پۆلێن نەکراو

پەڕەی سەرەكی

پۆلێن نەکراو

پاش (٨) هەفتە لە وانەووتنەوە و تەواوکردنی مەنهەج لە کاتی خۆیدا و تەواوبوونی خوولی فێرکاری، ڕاوندی (١٩)، مامۆستا بەڕێزەکانمان خۆبەخشانە وانەی پێداچوونەوە و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکان دەڵێنەوە بە بەشداربووان.

بە ئومێدی سەرکەوتن بۆ بەشداربووانی ئازیزی خوولەکانمان.

بە دروشمی “لە هەڵسەنگاندنەوە بۆ جێبەجێکردن”، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣/١٢/٢٠٢٥، فێرخوازانی بەشی کارگێڕیی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی “ئامادەیی هەولێری کچانی نمونەییان” كرد، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلانی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدان قوتابخانەكە.

سەردانەکە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر قوسەی حەمید سەلامی و بە یاوەری گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشەکە بەڕێوەچوو. وەفدەکە لەلایەن مامۆستا ڕوقییە سەلاحەدین شاکر بەڕێوەبەری قوتابخانەكە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان بەدواداچونیان بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلانی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدان قوتابخانەكە كرد، كە بریتیە لە چاککردنەوەی زەویی (ئەرز)ی پۆلە کەرەڤانەکان، لەگەڵ گرتن و چاککردنەوەی کون و کەلێنەکانی سەربانی کەرەڤانەکان و، دانانی پەنجەرەی نوێ لە شوێنی پەنجەرە تێکچووەکان لەگەڵ دانانی داپۆشەری پارێزەر بۆ سەربانەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دزەکردنی ئاوی باران و، بۆ باشترکردنی ژینگەی خوێندن و دابینکردنی کەشێکی ئارام و لەبار بۆ فێربوون و داهێنان.

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ستایشی ڕۆڵی پێشەنگانەی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد لە بواری خزمەتکردنی کۆمەڵگە، هەروەها ئەو پەرۆشییەی بەرز نرخاند کە فێرخواز و مامۆستایانی بەشی کارگێڕیی کار نیشانی دەدەن بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی پڕۆژەگەلێک، کە کاریگەریی ئەرێنی و ڕاستەوخۆیان لەسەر واقیعی قوتابخانەکەیان هەیە.

لە درێژەی کار و چالاکییە هۆشیارییەكانییدا، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر لە ڕۆژی دووشەممە 29-9-2025 بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل سەردانێکی زانستیان بۆ قوتابخانەی ئامادەیی شێخ مەحمودی نەمری کوڕان ئەنجامدا.

لە دەستپێکی چالاکییەکەدا، مامۆستا شوان سەلیم ئیسماعیل، بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە، پێشوازی لە مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان کرد و سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد، کە بەردەوام پشتیوانی قوتابخانەکە دەکەن بە ئەنجامدانی سیمینار و پێشکەشکردنی بابەتی گرنگ کە ئاستی هۆشیاری قوتابیان بەرز دەکەنەوە. پاشان فێرخوازان ناوەڕۆکى سمینارەکەیان پێشکەشکرد کە تایبەت بوو بە باسکرنی مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی خوێندن و ژیانی کۆمەڵایەتی قوتابیان. لە بەشی یه‌كه‌مى سمینارەکەدا ڕزگار صالح ، فێرخوازى قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن، بە وردی شێوازەکانی خۆپاراستنی تاکەکەسی لە مەترسییە دیجیتاڵییەکان ڕوون کردەوە، بە تایبەت جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی نهێنییەکان، وریایی لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی کەسی، و ناسینەوەی هەژمارە ساختە و گومانلێکراوەکان.

لە بەشێكی تری سیمیناره‌كه‌، ئەڤین بەهجەت فێرخوازى قۆناغى چوارەم ڕوونکردنەوەی یاسایی پێشکەش کرد و وردەکارییەکانی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، هەروەک باسى لە جۆری ئەو سزایانە کرد، کە بەسەر سەرپێچیکاراندا هەژمار دەکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش قوتابیانی قوتابخانەکەى لە خراپ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا هۆشیار کردەوە، هاوکات، ژمارە و چۆنیەتی پەیوەندیکردن بە هێڵە گەرمەکانی فریاگوزاری و سکاڵاکردنى ڕوون کردەوە وەک خزمەتگوزارییەکی گرنگ.

