بەبۆنەی ڕۆژی “ئاڵا”وە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 17-12-2025 سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر چالاكییەكی مەیدانیی بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) لەنێو بازاڕی میللیی گەڕەكی نەورۆز ئەنجام دا.
لە چالاكییەكەدا كە فێرخوازانی هەردوو قۆناغی یەكەم و دووەمی بەشی ڕاگەیاندن بەشداربوون لە دابەشكردنی ئاڵای كوردستان و بڵاوكراوەیەك بەسەر هاوڵاتییانی بازاڕی میللیی گەڕەكی نەورۆز لە شاری هەولێر. ناوەڕۆكی بڵاوكراوەكە پێكهاتبوو لە زانیاریی دەربارەی ئاڵای كوردستان و پێكهاتەكانی ناو ئاڵاكە، هەروەها باس لە مێژووی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان كراوە بۆ یەكەمجار لەلایەن پێشەوا قازی موحەممەدەوە. هەر لەو بڵاوكراوەیەدا كە فێرخوازان دابەشیان كرد، ئاماژە بە بڕیاری ساڵی 2009ـی پەرلەمانی كوردستان دراوە كە تیایدا 17ـی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی ئاڵا دیارییكردووە.
لە چالاكییەكەدا، فێرخوازان ڕۆژی ئاڵایان بەرز ڕاگرت، هەروەها هاوڵاتیانیان ئاشناى مێژووی درووستبوونی ئاڵای كوردستان و ڕۆژى ئاڵا کرد.
لە ڕۆژی پێنجشەممە رێکەوتی (5/3/2026)، فێرخوازانی قۆناغی دووەم و سێیەمی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکیەکی کۆمەڵایەتیان ئەنجامدا لە بازاری قەیسەری، کە تێیدا بژمێری ویردەکانیان بەسەر سەردانکەران و خاوەن دوکانەکاندا دابەش کرد.
ئەم چالاکییە وەک ئەرکێکی ئایینی و چالاکیەکی خۆبەخشانه ئەنجامدرا بۆ پشتگیری کردن لە بەها ڕۆحییەکان و هان دان بە کۆمەڵگة بۆ ئەنجامدانی زیکر. چالاکییەكە بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر ئەنجامدرا، کە لە کاتی چالاکییەکەدا فێرخوازان لەگەڵ هاولآتيان پەیوەندیان کرد و ڕوونکردنەوەیان دا سەبارەت بە گرنگی بەکارهێنانی بژمێری ویردەکان بۆ یارمەتیدان لە ژماردنی زیکر.
ئەم چالاکییە نیشاندەری گرنگی پێدانی زانکۆیە بەرامبەر بە بەرپرسیارێتیەکانی کۆمەڵگە وهاندانی فێرخوازانە بە بەشدارییان لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانە. هەروەها بۆ فێرخوازان دەرفەتێک بوو بۆ پەرەپێدانی تواناكانی پەیوەندیکردن و کارکردنی هاوبەش لە ڕێگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگە.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢٦/٢/٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی دووەم و چوارەمی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییان بۆ دابەشکردنی ژەمی بەربانگ ئەنجامدا.
ئەم هەڵمەتە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر) بەڕێوەچوو، لە دەسپێکی چالاکییەکەدا، فێرخوازان بە هاوکاری مامۆستاکانیان زیاتر لە (١٠٠) ژەمە خواردنی بەربانگیان بە شێوەیەکی تەندروست و ڕێکوپێک ئامادەکرد. دواتر شاندی زانکۆ ڕوویان کردە بازگەی (زورگە زراو) لە دەروازەی شاری هەولێر و دەستیان بە دابەشکردنی ژەمەکان کرد بەسەر ئەو ڕێبوار و گەشتیارانەی کە لە کاتی بەربانگدا لە ڕێگادابوون، ئەمەش کەشێکی پڕ لە هاوسۆزی و مرۆیی لە ناوچەکەدا دروست کرد.
ڕێبواران و هاوڵاتیان خۆشحاڵی و پێزانینی خۆیان بۆ ستاف و فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر دەربڕی و ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانەیان بە هەنگاوێکی گرنگ هەژمار کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆ و کۆمەڵگە.
