پۆلێن نەکراو

پەڕەی سەرەكی

پۆلێن نەکراو

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی دەست شوشتن، فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکال لە زانکۆی جیهان – هەولێر، چالاکییەکی هۆشیاری تەندروستییان لە قوتابخانەی زاکای سەرەتایی کچان لە شارۆچکەی عەنکاوە ئەنجامدا.

لەو چالاکیەدا، کە لە ڕۆژی چوارشەممە ١٥/١٠/٢٠٢٥، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر زەهرا خان مەعرووف تاهیر بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن ئەنیتا زادوق ئادەم، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان لە هۆڵی قوتابخانەکەدا، فێرخوازان لەگەڵ قوتابیانی پۆلەکانی سێیەم و چوارەم و پێنجەم گفتوگۆیان کرد و گرنگی ڕۆژی جیهانی دەست شوشتن، پێویستی شوشتنی دەستەکان بەتایبەتی پێش نانخواردن و چۆنیەتی گواستنەوەی میکرۆبەکان لە ڕێگەی دەستەکانەوە ڕونکردەوە، هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر پاککەرەوە و سابوونیان بەسەر قوتابییەکاندا دابەش کرد و شێوازی دروستی دەست شوشتنیان بۆ ڕوون کردنەوە بۆ لەناوبردنی میکرۆبە زیانبەخشەکان بە شێوەیەکی کاریگەر.

 لە کۆتایی چالاکییەکەدا، خاتوو ئەنیتا زادوق ئادەم سوپاسی فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵى کرد، و فێرخوازانیش لە بری سەرۆکایەتى بەشەکەیان، سوپاسی بەڕێوەبەرەکەیان کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکە و میوانداریکردنە بەخشندەییەکەیان.

فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، چالاکییەکی مرۆیی خێرخوازییان لە سەنتەری باهۆز بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەڕێوەبرد.

لەو چالاکیەدا، کە ڕۆژی چوارشەممە،  ڕێکەوتى (١٥/١٠/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتیی مامۆستاى یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن هێمن جەلال مستەفا، بەڕێوەبەری سەنتەری باهۆز، پێشوازییان لێکرا. پاش بەخێرهێنانى فێرخوازان ئینجا کورتەیەک لەبارەی پەیام و خزمەتگوزارییەکانی سەنتەرەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد، وتیشى لە سەنتەرەکەدا گرنگی بە پێشکەشکردنی ڕاهێنان و چارەسەر دەدەن بۆ ئەو منداڵانەی کە گرفتی گەشەکردنیان هەیە، یان تووشی ناڕێکیی تەیفی ئۆتیزم، سەختیی قسەکردن و ڕەفتار، و ئیفلیجی مێشک بوونە. لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا هێمن جەلال مستەفا ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی سەنتەرەکە کرد لە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دەروونی بۆ خێزانەکان.

لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان یاریی فێرکارییان پێشکەش بە منداڵەکان کرد کە بە وریاییەوە هەڵبژێردرابوون تا لەگەڵ تواناکانی گەشەکردنیاندا بگونجێن، بە ئامانجی بەهێزکردنی کارلێکی مەعریفی و کۆمەڵایەتییان. هەروەها فێرخوازان ڕێز و پێزانینی خۆیان بۆ هەوڵەکانی ستافی کارمەندی سەنتەرەکە دەربڕی بە پێشکەشکردنی گوڵی هێمایی وەک ڕێزلێنانێک بۆ دڵسۆزییان و ڕۆڵی مرۆیی ناوازەیان لە پاڵپشتیکردنی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

لە وتارەکەیدا، هێمن جەلال مستەفا سوپاس و دەستخۆشى لە فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکاڵ کرد بۆ سەردان و دەستپێشخەریی بەخشندەییان، هەروەک جەختی لەوە کردەوە کە چالاکیی لەم شێوەیە یارمەتیدەرە لە بەهێزکردنی ڕۆحی بەشداریی کۆمەڵایەتی، چاندنی بەهاکانی هاوسۆزی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هاوکاری لە نێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکان و سەنتەرەکانی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیدا.

لە چوارچێوەی چالاکییەکانیان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە، فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤/١٠/٢٠٢٥، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر بەختەوەر زیاد عومەر، سەردانی خانەی بێ سەرپەرشتانى کوڕان و کچانیان لە هەولێر کرد.

