران بە شێوەیەکی کارا لەگەڵ بەساڵاچوواندا تێکەڵ بوون، گفتوگۆیان لەگەڵدا کرد و کاتێکی خۆشیان بۆ ڕەخساندن، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر باری دەروونیی بەساڵاچووان دروست کرد.
هەر لە میانەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان پشتیوانیی ماددی و مەعنەوییان بۆ ماڵی بەساڵاچووان دوپاتکردەوە، لەم چوارچێوەیەدا، فێرخوازان کۆمەڵێک دیاریی جۆراوجۆریان پێشکەش بە بەساڵاچوان کرد، کە پێکهاتبوون لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕۆژانە وەک ماددە خۆراکییەکان، بەرهەمەکانی گرنگیپێدانی کەسی،و کەلوپەلی تەندروستی، کە بە شێوەیەکی بەرچاو یارمەتیدەر بوو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتووانی ماڵەکە.
فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکال لە زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ بەرزڕاگرتنی بۆنە نیشتمانی و ئایینییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە، ریکەوتى 4ی ئەیلوولی 2025، لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لێ بێت) چالاکیەکى تەندروستى و ئاینیان بەرێوەبردز
لە میانەی ئەم چالاکییەدا، فیرخوازان بە گەرمی پێشوازییان لە میوانان و سەردانکەرانی پارکەکە کرد و، شیرینییان پێشکەش کردن وەک هێمایەک بۆ بەشداریکردن لە خۆشییەکانی ئەم بۆنە پیرۆزە. هەروەها، لە چوارچێوەی پابەندبوونی بەشەکە بە پەرەپێدانی تەندروستی گشتی و باشترکردنی ئاستی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە، چەندین ئامۆژگاری تەندروستی و ڕێنمایی پزیشکیی بەسوودیان پیشکەش بە سەردانیکەران و ڕێبواران و هاوڵاتیان کرد.
لە بەرامبەردا هاوڵاتیان وسەرانیکەرانى پارکەکە دەستخۆشیان لە فێرخوازان کرد بۆ ڕیکخستنى ئەو چالاکیە و پێشکەشکردنى ڕێنمایی تەندروستى و خزمەت بە هاوڵاتیان.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٢/١١/٢٠٢٥)، إيمان ناظم ذياب، فێرخوازى قۆناغی چوارەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانى قوتابخانەی نێودەوڵەتی جیهانى کرد و بابەتێکى لەبارەى “کۆنتڕۆڵکردنى سترێسی پێش تاقیکردنەوەکان” پێشکەشى قوتابیانی قوتابخانەی نێودەوڵەتی جیهان لە هەولێر کرد.
سەرەتا إيمان ناظم ذياب بە گەرمی لەلایەن مامۆستامەحمود عماد محەمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، پێشوازی لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە ناوەڕۆکى بابەتەکەى پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد و، بەشێوەیەکى زانستى و بە زمانێکى سادە باسی لایەنە دەروونی و فیزۆلۆژییەکانی سترێسی پەیوەندیدار بە تاقیکردنەوەکان کرد، بۆ ئەوەش ئاماژەى بە ستراتیژییە پراکتیکییەکانی بۆ باشترکردنی سەرنجدان، بەڕێوەبردنی دڵەڕاوکێ و پاراستنی بیرکردنەوەیەکی ئەرێنی کرد و، جەختی لەسەر تەکنیکە سەرەکییەکان وەک بەڕێوەبردنی کاتی کاریگەر، ڕاهێنانی خاوبوونەوە و شێوازی ژیانی تەندروست کردەوە، کە بەشداری لە باشترکردنی ئاستی ئەکادیمی دەکەن .
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، مامۆستا مەحمود عماد محەمەد سوپاسی بێپایانی ئاڕاستەی بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکی کرد بۆ بەشدارییە بەنرخەکەیان لە پشتیوانیکردنی فێرخوازان و پەرەپێدانی بڵاوکردنەوەى کەلتووری هۆشیاری تەندروستی دەروونی لەناو کۆمەڵگە و قوتابخانەکان.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٢/١١/٢٠٢٥)، شۆخان عومەر ڕەسووڵ، فێرخوازى قۆناغی چوارەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانى قوتابخانەی هەولێر تایبەتی کرد و، بابەتێکى بەناونیشانى “نەخۆشییەکانی زستان و چۆنیەتی خۆپاراستن لێیان” پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا شۆخان عومەر ڕەسووڵ بە گەرمی لەلایەن مامۆستا شاخەوان عومەر، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازی لێکرا، ڕونیشیکردەوە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لە نێو قوتابیانی قوتابخانەدا سەبارەت بە نەخۆشییە وەرزییەکان و ڕێکارەکانی خۆپاراستنی تەندروستی بابەتێکى هەنوکەیی گرنگە، بۆ ئەوەش ستایشى بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکی کرد .