بۆ پاراستنی سیمای سروشتی و پاکوخاوێنی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (١٦/٢/٢٠٢٦)، هەڵمەتێکی مەیدانیی بۆ پاککردنەوەی پاشماوە زیانبەخشەکان لە دەوروبەری ناوچەی بێخمە ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر) و بە بەشداریی کارای گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی کارگێڕی کار بەڕێوەچوو، لە دەسپێکی هەڵمەتەکەدا، کەرەستەی پێویست وەک دەستکێش و کیسی زبڵ و کەلوپەلی پاراستن بەسەر فێرخوازاندا دابەش کرا، دواتر فێرخوازان بە گڕوتینێکی زۆرەوە دەستیان بە پاککردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکە کرد، کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێ دەکەن، بەڵام بەهۆی پاشماوەی گەشتیارییەوە تووشی پیسبوونی ژینگەیی ببوو، هەربۆیە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر توانییان لە ماوەیەکی کورتدا ڕووبەرێکی فراوان لە دەوروبەری ناوچەکە لە پاشماوە پلاستیکی و زیانبەخشەکان پاک بکەنەوە.
مامۆستا و فێرخوازانی بەشداربوو لە کۆتایی هەڵمەتەکەدا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە کردەوە، چونکە نەک هەر دەبێتە هۆی پاراستنی ژینگەی کوردستان، بەڵکو گیانی کارکردنی بەکۆمەڵ و بەرپرسیارێتی مەدەنی لای نەوەی نوێ بەهێز دەکات.
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (١٦/٢/٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار و سەنتەری ڕۆشنبیری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، گەشتێکی زانستی و مەیدانییان بۆ ناوچەی بێخمە ڕێکخست.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر) بەڕێوەچوو، لە دەسپێکی گەشتەکەدا، مامۆستا (سارە حەسەن حوسێن) لە سەنتەری ڕۆشنبیری ڕوونکردنەوەیەکی زانستیی دەربارەی مێژوو و جۆرەکانی بەرد پێشکەش بە فێرخوازان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە تا ئێستا لە جیهاندا ناوی ٤ هەزار جۆر بەرد تۆمار کراوە، وەک (یاقووت، یەشم، زمڕوت) و چەندینی دیکە. هاوکات تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئەم بەردانە لە پیشەسازیی گەوهەروالا و کاریگەرییە گەورەکانیان لەسەر ژیانی مرۆڤ لە سەرەتای مێژووەوە تا ئەمڕۆ، کە وەک کەرەستەیەکی بەنرخ لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوانکاریدا بەکارهاتوون.
لە میانی گەڕانە مەیدانییەکەدا، فێرخوازان بە ڕێبەری ستافی سەرپەرشتیار دەستیان بە دۆزینەوە و کۆکردنەوەی نموونەی بەردەکانى کوردستان لە ناوچەکە کرد. لە ئەنجامی ئەم هەوڵەدا، فێرخوازان توانییان چەندین جۆری جیاوازی بەرد بدۆزنەوە، کە لە نێوانیاندا 10 جۆری بەردی بەنرخ و دەگمەن هەبوون.
ئەم ئەزموونە یارمەتیدەر بوو بۆ فێرخوازان تا لە نزیکەوە ئاشنای پێکهاتەی جیۆلۆجی کوردستان بن و زانیاریی پراکتیکی دەربارەی بەکارهێنانی ئەم بەردانە لە بوارە جیاوازەکاندا وەربگرن، کە لە داهاتوودا دەتوانن لە پڕۆژە بازرگانی و هونەرییەکاندا سوودی لێ ببینن.
بۆ چاندنی کەلتووری ڕێزگرتن و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرپرسیارێتی مەدەنی، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١١/٢/٢٠٢٦)، هەڵمەتێکی هۆشیاریی بەرفراوانی بۆ پاراستنی موڵکی گشتی ڕێکخست.
