لە چوارچێوەی دەسپێشخەرییە کۆمەڵایەتی و مەعریفییەکان و بە دروشمی “زەکاتی زانست”، فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٧/١/٢٠٢٦، دیارییەکی کەلتوری و زانستیان پێشکەش بە کتێبخانەی ئامادەیی هەولێری کچان بۆ بەهرەمەندان (المتفوقات) کرد.
ئەم پڕۆژەیە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (قوسەی حەمید سەلامی) ئەنجامدرا، کە تێیدا شاندێکی فێرخوازان زیاتر لە ١٢٠ کتێبی جۆراوجۆریان پێشکەش بە کتێبخانەی قوتابخانەکە کرد. کتێبەکان پێکهاتبوون لە چاپکراوەکانی زانکۆی جیهان و کتێبی تری بەخشراو لە لایەن فێرخوازانی بەشەکە، کە بوارەکانی (ئەدەب، یاسا، کارگێڕی، ژمێریاری و سیاسەت) بە سێ زمانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) لەخۆگرتبوو. ئامانجی ئەم کارە هاندانی فێرخوازانی ئامادەیی بوو بۆ خوێندنەوە و فراوانکردنی ئاسۆی مەعریفییان.
شاندی زانکۆ لە لایەن خاتوو (ڕووقیە سەڵاحەدین شاکر) بەڕێوەبەری قوتابخانە و ستافی مامۆستایان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. بەڕێوەبەری قوتابخانە دەستخۆشی لەم کارە کرد و بە نموونەیەکی جوانی هەماهەنگی نێوان زانکۆ و ناوەندە پەروەردەییەکان لە قەڵەم دا، کە دەبێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی سەرچاوەکانی کتێبخانە و برەودان بە کەلتوری خوێندنەوە و توێژینەوەی زانستی لای قوتابیانى قوتابخانەکە.
وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و دەربڕینی هاوسۆزییەکی قووڵ بۆ خەڵکی خۆڕاگری ڕۆژئاوای کوردستان، و لە دژی ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە لە لایەن حکومەتی سوریاوە بۆ سەر کوردانی ئەو ناوچەیە ئەنجام دەدرێن، فێرخوازانی قۆناغی دووەم و چوارەمی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان–هەولێر، چالاکییەکی نیشتمانی و مەدەنی ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە لە ڕۆژی چوارشەممە، رێکەوتی (21/1/2026)، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر، لە شەقامی سوڵتان مظفر شاری هەولێر ئەنجامدرا، کە تیایدا فێرخوازان وەک هەنگاوێکی نیشتمانی و هاوسۆزانە، بۆ پاڵپشتیکردن و پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە پۆشینی جل و بەرگی کوردی دەستیانکرد بە دابەشکردنی زیاتر لە ١٠٠ ئاڵای کوردستان بەسەر هاووڵاتیاندا. ئەم هەنگاوە نیشانەیەک بوو لە هۆشیاری نەتەوەیی و تێگەیشتنی قووڵی فێرخوازان بۆ قەبارە و مەترسییەکانی ئەو کارە نامرۆڤانەی کە لە دژی کوردانی ڕۆژئاوا ئەنجام دەدرێن لە وڵاتی سوریا.
لە کۆتاییدا، فێرخوازان بە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە پەیامێکی ڕوون و هاوخەیان بە هەموو لایەنەکان گەیاند، کە گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا لەیەک دابڕاو نین و لە کاتی قەیران و هەڕەشەدا یەکگرتوو و هاودەنگ دەوەستن. هەروەها ئەم چالاکییە وەک بانگەوازێک بوو بۆ جەختکردنەوە لە مافە ڕەواکان و ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورد، و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە ستەم و تاوانێک کە لە دژیان ئەنجام بدرێت.
وەک بەشێک لە چالاکییە مرۆیی و خێرخوازییەکانى فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە، بەشی کارگێڕی کار ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (١٨/١/٢٠٢٦)، سەردانێکی مەیدانییان بۆ باخچەی ساوایانی “گوڵاڵە” لە کۆمەڵگەی (هانا سیتی – هافڵان) ئەنجامدا.
ئەم سەردانە بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (قوسەی حەمید سەلامی) و کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لە لایەن خاتوو (شەرمین فەقێ عەبدوڵڵا) بەڕێوەبەری باخچەکە پێشوازییان لێکرا. لەم دەسپێشخەرییەدا، فێرخوازان پلانێکی گشتگیرییان بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی باخچەکە جێبەجێکرد، پلانەکە پێکهاتبوو لە کەمپەینێکی پاککردنەوەی حەوشە و ناوەوەی باخچەکە.