پاشان، شۆخان عومەر ڕەسووڵ شیکردنەوەیەکى وردى زانستى سەبارەت بە هەوکردنە باوەکانی پەیوەندیدار بە زستان وەک ئەنفلۆنزا، سەرمابوونی باو و هەوکردنی سییەکان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد و، تیشکی خستە سەر هۆکارەکان، نیشانەکان و ڕێگەکانی خۆپاراستن لێیان، بۆ ئەو مەبەستەش جەختی لە پاکوخاوێنی کەسی، کوتان، خۆراکی گونجاو و گرنگی پاراستنی ژینگەیەکی گەرم و خاوێن لە وەرزی سارددا کردەوە.
قوتابییان بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لە دانیشتنەکەدا کرد و کۆمەڵێک پرسیار و سەرەنجیان خستەڕوو، دواتریش شۆخان عومەر ڕەسووڵ وەڵامى سەرەنج و پرسیارەکانى قوتابیانى دایەوە.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، کارگێڕی قوتابخانەکە ستایشی شۆخان عومەر ڕەسووڵى کرد بۆ بەشدارییان لە پێشخستنی هۆشیاری تەندروستی گشتی لە نێو قوتابیانى قوتابخانەکەیاندا.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٢/١١/٢٠٢٥)، ڕووەیدا موراد عوسمان، فێرخوازى قۆناغی چوارەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانى ئامادەیی بێجانى کوڕانى کرد و بابەتێکى بەناونیشانى “خۆپاراستن لە هەوکردنەکانی کۆئەندامی هەناسە لە وەرزی زستاندا” پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
لەسەرەتادا، فێرخوازەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەن مامۆستا تاریق مستەفا حەسەن، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، بە گەرمی پێشوازی لێکرا، لە وتەیەکى کورتدا سوپاسی بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکی کرد لەسەر هەوڵە بەردەوامەکانیان لە پێشخستنی هۆشیاری تەندروستی کۆمەڵگە بەتایبەت هۆشیارکردنەوەى قوتابیانى قوتابخانەکەیان لە پەتا وەرزیەکان.
پاشان ڕووەیدا موراد عوسمان لە یەکێک لە هۆڵەکانى قوتابخانەکە بە وردی باسی هۆکارەکان، گواستنەوە، و ڕێگەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییە باوەکانی کۆئەندامی هەناسە وەک ئەنفلۆنزا، برۆنکایتس و هەوکردنی سییەکان کرد، کە بە شێوەیەکی گشتی لە مانگە ساردەکاندا زیاد دەکەن. ئەو جەختی لەسەر گرنگی کوتان، پاراستنی پاکوخاوێنی بەشێوەیەکى گونجاو و، دڵنیابوون لە هەواگۆڕکێی گونجاو لە پۆلەکاندا کردەوە، لەگەڵ بەکارهێنانی ماسکی پارێزەر لە ژینگەی قەرەباڵغدا کردەوە. هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو شێوازە ژیانیانەی کە بەرگری لەش بەهێز دەکەن، لەوانە خۆراکی هاوسەنگ، خەوی پێویست و چالاکیی جەستەیی بەردەوام.
پاشان قوتابیانى قوتابخانەکە بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد، ئەزموونەکانیان گۆڕییەوە، و پرسیارە پەیوەندیدارەکانیان سەبارەت بە خۆپاراستن لە نەخۆشی و ڕێکارە تەندروستییەکانی وەرزی وروژاند. لە کۆتاییدا تاریق مستەفا حەسەن دەستخۆشى لە ڕووەیدا موراد عوسمان کرد بۆ بەشدارییە بەنرخەکەیان لە پێشخستنی هۆشیاری تەندروستی گشتی لە نێو قوتابییاندا.
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتی (٣/١١/٢٠٢٥) فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی، زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی خێرخوازییان بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی تایبەت بە شێرپەنجە ڕێکخست.