بە گەیشتنیان لەلایەن خاتوو دیمەن محەمەد بایز، بەڕێوەبەری خانەی بێ سەرپەرشتانى کچان، بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا، پاشان هاوەڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشەکانى خانەکە، لەوێ لەگەڵ منداڵەکان تێکەڵ بوون و ئاشنای وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان و پێداویستییە جیاوازەکانیان بوون. لە ماوەی سەردانەکەدا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک پێداویستی سەرەکییان پێشکەش بە منداڵانى خانەکە کرد، لەوانە جلوبەرگ بۆ تەمەنە جیاوازەکان، کەلوپەلی هونەری و کاری دەستی و پێداویستی قوتابخانە، ئەوەش لە پێناو پشتگیریکردنی پەرەپێدانى پەروەردەیی و داهێنەرانەی منداڵەکان.

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری خانەی بێ سەرپەرشتانى کچان سوپاسى فێرخوازانى کرد لەسەر دەستپێشخەرییە مرۆیی و بەخشندەیییەکەیان، بۆ ئەوەش فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ سوپاسى پێشوازییە گەرمەکە و ڕەخساندنی دەرفەتەکەیان کرد بۆ بەشداریکردن لە ئەزموونێکی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی پڕ واتادا.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٨/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد، چالاکییەکی هۆشیارییان لەبارەی شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەبرد.

بۆ ئەو مەبەستە فێرخوازان سەردانى چەندین شوێنی جیاوازی شاری هەولێریان کرد ، لەوانە مۆڵی گۆڵان و ژمارەیەک لە چێشتخانەکان. فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە میانی هەڵمەتەکەدا، پۆستەر و بڕۆشوری هۆشیارکەرەوەیان بەسەر هاوڵاتیان و ڕێبواران و دوکانداران دابەشکرد، هەروەها زانیاریی سەرەتاییان پێشکەش بە هاوڵاتیان کرد سەبارەت بە ڕێگەکانی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمک و گرنگی پشکنینی زووەوە لە ڕێگەی پشکنینەوە، هاوکات فێرخوازان لە میانەى گفتوگۆکانیان لەگەڵ هاوڵاتیان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەنجامدانی پشکنینی بەشێوەیەکى بەردەوام، یارمەتی ژنان دەدات بۆ تێبینی کردنی هەر گۆڕانکارییەکی بینراو لە شێوە یان قەبارە لە مەمک، ڕونیشیان کردەوە دەرکەوتنى ئەم نیشانانە لە کاتی زوودا یارمەتیدەرە بۆ بەدەستهێنانی هەڵسەنگاندنی پزیشکی خێرا، هەروەک بە شێوەیەکی بەرچاو ئەگەری سەرکەوتنی چارەسەر زیاتر دەکات.

لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک لە هاوڵاتیان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەى فێرخوازان کرد بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و خزمەتکردنی کۆمەڵگە.

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (٦/١٠/٢٠٢٥) ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغی سێهەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) سەردانى قوتابخانەی نموونەیی هەولێرى کچانیان کرد و چالاکیەکى زانستیان بۆ قوتابیان ئەنجامدا.

فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن مامۆستا شاخەوان عومەر بەڕێوەبەر و مامۆستا سوهە جەمال یاردەدەرى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، ئینجا لە هۆڵى قوتابخانەکەدا بەڕێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەکە لە دوو وتەى جیادا دەستخۆشى لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، ناوەڕۆکى چالاکیەکەیان بە گرنگ بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە لە قەڵەمدا، پاشان فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ بە شێوەیەکی زانستییانە ووردەکارییەکانی پۆلێنکردنی جۆرەکانی خوێن و گرنگیی بایۆلۆجی و پزیشکییان بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە ڕوون کردەوە، بەتایبەتی سیستمی (ABO)، کە بنەمایەکی سەرەکیی خۆڕاگریی مرۆیی و گواستنەوەی خوێن پێکدەهێنێت. پاشان فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر تیشکیان خستە سەر پێکهاتەی ئەنتیجین و دژەجەستەکان و چۆنیەتیی کارلێکییان لە دیاریکردنی جۆری خوێندا. هەر لە چوارچێوەی چالاکیەکەیاندا و، بە ئامانجی قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی قوتابیان و پاڵپشتیکردنیان بۆ تاقیکردنەوە کۆتاییەکانیان، فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ شیکردنەوەیەکی تایبەتیان بۆ میکانیزمی سیستمی (ABO) پێشکەش کرد، کە گونجاو بوو لەگەڵ پڕۆگرامی خوێندنی وانەی زیندەزانیی پۆلی دوازدەهەم، بۆ ئەوەش ئاماژەیان بە پەیوەندی نێوان چەمکە تیۆرییەکان بە لایەنە پراکتیکە کردارییەکان کردەوە، وێڕای ئاماژەدان بە حاڵەتە کلینیکییەکان و گرنگیی زانینی جۆری خوێن لە نەشتەرگەری و بارودۆخە پزیشکییە خێراکاندا.