لە کەمپینەکەدا، فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر)، سەردانی گەڕەکە جیاوازەکانی شاری هەولێریان کرد. فێرخوازان پێشتر برۆشوورێکی تایبەتیان بە ناونیشانی “موڵکی گشتی، موڵکی هەمووانە” ئامادە و چاپ کردبوو، کە زانیاری بەنرخی تێدابوو لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە شوێنە گشتییەکان وەک نیشانەیەک بۆ ڕێزگرتن لە کەسانی دیکە. برۆشوورەکان بەسەر ماڵان، دوکانداران و ڕێبواراندا دابەش کران و هانی هاوڵاتیانیان دەدا بۆ پاک ڕاگرتنی شەقام و پارکەکان و پاراستنی دامەزراوە حکومییەکان.
هاوڵاتیان و کاسبکارانی ناوچەکە دەستخۆشییان لەم دەستپێشخەرییەی فێرخوازان کرد و جەختیان لە گرنگی ئەم جۆرە چالاکییانە کردەوە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی شارستانی و پاکتر. ئەم چالاکییە نەک هەر کاریگەری لەسەر هۆشیاری گشتی هەبوو، بەڵکو هەستی هاوکاری کۆمەڵایەتی و کارلێکی ڕێزدارانەشی لە نێوان زانکۆ و کۆمەڵگەدا بەهێزتر کرد.
لە هەنگاوێکی مرۆیی و ئەخلاقیدا، سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٤/٢/٢٠٢٦)، چالاکییەکی خێرخوازیی بۆ خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر ئەنجامدا.
ئەم دەستپێشخەرییە کە لەلایەن فێرخوازانی قۆناغی چوارەم و بە سەرپەرشتی (پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود) سەرۆک بەشی کارگێڕی کار و (مامۆستاى یاریدەدەر هێڤی محەمەد قادر) ڕێکخرابوو. شاندەکەی زانکۆ سەرەتا لەلایەن خاتوو (کوێستان نافع محمد) بەرپرسی خانەکە پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان جلوبەرگی زستانە و پێداویستییان بەسەر منداڵانی خانەکەدا دابەشکرد، ئەمەش بووە مایەی دڵخۆشییەکی زۆر بۆ منداڵەکان. سەرپەرشتیارانی چالاکییەکە جەختیان لەوە کردەوە کە زانکۆ تەنیا ناوەندێکی زانستی نییە، بەڵکو دەبێت ڕۆڵێکی کارای هەبێت لە خزمەتکردنی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.
لە کۆتاییدا؛ ستافی خانەی بێسەرپەرشتان سوپاسی فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێریان کرد بۆ ئەم ئاوڕدانەوەیە و هیوای بەردەوامییان بۆ خواستن.
لە پێناوی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی بنکەی «زەکاتی زانستی»، بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان–هەولێر، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتى (3/2/2026) کۆمەڵێک کتێبی کەلتووری پێشکەش بە کتێبخانەی قوتابخانەی ئامادەیی کچانی ئەنالیند کرد.
ئەم دەسپێشخەرییە زانستییە، پێشکەشکردنی زیاتر لە (130) ناونیشانی جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو، کە لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی زانکۆوە دابینکرابوون. سەرچاوەکان بابەتە جیاوازەکانی وەک (ئەدەبیات، یاسا، بەڕێوەبردن، ژمێریاری و سیاسەت)یان بە هەر سێ زمانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) لەخۆگرتبوو. هاوکات، فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار وەک هاندانێک بۆ پڕۆسەی خوێندنەوە، چەندین کتێبی ئەدەبیی تریان وەک دیاریی تایبەت پێشکەش بە کتێبخانەی قوتابخانەکە کرد.
ئەم چالاکییە بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (دکتۆر قوسی حەمید ئەلسەلامی) و بە بەشداریی گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بەڕێوەچوو. لە بەرامبەردا، خاتوو (نەجاح سەڵاح ئیسماعیل) بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و ستافی مامۆستایان بە گەرمی پێشوازییان لە شاندی زانکۆ کرد.
خاتوو نەجاح سەڵاح، لە وتەیەکدا وێڕای دەستخۆشی لەم هەنگاوە، ڕایگەیاند: “ئەم دەسپێشخەرییەی زانکۆی جیهان-هەولێر نموونەیەکی باڵای هاوکاریی نێوان ناوەندە ئەکادیمی و پەروەردەییەکانە، کە ڕۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە دەوڵەمەندکردنی هزر و پەرەپێدانی توانا زانستی و کەلتوورییەکانی کچانی قوتابی.”