جگە لە پاککردنەوە، پڕۆژەکە چەند چالاکیەکى دیکەى لەخۆگرتبوو، لەوانە: ڕاخستنی فەرشی نوێ بۆ سێ پۆلی باخچەکە لەبری فەرشە کۆنەکان، هەروەها دروستکردنی سەقفێکی “فایبەرگلاس” بۆ بەشێکی حەوشەی دەرەوە بە مەبەستی پاراستنی منداڵان لە باران و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ یاری و فێربوون.
لە کۆتاییدا، (شەرمین فەقێ عەبدوڵڵا) بەڕێوەبەری باخچەی ساوایانی “گوڵاڵە” دەستخۆشی لە مامۆستا و فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ ئەم ڕۆڵە مرۆیی و پیشەییەی کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر باشترکردنی کوالێتی ئەو خزمەتگوزارییانە هەیە کە پێشکەش بە منداڵان دەکەن.
سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١٤/١/٢٠٢٦)، بە بەشدارى ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشەکە؛ هەڵمەتێکی بەرفراوانی هۆشیاریی گشتی بە ناونیشانی (هەنگاوەکانی ژیانێکی تەندروست) بەڕێوەبرد.
ئەم کەمپەینە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاکەکانى کۆمەڵگە سەبارەت بە گرنگیی چالاکیی جەستەیی و پەیڕەوکردنی سیستمێکی خواردنی تەندروست ڕێکخرا بوو، بۆ ئەم مەبەستە، ستافی زانستیی بەشەکە و فێرخوازان لە هەنگاوى یەکەمدا بڕۆشۆرێکی تایبەتیان ئامادە و چاپ کردبوو، کە کۆمەڵێک زانیاریی زانستی و ڕێنمایی پراکتیکیی لەبارەی وەرزشە ڕۆژانەکان (وەک ڕۆیشتن و ڕاکردن)، هەڵبژاردنی خۆراکی گونجاو و گۆڕینی خووە زیانبەخشەکان لەخۆگرتبوو.
لە هەنگاوى دووەمى چالاکیەکەیاندا و بەشێوەیەکى مەیدانیی، تیمێکی فێرخوازان بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محمد قادر)، سەردانی پارکی سامی عەبدولڕەحمانیان لە شاری هەولێر کرد. لەوێدا، لە نزیکەوە لەگەڵ هاووڵاتیان و وەرزشەوانانی ناو پارکەکە گفتوگۆیان ئەنجامدا و بڕۆشۆرە هۆشیارییەکانیان بەسەردا دابەش کردن.
فێرخوازان لە میانەى کەمپەینەکەیاندا جەختیان لە باشترکردنی شێوازی ژیانی تاک و خۆشگوزەرانی گشتی کردوە، هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە زانکۆی جیهان-هەولێر هەمیشە هەوڵ دەدات پەیامی زانستی و مرۆیی بگەیەنێتە نێو جەرگەی کۆمەڵگە.
لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام و پڕۆژەی “زەکاتی زانست” کە زانکۆی جیهان-هەولێر پەیڕەوی دەکات، بەشی کارگێڕی کار دەستپێشخەرییەکی ڕۆشنبیری بۆ پاڵپشتیکردنی کتێبخانەی قوتابخانەکان ئەنجامدا.
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی (١٤/١/٢٠٢٦)، ، بە سەرپەرشتی (پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر قوسەی حەمید سەلامی)، شاندێکی فێرخوازان سەردانی “قوتابخانەی نەسری کچانی نایاب”یان لە هەولێر کرد. شاندەکە لەلایەن (لینا سەعدی لفتە) بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستایانەوە پێشوازییان لێکرا.
ئەم سەردانە بە مەبەستی بەخشینی زیاتر لە (٧٠) ناونیشانی جیاوازی کتێب بوو، کە لە بڵاوکراوەکانی زانکۆی جیهانن. کتێبەکان بوارە جیاوازەکانی وەک (ئەدەب، یاسا، کارگێڕی، ژمێریاری و سیاسەت)یان لەخۆگرتبوو، کە بە هەر سێ زمانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) نووسراون.