لە کۆتایی چالاکیەکەیاندا، بەڕێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەکە بڕوانامەى ڕێزلێنانیان پێشکەش بە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆیان بۆ هەوڵەکانی فێرخوازان و بەشدارییە بەنرخەکەیان لە دەوڵەمەندکردنی زانیارییە زانستییەکانی قوتابیانی قوتابخانەکەیاندا دەربڕی.

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (٥/١٠/٢٠٢٥) چالاکیی (TEDx Nishtiman-2025) لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانى هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی بەتوانای بواری زانستی، هونەری و کەلتووری و چەندین کەسایەتى سیاسى و حکومى و کارگێڕى بەڕێوەچوو، و تیایدا بڕوانامەى ڕێزلێنان بەخشرایە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ.

لە میانەى چالاکیەکانى (TEDx Nishtiman-2025) ژمارەیەک لە فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر، وەک خۆبەخش لە تیمی وتاردەران و ڕێکخستنى چالاکیەکە بەشداربوون، ، کە تیایدا ڕۆڵێکى گرنگیان لە هەڵبژاردنی وتار، ئامادەکردنی سلایدەکانی پێشکەشکردن، یارمەتیدان لە پشتی شانۆ هەبوو، هاوکات لە دابینکردنی وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ بە زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و کوردی ڕۆڵێکى دیار و بەرچاویان هەبوو، ئەوەش بووە یارمەتیدەرى سەرەکى بۆ ئامادەکردنى چالاکیەکان بەشێوەیەکى پرۆفێشناڵانە، هەروەک دڵنیایی بە وتاردەراندا لە باشی ئامادەکردنى و وتارەکانیان و ڕەخساندنى ژینگەیەکى لەبار بۆ پێشکەشکردنى وتارەکانیان بەشێوەیەکى سەرکەوتووانە.

لە چالاکیەکانى ئەمساڵى   (TEDx Nishtiman-2025) کۆمەڵێک وتارى جۆراوجۆر لەلایەن دکتۆر غەیس مستەفا، خاتوو شیرین خەیرۆ، دکتۆر دانا فازڵ، دکتۆر ئەسوەدە سۆران، و سینان ئەمجەد پێشکەشکران و، باسیان لە چەندین بابەتى وەک (پڕۆژە و کاری نوێ و خۆڕاگری، خێزان و پەروەردە، تا گەیشتە ڕۆبۆت)ى لە خۆگرتبوو.

 لە کۆتایی چالاکیەکانى  (TEDx Nishtiman-2025)  مەراسیمێکى ڕێزلێنان بۆ ڕێکخەران و خۆبەخشەکان بەڕێوەچوو، وەک ئاماژەیەکیش بۆ هەوڵەکانیان و بەشدارییان بەردەوامیان لە مانگی حوزەیرانی (2025)ەوە، بڕوانامەی ڕێزلێنان بە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەخشرا.

لە چوارچێوەى پەرەپێدانی گیانی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و پڕاکتیزەکردنی بەها مرۆییەکان لەناو فێرخوازان، ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکاڵ چالاکییەکی خێرخوازیی مرۆییان بەڕێوەبرد.