ئەم چالاکییە وەک بەشێک بوو لە دەستپێشخەرییەکانی بەشەکە بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی و پشتگیریکردنی ئەو منداڵانەی چارەسەری شێرپەنجە وەردەگرن، هەروەها بۆ پەرەپێدانی بەشداریی کۆمەڵایەتی لە نێوان فێرخوازانی زانکۆدا، لەو چوارچێوەیەدافێرخوازان بە گەرمی لەلایەن بەرزان عیزالدین ساڵح، توێژەری کۆمەڵایەتی و نوێنەری ڕێکخراوی تۆڕی پزیشکی ژاپۆن لە عێراق، پێشوازییان لێکرا، دواى بەخێرهاتنی فێرخوازانی ئینجا زانیارییەکی گشتى دەربارەی خزمەتگوزارییە تایبەتمەندەکانی نەخۆشخانەکە بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێشکەشى فێرخوازان.
پاشان هاوەڵى فێرخوازانی کرد و بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکەدا بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشناى دۆخى ئەو منداڵە نەخۆشخانە بوون، کە لە ژێر چارەسەردابوون، پاشان فێرخوازان دیارییان دابەشکرد و ساتێکی پڕ لە خۆشەویستییان لەگەڵ منداڵەکان بەسەربرد، ئەم دەستپێشخەرییە هەستی بەهێزی هاوسۆزی، هۆشیاری کۆمەڵایەتی، و بەرپرسیارێتی پیشەییان وەک بەشداربووانی داهاتووی کەرتی تەندروستی نیشاندا.
لە کۆتایدا کارگێڕی نەخۆشخانە سوپاسی فێرخوازانی کرد بۆ سەردانەکەیان و، ئاماژەی بە کاریگەرییە ئەرێنییە سۆزدارییەکانی لەسەر هەردوو منداڵان و ستافی نەخۆشخانەکە کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتى (١٦/١٠/٢٠٢٥)، ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغەکانی دووەم، سێیەم و چوارەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر ڕۆژین حسێنی، چالاکییەکی دڵسۆزانەی خزمەتکردنی کۆمەڵگەیان لە یەکێک لە خانەکانی بێسەرپەرشتان لە هەولێر ئەنجامدا.
ئەم چالاکیە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی خۆراکەوە ڕێکخرابوو، لە کاتی گەیشتنیان، بەشداربووان بە گەرمی لەلایەن خاتوو دیمەن عەلی، بەڕێوەبەری خانەکە،و ژمارەیەک لە کارمەندانی خانەکە پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکدا سوپاسی خۆیان بۆ ئەم هەنگاوە بەنرخەى فێرخوازان دەربڕی. پاشان فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى لە میانی سەردانەکەدا، خۆراک و خواردنی خێرا (snack)یان بەسەر منداڵاندا دابەشکرد، کە دۆخێکی خۆش و هاوبەشییان خولقاند. چالاکییەکە بە ڕوحیەتێکی بەرز و سۆزدار کۆتایی هات، و کاریگەرییەکی بەردەوامی لەسەر فێرخوازیان و منداڵان جێهێشت.
بۆ ئەوەش مامۆستاى یاریدەدەر ڕۆژین حسێنی ستایشى هەوڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەڕێوەبردنى ئەو چالاکیە و، وتى: ئەم سەردانە تەنها دەربارەی بەخشین نەبوو، بەڵکو دەربارەی فێربوونی مرۆڤایەتی بوو لە کرداردا – کە بیری دەخەینەوە پەروەردەی ڕاستەقینە شانبەشانی هاوسۆزی و بەخشندەیی دەڕوات.
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (٢٦/١٠/٢٠٢٥)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی چارەسەری سروشتی لە زانکۆی جیهان، سەردانى قوتابخانەی ئامادەیی ژیارى نوێیان کرد.
بەگەیشتنیان لەلایەن بە گەرمی لەلایەن دکتۆر (ڕەسوڵ حەمەد) بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێشوازی لێکرا، لە وتەیەکدا دەستخۆشى لە فێرخوازان کرد بۆ بەرێوەبردنى ئەو چالاکیە لە پێناو باشترکردنی تەندروستی و خۆشگوزەرانی قوتابیانى قوتابخانەکەیان، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە هۆڵى قوتابخانەکە بە ناونیشانی “لادانەکانی شێوازی لەش (شێوازی ناشرین)” بابەتێکى فێرکاریان پێشکە بە قوتابیانى پۆلی دوانزدەیەمى قوتابخانەکە کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا پێناسەی حاڵەتەکەیان کرد، پاشان باسى هۆکارەکانی، پۆلێنکردنیان،و کاریگەرییان لەسەر تەندروستی کۆئەندامی ماسولکە و ئێسک کرد. لە بەشێکى دیکەى بابەتە فێرکارییەکەدا باسیان لە شێوازەکانی چارەسەر و خۆپارێزییەکان کرد بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی جەستە کە لەناو گەنجاندا باون.