بەو بۆنەیەوە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەستخۆشی لە زانکۆی جیهان-هەولێر کرد و ڕایگەیاند: “ئەم دەستپێشخەرییە نەک تەنها کتێبخانەکەمان دەوڵەمەند دەکات، بەڵکو هاندەرێکی گەورەیە بۆ فێرخوازانمان تا زیاتر ڕوو لە خوێندنەوە و توێژینەوە بکەن.”
فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر دەستپێشخەرییەکی خۆبەخشانەی دەستپێکرد بۆ نۆژەنکردنەوەی ، “باخچەی مندالانی گوڵاڵە” لە شاری هانا – هەڤاڵان.
لەو چوارچێوەیەدا و، بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر قصي حميد السلامي، ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (١٣/١/٢٠٢٦) گروپێک لە فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار سەردانى باخچەى منداڵانى گوڵاڵەیان کرد و، بە گەرمى لەلایەن شرمین فقی عبداللە بەڕێوەبەری باخچەکە و ستافی مامۆستایان پێشوازییان لێکرا، دواتر لە وتەیەکدا بەڕێوەبەرى باخچەکە تیشکی خستە سەر ئەو زیانە بەرچاوانەی بەهۆی بارانبارین دوچارى بووە، پاشان فێرخوازان لە میانەى بەسەرکردنەوەى باخچەکەدا کۆمەڵێک تێبنیان تۆمارکرد و لە نزیکەوە ئاگادارى زیانەکانبوون بەتایبەت بۆیان دەرکەوت بەشێک لە سەقفی پۆلەکان داڕماون، ئاوی باران لە ناوەوە دزە دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی زەوی و تێکچوونی پێداویستیە پەروەردەیی و کارگێڕییەکان، ئەمە جگە لەوەی کارەبای بە تەواوەتی پچڕاوە، ئەوەش وایکردوە کە دەوامى باخچەکە لە پێناو سەرمەلاتى گیانى منداڵان ڕابگرن.
لە بەرامبەر ئەو دەستپێشخەرییەدا، بەڕێوەبەری باخچەی ساوایان ڕایگەیاند، “ئەم دەستپێشخەرییە نوێنەرایەتی چرایەکی ڕاستەقینەی هیوا دەکات بۆ منداڵەکانمان. هاوبەشی لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ کردنەوەی دەرگای باخچەی ساوایان و دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی سەلامەت و گونجاو، بۆ ئەوەش سوپاسی دڵسۆزانەیان ئاراستەی شاندی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر کرد.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (12/1/2026)، فێرخوازانی بەشی کارگێری کار بە هەماهەنگی لەگەڵ فێرخوازانی بەشی کارگێری گشتی خۆڕاک و پێداویستى ڕۆژانەیان پێشکەش بە خانەی بێسەرپەرشتان لە شارى هەولێر کرد.
چالاکیەکە بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر بەڕێوەچوو، بە گەیشتنی فێرخوازان لە لایەن شێروان عبدالرحمن حسین بەرێوەبەری خانەکە بەگەرمی پێشوازیان لێکرا. پاشان کورتەیەکى زانیاری سەبارەت بە خانەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، ڕونیکردنەوە خانەی بێسەرپەرشتان سەر بە بەرێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتیە لە شارى هەولێر، وتیشى منداڵ لە تەمەنی یەک ڕۆژ تا هەژدە ساڵی ئەوانەى بێ سەرپەرشتن لە خانەکە وەردەگرن، هەر لەو بارەیەوە ڕونکردنەوەى زیاتر بە فێرخوازان دا و وتى: لە خانەکە شوێنی مانەوە وخەو وەک ماڵ بۆ منداڵان دابینکراوە، بەجۆرێک لە هەر ژوورێکدا دوو یان سێ منداڵ دەمێنێتەوە. ڕۆژانە سێ ژەم خۆراک بۆ منداڵەکان دابین دەکرێت.
لە وێستگەیەکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان کۆمەڵێک خۆڕاک و پێداویستى ڕۆژانەیان پێشکەش بە منداڵانى خانەی بێسەرپەرشتان کرد، بۆ ئەوەش شێروان عبدالرحمن حسین دەستخۆشی لە ستاف و فێرخوازانى هەردوو بەشی کارگێری کار و کارگێڕى گشتی کرد بۆ لە بیرنەکردنی ئەم توێژەی کۆمەڵگە، لە بەرامبەردا مامۆستا سەرپەرشتیار سەرەرای دەستخۆشی لە ستافی خانەکە دڵنیایکردنەوە کە لە داهاتوویەکى نزیکدا پێداویستی زیاتر بۆ خانەکە دابین دەکەن.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (12/1/2026)، فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاری گشتی لەبارەى زیانەکانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بەرێوەبرد.