لە چوارچێوەی هەڵمەتە جیهانییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی مەمکدا، ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٦/١٠/٢٠٢٥) فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولود، هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەیان لە بازاڕی میللی گەڕەکی نەورۆز لە هەولێر ئەنجامدا.

لەو هەڵمەتەدا، کە فێرخوازانی کچ لە سەرجەم قۆناغەکانی بەشى ڕاگەیاندن بەشدارییان تێدا کرد، تیایدا پڕۆشوری تایبەت، کە زانیاریی ورد و پشتڕاستکراوەی زانستی لەسەر چۆنیەتیی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمک، گرنگیی ژیانی تەندروست،و نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە لەخۆگرتبوو بەسەر هاوڵاتیان و ڕێبواران بە تایبەت ژنان دابەشیان کرد. هەروەها، بەشێکی گرنگی دیکەى هەڵمەتەکە بریتی بوو لە دابەشکردنی لۆگۆی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک (پیتە پەمەییەکان)، ئەم لۆگۆیانە لەلایەن تیمەکانی فێرخوازانەوە بە ژنانی نێو بازاڕەکە بەخشران و بە سینگیانەوە بەستران، ئەوەش یارمەتیدەر بوو لە دروستکردنی کاریگەرییەکی بینراو و پەرەسەندنی پەیامی هۆشیاری لەناو ژمارەیەکی زۆری خەڵکدا.

لە بەرامبەردا هاوڵاتیان و ژنان و کچان خۆشحاڵیان بە بەڕێوەبردنى ئەو هەڵمەتە پیشاندا و، دەستخۆشى و سوپاسى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد بۆ گەیاندن و بڵاوکردنەوەى پەیامی هۆشیاریی تەندروستى دروستکردنی گۆڕانکاریی ئەرێنی لەناو کۆمەڵگە و خزمەتی گشتی کۆمەڵگە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (6-10-2025) فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولود سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەی ئەحمەد ڕێکانیی کچان لە شارۆچکەی بەحرکە ئەنجامدا و چالاکیەکى هۆشیارییان بەڕێوەبرد.

سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا شیلان محی الدین ئەحمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیشیدا سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر دەربڕى، کە بەردەوام چالاکی و سیمیناری هۆشیارانە بۆ قوتابیان ئەنجام دەدەن. هەروەها جەختی لەسەر گرنگی ئەم جۆرە چالاکییانە کردەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە قوتابیان و گەنجان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرکەوتەیان لەگەڵ ئامێرەکانی پەیوەندی و میدیای ئەلیکترۆنی هەیە.

پاشان زینە شەریف، فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن، بە وردی باسی لە کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی توندوتیژیی ئەلیکترۆنی بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، پاشان ئاماژەى بە ڕێگەکان و چۆنییەتی خۆپاراستنی تاکەکەسی لە توندوتیژی ئەلیکترۆنی کرد، هەروەک جەخت لەسەر وریابوون لە قسە نابەجێكان کردەوە، دواتریش باسى لە هەڕەشە و هەواڵە ساختەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها ڕێگەی گەیاندنی سکاڵا بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی کرد، دواتر بەرزی ئازاد، فێرخوازی قۆناغی چوارەم، لە بەشى دووەمى سیمینارێكدا ڕوونکردنەوەی یاسایی پێشکەش کرد  بەتایبەت  وردەکارییەکانی یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی (٢٠٠٨)ی خستەڕوو، کە تایبەتە بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی لە هەرێمی کوردستان، هەروەک باسی لە جۆری ئەو سزایانە کرد کە بەسەر سەرپێچیکاراندا هەژمار دەکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش قوتابیانی پۆلی دەیەمی قوتابخانەکەی لە خراپ بەکارهێنانی میدیای ئەلیکترۆنی هۆشیار کردەوە و هانی دان بۆ بەکارهێنانێکی بەرپرسیارانەی ئەو جۆرە میدیایە.

لە کۆتاییدا مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاسى پێشوازى بەڕێوەبەر و ستافى قوتابخانەکە کرد و، هیواى خواست فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر زانیارى بەسودییان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کردبێ.

سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٩/١٠/٢٠٢٥)، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (احمد جمال حمەكریم) سیمینارێکی تایبەتی بە ناونیشانی “ڕۆڵی ئافرەت لە میدیای نوێدا: بەشداریکردن، سەرکەوتن و خۆپاراستن” ڕێكخست.

چالاكییەكە لە هۆڵی ئەكادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەڕێوەچوو، خانمە ڕاگەیاندنكار (بێریڤان ئەنوەر خۆشناو) ناوەڕۆكی سیمینارەكەی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر گرنگیی كاری ڕاگەیاندن بۆ ئافرەتان، هەروەها باسی ئەزموونی كاری ڕاگەیاندنی خۆی و چۆنییەتی بڕیاردان بۆ بوون بە ڕاگەیاندنكار كرد. لە سیمینارەكەدا باسی لەو هۆكارە كۆمەڵایەتی و کولتوورییانەش كرد كە ڕێگریی لە ئافرەتان دەکەن بۆ کارکردن لە میدیادا. هەروەها باسی لەو دەرفەتانە كرد كە چۆن پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دەرگایان بۆ ئافرەتان کردەوە کە بتوانن بەبێ مۆڵەتی دەزگاکان، دەنگی خۆیان بگەیەنن.

لە بەشێکى دیکەى سیمینارەکەیدا، کە ژمارەیەک لە فێرخوازانى کچ لە قۆناغە جیاوازەکانى بەشى ڕاگەیاندن ئامادەیبوون، بێریڤان ئەنوەر خۆشناو جەختی کردەوە کە پێویستە ئافرەتان بزانن چۆن خۆیان بپارێزن لەو كێشە و گرفت و مەترسییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەسەر هێڵی ئینتەرنێت (وەک: هەڕەشە و قسەی نەشیاو)، لەگەڵ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پەیامە خراپ و نەرێنییەكان کە لە كاتی ئەنجامدانی كاری میدیایی لەلایەن دەورووبەرەوە ئاڕاستەیان دەكرێت. فێرخوازان چالاكانە بەشدارییان لە سیمینارەكەدا كرد و پاش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، هاوكات داوایانكرد بەردەوامیی بدرێت بەو چالاكییانە بە مەبەستی ئاشنابوون و ئاگاداربوونی زیاتر لە دۆخی ئافرەت لەنێو میدیای نوێدا.

لە كۆتایی سیمینارەكەدا، سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن بڕوانامەی سوپاس و پێزانینی بەخشییە (بێریڤان ئەنوەر خۆشناو) و دەستخۆشیی خۆی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی سیمینارەكەی بۆ فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن، هاوكات جەختی لەسەر بەردەوامبوونی چالاکییە هاوشێوەكان کردەوە بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی قوتابیان.

ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٨/١/ ٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە چوارچێوەى پێنجەمین کۆنفرانسى هاوبەشى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکان،  بە ئامادەبوونى یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و سەرۆکى بەشە زانستیەکان و مامۆستایان وۆرکشۆپێکى نێودەوڵەتى بەناونیشانی سیستمی خشتەی زیرەک بۆ سیستەمی بەرهەمهێنانی ئاڵۆز (Intelligent Scheduling Systems for Complex Manufacturing Systems) بەڕێوەچوو.

وۆرک شۆپەکە لەلایەن پرۆفیسۆر  دکتۆر عەمار ئەلبازی لە کۆلێژى کارگێڕى ئەستۆن، لە زانکۆی ئەستۆن لە بەریتانیا پێشکەشکرا، کە تیایدا بەوردى تیشکى خستە سەر ئاستەنگەکانی خشتەی کار لە ژینگە ئاڵۆزەکانی بەرهەمهێناندا، لە هەمان کاتدا نوێترین چارەسەرە زیرەکەکانی لە بوارەکەدا خستەڕوو، بۆ ئەو مەبەستەش لە تەوەرى یەکەمى باسەکەیدا تێڕوانینێکی بەنرخ و گشتى لەبارەی ئاڵنگارییەکان و چارەسەرەکانی پەیوەست بە خشتەی کارکردن لە ژینگە ئاڵۆزەکانی بەرهەمهێناندا پێشکەش کرد، بۆ ئەوەش ئاماژەى بە ئەلگۆریتمە زیرەکەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە خستەڕوو، لە بەشى دووەمى باسەکەیدا تیشکى خستە سەر تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم ئەلگۆریتمانە، وەک کەمبوونەوەی کاتەکانی ڕێکخستن و تەرخانکردنی سەرچاوەی کارا و بەهێز لە بوارەکە، هەروەها گرنگی یەکخستنی داتا ڕاستەوخۆکان بۆ چالاککردنی ڕێکخستنی داینامیکی بۆ خشتەکان و ڕێکخستنی پرۆسەکانی دەرەکی بەشێکى دیکەى قسەکانى پێکهێنا، بۆ ئەو مەبەستەش بەشێوەیەکى پراکیتکى پرۆگرامسازى زیرەکی خشتەی خشتەی نمایشکرد، کە بەهۆیەوە بەشداربووانى وۆرکشۆپەکە توانیان بزانن چۆن کێشەکانی جیهانی ڕاستەقینە چارەسەر دەکرێن، ئەوەش بە بەکارهێنانی هێڵکارییەکانی وەک هێڵکارییەکانی گانت بۆ بینینی بەرهەمهێنان.

