پۆلێن نەکراو

پەڕەی سەرەكی

پۆلێن نەکراو

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (6-10-2025) فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولود سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەی ئەحمەد ڕێکانیی کچان لە شارۆچکەی بەحرکە ئەنجامدا و چالاکیەکى هۆشیارییان بەڕێوەبرد.

سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا شیلان محی الدین ئەحمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیشیدا سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر دەربڕى، کە بەردەوام چالاکی و سیمیناری هۆشیارانە بۆ قوتابیان ئەنجام دەدەن. هەروەها جەختی لەسەر گرنگی ئەم جۆرە چالاکییانە کردەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە قوتابیان و گەنجان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرکەوتەیان لەگەڵ ئامێرەکانی پەیوەندی و میدیای ئەلیکترۆنی هەیە.

پاشان زینە شەریف، فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن، بە وردی باسی لە کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی توندوتیژیی ئەلیکترۆنی بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، پاشان ئاماژەى بە ڕێگەکان و چۆنییەتی خۆپاراستنی تاکەکەسی لە توندوتیژی ئەلیکترۆنی کرد، هەروەک جەخت لەسەر وریابوون لە قسە نابەجێكان کردەوە، دواتریش باسى لە هەڕەشە و هەواڵە ساختەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها ڕێگەی گەیاندنی سکاڵا بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی کرد، دواتر بەرزی ئازاد، فێرخوازی قۆناغی چوارەم، لە بەشى دووەمى سیمینارێكدا ڕوونکردنەوەی یاسایی پێشکەش کرد  بەتایبەت  وردەکارییەکانی یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی (٢٠٠٨)ی خستەڕوو، کە تایبەتە بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی لە هەرێمی کوردستان، هەروەک باسی لە جۆری ئەو سزایانە کرد کە بەسەر سەرپێچیکاراندا هەژمار دەکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش قوتابیانی پۆلی دەیەمی قوتابخانەکەی لە خراپ بەکارهێنانی میدیای ئەلیکترۆنی هۆشیار کردەوە و هانی دان بۆ بەکارهێنانێکی بەرپرسیارانەی ئەو جۆرە میدیایە.

لە کۆتاییدا مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاسى پێشوازى بەڕێوەبەر و ستافى قوتابخانەکە کرد و، هیواى خواست فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر زانیارى بەسودییان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کردبێ.

سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٩/١٠/٢٠٢٥)، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (احمد جمال حمەكریم) سیمینارێکی تایبەتی بە ناونیشانی “ڕۆڵی ئافرەت لە میدیای نوێدا: بەشداریکردن، سەرکەوتن و خۆپاراستن” ڕێكخست.

چالاكییەكە لە هۆڵی ئەكادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەڕێوەچوو، خانمە ڕاگەیاندنكار (بێریڤان ئەنوەر خۆشناو) ناوەڕۆكی سیمینارەكەی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر گرنگیی كاری ڕاگەیاندن بۆ ئافرەتان، هەروەها باسی ئەزموونی كاری ڕاگەیاندنی خۆی و چۆنییەتی بڕیاردان بۆ بوون بە ڕاگەیاندنكار كرد. لە سیمینارەكەدا باسی لەو هۆكارە كۆمەڵایەتی و کولتوورییانەش كرد كە ڕێگریی لە ئافرەتان دەکەن بۆ کارکردن لە میدیادا. هەروەها باسی لەو دەرفەتانە كرد كە چۆن پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دەرگایان بۆ ئافرەتان کردەوە کە بتوانن بەبێ مۆڵەتی دەزگاکان، دەنگی خۆیان بگەیەنن.

لە بەشێکى دیکەى سیمینارەکەیدا، کە ژمارەیەک لە فێرخوازانى کچ لە قۆناغە جیاوازەکانى بەشى ڕاگەیاندن ئامادەیبوون، بێریڤان ئەنوەر خۆشناو جەختی کردەوە کە پێویستە ئافرەتان بزانن چۆن خۆیان بپارێزن لەو كێشە و گرفت و مەترسییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەسەر هێڵی ئینتەرنێت (وەک: هەڕەشە و قسەی نەشیاو)، لەگەڵ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پەیامە خراپ و نەرێنییەكان کە لە كاتی ئەنجامدانی كاری میدیایی لەلایەن دەورووبەرەوە ئاڕاستەیان دەكرێت. فێرخوازان چالاكانە بەشدارییان لە سیمینارەكەدا كرد و پاش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، هاوكات داوایانكرد بەردەوامیی بدرێت بەو چالاكییانە بە مەبەستی ئاشنابوون و ئاگاداربوونی زیاتر لە دۆخی ئافرەت لەنێو میدیای نوێدا.

لە كۆتایی سیمینارەكەدا، سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن بڕوانامەی سوپاس و پێزانینی بەخشییە (بێریڤان ئەنوەر خۆشناو) و دەستخۆشیی خۆی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی سیمینارەكەی بۆ فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن، هاوكات جەختی لەسەر بەردەوامبوونی چالاکییە هاوشێوەكان کردەوە بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی قوتابیان.

ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٨/١/ ٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە چوارچێوەى پێنجەمین کۆنفرانسى هاوبەشى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکان،  بە ئامادەبوونى یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و سەرۆکى بەشە زانستیەکان و مامۆستایان وۆرکشۆپێکى نێودەوڵەتى بەناونیشانی سیستمی خشتەی زیرەک بۆ سیستەمی بەرهەمهێنانی ئاڵۆز (Intelligent Scheduling Systems for Complex Manufacturing Systems) بەڕێوەچوو.

وۆرک شۆپەکە لەلایەن پرۆفیسۆر  دکتۆر عەمار ئەلبازی لە کۆلێژى کارگێڕى ئەستۆن، لە زانکۆی ئەستۆن لە بەریتانیا پێشکەشکرا، کە تیایدا بەوردى تیشکى خستە سەر ئاستەنگەکانی خشتەی کار لە ژینگە ئاڵۆزەکانی بەرهەمهێناندا، لە هەمان کاتدا نوێترین چارەسەرە زیرەکەکانی لە بوارەکەدا خستەڕوو، بۆ ئەو مەبەستەش لە تەوەرى یەکەمى باسەکەیدا تێڕوانینێکی بەنرخ و گشتى لەبارەی ئاڵنگارییەکان و چارەسەرەکانی پەیوەست بە خشتەی کارکردن لە ژینگە ئاڵۆزەکانی بەرهەمهێناندا پێشکەش کرد، بۆ ئەوەش ئاماژەى بە ئەلگۆریتمە زیرەکەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە خستەڕوو، لە بەشى دووەمى باسەکەیدا تیشکى خستە سەر تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم ئەلگۆریتمانە، وەک کەمبوونەوەی کاتەکانی ڕێکخستن و تەرخانکردنی سەرچاوەی کارا و بەهێز لە بوارەکە، هەروەها گرنگی یەکخستنی داتا ڕاستەوخۆکان بۆ چالاککردنی ڕێکخستنی داینامیکی بۆ خشتەکان و ڕێکخستنی پرۆسەکانی دەرەکی بەشێکى دیکەى قسەکانى پێکهێنا، بۆ ئەو مەبەستەش بەشێوەیەکى پراکیتکى پرۆگرامسازى زیرەکی خشتەی خشتەی نمایشکرد، کە بەهۆیەوە بەشداربووانى وۆرکشۆپەکە توانیان بزانن چۆن کێشەکانی جیهانی ڕاستەقینە چارەسەر دەکرێن، ئەوەش بە بەکارهێنانی هێڵکارییەکانی وەک هێڵکارییەکانی گانت بۆ بینینی بەرهەمهێنان.

وۆرک شۆپەکە بە کۆمەڵێک پرسیار و سەرەنجى زانستى و، گفتوگۆیەکی کراوە کۆتایی هات، هەموو ئەوانەش بوونە هۆى دەوڵەمەندکردنى ناوەڕۆکى وۆرکشۆپەکە.

ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتى  (١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤)، سەرۆکایەتى بەشی کارگێری کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەهەماهەنگى کۆمپانیای سوپەریر دیزاین وۆرک شۆپێکى بۆ فێرخوازانی بەشی کارگێری کار لە هۆڵی ئەکادیمی زانکۆی جیهان- هەولێر بەرێوەبرد.

لەم وۆرک شۆپەدا، کە لە هۆڵى ئەکادیمیاى زانکۆ بەڕێوەچوو؛ چەندین بابەتی جیاواز لە بوارە جیاکانی دووبارە بەکارهێنانەوە لەلایەن بەشدار حبیب محمد  نوێنەری کۆمپانیای سوپەریر دیزاین پێشکەش بە فێرخوازان کرا، بۆ ئەوەش تیشکى خستە سەر گرنگی دووبارە بەکارهێنانەوەی ئەو کەلوپەلانەی کە دەتوانرێت بەکارییان بهێنینەوە، ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئەو پاشماوانەى زیان بە ژینگە دەگەێنن.

تەوەرێکى دیکەى  وۆرک شۆپەکەدا تەرخانکرا بۆ ئەو ئاڵنگاریانەى ڕووبەڕووى پرۆسەى دووبارە بەکارهێنانەوە دەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا فێرخوازان بەشێوازى جیا بەشداریان لە تەوەرەکانى وۆرکشۆپەکە کرد و، بەشێوەیەکى زانستى تاوتوێى لایەنە جیاکانى دوبارە بەکارهێنانەوە جۆر وشێوازە جۆراوجۆرەکان کرد.