ئەم چالاکییە، کە لە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 22ی ئەیلولی 2025 بەڕێوەچوو، فێرخوازان سەردانى ماڵی بەساڵاچووان “دار الرجاء”یان لە شارى هەولێر کرد و، بە گەرمی لەلایەن خالیدە پۆلص تۆما، سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری ماڵی بەساڵاچووان “دار الرجاء” پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیدا  دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان؛ ئینجا ستایشی ڕۆڵی چالاکانەی فێرخوازانى کرد و پێزانینی خۆی بۆ دەستپێشخەرییە خێرخوازییەکانیان دەربڕی. لە میانی چالاکییەکەدا، خوێندکاران بە شێوەیەکی کارا لەگەڵ بەساڵاچوواندا تێکەڵ بوون، گفتوگۆیان لەگەڵدا کرد و کاتێکی خۆشیان بۆ ڕەخساندن، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر باری دەروونیی بەساڵاچووان دروست کرد.

هەر لە میانەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان پشتیوانیی ماددی و مەعنەوییان بۆ ماڵی بەساڵاچووان دوپاتکردەوە، لەم چوارچێوەیەدا، فێرخوازان کۆمەڵێک دیاریی جۆراوجۆریان پێشکەش بە بەساڵاچوان کرد، کە پێکهاتبوون لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕۆژانە وەک ماددە خۆراکییەکان، بەرهەمەکانی گرنگیپێدانی کەسی،و کەلوپەلی تەندروستی، کە بە شێوەیەکی بەرچاو یارمەتیدەر بوو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتووانی ماڵەکە.

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی نەخۆشیی زەهایمەر ، کە ساڵانە لە (٢١ی ئەیلوول)دا بەڕێوەدەچێت، گروپێک لە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی بەرفراوانیان لە سەنتەرى شاری هەولێر بەڕێوەبرد.

لە میانەى هەڵمەتەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین بڵاوکراوە و ماتریالی زانیارییان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکرد. ئەم بڵاوکراوانە تیشکیان خستە سەر پێناسەیەکی وردی نەخۆشیی زەهایمەر، دیارترین نیشانەکانی لە قۆناغە جیاوازەکانیدا و هەنگاوە پراکتیکییەکانی خۆپاراستن لە نەخۆشى لە بیرچونەوە (زەهایمەر) لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی تەندروستەوە، وەک چالاکیی جەستەیی و ڕۆحی، جگە لەمانە؛ فێرخوازان ئامۆژگاریی کردارییان پێشکەش بە هاوڵاتیان و ڕێبواران و کاسبکار و دوکانداران کرد سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەندامانی خێزان کە تووشی نەخۆشییەکە بوون، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی دابینکردنی پشتیوانیی دەروونی و سۆزداری بۆیان، بەتایبەتی لەبەر ئەو گۆڕانکارییە دەروونی و هەڵسوکەوتییانەی کە نەخۆشییەکە دروستی دەکات.

هەر لە چوارچێوەى هەڵمەتەکەیاندا فێرخوازان جەختیان لە گرنگیدانى پێویستیی بە دەستنیشانکردنی پێشوەختەى نەخۆشییەکە و سەردانیکردنی پزیشکانی پسپۆڕ لە کاتی گونجاودا کردەوە، چونکە دەستنیشانکردنی پێش وەختە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دواخستنی پێشکەوتنی نیشانەکان و باشترکردنی کوالێتیی ژیانی نەخۆش هەبێت. وەک ئەوەى فێرخوازان باسیان لێوەکرد نیشانەکانی لەبیرچوونەوەی بریتین لە، دروستبوونى کێشە بۆ زمان، تێکچوونی توانای بڕیاردان، گۆڕانکاری لە کەسایەتیدا، هاوکات باسکردنی قۆناغە جیاوازەکانی نەخۆشییەکە (سەرەتا، مامناوەند و کۆتایی) و تایبەتمەندییەکانی هەر قۆناغێک، بۆ ئەوەش جەختیان لەسەر ڕۆڵی ژیانی تەندروست، وەک وەرزشکردنی بەردەوام، خۆراکی هاوسەنگ (بەتایبەتی خۆراکی دەوڵەمەند بە دژە ئۆکسیدەکان)، چالاکیی مێشک (وەک خوێندنەوە و یارییە فیکرییەکان) و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی دیکە (وەک شەکرە و پەستانی خوێن) کردەوە.