بۆ ئەو مەبەستەش ستافى زانستى بەشەکە و فێرخوازان سەرەتا کۆمەڵێک پرۆشەریان بە ناونیشانى (مەترسیەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و ڕێگەکانی خۆ پاراستن) ئامادە و چاپکرد، کە کۆمەڵێک زانیارى گرنگى لەبارەى زیانەکان و خۆپاراستن لە خۆ گرتبوو و، تیایدا جەخت لەوە کرابوەوە کە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرهۆکارێکە بۆ زیانگەیاندن بە دەماغ و دڵ و دەمارەکان، زیادبوونی ڕێژەی تاوان وتوندوتیژی وتێکچوونی پەیوەندییە خێزانیەکان، هاوکات ئاماژە بەچەندین ڕێگە کرابوو، کە تاک و کۆمەڵگە دەتوانن خۆیان لە بەکارهێنانى بپارێزین وەک خوێندنەوە وگوێگرتن لە مەترسیەکانی بە کارهێنانی مادەی هۆشبەردا، دوورکەوتنەوە لە سەرچاوەکان، ڕەتکردنەوەی لە کاتی پێشکەشکردنی.
لە وێستگەیەکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر هێڤى محمد قادر بەڕێوەچوو، گروپێک لە فێرخوازانى بەشەکە سەردانى پارکی سامی عبدالرحمان لە شاری هەولێر کرد و، پرۆشۆرەکانی هۆشیارییان بەسەر هاوڵاتیان و ڕێبوارانى پارکەکەدا دابەشکرد و، هانى هاوڵاتیانیاندا بەشێوەیەکى هۆشیارانەتر مامەڵە بکەن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار وتەندروست.
لە چوارچێوەی هەنگاوە پراکتیکییەکان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەچاودێری سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار و، بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (قوسەی حەمید سەلامی) و بە یاوەری کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی یەکەم، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٣/١٢/٢٠٢٥ بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانییان بۆ قوتابخانەی “خەرابە دراو”ی بنەڕەتی لە ناحیەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر ئەنجامدا.
شاندەکە لەلایەن مامۆستا (کارۆت پشتیوان دنحا)، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و ستافی مامۆستایانەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا. لە میانی بەسەرکردنەوە مەیدانییەکەدا، گرنگترین پێداویستییە بەپەلەکانی قوتابخانەکە دەستنیشانکران، کە بریتی بوون لە: ئەنجامدانی چاکسازیی بەپەلە بۆ هۆڵەکانی خوێندن، کە بەدەست درزی مەترسیدار لە دیوارەکانیاندا دەناڵێنن و هەڕەشە لە سەلامەتی فێرخوازان و مامۆستایان دەکەن، جگە لە پێویستیی دەستبەجێ بە چاککردنی تۆڕی کارەبا، بۆیاخکردن، و گۆڕینی سەرجەم پەنجەرە شکاوەکان.
واش بڕیارە لە ئایندەیەکى نزیکدا فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار کۆمەک و هاوکارییەکانیان بگەێننە قوتابخانەکە و ژینگەیەکى سەلامەتى خوێندن بۆ قوتابیان و مامۆستایانى قوتابخانەکە بڕخسێنن.
د چوارچۆڤێ بەرنامێ دهزگایێ زهكاتا زانستى یێ زانکۆیا جیهان-دهۆک دا، و ب هەماهنگی دگەل رێڤەبەرییا مەشق و راهێنانێ، ل رۆژا ئێکشەمبی رێكەفتی 8/2/2026، وورکشۆپەکا تایبەت بۆ قوتابیێن قوناغا چوارێ یێن پشکێن (زمانێ ئینگلیزی و دەروونناسی) هاتە ئەنجامدان.
ئەڤ وورکشۆپە ب مەبەستا ئامادەکرنا قوتابیان بۆ قۆناغا (تگبیق)ێ د قوتابخانان دا هاتبوو رێكخستن، کو تێدا چەندین بابەتێن زانستی و پەروەردەیی ژ لایێ مامۆستایێن پسپۆر ڤە هاتنە پێشکێشکرن:
ل دوماهییا وورکشۆپێ، فۆرمێن راهێنانێ (التطبيق) ب شێوەیەکێ فەرمی لسەر قوتابیان هاتنە دابەشکرن، ب ئارمانجا دەستپێکرنا ئەزموونا وان یا مەیدانی د وارێ پەروەردێ دا.