بە مەبەستی چەسپاندنی بەهاکانی هاوکاری و تەبایی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (٢٧/١/٢٠٢٦)، سەردانێکی مەیدانی مرۆییان بۆ ئامادەیی “شارستان”ی کچان لە شاری هەولێر ڕێکخست.
لە سەرەتای سەردانەکەدا، شاندی فێرخوازان لە لایەن خاتوو “ڕووناک یاقووب” بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و ستافی مامۆستایانەوە پێشوازییان لێکرا. لە کۆبوونەوەیەکی کورتدا، میکانیزمی دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر ئەو فێرخوازانەی کە لە خێزانە کەمدەرامەتەکانن دیاری کرا، بە جۆرێک کە هاوکارییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و پارێزراو بگەنە دەستی شایستەکان.
ئەم چالاکییە کە بە سەرپەرشتی مامۆستا “ڕێبین بیلال محەمەد” بەڕێوەچوو، تێیدا فێرخوازانی زانکۆ دەستیان کرد بە دابەشکردنی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی کە پێشتر کۆکرابوونەوە. هاوکارییەکان پێداویستی جۆراوجۆریان لەخۆ گرتبوو بۆ باشترکردنی باری گوزەران و ڕەخساندنی کەشێکی گونجاوتر بۆ خوێندنی قوتابیانى قوتابخانەکە. جگە لە هاوکارییەکان، فێرخوازانی زانکۆ پاڵپشتییەکی مەعنویی گەورەیان پێشکەش بە خوشکە قوتابییەکانیان کرد و هانیان دان بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکان.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، کارگێڕی قوتابخانەی “شارستان” ى کچان سوپاسی بێپایانی خۆیان ئاراستەی فێرخوازانی بەشی ژمێریاری و سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ ئەم هەڵوێستە نیشتمانی و مرۆییە. هەروەها ستایشی ئاستی بەرزی ڕێکخستن و دیسپلینی فێرخوازانی زانکۆیان کرد.
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی (٢٥ی شوباتی ٢٠٢٦)، فێرخوازانى هەریەک لە بەشی کارگێڕی گشتی و بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی مرۆیی و خۆبەخشییان بۆ دابەشکردنی ژەمی پاشێو لە ناوچە جیاوازەکانی شاری هەولێر ئەنجامدا.
ئەم دەستپێشخەرییە کە لەلایەن فێرخوازانی قۆناغی دووەمی هەردوو بەش و بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (راز ئازاد جەلال) ڕێکخرابوو، لە میانی چالاکییەکەدا، فێرخوازان سەرەتا ژمارەیەکی بەرچاو لە ژەمە خۆراکییەکانیان ئامادەکردن و ڕێکخست و دواتر بەسەر چەند گرووپێکی ڕێکخراودا دابەش بوون بۆ ئەوەی ڕووماڵی زۆرترین شوێنی ناو شاری هەولێر بکەن. پڕۆسەی دابەشکردنەکە بە وردی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کردبووە ئامانج کە لە کاتژمێرەکانی درەنگانی شەودا لە شەقام و شوێنە گشتییەکان خەریکی کارکردنن و داهاتیان سنووردارە، یان بەهۆی سروشتی کارەکەیانەوە دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ ناو خێزانەکانیان نییە. مامۆستای یاریدەدەر راز ئازاد جەلال سەرپەرشتی گرووپەکانی فێرخوازانی کرد و لە نزیکەوە چاودێری پڕۆسەی جێبەجێکردنی چالاکییەکەی کرد بۆ دڵنیابوونەوە لە گەیاندنی ژەمەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و پاراستنی شکۆی سوودمەندبووان.
ئەم چالاکیە مرۆییە خێرخوازییە بووە مایەی خۆشحاڵی و دەستخۆشیی هاوڵاتیان و سوودمەندبووان. چالاکییەکە بە سەرکەوتوویی و دوای ڕووماڵکردنی هەموو ئەو ناوچانەی کە پێشوەختە لە پلانەکەدا دیاری کرابوون، کۆتایی هات.