وۆرک شۆپەکە بە کۆمەڵێک پرسیار و سەرەنجى زانستى و، گفتوگۆیەکی کراوە کۆتایی هات، هەموو ئەوانەش بوونە هۆى دەوڵەمەندکردنى ناوەڕۆکى وۆرکشۆپەکە.

ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتى  (١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤)، سەرۆکایەتى بەشی کارگێری کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەهەماهەنگى کۆمپانیای سوپەریر دیزاین وۆرک شۆپێکى بۆ فێرخوازانی بەشی کارگێری کار لە هۆڵی ئەکادیمی زانکۆی جیهان- هەولێر بەرێوەبرد.

لەم وۆرک شۆپەدا، کە لە هۆڵى ئەکادیمیاى زانکۆ بەڕێوەچوو؛ چەندین بابەتی جیاواز لە بوارە جیاکانی دووبارە بەکارهێنانەوە لەلایەن بەشدار حبیب محمد  نوێنەری کۆمپانیای سوپەریر دیزاین پێشکەش بە فێرخوازان کرا، بۆ ئەوەش تیشکى خستە سەر گرنگی دووبارە بەکارهێنانەوەی ئەو کەلوپەلانەی کە دەتوانرێت بەکارییان بهێنینەوە، ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئەو پاشماوانەى زیان بە ژینگە دەگەێنن.

تەوەرێکى دیکەى  وۆرک شۆپەکەدا تەرخانکرا بۆ ئەو ئاڵنگاریانەى ڕووبەڕووى پرۆسەى دووبارە بەکارهێنانەوە دەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا فێرخوازان بەشێوازى جیا بەشداریان لە تەوەرەکانى وۆرکشۆپەکە کرد و، بەشێوەیەکى زانستى تاوتوێى لایەنە جیاکانى دوبارە بەکارهێنانەوە جۆر وشێوازە جۆراوجۆرەکان کرد.

لە چوار چێوەی کاری خۆبەخشیدا ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٥/١٢/٤ لە کۆلێجی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سلێمانی بەڕێز پ.د. کەریم شەریف قەرەچەتانی بەشداربوو لە پانێڵێکی تایبەت بە هۆکارە دەروونیەکانی تووندوتیژی بەرانبەر ژنان.، تیایدا بەڕێزیان تیشکیان خستە سەر هۆکارەکانی توندوتیژی خێزانی بە تایبەت بەرامبەر بە ئافرەتان، چۆنیتی چارەسەر کردنی ئەو دیاردەیە، لە پانێڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاوی مامۆستایانی بەشی زانستە ئیسلامیەکان، بەڕێز ڕاگری بەش، ژمارەیەکی زۆر خوێندکاران ئادمادەبوون. لە کۆتایدا د. کەریم وەلامی پرسیاری ئامادەبوانی دایەوە.

مامۆستایان و خوێندکارانی بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی جیھان سلێمانی لە ڕۆژی ١٩/١١/٢٠٢٥ بەشداربوون لە ناشتنی ١٠٠٠ نەمام لە هەواری شار، بە ئامادەبوونی بەڕێز د. ئاراس عبدالکریم سەرۆکی بەشی زمانی ئینگلیزی، ومامۆستا شیما محمد مامۆستای بەشی زمانی ئینگلیزی، وژمارەیەک لە خوێندکارانی بەش

No more news to show