لە چوار چێوەی کاری خۆبەخشیدا ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٥/١٢/٤ لە کۆلێجی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سلێمانی بەڕێز پ.د. کەریم شەریف قەرەچەتانی بەشداربوو لە پانێڵێکی تایبەت بە هۆکارە دەروونیەکانی تووندوتیژی بەرانبەر ژنان.، تیایدا بەڕێزیان تیشکیان خستە سەر هۆکارەکانی توندوتیژی خێزانی بە تایبەت بەرامبەر بە ئافرەتان، چۆنیتی چارەسەر کردنی ئەو دیاردەیە، لە پانێڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاوی مامۆستایانی بەشی زانستە ئیسلامیەکان، بەڕێز ڕاگری بەش، ژمارەیەکی زۆر خوێندکاران ئادمادەبوون. لە کۆتایدا د. کەریم وەلامی پرسیاری ئامادەبوانی دایەوە.

مامۆستایان و خوێندکارانی بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی جیھان سلێمانی لە ڕۆژی ١٩/١١/٢٠٢٥ بەشداربوون لە ناشتنی ١٠٠٠ نەمام لە هەواری شار، بە ئامادەبوونی بەڕێز د. ئاراس عبدالکریم سەرۆکی بەشی زمانی ئینگلیزی، ومامۆستا شیما محمد مامۆستای بەشی زمانی ئینگلیزی، وژمارەیەک لە خوێندکارانی بەش

لە چوارچێوەی ئەم چالاکییەدا، خوێندکارانی سەرجەم قۆناغەکان کۆمەڵێک پێداویستی و خۆراکیان کۆکردەوە و پێشکەش بە خانەی بێ سەرپەرشتانیان کرد.
چالاکییەکە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەربەسۆز تۆفیق و مامۆستا بڵێسە و بە چاودێری مامۆستا سایە، سەرۆکی بەشی کارگێڕی کار، بەڕێوەچوو.
بەرپرسانی خانەی بێ سەرپەرشتان لە دوای وەرگرتنی هاوکارییەکان، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ بەشی کارگێڕی کار و زانکۆی جیهان-سلێمانی دەربڕی بۆ هاوکاری و بەسەرکردنەوەی بەردەوامیان.

لە وۆرکشۆپەکەدا چەندین بابەتی گرنگ پێشکەشکران، لەوانە بیرۆکەی خێزانی جێگرەوە، لە لایەن بەڕێوبەری پانێڵ م.ی هێرۆ ئەبوبەکر پێشکەش کرا،هەروەها پەیڕەو و ڕێنماییەکانی چاودێرێکردنی منداڵ لەلایەن خێزانی جێگرەوە کە مافناس هێمن محەمەدەوە پێشکەش کرا،و دواتر کێشە و گرفتەکانی چاودێری منداڵ کە لەلایەن دەرچووی زانکۆمان، پارێزەر و خوێندکاری ماستەر شیاو محموودەوە پێشکەشکرا.


وۆرکشۆپەکە بوو بە بەستەرێکی گرنگ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر لایەنە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی چاودێریکردنی منداڵ لەلایەن خێزانی جێگرەوەوە ،وە تیشکی خستە سەر ئەو کەلێنانەی کە لە نێوان دەقی یاسا و جێبەجێکردنیدا هەن.
بەشداربووان گرنگی ئەم بابەتەیان بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵ و دابینکردنی ژینگەیەکی پارێزراو بۆ گەشەکردنیان دەستنیشان کرد.

لە ڕێکەوتی ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٥ مامۆستایان و خوێندکارانی بەشی یاسا لە چوار چێوەی کاری خۆبەخشیدا چالاکییەکی ژینگەییان ئەنجامدا. لەم چالاکییەدا، چەند ناوچەیەکی دەرەوەی کەمپی زانکۆ و شەقامەکانی دەوروبەری لەلایەن بەشداربوانەوە پاککرایەوە. ئەم چالاکییە وەك دەستپێشخەرییەك پابەندبوونی زانکۆی جیهان-سلێمانی بە پرسە ژینگەییەکانی کۆمەڵگا نیشان دەدات.

لە وۆرکشۆپەکەدا، تیشک خرایە سەر چەمکی ‘دادپەروەریی چاکاسازانە’ و هاندانی مامۆستایان بۆ گۆڕینی شێوازی پەروەردە لە مۆدێلی سزادەرانەی “کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی”یەوە بۆ مۆدێلی چاکسازانەی “بەشداریپێکردنی کۆمەڵایەتی”.
د. پەشێو لە ڕێگەی تەشبیهی “شاخی بەستەڵەک”ەوە ڕوونی کردەوە کە ٨٠٪ی بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی پۆل بریتییە لە هەنگاوی پێشوەختە و بنیاتنانی پەیوەندی، نەک تەنها کاردانەوە بەرامبەر هەڵەکان. بەشداربووان لە ڕێگەی ڕاهێنانی کردارییەوە فێری ئەوە بوون چۆن کار ‘لەگەڵ” فێرخوازان بکەن نەک قوتابخانە “بەسەربسەپێنن”. ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی زانکۆ دێت بۆ نوێکردنەوەی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە ناوچەکەدا.

No more news to show