لە وێستگەیەکى دیکەى چالاکیەکەیاندا فێرخواز ژیار ئەنوەر شیکردنەوەیەکی وردی بۆ جۆرەکانی لادانەکانی شێوازی لەش وەک کیفۆسیس (کۆمەر) و لۆردۆسیس (کۆمەرە چەماوەی خوارەوەی پشت)، سکۆلیۆسیس (چەماوەی لاشە)، پشتی تەخت و سەری پێشەوە ڕۆیشتوو بەشێوەیەکى پراکتیکى خستەڕوو. پێشکەشکردنەکە بە خستنەڕووی ڕاهێنانە ڕاستکەرەوە و بەهێزکەرەکان بۆ باشترکردنی ڕاستی بڕبڕەی پشت و بەدەستهێنانی هاوسەنگی لەش درێژەى پێدرا.
چالاکیەکە بە گفتوگۆیەکی بەرهەمدار لە نێوان فێرخوازانى زانکۆ و قوتابیان و کارگێڕى قوتابخانەکە کۆتایی هات.
گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکیی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، هەڵمەتێکی مەیدانیی هۆشیارییان لەبارەى مەترسییەکانی شێرپەنجەی مەمک و گرنگیی پشکنینی پێشوەختە ڕێکخست.
لەو هەڵمەتەدا، کە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (2025/10/21)، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر نور سامی عومەر بەڕێوەچوو، فێرخوازان سەردانى پارکی سامی عەبدولڕەحمان و بازاڕەکانى سەنتەرى شارى هەولێریان کرد و ، پرۆشۆرى تایبەت مەترسییەکانی شێرپەنجەی مەمکیان بەسەر ژنان و کچان و ڕێبوارانى ئەو شوێنانە دابەش کرد، پرۆشۆرەکان کۆمەڵێک زانیاریی زانستیی سادەکراوەیان لەسەر نەخۆشییەکە، هۆکارەکانی و گرنگیی زوو دەستنیشانکردن لەخۆگرتبوو، هاوکات بەشێوەیەکى زارەکى گفتوگۆیان لەبارەى ڕۆڵی وێنەگرتنی تیشکیی لە دەستنیشانکردنی دروستى نەخۆشیەکە بۆ هاوڵاتیان باسکرد، جگە لەوەش هاندانی ژنان و کچانیاندا بۆ ئەنجامدانی پشکنینی بەردەوام بۆ زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک، چونکە ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی چاکبوونەوە و کەمکردنەوەی لێکەوتە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکە.
لە کۆتایی هەڵمەتەکەدا، هاوڵاتیان و ژنان و کچان و ئافرەتان، خۆشحاڵى خۆیان بەو هەڵمەتە نیشاندا و، دەستخۆشیان لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد.
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (٢٦/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەم لە بەشی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی مەیدانی زانستییان بۆ ئامادەیی شارستانى کچان لە شاری هەولێر ڕێکخست.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر نوور سامی عومەر ئەنجامدرا، سەرەتا لەلایەن مامۆستا ڕوناک یەعقوب حسێن، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە ناوەڕۆکى چالاکیەکەیان پێشکەش بە قوتابیان کرد و تیایدا بەشێوەیەکى زانستى و بەزمانێکى سادە وانەیەکی هۆشیارییان لەبارەى گرنگیی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکی لە دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، هاوکات تیشکیان خستە سەر هۆکارەکانی نەخۆشیەکە و گرنگیی پشکنینی پێشوەختە و ڕۆڵی لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی چاکبوونەوەدا.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر باسیان لە شێوازە سەرەکییەکانی دەستنیشانکردن و پشکنینی خودی کرد، لە بەشى کۆتایی چالاکیەکەدا گفتوگۆیەکى بنیاتنەر لە نێوان فێرخوازانى بەشى وێنەکرتنى تیشکى و قوتابیانی قوتابخانەکەدا بەڕێوەچوو، تێیدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر وەڵامی چەندین پرسیار و زانیاری دەربارەی تەندروستیی ژنان و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانى قوتابیانیان درایەوە.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، بەڕێز ڕوناک یەعقوب حسێن، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە دەربڕی و وتی: “بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی لە نێو قوتابیاندا هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دروستکردنی نەوەیەک کە خاوەنی ڕۆشنبیریی تەندروستی و توانای پاراستنی خۆی و دەوروبەری بێت، و شانازی بە هاوکاریی بنیاتنەرانەمان لەگەڵ زانکۆی جیهان – هەولێر دەکەین.”