لە کۆتاییدا، فێرخوازان بە گرنگیەوە باسیان لە ڕۆڵی بنەڕەتیی کۆمەڵگە لە پێشکەشکردنی هاوکاری و کەمکردنەوەی ئەو گڵۆڵە کۆمەڵایەتییە کردەوە، کە هەندێک جار بە نەخۆشییەکەوە دەبەسترێتەوە. ئەم هەڵمەتە زانستی-کۆمەڵایەتییە ڕۆڵێکى گرنگى لە بەرزکردنەوەی کەلتووری تەندروستی و چەسپاندنی بەهاکانی چاودێری، هاوسۆزی،و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لەناو تاک و خێزان و تەواوی کۆمەڵگەدا دەبێت

نەخۆشیی زەهایمەر (Alzheimer’s Disease) یەکێکە لە دیارترین جۆرەکانی خەڵەفان (Dementia) و نەخۆشییەکی دەماریی تێکچووی درێژخایەنە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر فەرمانی مێشک دادەنێت، بەتایبەتی لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت. بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، نزیکەی 50 ملیۆن کەس لە جیهاندا بە دەست خەڵەفانەوە دەناڵێنن، و زەهایمەر نزیکەی 60-70%ی ئەم حاڵەتانە پێکدەهێنێت.

فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکال لە زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ بەرزڕاگرتنی بۆنە نیشتمانی و ئایینییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە،  ریکەوتى 4ی ئەیلوولی 2025، لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لێ بێت) چالاکیەکى تەندروستى و ئاینیان بەرێوەبردز

لە میانەی ئەم چالاکییەدا، فیرخوازان بە گەرمی پێشوازییان لە میوانان و سەردانکەرانی پارکەکە کرد و، شیرینییان پێشکەش کردن وەک هێمایەک بۆ بەشداریکردن لە خۆشییەکانی ئەم بۆنە پیرۆزە. هەروەها، لە چوارچێوەی پابەندبوونی بەشەکە بە پەرەپێدانی تەندروستی گشتی و باشترکردنی ئاستی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە، چەندین ئامۆژگاری تەندروستی و ڕێنمایی پزیشکیی بەسوودیان پیشکەش بە سەردانیکەران و ڕێبواران و هاوڵاتیان کرد.

لە بەرامبەردا هاوڵاتیان وسەرانیکەرانى پارکەکە دەستخۆشیان لە فێرخوازان کرد بۆ ڕیکخستنى ئەو چالاکیە و پێشکەشکردنى ڕێنمایی تەندروستى و خزمەت بە هاوڵاتیان.

ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٢/١١/٢٠٢٥)، إيمان ناظم ذياب، فێرخوازى قۆناغی چوارەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانى قوتابخانەی نێودەوڵەتی جیهانى کرد و بابەتێکى لەبارەى “کۆنتڕۆڵکردنى سترێسی پێش تاقیکردنەوەکان” پێشکەشى قوتابیانی قوتابخانەی نێودەوڵەتی جیهان لە هەولێر کرد.

سەرەتا إيمان ناظم ذياب بە گەرمی لەلایەن مامۆستامەحمود عماد محەمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، پێشوازی لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە ناوەڕۆکى بابەتەکەى پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد و، بەشێوەیەکى زانستى و بە زمانێکى سادە باسی لایەنە دەروونی و فیزۆلۆژییەکانی سترێسی پەیوەندیدار بە تاقیکردنەوەکان کرد، بۆ ئەوەش ئاماژەى بە ستراتیژییە پراکتیکییەکانی بۆ باشترکردنی سەرنجدان، بەڕێوەبردنی دڵەڕاوکێ و پاراستنی بیرکردنەوەیەکی ئەرێنی کرد و، جەختی لەسەر تەکنیکە سەرەکییەکان وەک بەڕێوەبردنی کاتی کاریگەر، ڕاهێنانی خاوبوونەوە و شێوازی ژیانی تەندروست کردەوە، کە بەشداری لە باشترکردنی ئاستی ئەکادیمی دەکەن .

لە کۆتایی چالاکییەکەدا، مامۆستا مەحمود عماد محەمەد سوپاسی بێپایانی ئاڕاستەی بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکی کرد بۆ بەشدارییە بەنرخەکەیان لە پشتیوانیکردنی فێرخوازان و پەرەپێدانی بڵاوکردنەوەى کەلتووری هۆشیاری تەندروستی دەروونی لەناو کۆمەڵگە و قوتابخانەکان.

No more news to show